04:54 PM   IRAQ
WEDNESDAY, 12 DECEMBER 2018
 به په‌له |◀   ڕاگەیێندراوی هاوبەشی یەکێتی و پارتی/ لەسەر چوار خاڵ رێککەوتن
شێرکۆ جه‌وده‌ت، سه‌رۆکی کۆمیسیۆنی وزه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق تایبه‌ت بۆ کوردپرێس:
هاووڵاتییانی هه‌رێم قوربانیی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن و ناشه‌فافییه‌تن له‌ داهاتی نه‌وت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- شێرکۆ جه‌وده‌ت دیمانه‌یێکی له‌گه‌ڵ کوردپرێس کردوووه‌ و تێیدا وتوویه‌تی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌ند هه‌وڵێک دراوه‌ بۆ شه‌فافییه‌ت له‌ مه‌له‌فی نه‌وت و داهاتی نه‌وت به‌ڵام تا ئێستا هه‌وڵه‌کان ئامانجی نه‌بوووه‌ و باسی سکاڵا تۆمار کردن له‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێم و جێگره‌که‌ی و ئه‌نجومه‌نی باڵای نه‌وت و گازی هه‌رێمی کوردستان ده‌کات له‌ سه‌ر ناشه‌فافییه‌ت له‌و که‌رته‌دا.

کوردپرێس- داهاتی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان و ململانێی حکوومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌ سه‌ر مه‌له‌فی نه‌وت زیاتر له‌ هه‌موو مه‌وزووعێکی تر بۆته‌ هۆی زه‌خت کردن له‌ سه‌ر هاووڵاتییانی هه‌رێم له‌ باری ئابوورییه‌وه‌. به‌ وته‌ی دوکتۆر شێرکۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆکی کۆمیسیۆنی وزه‌ و پیشه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق، هه‌ولێر و به‌غدا هه‌ر دووک به‌رپرسیارن له‌ قه‌یرانی ئابووریی هه‌رێم و خه‌رج نه‌کردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران. بۆیه‌ش هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن و موزاییده‌ی سیاسی دوو بابه‌تی جیدی که‌ ڕێگری ده‌که‌ن له‌ چاره‌سه‌ر کردنی گرفتی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر. ده‌قی دیمانه‌که‌ لێره‌ بخۆێنه‌وه‌:

* کوردپرێس: ڕێژه‌ی هه‌نارده‌ کردنی له‌ لایه‌ن هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ پاش 16ی ئاکته‌وبر چه‌نده‌؟ چه‌ند له‌ کێڵگه‌کانی هه‌رێم له‌ ده‌ستی هه‌رێم ماونه‌ته‌وه‌ و له‌ چاو ڕابردوو چه‌ند که‌می کردوووه‌؟

-شێرکۆ جه‌‌وده‌ت: ئێستا به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی که‌ وردبینی بۆ نه‌کراوه‌ نزیکه‌ی 300 بۆ 370 هه‌زار به‌رمیل ڕۆژانه‌ به‌رهه‌م ده‌هێندرێت. ئه‌ڵبه‌ت دیاره‌ له‌ به‌ر له‌ده‌ستدانی کێڵگه‌ی که‌رکووک سه‌تا 50ی به‌رهه‌می نه‌وتیی پێش 16ی ئاکته‌وبر له‌ هه‌رێمی کوردستان که‌می کردوووه‌. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی کێڵگه‌کانی که‌رکووک که‌وته‌وه‌ ژێر ده‌ست حکوومه‌تی عێراقی.

* کوردپرێس: ئایا ئه‌م ڕێژه‌یه‌ شه‌فافییه‌تی تێیدایه‌ و ئێوه‌ وه‌کوو په‌رله‌مانتاران ئاگاداری ورده‌کارییه‌کان هه‌ن؟

-شێرکۆ جه‌‌وده‌ت: ئیشکالییه‌تی شه‌فافییه‌ت ئیشکالییه‌تێکی گه‌وره‌یه‌ له‌ کوردستان. به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا ته‌نها چه‌ند محاوله‌یێک هه‌یه‌ که‌ له‌ ڕێگه‌ی کۆمپانیای بیانییه‌ که‌ بۆ وردبینی کراوه‌. به‌ڵام تا ئێستا به‌رهه‌مه‌که‌ی بۆ دیاری کردنی که‌موکورتییه‌کان و وردبینی له‌ سه‌رپێچییه‌کان هیچی دیار نییه‌. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ شه‌فافییه‌ت له‌ قه‌یرانێکی گه‌وره‌یه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان.

* کوردپرێس: له‌و ماوه‌ی دواییدا حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌ هاوکاریی کۆمپانیای دیلۆیت ڕاپۆرتێکیان بڵاو کرده‌وه‌ ئایا به‌و چه‌شنه‌ی ئێوه‌ چاوه‌ڕوانیتان لێده‌کرد شه‌فافییه‌تی به‌دینه‌هێنا له‌ ڕاپۆرته‌کان؟

-شێرکۆ جه‌‌وده‌ت: تا ئێستا چه‌ند هه‌وڵێک هه‌یه‌ ئه‌وه‌ش یه‌کێکه‌ له‌ هه‌وڵه‌کان به‌ڵام تا ئێستا کۆمپانیای دیلۆیت ئه‌و ڕاپۆرته‌ی که‌ پێوه‌ندیی به‌ که‌موکورتی و سه‌رپێچییه‌کانه‌وه‌ هه‌یه‌ هیچی نه‌خستۆته‌ ڕوو. ئه‌وه‌شی که‌ کردوویه‌تی بۆ شه‌ش مانگی ڕابردووی ساڵی 2017 کردوویه‌تی. ئه‌وه‌ش هه‌ر که‌موکورتی و سه‌رپێچییه‌کانی تێیدا نییه‌.

* کوردپرێس: ئایا داهاتی ئه‌و ڕێژه‌یه‌ی له‌ پرسیاری یه‌که‌مدا ئاماژه‌تان پێیدا به‌شی هه‌رێمی کوردستان ده‌کات؟

-شێرکۆ جه‌‌وده‌ت: له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌دقیق و وردبینی نه‌کراوه‌ ئێستا به‌ ته‌حلیل نازانین به‌ فه‌رمی و به‌ واقیعی چه‌ند به‌رهه‌م دێت. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ مه‌له‌فێکی داخراوه‌ و دیار نییه‌. بۆیه‌ هه‌مووی ته‌قدیرات و به‌راورده‌. ئه‌وه‌ی که‌ حکوومه‌تیش ده‌یڵێت ئه‌و کێشانه‌ی هه‌یه‌ که‌ باسمان کرد.

* کوردپرێس: له‌م ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی دواییدا باس له‌ به‌رز کردنه‌وه‌ی سکاڵا له‌ سه‌رۆک وه‌زیران و ئه‌نجومه‌نی نه‌وت و گاز ده‌کرا سه‌باره‌ت به‌ پرسی نه‌وت. ئه‌گه‌ر زانیاریتان هه‌بێت ورده‌کارییه‌که‌مان بۆ بخه‌نه‌ ڕوو.

-شێرکۆ جه‌‌وده‌ت: مه‌وزووعی مووچه‌ له‌ نێوان حکوومه‌تی عێراق و حکوومه‌تی هه‌رێمدا کێشه‌یه‌ و مووچه‌خۆرانی هه‌رێم مووچه‌کانیان وه‌رناگرن. ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووری عێراقییه‌. پێچه‌وانه‌ی هه‌موو یاسا کارپێکراوه‌کان له‌ عێراقیش و له‌ هه‌رێمی کوردستانیش بۆیه‌ ئه‌وه‌ ده‌خوازێت که‌ ئه‌و بابه‌ته‌ نه‌کرێته‌ یاری له‌ ده‌ستی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن و مه‌وسمی هه‌ڵبژاردن و قووتی خه‌ڵک نه‌بێته‌ یاری به‌ ده‌ستی ئه‌م سیاسییانه‌وه‌ بۆیه‌ سکاڵای یاساییان له‌ سه‌ر تۆمار ده‌که‌ین.

* کوردپرێس: ئه‌گه‌ر له‌ هه‌رێمی کوردستان نه‌گه‌یشتنه‌ ئامانج ئایا ڕێگایێکی دیکه‌ هه‌یه‌ که‌ بیگرنه‌ به‌ر؟

-شێرکۆ جه‌‌وده‌ت: به‌ڵێ. مه‌حاکم هه‌یه‌. مه‌حاکمی به‌غدا ئه‌گه‌ر جێگای نه‌بوووه‌وه‌ مه‌حاکمی ده‌ره‌وه‌ش هه‌یه‌.

* کوردپرێس: ئه‌گه‌رچی له‌ ئاستی باڵادا نییه‌ به‌ڵام کۆمه‌ڵێک گفتوگۆ له‌ نێوان هه‌رێمی کوردستان و حکوومه‌تی ناوه‌ند له‌ سه‌ر پرسی نه‌وت هه‌یه‌، پێشبینی ده‌که‌ن ئه‌و گفتوگۆیانه‌ له‌ ماوه‌یێکی دیاریکراودا بگاته‌ ڕێککه‌وتنێک له‌ سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌؟

-شێرکۆ جه‌‌وده‌ت: هه‌رێم و به‌غدا له‌ کۆتاییدا هه‌ر ده‌بێ ڕێکبکه‌ون به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌م قۆناغه‌ی هه‌ڵبژاردن وای کردوووه‌ که‌ قووتی خه‌ڵک په‌کی بکه‌وێت. له‌ به‌ر هۆکاری تایبه‌ت به‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌کان نه‌ک له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ناتوانن ڕێکبکه‌ون.

* کوردپرێس: به‌م بارودۆخه‌ی ئێستای هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ پێتان وایه‌ حکوومه‌تی هه‌رێم قایل بێت به‌ ڕاده‌ست کردنی هه‌موو داهاته‌کانی نه‌وت و دیکه‌ی داهاته‌کان به‌ حکوومه‌تی ناوه‌ند؟

-شێرکۆ جه‌‌وده‌ت: من پێم وایه‌ ئه‌وا کارێکی ئاسان نییه‌. به‌ڵام مومکینه‌ و ڕێگاچاره‌شی هه‌یه‌ و ده‌ستووریش له‌ ماده‌ی 111 و 112دا ڕێکخستوووه‌.

* کوردپرێس: چی یان کێ ڕێگره‌ له‌ ڕێککه‌وتنی نێوان هه‌رێم و به‌غدا؟

-شێرکۆ جه‌‌وده‌ت: کۆماری هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن و موزایداتی سیاسی ڕێگه‌یان گردوووه‌ له‌ ڕێککه‌وتنه‌که‌.

دیمانه‌: حه‌سه‌ن ساڵحی

 

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه