09:10 PM   IRAQ
TUESDAY, 20 AUGUST 2019
 به په‌له |◀   ئەردۆغان مەبەستیەتی بە ئەنقەست ڕەوتی کوردی لە تورکیا و سووریا بسڕێتەوە
MONDAY, 13 MAY 2019 - 13:15
ده‌وری ئه‌مریکا بۆ چاره‌سه‌رکردنی پرسی کوردی سووریا

به‌شی جیهان- فه‌رمانده‌یێکی باڵای هێزی سووریای دیموکرات دان به‌وه‌دا ده‌نێت که‌ فه‌رمانده‌ی پێشووی په‌که‌که‌ بووه‌ و ڕه‌نگه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ش هۆکارێک بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مریکا نه‌یهه‌وێت پردێکی پێوه‌ندی له‌ نێوان کوردی سووریا و وڵاتی تورکیا بێت که‌ له‌ به‌هێزبوونه‌وه‌ی کوردی سووریا نیگه‌رانه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، مومکینه‌ هۆکاری سه‌ره‌کیی دژایه‌تییه‌کانی تورکیا له‌گه‌ڵ به‌هێزبوونه‌وه‌ی کوردی سووریا و هه‌وڵی ئه‌و وڵاته‌ بۆ تێکشکاندنی کانتۆنه‌ کوردنشینه‌کان باکووری سووریا په‌یوه‌ندیی گریمانه‌کراوی هێزی کوردی سووریا له‌گه‌ڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌که‌که‌) بێت که‌ له‌ ماوه‌ی 40 ساڵی ڕابردوودا شه‌ڕ له‌گه‌ڵ تورکیا ده‌کات. تورکیا نیگه‌رانیی خۆی ڕاده‌گه‌یێنێت له‌وه‌ی که‌ باکووری سووریا له‌ سنووره‌کانی باشووری ئه‌و وڵاته‌ ببێته‌ شوێنێکی ئه‌من بۆ چالاکییه‌کانی په‌که‌که‌. ئه‌مریکا پێی وایه‌ په‌که‌که‌ ڕێکخراوێکی تیرۆریستییه‌ به‌ڵام ئه‌و وڵاته‌ که‌ له‌ ماوه‌ی 5 ساڵی ڕابردوودا هاوکارییێکی نزیکی له‌گه‌ڵ هێزی کوردی سووریا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش له‌ باکوور و باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا بووه‌ داوای تورکیا بۆ به‌ تیرۆریست ناساندنی هێزی کوردی سووریا ناسراو به YPG‌ ڕه‌ت ده‌کاته‌وه‌ که‌ فه‌رمانده‌ییی هێزێکی چه‌ندئیتنیکی دیموکراتی سووریا ده‌کات.

مه‌زڵووم کۆبانێ فه‌رمانده‌یێکی به‌رجه‌سته‌ی کوردی سووریایه‌ که‌ فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزی سووریای دیموکرات (SDF) بووه‌ و فه‌رمانده‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا په‌یوه‌ندییێکی نزیکیان له‌گه‌ڵ ناوبراو هه‌یه‌. به‌رپرسانی ئه‌مریکا به‌رده‌وام تواناکانی ناوبراو له‌ مه‌یدانی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ داعش ستایش ده‌که‌ن به‌ڵام بڕیاره‌ له‌سه‌ر فه‌رمانی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا ناوبراو به‌جێبهێڵن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ته‌نها به‌ره‌وڕووی هه‌ڕه‌شه‌ نوێکان له‌ سووریا ببێته‌وه له‌وانه‌ تورکیا خۆی ئاماده‌ کردووه‌ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی ناوبراو له‌ باکووری سووریا داگیر بکات و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریاش کۆنتڕۆڵ‌کردنی یه‌ک له‌سه‌ر چوار خاکی سووریا له‌لایه‌ن کورده‌وه‌ قبووڵ ناکات.

مه‌زڵووم کۆبانێ له‌ دیمانه‌یێک له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی نیۆیۆرک تایمزدا ڕای‌گه‌یاندووه‌ که‌ هێزی کوردی سووریا ناتوانێت به‌ ته‌نها به‌ره‌وڕووی هه‌ڕه‌شه‌ نوێکان ببنه‌وه‌ به‌م بۆنه‌وه‌ داوا له‌ ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا ده‌کات که‌ زووبه‌زوو بڕیار نه‌دات و هێزه‌کانیان له‌ سووریا نه‌کشێته‌وه‌. ناوبراو پێی وایه‌ کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ عێراق له‌ ساڵی 2011 سه‌رهه‌ڵدانی داعش له‌ ساڵی 2014ی لێکه‌وته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر له‌ سووریاش بکشێنه‌وه‌ دوو جار هه‌ڵه‌یێک دووپات ده‌که‌نه‌وه‌.

دارین خه‌لیفه‌ توێژه‌ری باڵا له‌ گرووپی نێوده‌وڵه‌تیی قه‌یران ده‌ڵیت: مه‌زڵووم کۆبانێ و هێزی کورد که‌ بڕبڕه‌ی پشتی هێزی سووریای دیموکراتن له‌سه‌ر دووڕێیانێکدا گیریان خواردووه‌؛ ئه‌وان که‌ پێشینه‌ی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ تورکیایان هه‌یه‌ و نایانهه‌وێت هێز و ده‌ستکه‌وته‌کانیان له‌ سووریا له‌ده‌ست بده‌ن به‌ره‌وڕووی هه‌ڕه‌شه‌گه‌لێکی نوێ بوونه‌ته‌وه‌.

ئه‌م توێژه‌ره‌ به‌ نیۆیۆرک تایمزی ڕاگه‌یاند: کوردی سووریا به‌ یارمه‌تیی ئه‌مریکا شتگه‌لێکیان وه‌ده‌ست هێناوه‌ که‌ له‌ هیچ شوێنێکی دیکه‌دا نه‌یانده‌توانی وه‌ده‌ستی بێنن. ئه‌وان ده‌یانه‌وێت ده‌ستکه‌وته‌کانیان بپارێزن. دروسته‌ که‌ ئه‌مریکا یارمه‌تی کوردی سووریای داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌ستکه‌وته‌ گرنگانه‌ وه‌ده‌ست بێنێت به‌ڵام ئاماده‌ نییه‌ ته‌داخول له‌ کێشه‌ی نێوان کوردی سووریا و ده‌وڵه‌تی تورکیا بکات و ئه‌مه‌ش وه‌ک کێشه‌یێکی گه‌وره‌ هه‌روا ماوه‌ته‌وه‌.

به‌رپرسێکی ئه‌مریکیش ده‌ڵێت: مه‌زڵووم کۆبانێ پردێکی په‌یوه‌ندیی سه‌ره‌کیی ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ کوردی سووریایه‌ چوونکه‌ ئه‌مریکییه‌کان بۆ هه‌ر بابه‌تێک گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ناوبراو ده‌که‌ن.

به‌و شێوه‌یه‌ که‌ مه‌زڵووم کۆبانێ کێشه‌که‌ی ئاراسته‌ کردووه‌ پێناچێت به‌م ئاسانییه‌ چاره‌سه‌ر بکرێت؛ تورکیا نیگه‌رانیی خۆی له‌ به‌هێزبوونه‌وه‌ی کوردی سووریا ده‌ربڕیوه‌، ئه‌مریکا هه‌وڵه‌کانی بۆ نه‌هێشتنی بێ‌متمانه‌ییی نێوان کورد و ده‌وڵه‌تی تورکیا چڕ ناکاته‌وه‌، ده‌وڵه‌تی سووریا داوای دانووستان له‌گه‌ڵ کوردی ڕه‌ت کردۆته‌وه‌ و ئه‌مریکا هاوکات له‌گه‌ڵ کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی له‌ سووریا کورد له‌ دانووستان له‌گه‌ڵ دیمه‌شق مه‌نع ده‌کات.

به‌و شێوه‌یه‌ش که‌ ڕۆژنامه‌ی نیۆیۆرک تایمز نووسیویه‌تی پێناچێت کێشه‌ی کوردی سووریا له‌گه‌ڵ تورکیا چاره‌سه‌ر بکرێت چوونکه‌ مه‌زڵووم کۆبانێ که‌ به‌رپرسانی ئه‌مریکا ناوبراو به‌ ده‌رچووی زانکۆ، زیره‌ک و سه‌ربازێکی لێهاتوو له‌ شه‌ڕ وه‌سف ده‌که‌ن هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌ ڕه‌ت ناکاته‌وه‌.

نیۆیۆرک تایمز مه‌زڵووم کۆبانێ به‌ پیاوێکی ڕه‌مزاوی وه‌سف ده‌کات و ناوبراو به‌و ڕۆژنامه‌یه‌ی ڕاگه‌یاندووه‌: بۆ ماوه‌یێکی زۆر هێزێکی په‌که‌که‌ بووه‌. ناوبراو ده‌ڵێت که‌ له‌ عێراق چالاکیی سه‌ربازی له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌ ئه‌نجام داوه‌ و دواتر بۆ کاری سیاسی به‌ره‌و ئه‌ورووپا ڕۆیشتووه‌.

تورکیاش پێویستی به‌ پشتڕاست‌کردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی کورد و به‌تایبه‌ت مه‌زڵووم کۆبانێ له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌ هه‌یه‌ تا به‌م بۆنه‌وه‌ پشتیوانیی ئه‌مریکا له‌ کوردی سووریا مه‌حکووم بکات به‌ڵام مه‌زڵووم کۆبانێ ڕای‌ده‌گه‌یێنێت که‌ په‌یوه‌ندیی ناوبراو له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌ بۆ پێش ساڵی 2011 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و نابێت تورکیا بۆ ڕابردوو بگه‌ڕێته‌وه‌ به‌ڵکوو ده‌بێت خوێندنه‌وه‌ بۆ داهاتوو بکات.

ئه‌م ڕۆژنامه‌یه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ هه‌م به‌رپرسانی عێراق و هه‌م به‌رپرسانی تورکیا هه‌ندێک به‌ڵگه‌ی قایمیان له‌باره‌ی چالاکییه‌کانی مه‌زڵووم کۆبانێ له‌ ناو په‌که‌که‌ ئاراسته‌ کردووه‌ و ئێستاش تورکیا نیگه‌رانه‌ که‌ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا ببێته‌ شوێنێکی ئه‌من بۆ چالاکییه‌کانی په‌که‌که‌.

ئه‌م ڕۆژنامه‌یه‌ زیاتر باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ چه‌ندین به‌رپرسی ئه‌مریکا په‌یوه‌ندیی فه‌رمانده‌ی باڵای هێزی کوردی سووریا له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌ پشتڕاست ده‌که‌نه‌وه‌ به‌ڵام به‌رپرسێکی ئه‌مریکی بۆ ئه‌و ڕۆژنامه‌یه‌ ڕوونی ده‌کاته‌وه‌ که‌ واشنتۆن ناچار بووه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش په‌نا بۆ کورد و مه‌زڵووم کۆبانێ ببات و به‌رپرسێکی دیکه‌ی ئه‌مریکاش ڕای‌ده‌گه‌یێنێت که‌ "ئه‌مریکا قه‌رزداری کوردی سووریایه‌ و ئه‌وانیش به‌ هه‌مان شێوه‌."

مومکینه‌ ئه‌مریکا نه‌یهه‌وێت به‌رپرسیارێتیی خۆی له‌ به‌رانبه‌ر کوردی سووریا ته‌واو بکات که‌ ڕۆڵی هێزی وشکانیی واشنتۆنی له‌ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ داعش بینی. زۆربه‌ی شرۆڤه‌کاران که‌ هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس له‌باره‌ی ته‌عامولی ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ کورد پرسیاری له‌وان کردووه‌ ته‌قریبه‌ن وه‌ڵامێکی هاوشێوه‌یان داوه‌ته‌وه‌: "ئه‌مریکا بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی کورد وه‌ک ئامێر به‌کار ده‌هێنێت و ته‌عامولی واشنتۆن له‌گه‌ڵ کورد له‌سه‌ر بنه‌مای کات و شوێن بووه‌."

که‌واته‌ نابێت چاوه‌ڕوان بین کێشه‌یێک که‌ کوردی سووریا پاش شکست پێهێنانی خه‌لافه‌تی خۆناونراوی داعش به‌ره‌وڕووی بوونه‌وه‌ به‌م ئاسانییه‌ چاره‌سه‌ر بکرێت. کارناسانی کاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین هۆشداری به‌ کورد ده‌ده‌ن که‌ ئه‌وانیش له‌و نه‌خشه‌ڕێگایه‌ی ئێستای ئه‌مریکا په‌یڕه‌وی بکه‌ن و له‌م قۆناغه‌دا باشتر وایه‌ له‌گه‌ڵ دیمه‌شق ئاشت ببنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌مێک له‌ ده‌ستکه‌وته‌کانیان بپارێزن.

وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌: به‌شی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس

 

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه