09:17 PM   IRAQ
TUESDAY, 20 AUGUST 2019
 به په‌له |◀   ئەردۆغان مەبەستیەتی بە ئەنقەست ڕەوتی کوردی لە تورکیا و سووریا بسڕێتەوە
THURSDAY, 16 MAY 2019 - 11:05
کونفڕانسی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشی نێوان ئەردۆغان و عەبدولمهەدی بەڕێوە چوو

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پاش کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشی نێوانیان بەڕێوە چوو و دوو لایەن ڕێککەوتنیان لە سەر کۆمەڵێک هاوکاری ئەمنی و بازرگانی ڕاگەیاند.

کوردپرێس:

ڕۆژی چوارشەممە 16-5-2019 سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە ئەنقەرە و لەلایەن سەرۆکی تورکیاوە پێشوازیی لێکرا. عادل عەبدولمەهدی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ ئەردۆغان گوتی: " كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌رێنی و به‌رهه‌مداری چڕمان ئه‌نجام دا. ئه‌و بابه‌تانه‌ی تاوتوێمان كردن زۆر هه‌ستیار و هه‌نووكه‌یین".

سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەردۆگان کرد و گوتی: "گفتوگۆمان له‌ زۆر ته‌وه‌ر كرد هه‌ر له‌ ئاو و نه‌وت، ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان، پرۆژه‌ هاوبه‌شه‌كانی پیشه‌سازی و كشتوكاڵ و هەروەها به‌نداوه‌ هاوبه‌شه‌كان و چه‌ندین بابه‌تی دیكه‌. ئه‌م بابه‌تانه‌ به‌ دووقۆڵی و له‌سه‌ر ئاستی وه‌زاره‌ته‌كان تاوتوێ كران. ئه‌م بابه‌تانه‌ به‌شێوه‌یێكی جددی له‌لایه‌ن ئێمه‌وه‌ به‌دواداچوونیان بۆ ده‌كرێت و كاریان بۆ ده‌كرێن بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌رزدا به‌كردار بكرێنه‌ پرۆژه"‌.

سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی کرد و گوتی: "راسته‌ ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانمان نزیكه‌ی 20 ملیار دۆلاره،‌ به‌ڵام چاومان له‌ زیاتره‌ و چاومان له‌وه‌شه‌ ئاڵوگۆڕه‌ بازرگانییه‌كانمان بگه‌یێنینه‌ ئاستی پرۆژه‌ی هاوبه‌ش و ئاستی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و هه‌ژاری و پێشكه‌وتنی هه‌مه‌لایه‌نه‌ و بگه‌یێنینه‌ ئاستی وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كان. ده‌زانین توركیا هه‌نگاوی زۆر گەورەی ناوە و ده‌ستكه‌وتی زۆر گه‌وره‌ی فه‌راهه‌م كردوون لەڕووی ئابووری و كارگێڕی و ته‌كنەلۆژی و پیشه‌سازیی جه‌نگییش. هه‌روه‌ها پێمان وایه‌ كه‌شوهه‌وا گونجاوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی عێراق ئه‌م توانایانه‌ بقۆزێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست له‌ناو ده‌ست بنێین و پێكه‌وه‌ پرۆژه‌ی هاوبه‌شی گرنگ له‌ زەمینەیێکی هاوبه‌شدا ئه‌نجام بده‌ین بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لان و حكوومه‌ته‌كانمان".

عادل عەبدولمەهدی گوتی: "ئه‌مڕۆ عێراق سه‌قامگیر و ئارامه‌ دوای ئه‌وه‌ی داعش تێكشكێندرا، سەرەڕای ئه‌وه‌ی داعش بەردەوامە له‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ ئه‌وه‌ی خۆی بنیات بنێته‌وه‌ و متمانه‌ بۆ جه‌نگاوه‌ره‌كانی بگه‌ڕێنێته‌وه‌. به‌ڵام كاریگه‌رییه‌كانیان زۆر پاشه‌كشه‌یان كردووه‌ و هه‌موو خاكی عێراق له‌ژێر چنگیان‌ ده‌رهێندراوه‌. بۆیه‌ ته‌نیا له‌ ناوچه‌ دووره‌ده‌سته‌كاندا له‌ رێگه‌ی شانه‌ نوستووه‌كانیان چالاكی ده‌كه‌ن. ئێمه‌ش رۆژانه‌ راویان ده‌نێین و رێگه‌یان پێناده‌ین دووباره‌ خۆیان رێکبخەنەوە، بۆیه‌ ئارامی و سه‌قامگیری له‌ عێراق به‌دی ده‌كرێت. له‌ شوێنێك كه‌ ئارامی و سه‌قامگیری به‌دی كرا، بازرگانی و دارایی و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و جموجۆڵی بازاڕه‌كان و هونه‌ری و رۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تییش گه‌شه‌ ده‌كات. له‌ رۆژگاره‌ سه‌خته‌كاندا، توركیا پاڵپشتیی عێراقی كردووه‌. له‌و كاته‌ی وڵاتان پشتیان له‌ ئێمه‌ كرد و عێراقیان چۆڵ كرد توركیا شانی خسته‌ ژێرباری ئه‌وه‌ی پشتیوانیی عێراق بكات و له‌گه‌ڵ عێراقییه‌كان ته‌حه‌ددای تیرۆری كرد و پێكه‌وه‌ش ژماره‌یێكی زۆری شه‌هید و قوربانیمان دا. ئه‌مه‌ش له‌یاد ناكه‌ین كه‌ ژماره‌یێک شوفێر و كرێكارانی تورك لەلایەن رێكخراوه‌ تیرۆریستییەکەوە رفێندران و کوژران. هه‌روه‌ها سوپاسی توركیا ده‌كه‌ین ژماره‌یێكی زۆری قوربانییه‌كانی تیرۆری له‌ نه‌خۆشخانه‌كانیدا چاره‌سه‌ر كرد و ئامێزی بۆ ژماره‌یێكی زۆری په‌نابه‌ری عێراقی كرده‌وه‌".

عەبدولمەهدی باسی لە رێککەوتنی ساڵی 2008 کرد و گوتی: "لەڕووی ئه‌منییه‌وه‌ رێككه‌وتنی له‌مێژینه‌ هه‌یه‌ له‌نێوان عێراق و توركیا. له‌ ساڵی 2008 رێككه‌وتنێكی ئه‌منی له‌نێوان عێراق و توركیا واژۆ كرا. به‌ڵام ئه‌م رێككه‌وتنه‌ به‌شێوه‌یێكی جددی كاری له‌سه‌ر نه‌كرا و پێم وایه‌ كاراكردنه‌وه‌ی ئه‌م رێككه‌وتنه ‌و زیادكردنی بڕگه‌ و مادده‌ی زیاتر به‌هۆی پێشهاته‌كان كارێكی زۆر گرنگه‌ و بۆیه‌ به‌ڵێنمان دا دیدار و كۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجام بده‌ین بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌ هه‌ڵواسراوانه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئه‌رزدا ده‌بیندرێن. ئێمه‌ هه‌رگیز قبووڵ ناكه‌ین هیچ كارێكی دووژمنكارانه‌ له‌ خاكی عێراقه‌وه‌ بكرێته‌ سه‌ر توركیا. ده‌بێ ئه‌م پرسه‌ به‌ڕێككه‌وتنی هاوبه‌ش بكرێت له‌ژێر سه‌روه‌ری و شه‌رعییه‌تی عێراق ئه‌نجام بدرێت. ده‌زانین عێراق به‌رۆژگاری زۆر سه‌خت تێپه‌ڕی و ده‌شزانین به‌هۆی سه‌خت و دژواری دۆخه‌كان هه‌ندێك رێگه‌چاره‌ی نائاسایی ده‌گیرێنه‌به‌ر به‌ڵام ده‌بێ رێگه‌چاره‌كان به‌شێوه‌یێكی ئاسایی بگرینه‌ به‌ر و هاوئاهه‌نگیی زیاتر له‌نێوانماندا بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئامانجه‌كانمان به‌دی بكه‌ین. عێراق وه‌ك توركیا ده‌وڵه‌تێكی دیموكراسییه‌ و پرۆسه‌ی سیاسیی هه‌یه‌ و سه‌رباری هه‌موو سه‌ختییه‌كان و جه‌نگی دژ به‌تیرۆر و داعش و تووندئاژۆیی له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگه‌ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست ده‌هێنێت. به‌ڵام پرۆسه‌ی سیاسی رۆژ دوای رۆژ گه‌شه‌ی زیاتر ده‌كات و گونجاوی له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تیش به‌دی ده‌كرێت كه‌ له‌ سه‌رده‌مانی پێشوو ئه‌نجام نه‌ده‌درا.

سەرۆکوەزیرانی عێراق هەروەها گوتی: "باسمان له‌ پێشهاته‌ هه‌رێمییه‌كان كرد و رێككه‌وتین بۆ ئه‌وه‌ی رۆڵی ئه‌رێنی بگێڕین بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كان و هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كان. هه‌ر زیانێك و ئازارێك به‌ توركیا بگات، هه‌مان شت به‌ عێراق ده‌گات. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ هه‌ر زیانێك و ئازارێك به‌ عێراق بگات، به‌دڵنیاییه‌وه‌ توركیا و ناوچه‌كه‌ش پشكی خۆیانیان به‌رده‌كه‌وێت. بۆیه‌ بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانمان، پێویستمان به‌وه‌یه‌ رێككه‌وین و گفتوگۆ بكه‌ین بۆ ئارامی و سه‌قامگیری و ئاشتی. كۆمپانیاكانی توركیا چالاك و مایه‌ی رێزن و ئه‌زموونی زۆر گرنگیان هه‌یه‌ و پێمان وایه‌ ژینگه‌كه‌ له‌باره‌ بۆ ئه‌وه‌ی واژۆ له‌سه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ بكه‌ین كه‌ له‌ بنچینه‌دا له‌سه‌ریان رێككه‌وتووین كه‌ له‌ داهاتوودا ده‌یقۆزینه‌وه‌.

لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سەرۆکی تورکیا گوتی: "عێراق به‌ پێكهاته‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیانه‌وه‌ دۆست و برای گه‌لی توركیان. له‌و باوه‌ڕه‌دام عێراق بتوانێت رۆڵی ئه‌رێنی خۆی له‌ پرسه‌ هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا بگێڕێت".

سەرۆکی تورکیا باسی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی کرد و گوتی: "له‌مێژه‌ له‌گه‌ڵ عێراق په‌یوه‌ندییێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی زۆر گرنگمان هه‌بووه‌. دوای قۆناخی 2003 وه‌به‌رهێنه‌ر و به‌ڵێنده‌رانی تورك سه‌رباری سه‌رده‌می باڵاده‌ستی رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كان، كه‌چی ده‌ستبه‌رداری عێراق نه‌بوون. ده‌ستپێشخه‌ریمان كرد بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق، ته‌نانه‌ت بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق به‌شێك له‌ كرێكاران و ئه‌ندازیارانیشمان بوونه‌ قوربانی. ئه‌مڕۆش ئاماده‌ین هه‌مان گیانفیدایی بكه‌ین بۆ عێراق و كاری هاوبه‌ش بكه‌ین. وه‌ك ده‌زانرێت هه‌وڵه‌كانمان چڕكردووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان بگه‌یێنینه‌ 20 ملیار دۆلار. ئێستا زۆر نزیك بووینه‌ته‌وه‌ بۆ پێكانی ئه‌م ژماره‌یه‌، به‌ڵام ئه‌م گوژمه‌یه‌ بۆ عێراق و توركیا به‌س نییه‌. له‌و بڕوایه‌دام له‌ كاتی سه‌ردانیكردنم بۆ عێراق به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگی ستراتیژی باڵا، باس له‌ ژماره‌ی نوێی قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ده‌كه‌ین".

ئەردۆغان باسی لە رێککەوتنەکان کرد بۆ دامه‌زراندنی رێڕه‌وێكی بازرگانی تاوەکوو ده‌گاته‌ باشووری عێراق و گوتی: "له‌ كۆبوونه‌وه‌ دوو قۆڵی و شاندی وه‌زاره‌ته‌كان گفتوگۆمان له‌باره‌ی میكانیزمی زیادكردنی وه‌به‌رهێنانی توركیا كرد له‌ عێراق. بۆ ئاسانكاریكردنی وه‌به‌رهێنان و سه‌رنج راكێشانی پیاوانی كاری هه‌ردوو وڵات، له‌ بنچینه‌دا رێككه‌وتین بۆ لابردنی هه‌موو ئاسته‌نگه‌كان و ئه‌و رێگرییانه‌ كه‌ ده‌بێته‌ هۆی سستكردنی چالاكییه‌ بازرگانییه‌كانی نێوانمان. له‌باره‌ی دووباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق و دروستكردنی ژێرخانی ئه‌و شار و شارۆچكانه‌ی كه‌ به‌هۆی شه‌ڕی داعش زۆرترین زیانیان پێگه‌یشت و هەروەها دامه‌زراندنی رێڕه‌وێكی بازرگانی تا ده‌گاته‌ باشووری عێراق، رێككه‌وتین بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ كاری هه‌ره‌ له‌ پێشینه‌كانمان".

سەرۆکی تورکیا لە قسەکانیدا ئامانجی کردنەوەی کۆنسوڵخانە نوێیەکانی وڵاتەکەی لە عێراق کرد و گوتی: "ده‌مانه‌وێ له‌ رێگه‌ی كاراكردنه‌وه‌ی کۆنسوڵخانە‌كانمان و كردنه‌وه‌ی کۆنسوڵخانەی نوێ له‌ زۆربه‌ی شاره‌كانی عێراق، په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نێك باشتر بکەین. له‌ڕووی وزه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستێكی باڵا هه‌ماهه‌نگیمان هه‌یه‌ بۆ دابینكردنی كاره‌بای زیاتر و خێراتر بۆ عێراق، ده‌سته‌واره‌یێكم پێشكه‌شی به‌ڕێز سه‌رۆكوه‌زیران كرد له‌میانی كۆبوونه‌وه‌ دووقۆڵییه‌كانماندا. هه‌روه‌ها پێداگریمان له‌سه‌ر زوو كاراكردنه‌وه‌ی بۆڕیی نه‌وتی كه‌ركووك-جه‌یهان كرد كه‌ له‌میانی جه‌نگی دژ به‌ تیرۆریستانی داعش زیانی زۆری به‌ركه‌وت".

سەبارەت بە پرسی ئاو لە عێراق و هاوکارییەکانی تورکیا لەو بارەوە ئەردۆغان گوتی: "توركیا ساڵی رابردوو به‌پێی تواناكانی خۆی، یارمه‌تی عێراقیدا به‌پێدانی ئاو. توركیا یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی له‌ ته‌كنەلۆژیا و زانستی ئاودا زۆر پێشكه‌وتووه‌ به‌تایبه‌تی له‌ ته‌كنەلۆژیای ئاودێری و جێبه‌جێكاری له‌ میكانیزمی پاراستنی ژینگه‌ و رێگریكردن له‌ زێده‌ڕۆیی و به‌هه‌ده‌ردانی ئاو، لەو بوارانەدا خاوه‌ن ئه‌زموونه‌ و هه‌نگاوی زۆر باشی ناوه‌، به‌مه‌به‌ستی گه‌یاندنی ئه‌زموونی وڵاته‌كه‌م بۆ عێراق نوێنه‌ری تایبه‌تی خۆم پرۆفیسۆر دكتۆر ڤه‌یسه‌ل ئه‌رئۆغڵوم راسپارد ئه‌ویش تیمێكی 50 كه‌سی شاره‌زای پێكهێنا و پلانێكی تۆكمه‌ی گشتگیری بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئاو له‌ عێراق ئاماده‌ كردووه. له‌ دیداره‌كه‌ماندا ئه‌مه‌شمان خسته‌ به‌رباس و لێكۆڵینه‌وه"‌.

ئەردۆغان ئاماژەی بە دروستکردنی بەنداوی نوێ لە عێراق کرد و گوتی: "ته‌نانه‌ت له‌ پلانه‌كه‌دا ئاماژه‌مان به‌دروستكردنی ژماره‌یه‌ك به‌نداو كرد له‌ هه‌ندێك شوێنی دیاریكراودا بۆ ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوودا به‌ به‌رنامه‌ ئاو بۆ ئه‌م به‌نداوانه‌ دابین بكه‌ین و رێگری بكه‌ین له‌ وشكه‌ساڵی. رێككه‌وتین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌مدا لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌شی كاركردنی نێوان هه‌ردوو وڵات سه‌ردانی عێراق بكه‌ن و ده‌ست به‌كاره‌كانیان بكه‌ن له‌ هه‌موو ره‌هه‌ندێكه‌وه‌".

سەرۆکی تورکیا باسی لە رێککەوتنی ئەمنی لەنێوان هەردوو وڵات کرد و گوتی: "له‌ دیداره‌كه‌ماندا هه‌ردوولایه‌ن سووربووین لە به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش، په‌كه‌كه‌ و گرووپی فه‌تحوڵڵا گوله‌ن. رێككه‌وتین له‌سه‌ر واژۆكردنی رێككه‌وتنێكی هاوئاهه‌نگی سه‌ربازیی و پێكه‌وه‌كاركردنی ئه‌منی له‌نێوان عێراق و توركیا. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌ زووترین كاتدا وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ و به‌رگریی و سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگریی له‌گه‌ڵ هاوشانه‌ عێراقییه‌كانیان دیدار و كۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن. خاڵێكی دیكه‌ی هاوبه‌شمان تاوتوێكرد كه‌ ئه‌ویش پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی سووریا و چاره‌سه‌ركردنی سیاسی قه‌یرانی ئه‌م وڵاته‌بوو. هه‌روه‌ها به‌شداربوونی عێراق له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی ئاستانه‌ وه‌ك ئه‌ندامێكی چاودێر به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ پێشوازی لێده‌كه‌ین". 

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه