06:03 PM   IRAQ
FRIDAY, 20 SEPTEMBER 2019
 به په‌له |◀   شکست‌هێنانی دانوستانی به‌رپرسانی عێراقی له‌ هه‌ولێر قه‌یرانه‌که‌ قووڵتر ده‌کاته‌وه‌
MONDAY, 20 MAY 2019 - 11:08
سیاسه‌توانی کوردی سووریا تایبه‌ت بۆ کوردپرێس:
ئه‌مریکا وه‌ڵامی هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر کورد ده‌داته‌وه‌/ ده‌بێ لێدوانه‌کانی ئه‌ردۆغان به‌ هه‌ند وه‌ربگیردرێت

به‌شی دیمانه‌/ سووریا- سیاسه‌توانی کوردی سووریا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ مه‌ترسیی هێرشی سه‌ربازیی تورکیا بۆ سه‌ر باکووری سووریا جیدییه‌ به‌ڵام گه‌شبینیی خۆی نیسبه‌ت به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌مریکا بۆ کرده‌وه‌ی تورکیا دژ به‌ کورد ڕاده‌گه‌یێنێت.

وه‌لید چۆلی سیاسه‌توانی کوردی سووریا و ئه‌ندامی سه‌نته‌ری ستراتێژیی لێکۆڵینه‌وه‌ی فورات له‌ وه‌ڵامی پرسیارێکی کوردپرێسدا سه‌باره‌ت به‌ دوورنواڕی هه‌ڕه‌شه‌کانی "ئه‌ردۆغان" دژی کوردی سووریا ڕای‌گه‌یاند: ده‌بێ له‌ چوارچێوه‌ی بابه‌تێکی ده‌ولی خوێندنه‌وه‌ بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ بکه‌ین. له‌ بنه‌ڕه‌تدا بابه‌تی شه‌ڕی سووریا له‌ قه‌باره‌ی یاریی ئه‌کته‌رانی هه‌رێمی و ده‌ولی شایانی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌.

ناوبراو گوتیشی: مه‌ترسیی هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ربازیی تورکیا بۆ سه‌ر خاکی سووریا مه‌ترسییێکی هێزه‌کی و هه‌میشه‌ییه‌. له‌ کاتی ده‌ست پێکردنی شه‌ڕ له‌ سووریا، تورکیا دوژمنایه‌تیی خۆی له‌گه‌ڵ کوردی باکووری سووریا ده‌ست پێکرد و جرابلۆس، باب، ئه‌عزاز و عه‌فرینی داگیر کرد و ئه‌مڕۆش ده‌یهه‌وێت هێرش بکاته‌ سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی فورات.

ئه‌م شرۆڤه‌کاره‌ سیاسییه‌ی سووریا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌کانی ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازیی تورکیا له‌ کوردستانی سووریا به‌ هه‌ند وه‌رده‌گرین و ده‌ڵێت: خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا هه‌موو ڕێوشوێنه‌کانی بۆ به‌ره‌نگاری له‌گه‌ڵ هێرشی تورکیا گرتۆته‌به‌ر و ئه‌گه‌ر تورکیا هێرش بکات‌ ئه‌وا گورزێکی کوشنده‌ له‌و وڵاته‌ ده‌ده‌ین.

وه‌لید چۆلی له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌و پرسیاره‌ی که‌ شرۆڤه‌کاران پێیان وایه‌ ئه‌مریکا کورد له‌ به‌رانبه‌ر تورکیا به‌جێده‌هێڵێت گوتی: من وا بیر ناکه‌مه‌وه‌. سه‌ره‌ڕای دژایه‌تیی ئه‌مریکا، ئه‌ردۆغان ڕای‌گه‌یاندووه‌ که‌ کڕینی S-400 له‌ ڕووسیا ئه‌نجام دراوه‌ و بڕیاره‌ پڕۆژه‌ی هاوبه‌شی وه‌به‌رهێنانی S-500 له‌لایه‌ن تورکیا و ڕووسیاوه‌ بچێته‌ بواری جێبه‌جێکردنه‌وه‌ که‌ ئه‌م هه‌واڵه‌ش ده‌توانێت ناکۆکییه‌کانی نێوان تورکیا و ئه‌مریکا قووڵتر بکاته‌وه‌.

ئه‌م سیاسه‌توانه‌ کورده‌ سه‌باره‌ت به‌ ئاینده‌ی ناوچه‌ پارێزراوه‌که‌ی باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا ڕوونی کرده‌وه‌: له‌باره‌ی پێکهێنانی ناوچه‌ی پارێزراو له‌ باکووری سووریا ڕاجیاوازیییێکی زۆر له‌ نێوان واشنتۆن و ئه‌نقه‌ره‌دا هه‌یه‌. ئه‌مریکا به‌ شێوه‌یێکی ڕاشکاوانه‌ به‌ تورکیای ڕاگه‌یاندووه‌ که‌ پێکهێنانی ناوچه‌ی پارێزراوی باکووری سووریا بۆ پاسه‌وانی له‌ هاوپه‌یمانانی ئه‌مریکایه‌ و ڕوون و ئاشکراشه‌ که‌ هێزه‌ کوردییه‌کان وه‌ک هاوپه‌یمانیی ئه‌مریکا له‌ سووریا دێنه‌ ئه‌ژمار که‌واته‌ جووڵه‌ی تورکیا له‌ باکووری سووریا وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌مریکای به‌دواوه‌ ده‌بێت.

وه‌لید چۆلی جه‌ختی کرده‌وه‌: له‌لایێکه‌وه‌ تورکیا به‌نیازه‌ بۆ زه‌برلێدان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی باکووری سووریا هه‌رچی زیاتر به‌ ڕووسیا نزیک بێته‌وه‌. له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوودا په‌یوه‌ندییێکی گه‌رم و گۆڕ له‌ نێوان ئه‌نقه‌ره‌ و مۆسکۆدا له‌سه‌ر بابه‌تی ئیدلب له‌ئارادا نه‌بووه‌ به‌ڵام له‌ دیداری ئه‌مدواییه‌ی نێوان ئه‌ردۆغان و پووتن باس له‌ مامه‌ڵه‌یێکی نوێ کراوه‌ که‌ پێده‌چێت ناکۆکییه‌کانی نێوان ئه‌مریکا و تورکیا قووڵتر بکاته‌وه‌ و ده‌ستی ڕووسیا بۆ گوشارخستنه‌ سه‌ر ئه‌مریکا له‌ ڕێگای تورکیاوه‌ ئاوه‌ڵاتر بکاته‌وه‌.

 

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه