09:57 PM   IRAQ
WEDNESDAY, 26 JUNE 2019
 به په‌له |◀   سەلاحەدین دەمیرتاش لە نێو کورددا نفووزی زیاترە لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان
MONDAY, 20 MAY 2019 - 14:16
نفووزی ئارامی ڕووسیا له‌ عێراق

به‌شی وتار/ جیهان- ڕووسیا هه‌روه‌ک ڕوانگه‌که‌ی له‌باره‌ی سووریاوه‌ هه‌وڵه‌کانی بۆ نفووز له‌ عێراق چڕ کردۆته‌وه‌ به‌ڵام نفووزی ئه‌م وڵاته‌ له‌ عێراق له‌ ڕێگای کۆمپانیا ڕووسییه‌کان و ڕێککه‌وتننامه‌ی ئابووری، پیشه‌یی و بازرگانیی نێوان دوو وڵاته‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی 9ی مه‌ی 2019 حاکم زاملی ئه‌ندامی کۆمیسیۆنی به‌رگری و ئاسایشی په‌رله‌مانی عێراق ڕای‌گه‌یاند که له‌ داهاتوودا دانووستانێک له‌ نێوان عێراق و ڕووسیا ئه‌نجام ده‌درێت بۆ کڕینی سیسته‌می به‌رگریی S-400ی ڕووسی.

ڕۆژی 26ی ئه‌یپڕێڵی 2019 یووری بۆریسۆف جێگری سه‌رۆک وه‌زیرانی ڕووسیا له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق کۆ بوویه‌وه‌ و ڕای‌گه‌یاند که‌ ژماره‌ی کۆمپانیا چالاکه‌ ڕووسییه‌کان له‌ عێراق زیاتر ده‌بێته‌وه‌.

ئێحسان شمری سه‌رۆکی ناوه‌ندی هزریی سیاسیش ئه‌م بۆچوونه‌ی هه‌یه‌. ناوبراو به‌ ئه‌لمانیتۆری ڕاگه‌یاند: "ڕووسیا هه‌وڵه‌کانی بۆ ڕکابه‌ری له‌گه‌ڵ کۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌کان له‌ ناوه‌ند و باکووری عێراق و به‌تایبه‌ت له‌ که‌رتی وزه‌دا چڕ کردۆته‌وه‌."

ناوبراو زیادی کرد: "مۆسکۆ هه‌وڵ ده‌دات ڕکابه‌ری له‌گه‌ڵ کۆمپانیا چالاکه‌ ئه‌مریکییه‌کان له‌ عێراق بکات و له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوودا ژماره‌یێکی زۆر سه‌رمادانه‌ری ڕووسی سه‌رمایه‌دانانیان له‌ عێراق ده‌ست پێکردووه‌."

ناوبراو له‌سه‌ر هۆکاری ته‌قه‌لای ڕووسیا بۆ نفووزی هه‌رچی زیاتر له‌ عێراق ده‌شڵێت: "مۆسکۆ هه‌وڵێکی زۆر ده‌دات پێگه‌یێکی به‌هێز له‌ عێراق بۆ خۆی ده‌ست بخات و بچێته‌ بازاڕی ئه‌و وڵاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌غداش بباته‌ میحوه‌ری سیاسیی خۆی واتا تاران- په‌کین."

ڕۆژی 25ی ئه‌یپڕێڵی ئه‌مساڵ ڕووسیا نووسینگه‌یێکی بازرگانی (ئابووری) له‌ باڵیۆزخانه‌ی خۆی له‌ عێراق کرده‌وه‌ که‌ ئه‌مه‌ش سه‌لمێنه‌ری په‌ره‌پێدانی بازرگانیی ئه‌و وڵاته‌ له‌گه‌ڵ عێراقه‌. ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌ریده‌خات که‌ ڕووسیا پلانی داڕشتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێکی بازاڕی عێراق بگرێته‌ ده‌ست که‌ له‌ ڕێککه‌وتنه‌کانی نێوان دوو وڵاتدا باسی لێکراوه‌.

نیشانه‌یێکی‌تری گه‌شه‌ی ئابووریی مۆسکۆ له‌ عێراق، هه‌وڵی کۆمپانیای لۆک ئۆیلی ڕووسیایه‌ بۆ زیادکردنی سه‌رمایه‌که‌ی له‌ عێراق له‌ 8 ملیار دۆلاره‌وه‌ بۆ 45 ملیار دۆلار.

ڕسلان مامدۆف توێژه‌ری په‌یمانگای په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ ڕووسیا ده‌ڵێت: "به‌ دوای سه‌پاندنی سزای قورستر بۆ سه‌ر ڕووسیا، کۆمپانیا ڕووسییه‌کان بوونه‌ فاکته‌رێکی گرنگ له‌ بازاڕی نه‌وتدا. عێراق سه‌ره‌نجی هه‌موو وڵاتانی بۆ سه‌رمایه‌دانان به‌ره‌و خۆی ڕاکێشاوه‌ هه‌ر بۆیه‌ کۆمپانیا ڕووسییه‌کان خه‌ریکن سه‌رمایه‌دانه‌ری له‌ که‌رتی نه‌وتی ئه‌و وڵاته‌دا ده‌که‌ن."

به‌م بۆنه‌وه‌ مومکینه‌ عێراقیش بیر له‌وه‌ بکاته‌وه‌ که‌ ڕووسیا ده‌رفه‌تێکی بۆ دروست‌کردنی شه‌راکه‌تی ستراتێژیک له‌گه‌ڵ وڵاتێکی گه‌وره‌ فه‌راهه‌م کردووه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی که‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ڕووسیا ئاسانتره‌ له‌گه‌ڵ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا یان وڵاتانی دیکه‌ی ڕۆژئاوایی و ئه‌م بابه‌ته‌ش مومکینه‌ به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی لێبکه‌وێته‌وه‌. ئه‌گه‌رچی مومکینه‌ ئه‌مریکا نه‌یهه‌وێت هاوکاریی عێراق له‌گه‌ڵ ڕووسیا ڕه‌ت بکاته‌وه‌ به‌ڵام ده‌توانێت سنوورێک بۆ هاوکارییه‌کانی نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌ دابنێت.

له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوودا به‌رپرسانی ڕووسیا سه‌فه‌رێکی زۆریان بۆ عێراق ئه‌نجام داوه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی که‌ میخائیل بۆگدانۆف نوێنه‌ری تایبه‌تی ڤیلادیمیر پووتین له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین و باکووری ئه‌فریقا له‌ کاتی هه‌ڵبژاردنی عادل عه‌بدولمه‌هدی وه‌ک سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق له‌ ئه‌کته‌وبری 2018 تاوه‌کوو ئێستا سێ جار سه‌ردانی عێراقی کردووه‌.

ئه‌م سه‌فه‌رانه‌ هه‌ندێک پرسیار دێنێته‌گۆڕێ که‌ ئایا ئه‌م سه‌فه‌رانه‌ داپه‌ڕێکه‌ بۆ ڕکابه‌ری له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا له‌ عێراق و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی نفووز له‌و وڵاته‌ بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تیده‌ری ئه‌و وڵاته‌ بێت پێگه‌ی خۆی له‌ ناوچه‌که‌ به‌ یارمه‌تیی نفووزه‌کانی له‌ سووریا به‌رزتر بکاته‌وه‌؟

عادل به‌داوی مامۆستای زانستی سیاسی له‌ زانکۆی به‌غدا به‌ ئه‌لمانیتۆری ڕاگه‌یاند: "هه‌ندێک له‌ حیزبه‌ سیاسییه‌کان به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ ئێران هاوڕان هه‌وڵه‌کانیان بۆ ته‌بایی له‌گه‌ڵ ڕووسیا و جیابوونه‌وه‌ له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان چڕ ده‌که‌نه‌وه‌."

ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌توانێت له‌ ڕێگای مامه‌ڵه‌ی سه‌ربازی له‌گه‌ڵ ڕووسیا یان گۆڕینی ئه‌و وڵاته‌ به‌ شه‌ریکێکی سیاسی له‌ عێراق ئه‌نجام بدرێت.

ئه‌م مامۆستای زانکۆیه‌ ده‌شڵێت: "ئامانجی به‌ره‌وپێشچوون له‌م ڕێبازه‌دا یه‌کگرتنی ڕوانگه و بۆچوونه‌کان له‌گه‌ڵ ئێرانه‌. هه‌روه‌ها لێره‌دا فاکته‌رێکی بیانی هه‌یه‌ که‌ ئێرانه‌ و ڕێبازه‌که‌ به‌ره‌و ته‌بایی له‌گه‌ڵ ڕووسیا ده‌بات بۆ ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانیی ڕووسیا له‌گه‌ڵ عێراق جێگره‌وه‌ی هه‌بوونی ئه‌مریکا له‌ عێراق بێت و ئه‌م بابه‌ته‌ش له‌ چوارچێوه‌ی به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی نفووزه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت. به‌م حاڵه‌شه‌وه‌، تێکڕای ئه‌مانه‌ ڕووسیا زیاتر ده‌کاته‌ دۆستێکه‌وه‌ تاکوو ئه‌وه‌ی ببێته‌ شه‌ریکێک بۆ عێراق له‌ داهاتوودا."

ڕۆژی 25ی ئه‌یپڕێڵی ئه‌مساڵ عێراق و ڕووسیا هه‌ندێک ڕێککه‌وتننامه‌یان له‌ که‌رته‌کانی بازرگانی، وزه‌، ته‌کنه‌لۆجیا، گواستنه‌وه‌، کشتوکاڵ، نۆژه‌نکردنه‌وه‌، جووتیاری و کلتوور و هه‌ندێک بابه‌تی‌تر واژۆ کرد.

ئاندره‌ ئانتکۆف نووسه‌ری ڕووسی به‌ ئه‌لمانیتۆری وت: "مۆسکۆ نایهه‌وێت نفووز له‌ به‌غدا بکات به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌باره‌ی گه‌شه‌ی په‌یوه‌ندیی سیاسیی نێوان دوو وڵات قسان بکه‌ین ئه‌م گۆڕانکارییانه‌ ئیجابین‌."

ناوبراو گوتیشی: "ڕووسیا که‌ره‌سته‌ی سه‌ربازیی جۆراوجۆری بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش ڕاده‌ستی عێراق کرد. هه‌ندێک گرێبه‌ست بۆ فرۆشتنی چه‌کی ڕووسی به‌ عێراق واژۆ کراوه‌ و ئێمه‌ هاتوچۆ و دانووستان و دیداره‌کانی نێوان دوو وڵات ده‌بینین که‌ پیشانده‌ری په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان دوو وڵاته‌."

ئانتکۆف ڕاشی‌گه‌یاند: "ڕووسیا حه‌ز به‌ عێراق ده‌کات و ده‌یهه‌وێت هاوکارییه‌کانی له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ قووڵتر بکاته‌وه‌. ئێمه‌ په‌یوه‌ندیی نزیکی دوو وڵات و دوورنواڕیی ئیجابیی په‌یوه‌ندییه‌کانیان ده‌بینین و دڵنیام که‌ هه‌ر دوو وڵات هاوکارییه‌کانیان له‌ بواری ئابوور، سیاسه‌ت، ئاسایش و سه‌ربازیدا په‌ره‌ پێده‌ده‌ن."

عێراق له‌ چوارچێوه‌ی ڕێککه‌وتنی ئه‌مدواییه‌ی له‌گه‌ڵ ڕووسیا ده‌یهه‌وێت له‌ پاڵ که‌رتی نه‌وت و وزه‌دا که‌ڵک له‌ ئه‌زموونی ڕووسیا له‌ بواره‌کانی ئابووری، پیشه‌یی، کشتوکاڵ و سه‌ربازی وه‌ربگرێت. ڕووسیاش نایهه‌وێت سه‌رمایه‌دانه‌ریی خۆی له‌ چوارچێوه‌ی ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ عێراق بوه‌ستێنێت.

ڕووسیا له‌ ڕێگای سه‌رمایه‌دانه‌ری و بازرگانییه‌وه‌ له‌ عێراق ده‌یهه‌وێت به‌ به‌ردێک دوو خاڵ بپێکێت: له‌لایێکه‌وه‌ ده‌یهه‌وێت نفووزی ئه‌مریکا له‌و وڵاته‌ که‌م بکاته‌وه‌ یان له‌ ڕووی نفووزه‌وه‌ ڕکابه‌ری له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ له‌ عێراق بکات. له‌لایێکی‌تریشه‌وه‌ ڕووسیا ده‌یهه‌وێت به‌ بۆنه‌ی ڕوانگه‌ی پووتین له‌سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست نفووزی خۆی له‌و ناوچه‌یه‌ زیاتر بکاته‌وه‌.

ئه‌گه‌رچی ڕووسیا ده‌سه‌ڵاتی ئابووری و سه‌ربازی بۆ ئاماده‌بوون له‌ عێراق هه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌م هه‌وڵانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ندێک پارێزبه‌ندیدا ئه‌نجام ده‌درێت که‌ ئه‌مریکا له‌و وڵاته‌دا دیاری کردووه‌. که‌واته‌، ئاماده‌بوونی ڕووسیا له‌ عێراق به‌ره‌وڕووی هه‌ندێک ئاسته‌نگ و ئاڵنگاری ده‌بێته‌وه‌ به‌ واتایێکی‌تر ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر عێراقیش هاوکاری له‌گه‌ڵ ڕووسیا بکات مومکینه‌ هه‌ندێک له‌ ئامانجه‌کانی ڕووسیا له‌ عێراق نه‌یێته‌دی.

سه‌رچاوه‌: ئه‌لمانیتۆر

وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌: سروور خدری/ به‌شی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس

 

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه