22:26 PM   IRAQ
WEDNESDAY, 19 JUNE 2019
 به په‌له |◀   یۆرۆپۆل چەند گومانلێکراوی ئەندامێتیی پەکەکە دەستگیر دەکات
SATURDAY, 1 JUNE 2019 - 14:43
ڕۆژنامەی نیۆیۆرۆپین: ئەمە پاداشتی کورد نەبوو

بەشی جیهان- ڕۆژنامەی نیۆیۆرۆپین لە وتارێکدا ئاماژەی بە بەشداریکردنی جدیی کوردەکان لە شەڕی دژبەداعش کردووە و دەڵێت ئەمریکا پاش شەڕی داعش پشتی لە کورد کرد و دەبێ بزانێت کە ئەوە پاداشتی خەباتی کوردەکان نەبوو.

 کوردپرێس: ڕۆژنامەی نیۆیۆرۆپینی بەریتانی لە نوێترین ژمارەی خۆیدا ڕاپۆرتێکی لەبارەی دۆخی کوردەکانی عێراق و تورکیا و سووریاوە بڵاو کردۆتەوە و لەو ڕاپۆرتەیدا گوتوویەتی زلهێزەکان پاش شەڕی داعش پشتیان لە کورد کرد. گۆڤارەکە ستایشی کوردەکان لە شەڕی دژبە داعشدا دەکات و ڕۆڵی کوردی سووریا لەو شەڕەدا بە گرینگ وەسف دەکات.

لە ڕاپۆرتەکەی ئەو گۆڤارەدا نووسراوە: کوردی سووریا خۆبەخشانە دەستی نایە سەر ئەو بژاردەیە کە ببێتە هێزی پیادەی شەڕی دژبەداعش و لە ڕاستیدا خۆی کرد بە قەڵغانی هێزە ئەورووپییەکان و بە هەموو توانا و بوێریی خۆیانەوە شەڕی داعشیان کرد بەڵام ئەورووپا چ پاداشتێکی ئەو لەخۆبوردەیییەی کوردی دایەوە؟ هیچ.

گۆڤارەکە ڕاپۆرتێکیشی لەبارەی کوردەکانی عێراق و تورکیاوە بڵاو کردۆتەوە کە هەوڵی دامەزراندنی کیانێکی سەربەخۆی کوردییان داوە و نووسیویەتی لە هەموو ئەو خەباتانەی کورددا کۆمەڵێک نیشانە هەن کە دەلالەتن لەسەر کەمتەرخەمیی ئەورووپا بەرانبەر بە کورد و ئەوەش دەیسەلمێنێت کە وڵاتانی ئەورووپی کوردیان ئیهمال کردووە و کوردیش لەو مەسەلەیە بەخۆدا شکاوە. هەڵبەت ئەوەش لەبیر نەکەین کە ناکۆکی و ناتەباییی نێوماڵی کوردیش کارتێکەر بووە لە ناکامیی کوردەکان.

نیۆیۆرۆپین ئاماژە بە هاوکاریی 5 ساڵەی کوردی سووریا لەگەڵ ئەمریکا بۆ شەڕی دژبەداعش دەکات و دەنووسێت لەو شەڕەدا ژمارەیێکی زۆر لە هێزە کوردییەکان گیانیان بەخت کرد بەڵام لە ئەنجامدا ئەوەتا ئەمریکا بڕیاری داوە سووریا چۆڵ بکات و لە بەرانبەر هەڕەشەی هێرشکردنەکەی تورکیا پشت لە کورد دەکات.

گۆڤارەکە تیشکی خستۆتە سەر نادیدەگیرانی داواکارییەکەی کوردی تورکیا لە سەردەمی ڕووخانی ئیمپراتوورییەتی عوسمانی کە لەو کاتەدا ئەورووپییەکان هیچ ئاوڕیان لە داواکاریی کورد نەدایەوە و لەو کاتەوە سەردەمی مۆدێڕنی خەیانەت کردن بە کورد دەستی پێکرد.

گۆڤارە بەریتانییەکە باسی ئەو ساڵانەش دەکات کە وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە بەرانبەر ئەو ستەمەی ڕژیمی بەعس بە سەرۆکایەتیی سەدام حوسێن دەرحەق بە کورد دەیکرد بێدەنگ بوون و دەڵێت لە هەموو ئەو ساڵانەدا کە ئەو ستەمە گەورەیە لە حەقی کورددا دەکرا ڕۆژئاوا نقەی لێوە نەهات.

گۆڤارە بەریتانییەکە دەشڵێت کوردەکانی عێراق تا ڕادەیێک لە پێکهێنانی ناوچەیێکی خۆبەڕێوەبەردا سەرکەوتوو بوون بەڵام ئەو دەستکەوتەش هەروا ئاسان نەهاتە دەست بەڵکوو ئەو سەرکەوتنە دەستڕەنجی چەندین ساڵ ستەملێکران و خەباتی کورد دژی ڕژێمی بەعس بوو. بەعسی ڕووخاو زۆر ئوپەراسیۆنی دژی کورد ئەنجام دا و تەنیا لە یەک هەڵمەتی کۆمەڵکوژیدا 180 هەزار کوردی تەفروتوونا کرد و هەر لە یەک ڕۆژیشدا 5 هەزار کوردی هەڵەبجەی بە بۆردومانی کیمیایی لە ناو برد.

نیۆیۆرۆپین لە کۆتاییدا تیشکی خستۆتە سەر دۆخی کوردەکانی سووریا کە بڕیارە ئەمریکا بکشێتەوە و مەترسیی هێرشی سەربازیی تورکیا بۆ سەر ناوچەکوردنشینەکانی بۆتە هەڕەشەیێکی جدی. گۆڤارەکە لەو بارەیەوە نووسیویەتی دیار نییە چارەنووسی کوردەکانی سووریا چی دەبێت. بەڵام وادەردەکەوێت باشترین بژاردە ئەوەیە کورد لەگەڵ دیمەشق بگاتە ڕێککەوتن ئەوەش کەمترین باج لە سەر کورد دروست دەکات چوونکە هەریەکەو لە ئەکتەرانی زلهێز لە خاکی سووریا بە ئەمریکا و ڕووسیا و سعوودیەوە هەموویان کوردیان بۆ بەرژەوەندی و قازانجی خۆیان دەوێت.

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه