02:03 PM   IRAQ
THURSDAY, 19 SEPTEMBER 2019
 به په‌له |◀   عەبدولمەهدی داوا لە حه‌شدی شه‌عبی دەکات له‌ سنووره‌كانی سعوودیه‌ بکشێتەوە
SUNDAY, 9 JUNE 2019 - 21:04
گرێکوێرەی یەکخستنی پێشمەرگە وەک سوپایێکی پێشکەوتوو*

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- هێزی پێشمەرگە وەکوو باڵی سەربازیی هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان فەکتەری سەرەکیی ململانێی سیاسییەکان و دەستەبەرکردنی بەرژەوەندیی سیاسی و ئابووری و هەروەهاش هەڵگری باڵانسی دەسەڵاتە و هەر ئەوەش وای کردووە هەلومەرجەکەی ئێستا وەک خۆی بمێنێتەوە و بەم هەلومەرجەشەوە یەکخستنی ئەو هێزە سەربازییە زەحمەتە.

کوردپرێس:

لە ماوەی 12 ساڵی ڕابردوودا 3 جار بڕیاری یەکخستنی هێزەکانی 70 و 80ی پێشمەرگە دراوە بەڵام تا ئەم کاتەش بڕیارەکان ئەنجامیان نەبووە. سەرەڕای ئەوەش هاوپەیمانیی دژەداعش 35 خاڵی بۆ چاکسازی کردن لە وەزارەتی پێشمەرگە ئامادە کردووە کە لە کۆی 35 خاڵە داڕێژراوەکە تەنیا 5 خاڵیان چۆتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

تاڵەبانی و بارزانی لە یەکخستنی هێزی پێشمەرگە ناکام بوون

هەوڵی یەکخستنی هێزی پێشمەرگە یەکەم جار ساڵی 2007 کاری لەسەر کرا. ئەو کاتەی جەلال تاڵەبانی سەرۆککۆماری عێراق بوو و مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو. بەڵام ئەو هەوڵە سەری نەگرت.

پاشان ساڵی 2009 بۆ جاری دووهەم دیسان تاڵەبانی و بارزانی ڕێککەوتنێکیان بۆ یەکخستنی هێزەکانیان واژۆ کرد و ساڵی 2010 بڕیار درا ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت بەڵام دیسان ئەمەشیان سوودی نەبوو.

چەند خاڵی گرینگ هەن کە بوونەتە ڕێگر لە یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و بە نموونە دەتوانین ئاماژە بەو چەند خاڵە بکەین: یەکەم هەژموونیی هەردوو حیزبی پارتی و یەکێتی بەسەر هێزی پێشمەرگەوە لەپێناو دابینکردنی بەرژەوەندیی ئەو دوو حیزبە و کەسایەتییە حیزبییەکان. دووهەم زۆربوونی فەرماندەکان لەو هێزانەدا. سێهەمیان کە زۆر گرینگترە مەسەلەی بێمتمانەییی ئەو دوو حیزبە بە یەکترە کە پاش شەڕی براکوژی وەکوو لێکەوتەی خراپی ئەو شەڕە ئاسارەکەی ماوەتەوە.

پەرلەمانی کوردستان و تێپەڕاندنی یاسای سوپای یەکخراو

هەوڵەکان بۆ یەکخستنی پێشمەرگەی سەربە هەردوو حیزب لە پەرلەمانی کوردستانیشەوە بەردەوام بوو و لە خولی چوارەمی پەرلەماندا ڕۆژی 24ی تەمووزی 2014 یاسای یەکخستنی هێزی پێشمەرگە پەسەند کراو ماوەی 6 مانگ دەرفەت دانرا کە یاساکە بچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە. لە یاسا پەسەندکراوەکەی پەرلەماندا نووسراوە: پێویستە هەموو هێزەکانی پێشمەرگە بە هێزی 70 و 80یشەوە تا ماوەی 6 مانگ پاش تێپەڕاندنی یاساکە یەک بخرێن و وەک هێزێکی نیشتمانی یەک فەرماندەیان هەبێت.

سێبەری قەیرانی ئابووری بە سەر پڕۆسەی یەکخستنی هێزی پێشمەرگەوە

لە 2014وە قەیرانی ئابووری هەرێمی کوردستانی گرتەوە. شەڕی داعش سەری هەڵدا و ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدا سەری هەڵدا و لەگەڵ ئەوەش سیاسەتی ئابووری سەربەخۆ و فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت کێشەی دروست کرد.

لە مادەی 14ی یاساپەسەندکراوەکەی پەرلەمانی کوردستاندا کە ساڵی 2014 بۆ یەکخستنی پێشمەرگە تێپەڕێندرا جەخت کراوەتەوە کە حکوومەتی هەرێم پاش تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی پێویستە هەموو بڕگەکانی ئەو یاسا تێپەڕێندراوە جێبەجێ بکات.

گەورەترین یەکەکانی هێزی پێشمەرگە کە دوو باڵی سەربازیی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدارن هەمان هێزی 70ی سەر بە یەکێتی و هێزی 80ی سەر بە پارتییە کە تا ئێستا بۆ یەکخستنیان هیچ نەکراوە و هەموو هەوڵەکان لەو بارەیەوە شکستی هێناوە.

هێزەکانی 70 و 80 بەرهەمی شەڕی براکوژیی 90کانن و ئێستاش هێشتا گەردی ئەو شەڕە بە سیمایانەو دیارە.

شەڕی داعش و بەهێزبوونی پێگەی پێشمەرگە و پڕۆژەی هاوپەیمانان بۆ یەکخستنی ئەو دوو هێزە

شەڕی داعش و پێکهاتنی هاوپەیمانیی جیهانی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا بۆ بەشداری کردن لەو شەڕە پێگەی هێزی پێشمەرگەی لای ئەندامانی ئەو هاوپەیمانێتییە بەرز کردەوە و یارمەتیی وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانیی دژەداعش بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە شەڕی داعشدا بە لێشاو گەیشت و ڕاوێژکارە سەربازییەکانی هاوپەیمانی ئەرکی مەشقکردن بە پێشمەرگەیان وەئەستۆ گرت بۆ ئەوەی پێشمەرگە ببێت بە هێزێکی تۆکمە و پیشەیی. هێزی پێشمەرگە هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی داعشەوە وەک هێزی پیادەی ئەو شەڕە دەوری گێڕا و تۆکمەکردنی هێزەکەش لای هاوپەیمانیی دژەداعش بەهەند وەرگیرا هەر بۆیەش هاوپەیمانی پڕۆژەیێکی بۆ چاکسازی کردن لەو هێزانەدا پێشکەش کرد.

جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆیێکی تێروتەسەلدا پڕۆژەکەی بۆ کوردپرێس شی کردەوە و ڕایگەیاند: "کۆتاییی ساڵی 2017 و سەرەتای 2018 لە وەزارەتی پێشمەرگە پڕۆژەیێکی 35 خاڵیمان بۆ چاکسازی کردن لە وەزارەتی پێشمەرگە گەیاندە قۆناغی جێبەجێکردنەوە. پڕۆژەکە پڕۆژەی هاوبەشی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سێ وڵاتی ئەندامی هاوپەیمانیی دژەداعش و ڕاوێژکارەکانی ئەو وەزارەتخانەیە واتا ئەڵمانیا و بەریتانیا و ئەمریکا بوو. بەشی چاکسازی کردنیشمان لە وەزارەتی پێشمەرگە دامەزراند و ئەو ئەفسەرانەی لە بەشی چاکسازی کار دەکەن لە ئاستێکی پێشکەوتوو و پیشەییدا مەشقی پێویستیان پێکراوە و گرینگترین هەنگاوەکانیش بریتین لە یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و چۆنیەتیی ئیدارەدانی وەزارەتی پێشمەرگە و مەشقپێکردنیان و عیلاقاتی ئەو هێزانە یاسای خانەنشینکردن و مەسەلەی لۆجستیکی و هەموو ئەو شتانەی پێوەندیی بە پێشمەرگەوە هەبێت. هەندێک لەو خاڵانەش کراونەتە پڕۆژەیاسا و چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە و چاوەڕوان دەکرێت خاڵەکانیتریش بچنە قۆناغی جێەجێکردنەوە. لە پڕۆژەی چاکسازی کردنەکەدا بۆ هەموو خاڵەکان ماوەیێک دیاری کراوە کە دەبێت لەو ماوەیەدا بچنە قۆناغی جێبەجێکردنەوە و کۆی 35 خاڵەکە ماوەی 2 بۆ 5 ساڵی دەوێت تاوەکوو هەموویان بچنە جێبەجێ بکرێن و هیوامان وایە لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بتوانین کۆی خاڵەکان جێبەجێ بکەین."

لێدوانی بەرپرسانی هێزی پێشمەرگە و ڕێککەوتنە سیاسییەکان

لەو ڕێککەوتنانەدا کە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم کراوە سێ حیزبی هاوپەیمانی حکوومەت واتا پارتی و یەکێتی و گۆڕان لە سەر خاڵی سەرەکیی ڕێککەوتنەکە کۆدەنگن کە ئەویش یەکخستنی هێزی پێشمەرگەیە.

شاخەوان ڕەئووف بەگ ئەندامی لیژنەی کاروباری ناوخۆ و پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەو هەوڵانە داوە کە لە پەرلەمانی پێنجەمی کوردستان بۆ یەکخستنی پێشمەرگە دەستیان پێکردووە و بە هەفتەنامەی ئاژانسی وتووە: کۆمسیۆنی کاروباری پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا سێ جار کۆبوونەوەی بەڕێوە بردووە و ئەنجامی دانیشتنەکانیش ئەوە بوو ڕاپۆرتێکمان ئامادە کردووە و پێشکەشی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی دەکەین کە ڕاپۆرتەکە پێوەندیی بە پێکهێنانی هێزێکی نیشتمانییەوە هەیە.

ناوبراو زیادی کرد: لە لایەن کۆمسیۆنی وەزارەتی پێشمەرگەوە لە پەرلەمانی کوردستان بەستێن ئامادە کراوە بۆ یەکخستنی هێزەکان ئەوەش لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا. بۆیە لە داهاتوودا گفتوگۆ لەگەڵ ڕاوێژکارە بەریتانی و ئەڵمانی و ئەمریکییەکان دەکەین بۆ ئەوەی هێزەکانی 70 و 80 لەژێر فەرمانی یەکێتی و پارتیدا نەبن.

بەرپرسانی پارتی و یەکێتییش مکووڕن لەسەر یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و ئاماژە بە داتای جۆربەجۆر لەبارەی ژمارەی هێزەکانەوە دەکەن. بەرپرسێکی سەربازیی پارتی کە نەویویستووە ناوەکەی بدرکێندرێت وتوویەتی ژمارەی هێزەکانی 80ی سەربە پارتی دەگاتە 60 هەزار هێز.

هەر لەبارەی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەوە جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە جگە لە مەسەلەی ڕاجیاوازیی پارتی و یەکێتی، موزایەدەی سیاسی لە مەسەلەی یەکخستنی هێزەکان دەکرێت و وای دەنوێنن کە بە گوشاری ئەوان و بە گوشاری وڵاتانی بیانی یەکخستنی ئەو هێزانە دەستی پێکردووە ئەوەش لە کاتێکدایە پڕۆسەکە لە 2007ەوە دەستی پێکردووە و لەو ماوەیەدا یاسا پێویستەکان پەسەند کراون. هەندێک بابەتی ناوخۆی هێزەکانی پێشمەرگە بەتایبەتی مەسەلەی یەکخستن و ڕوکنە سەربازییەکانیش گەشتوونەتە ئەنجام.

جەبار یاوەر دەڵێت ژمارەی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەگاتە 168 هەزار کەس کە 46 هەزار کەسیان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا یەک خراون و 120 هەزار کەسیشیان لە دوو لیوای 70 و 80دا خۆیان دەبیننەوە و ژمارەی هێزەکانی 70ی سەر بە یەکێتییش 67 هەزار کەسە.

جەمال محەمەد سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لەبارەی یەکخستنی هێزەکانی 70 و 80ی پێشمەرگەوە دەڵێت ململانێی نێوان ئەو دوو هێزە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو فەرمانانەی فەرماندەکانی ئەو هێزانە دەری دەکەن و دەشڵێت لەم قۆناغەی ئێستادا یەکێتی و پارتی کۆکن لە سەر ئەوەی هێزەکانیان یەک بخرێت.

ناوبراو گوتیشی بۆ جاری یەکەمە کە بڕیارە هێزێک لە هەر دوو هێزی 70 و 80ی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و بە شێوەی 50 بە 50 پێکبهێنرێت و دیکەی کاروبارەکان پێوەندیی بە حکوومەتەوە دەبێت و ئیرادەی سیاسیی حیزبەکانی تێدا دەخیل نابێت و هەر کاتێک پەرلەمانی کوردستان یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە پەسەند بکات سەرۆکی هەرێم وەکوو فەرماندەی گشتیی هێزی سەربازیی هەرێم دەتوانێت یاساکە جێبەجێ بکات و هەموو لایەنەکانیش لەسەریانە کە پێبەند بن بە جێبەجێ کردنی یاساکەوە.

لیوا قارەمان کەمال بریکاری ئەرکانی گشتیی هێزی چەکداری هەرێمی کوردستانیش لەبارەی پڕۆژەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەوە وتوویەتی: "ژمارەی هێزەکانی 70 و 80ی پێشمەرگە زۆر زیاترن لە ژمارەی هێزەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و ئێستاش ڕەشنووسێک بۆ هاوکاری کردن لەگەڵ دایرەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە ئامادە کراوە و ڕاوێژکارە ئەمریکی و بەریتانی و ئەڵمانییەکان لەو بوارەدا یارمەتیمان دەدەن."

ناوبراو جەختی کردۆتەوە یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان پێویستی بە لێکگەیشتن و ڕێککەوتنی سیاسی و ئابووری و سەربازی هەیە و ژمارەی هێزە یەکخراوەکان ڕوون دەبێت و هێزە زیادییەکانیش بڕیاریان لەسەر دەدرێت.

هەر لەو بارەیەوە جەمال ئیمینکی سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە وتوویەتی پڕۆژەیێکی 35 خاڵیمان بۆ چاکسازی کردن لە وەزارەتی پێشمەرگە ئامادە کردووە کە لە کۆی 35 خاڵە داڕێژراوەکە تەنیا 5 خاڵیان چۆتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە و ئێستا مەسەلەی یەکخستنی هێزەکان گەشتۆتە قۆناغی سەربازی ئەوەش پێوەندیی بە حکوومەت و بڕیارەکانی حکوومەتەوە هەیە.

پێکهێنانی هێزێکی نیشتمانی پێویستی بە بڕیاری سیاسی هەیە

ئەزموونی ئەم 12 ساڵەی ڕابردوو ئەوەی سەلماندووە کە بڕیاری ئیداری و سەربازی بۆ یەکخستنی هێزەکان یەکلاکەرەوە نابێت و ئەو بابەتە پێویستی بە بڕیار و ڕێککەوتنی سیاسی هەیە.

مستەفا چاوڕەش ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی کە هاوکات بەرپرسێکی سەربازیی ئەو حیزبەشە وتوویەتی: "هەوڵ دەدەین هێزی پێشمەرگە یەک بن و لە 2005وە دەیان دانیشتنمان لەو بارەیەوە کردووە و ئەو بابەتەش ئێستاکە تەنیا بە بڕیاری وەزارەتی پێشمەرگە جێبەجێ نابێت چوونکە کارێکی دژوارە و پێویستی بە کاتی زۆر هەیە. هەموو ئەو کەسانەی لە دوو هێزی 70 و 80دان سەر بە پارتی و یەکێتین و هەر کاتێک گرفت یان ناکۆکی لە نێوان ئەو دوو حیزبەدا هێزەکانیشیان پشتگیریی حیزبەکەی خۆیان دەکەن هەر بۆیەش زۆر پێویستە هێزەکان یەک بن و یەک فەرماندەیان هەبێت.

گرێکوێرەی یەکخستنی پێشمەرگە وەک سوپایێکی پێشکەوتوو

دیارە مەسەلەی کەرکووک و داخوازییەکانی یەکێتی لە دۆسیەی کەرکووکدا گرێکوێرەیێکی پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستانە بەڵام ئەوەی پارتی ناچار دەکات لەگەڵ یەکێتی ڕێککبەوێت ئەوەیە هێزێکی گەورەی پێشمەرگە بە دەست یەکێتییەوەیە و لە باری سەربازییەوە ڕووبەرێکی فراوانی هەرێمی کوردستانی بەدەستەوەیە. ئەوەش جگە لە کۆمەڵێک تەوەری سیاسی و ئابووری و کەلتووری کە کارتێکەرن لە پێوەندییەکانی نێوان هەردوو حیزب.

بێ گومان فاکتەری سەربازی و بەکارهێنانی ئەو کارتە لە ململانێ سیاسییەکانی هەردوو حیزبی پارتی و یەکێتی لە هەرێمی کوردستان ڕاستییێکی حاشاهەڵنەگرە کە پێدەچێت بەو ئاسانییە لە ساحەی سیاسیی کوردستانی عێراق هەڵناپێچرێت و هەر ئەمەش دەبێته‌هۆی ئەستەم بوونی پڕۆژەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنی هێزەکانی 70 و 80ی سەر بە پارتی و یەکێتی.

 

*حەسەن ساڵحی

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه