07:24 PM   IRAQ
FRIDAY, 20 SEPTEMBER 2019
 به په‌له |◀   شکست‌هێنانی دانوستانی به‌رپرسانی عێراقی له‌ هه‌ولێر قه‌یرانه‌که‌ قووڵتر ده‌کاته‌وه‌
WEDNESDAY, 12 JUNE 2019 - 12:45
ڕەنگدانەوەی پۆستە نوێکانی نێچیرڤان و مەسروور بارزانی لە میدیا عالەمییەکان

بەشی جیهان- میدیاکانی جیهان هەڵبژێردرانی نێچیرڤان بارزانی وەکوو سەرۆکی هەرێم و مەسروور بارزانی وەکوو سەرۆکی حکوومەتی هەرێم بە دەسەڵاتی جووتە ئامۆزا ناو دەبەن بەڵام نێچیرڤان بارزانی وتوویەتی مەسعوود بارزانی بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدات.

کوردپرێس:

9 مانگ پاش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەم هەفتەیەدا ئاخری هەردوو پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمیش یەکلا کرایەوە و نێچیرڤان بارزانی لە لووتکەی دەسەڵات و مەسروور بارزانیی ئامۆزاشی لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان خۆیان بینییەوە و نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی نوێی هەرێم سوێندی یاساییی خوارد و مەسروور بارزانییش ڕاسپێردرا کە حکوومەتی نوێی هەرێم پێکبهێنێت.

لەم نێوانەدا گواستنەوەی دەسەڵات بۆ بەرەی سێهەمی بارزانییەکان ڕەنگدانەوەی زۆری لە میدیاکانی جیهاندا بە خۆوە بینی. بۆ نموونە ڕاشاتودەی و ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسا ئەو بابەتەیان بە حکوومەتی جووتە ئامۆزا وەسف کردووە. خاڵێکی دیکەش ئەوە بوو کوڕە گەورەکەی نێچیرڤان بارزانی لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنەکەی باوکیدا زۆر بە بەرجەستەیی دەرکەوت و میدیاکان دەڵێن ئەمە ئامادەکردنی جیلی چوارەمی بارزانییەکان بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی داهاتووی هەرێمی کوردستان بوو.

خاڵی گرینگ کە ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسا و ڕۆژنامەی نەشناڵی ئیمارات تیشکیان خستۆتە سەری ئەوەیە کە ئەگەرچی مەسروور و نێچیرڤان بارزانی وەکوو دوو سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەت هەڵبژێردرا بەڵام ئێستاش مەسعوود بارزانی دوابڕیار لە هەرێم دەدات.

هەر لە مەڕاسیمی سوێندخواردنەکەی نێچیرڤانیشدا مەسعوود بارزانی وتاربێژی یەکەمی کۆڕەکە بوو هەر ئەوەش قورسایی و سەنگی ئەو سەرۆکە کاریزماتیکەی هەرێمی کوردستان دەردەخات.

ڕۆیتەرز وتوویەتی پۆستی سەرۆکی هەرێم یەکێکە لە پۆستە هەرە زەحمەتەکان هۆکارەکەشی ئەوەیە کە هێشتا دەستووری هەرێم تەواو نەکراوە و لە هەندێ بابەتی جێناکۆکیدا نوێنەرانی پەرلەمان و یان خود نوێنەرانی حیزب بڕیار لە سەر یاسادانان دەدەن.

ئاژانسی هەواڵی شین هوای چین گوتوویەتی ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی تورکیا لە مەڕاسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانیدا دەیسەلمێنێت کە پێوەندیی توندوتۆڵ لە نێوان هەولێر و ئەنقەرە هەیە و خاڵی ئیجابیی دووهەمی مەڕاسیمەکەش کەم کردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بوو.

ڕۆیتەرز گوتوویەتی مەسعوود بارزانی هەڵگری میراتی سیاسیی مەلا مستەفای باوکیەتی و ئێستاش ئەو میراتە خەریکە دەدرێتە دەستی بەرەی سێهەمی بارزانییەکان بۆیە بنەماڵەی بارزانی پێشەنگن لە بزووتنەوەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان.

ڕۆیتەرز هەروەشا ئاماژەی بە بایکۆت کرانی مەڕاسیمی دەنگدان بە نێچیرڤان بارزانی لە پەرلەمانی کوردستان کردووە کە یەکێتی و نەوەی نوێی لەو ڕۆژەدا پەرلەمانیان بەجێ هێشت و دەشڵێت ئەو مەسەلەیە دەریدەخات کە هەندێک کەس دژی بەردەوام بوونی بارزانییەکان لە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانن.

ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسا کە دەستەواژەی حکوومەتی جووتە ئامۆزای بەکارهێنابوو لە زاری چاودێرانی سیاسیی کاروباری کوردەوە وتوویەتی ئەو هەڵبژێردرانەی جووتە ئامۆزاکەی بارزانی دەلالەتە لە سەر کار کردن بە "حکوومەتی بنەماڵەیی" لە هەرێمی کوردستان.

ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسا هەروەهاش گوتوویەتی ئەگەرچی مەسعوود بارزانی ئێستا هیچ پۆستێکی فەرمی و حکوومیی بەدەستەوە نییە بەڵام دیارە هەر خۆیەتی کە دوابڕیارەکان دەدات.

کەمال چۆمانی چاودێری سیاسیی کاروباری کورد لە پەیمانگای "تەحریر" بە ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسای وتووە بنەماڵەی بارزانی هەر بۆخۆیان دەسەڵاتیان بوو و ئێستاش بەم پۆستانەوە دەسەڵاتەکەیان زیاتر کرد.

مگان کانلی چاودێری سیاسی بۆ کاروباری کورد لە زانکۆی نیۆیۆرک وتوویەتی ئەو ئۆفیسەی مەسعوود بارزانی لە کاتی سەرۆکاتیی هەرێمدا وەکوو نووسینگەی سەرۆکایەتی بەکاری دەهێنا ئێستا بۆتە قەرارگای مەسعوود بارزانی بۆیە دەبێت نێچیرڤان بارزانی هەوڵ بدات نووسینگەیێک بۆ خۆی دابین بکات. بۆیە ئەو بابەتەش دەریدەخات کە لە داهاتووشدا هەر لە نێو بنەماڵەی بارزانی بڕیار لە سەر کاروباری هەرێم دەدرێت و نووسینگەی سەرۆکایەتیی هەرێم چیتر وەکوو جاران قورسایی و دەسەڵاتی نامێنێت.

ناوبراو بە ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسای وتووە هەر لە ئێستاوە نووسینگەی سەرۆکایەتیی هەرێم کراوە بە قەرارگای مەسعوود بارزانی بۆیە دەردەکەوێت کە دەزگای هاوتەریبکاری خراوەتە گەڕ و دیارە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا دەوری لە دەوری بارزانی زیاتر نابێت و پێویستە هەر لە ئێستاوە نێچیرڤان بارزانی خۆی لە ژێر سێبەری ئەو قەرارگایە بکشێنێتەوە.

ژمارەیێک میدیای دیکەش ئاماژەیان بە ململانێی ژێربەژێری جووتە ئامۆزاکە داوە بەڵام کەمال چۆمانی بڕوای وایە نێچیرڤان و مەسروور بارزانی پێداگر دەبن لەسەر ئەوەی لە بەرانبەر گوشار و ململانێی بیانییەوە یەکڕیزیی نێو حیزبەکەیان بپارێزن و ئاژانسی هەواڵی فەڕەنساش دەڵێت مەسعوود بارزانی دەوری ناوەندگیری نێوان ئەو دوو ئامۆزایە دەگێڕێت.

مەسروور بارزانی لە زانکۆی نیۆیۆرک وانەی سیاسەتی خوێندووە و چەندین ساڵە سەرۆکی دەزگای ئەمنی و هەواڵگریی هەرێمی کوردستانە لە تویتێکدا کە بە زمانی ئینگلیزی بۆ پیرۆزبایی کردن لە نێچیرڤان بارزانی بڵاوی کردۆتەوە نووسیویەتی: هیوادارم شان بە شانی یەکتر و لە ژێر سێبەری سەرۆکایەتیی مەسعوود بارزانیدا لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان هەوڵی خۆمان بدەین."

بەڵام هەندێک حیزبی بچووکتر کە دژی دەسەڵاتدارێتیی پارتی و یەکێتی لە کوردستانن بڕوایان وایە حکومڕانیی نەوەی سێهەمی بارزانییەکان و ئامادەکردنی نەوەی چوارەم بۆ دەسەڵات مەترسییە لە سەر هەرێمی کوردستان و پڕۆسەی بەبنەماڵەیی کردنی دەسەڵات دەوڵەمەند دەکات. سەرکەوت شەمسەدین ئەندامی پێشووی نەوەی نوێ دەڵێت هەڵبژاردنی مەسروور بارزانی وەکوو سەرۆکوەزیرانی نوێی هەرێمی کوردستان دوایین هەوڵی بارزانییەکان بۆ بەبنەماڵەیی کردنی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان بوو ئەوەش بە ئامرازە دیموکراتیکەکان. ناوبراو ئەو ڕەوتە بە مەترسیدار وەسف دەکات و دەڵێت ئایندەی دیموکراسیەت لە هەرێمی کوردستان بەو ڕەفتارانە دەکەوێتە مەترسییەوە.

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه