21:40 PM   IRAQ
WEDNESDAY, 16 OCTOBER 2019
 به په‌له |◀   ئه‌مریکا بنکه‌ سه‌ربازییه‌کانی خۆی له‌ کۆبانێ وێران کرد
MONDAY, 17 JUNE 2019 - 14:38
هەرێمی کوردستان؛ شەبەقی ئارامی و خوشگوزه‌رانی پاش ڕیفراندۆم

به‌شی جیهان- هه‌رێمی کوردستانی عێراق که‌ دوو ساڵ پێش ئێستا به‌بۆنه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییه‌وه‌ له‌ هه‌موو لایێکه‌وه‌ به‌ره‌وڕووی سزا و قه‌یران ده‌بوویه‌وه‌ له‌ ئێستادا گه‌شته‌ بیانییه‌کانی ده‌ست پێکردووه‌ و هه‌مدیسان ئابووره‌که‌ی خه‌ریکه‌ ده‌ڕسکێته‌وه‌.

کوردپرێس: که‌ره‌سته‌ی هه‌ڵکه‌ندنی بیر بۆ دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ گازییه‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ کێڵگه‌ی خۆرمۆر ڕه‌قه‌می 3044 یان که‌مێک زیاتر له‌ 3 کیلۆمه‌تر نیشان ده‌دات. له‌ کیووسکێک له‌ ده‌وروبه‌ر و له‌ میانه‌ی ده‌نگی که‌ره‌سته‌ی هه‌ڵکه‌ندنی بیر پیاوێکی که‌نه‌دایی و تیمه‌که‌ی که‌ فه‌رمانبه‌رانی کۆمپانیای کرسنت پترۆلیۆمی ئیماراتی یه‌کگرتووی عه‌ره‌بین چاوه‌ڕوانن یه‌که‌مین نیشانه‌کانی هه‌بوونی گازی سروشتی له‌و بیره‌ ببینن. بیره‌ گازییه‌کانی دیکه‌ که‌ له‌م ناوچه‌یه‌ هه‌ڵکه‌ندراون پێداویستیی زیاتر له‌ 80 له‌سه‌دی هه‌رێمی کوردستان به‌ کاره‌با دابین ده‌که‌ن. بڕیاره‌ پوتانسییه‌لی دابین‌کردنی گازی سروشتی له‌ کۆگه‌یێک له‌و ده‌وروبه‌ره‌ بۆ دوو هێنده‌ به‌رز بکرێته‌وه‌. فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌ڵێت: کوردی عێراق تا ساڵی داهاتوو ده‌توانێت گازی ناوچه‌کانی دیکه‌ی عێراق دابین بکات. هه‌روه‌ها تا ساڵی 2020 ئه‌گه‌ری هه‌نارده‌کردنی گازی سروشتی بۆ ئه‌ورووپا فه‌راهه‌م ده‌کرێت.

متمانه‌به‌خۆییێکی وا پیشانده‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی دووباره‌ی کورده‌ که‌ چه‌ندین ساڵه‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریێکی که‌میان له‌ عێراق بووه‌. قیاده‌ کوردییه‌کانی عێراق که‌ هه‌وڵه‌کانیان بۆ وه‌ده‌ستهێنانی سه‌ربه‌خۆییی زیاتر چڕ ده‌کره‌وه‌ له‌ ئه‌نجامدا ساڵی 2017 به‌ شێوه‌یێکی بوێرانه‌ ڕیفراندۆمیان به‌ڕێوه‌ برد که‌ به‌ شێوه‌یێکی به‌رچاو به‌ره‌وڕووی پێشوازیی زۆری کورد بوویه‌وه‌. ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی عێراق کاردانه‌وه‌ی توندی به‌و بابه‌ته‌ پیشان دا و کۆنتڕۆڵی که‌رکووک و دیکه‌ی ناوچه‌ جێناکۆکه‌کانی له‌ هێزه‌ کوردییه‌کانی ناسراو به‌ پێشمه‌رگه‌ سه‌نده‌وه‌. ده‌وڵه‌تی عێراق هه‌روه‌ها به‌شه‌بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستانیشی بڕی و به‌ یارمه‌تیی ئێران و تورکیا ده‌روازه‌ سنوورییه‌کانی داخست و ڕێگه‌ی له‌ گه‌شته‌ ئاسمانییه‌کان بۆ هه‌رێمی کوردستان گرت. سه‌رکرده‌ی وڵاتانی ڕۆژئاوایی کوردیان به‌جێهێشت و هاووڵاتییانی بیانیی دانیشتووی هه‌رێمی کوردستان هه‌رێمی کوردستانیان به‌جێهێشت. مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆکی پێشووی هه‌رێمی کوردستان که‌ سووکایه‌تی پێکرابوو وازی له‌ پۆسته‌که‌ی هێنا و ئه‌م بابه‌ته‌ش بۆشاییی ده‌سه‌ڵاتی لێکه‌وته‌وه‌ و سه‌ربه‌خۆییی کورده‌کان نه‌هاته‌دی.

به‌ڵام هه‌رێمی کوردستان وه‌ک بیره‌ گازییه‌کانی دووباره‌ خه‌ریکه‌ ده‌بووژێته‌وه‌. ڕۆژی 10ی جوونی ڕابردوو سیاسه‌توانانی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی عێراق سه‌ردانی هه‌ولێر پێته‌ختی هه‌رێمی کوردستانیان کرد بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری له‌ ڕێوڕه‌سمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی زاوای مه‌سعوود بارزانی وه‌ک سه‌رۆکی نوێی هه‌رێمی کوردستان بکه‌ن. تورکیا و ئێرانیش نوێنه‌رانی خۆیانیان بۆ به‌شداری‌کردن له‌و ڕێوڕه‌سمه‌ ڕه‌وانه‌ کردبوو. حیزبه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌کانی هه‌رێمی کوردستان که‌ ساڵی 2017 ناڕه‌زایه‌تییان دژی ناکارامه‌ییی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بۆ دابین‌کردنی خزمه‌تگوزاریی باشتر بۆ خه‌ڵک ده‌ربڕیبوو به‌شداری له‌ حکوومه‌تی نوێی هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ن. عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراقیش پیرۆزبایی له‌ نێچیرڤان بارزانی کرد به‌ بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنی وه‌ک سه‌رۆکی نوێی هه‌رێمی کوردستان. مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ ڕێوڕه‌سمه‌که‌ و له‌ هۆڵێک که‌‌ ئاڵای هه‌رێمی کوردستانی تێیدا به‌رچاو بوو ڕای‌گه‌یاند: "پێویسته‌ هه‌موومان به‌یه‌که‌وه ڕێگای‌ هاوسه‌نگی و ئاشته‌وایی بگرینه‌به‌ر."

کورده‌کان گه‌ڕانه‌وه‌ و بووژانه‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان به‌ بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رانسه‌ری عێراق ده‌زانن که‌ ساڵی ڕابردوو به‌ڕێوه‌ چوو. ئاستی به‌شداریی هاووڵاتییان له‌ عێراق که‌م بوو به‌ڵام کورده‌کان به‌شدارییێکی به‌رچاویان کرد. له‌ ئه‌نجامدا، به‌شداریی ئه‌وان له‌ ده‌وڵه‌تی نوێ ڕۆڵێکی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی بوو. ئه‌وان یارمه‌تیی عادل عه‌بدولمه‌هدیان -که‌ له‌ سه‌رده‌می گه‌نجیدا هاوشانی هێزی پێشمه‌رگه‌ خه‌باتی کردبوو- دا که‌ وه‌ک سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق هه‌ڵببژێردرێت. عادل عه‌بدولمه‌هدیش فوئاد حسێن ڕاوێژکاری نزیک له‌ مه‌سعوود بارزانی وه‌ک وه‌زیری داراییی کابینه‌که‌ی هه‌ڵبژارد که‌ دوای ئه‌و بابه‌ته‌ ناردنی بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان که‌ نزیکه‌ی 12 له‌سه‌دی بودجه‌ی عێراقه‌ ده‌ستی پێکرده‌وه‌.

له‌مدواییانه‌دا ئابووری هه‌رێمی کوردستان ڕسکاوه‌ته‌وه‌. بۆ یه‌که‌مین جار و له‌ ماوه‌ی سێ ساڵی ڕابردوودا فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی کوردستان توانیویانه‌ له‌ مانگی مارچ مووچه‌ی خۆیان به‌ ته‌واوه‌تی وه‌ربگرن. بنه‌ماڵه‌کان که‌ ئێستا پاره‌یێکی زۆریان هه‌یه‌ زیاتر له‌ ڕیستۆرانت و فرۆشگه‌ گه‌وره‌کان ده‌بینرێن. پێدانی قه‌رزی به‌ڵێنده‌ران ده‌ستی پێکردووه‌. کرێکاران سه‌رقاڵی دروست‌کردنی شاڕێیان و شه‌قامی نوێین. گه‌شته‌ ئاسمانییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان ده‌ستی پێکردو‌وه‌. هه‌رگیز هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی عێراق بۆ کۆنتڕۆڵ‌کردنی ده‌روازه‌کان و سه‌پاندنی مه‌رج بۆ ده‌رکردنی ڤیزه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان جێبه‌جێ نه‌کرا. بازرگانیی کوردی عێراق له‌گه‌ڵ تورکیا، ئێران و باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا که‌ ئه‌ویش له‌ژێر کۆنتڕۆڵی کورده‌کاندایه‌ ڕوو له‌ باشتربوون ده‌کات. ئه‌گه‌رچی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی عێراق کۆنتڕۆڵی که‌رکووکی له‌ژێر ده‌ستی کوردی عێراق ده‌رهێنا به‌ڵام زۆربه‌ی نه‌وته‌که‌ی له‌ ڕێگای هێڵی بۆریی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی تورکیا ده‌کرێت و به‌و بۆنه‌شه‌وه‌ باج ده‌دات.

له‌ ماوه‌ی ساڵانی 2014 تا 2016 داعش 16 جار هێرشی بۆ سه‌ر که‌رکووک ئه‌نجام دا که‌ له‌لایه‌ن کورده‌وه‌ تێکشکێندرا و ده‌ورێکی کارامه‌یان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌ بینی و ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ هێرشه‌کانی داعش بۆ ناو و ده‌ره‌وه‌ی که‌رکووک زیادی کردووه‌ و دووباره‌ هێزی نیشتیمانیی عێراق چاوی له‌ یارمه‌تیی کورد بڕیوه‌ته‌وه‌. هێزی پۆلیسی کورد ناسراو به‌ ئاسایش بنکه‌کانیان پاراستووه‌ و ده‌یانهه‌وێت ده‌ورێکی دووباره‌ له‌ دابین‌کردنی ئاسایشی که‌رکووک بگێڕن. فه‌رمانده‌یێکی هێزی ئاسایش ده‌ڵێت که‌ 2 هه‌زار هێزیان هه‌یه‌. له‌ باکووری که‌رکووک دۆخه‌که‌ به‌ شێوازێکه‌ که‌ گوایه‌ کورد ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌جێنه‌هێشتووه‌. هه‌مدیسان له‌سه‌ر ده‌رکه‌ی دووکانه‌کان ئاڵای هه‌رێمی کوردستان هه‌ڵکراوه‌. کورده‌کانی که‌رکووک "ته‌عریبی دووباره"‌ قبووڵ ناکه‌ن به‌ڵام له‌ ته‌پۆڵکه‌کانی باکووری شاری که‌رکووک هێشتا وێنه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رکرده‌ی کۆچکردووی یه‌کێتی و سه‌رۆک کۆماری پێشووی عێراق ده‌بینرێت که‌ له‌ ساڵی 2017دا کۆچی دوایی کرد.

کورده‌کان به‌ شێوه‌یێکی باش ئه‌رکه‌کانیان له‌ سیاسه‌ته‌ هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌کان جێبه‌جێ ده‌که‌ن. تورکیا و ئێران که‌ بۆ نفووزی زیاتر پێکه‌وه‌ ڕکابه‌ری ده‌که‌ن هانی بازرگانانیان ده‌ده‌ن بگه‌ڕێنه‌وه‌ هه‌رێمی کوردستان. ئێران له‌ ئێستادا که‌ ئه‌مریکا سزای سه‌پاندۆته‌ سه‌ر پێویستی به‌ ده‌روازه‌کانی هه‌رێمی کوردستان هه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌مریکاش هه‌وڵه‌کانی بۆ هاوڕایی‌کردنی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ خۆی به‌بۆنه‌ی سزاکانی سه‌ر ئێرانه‌وه‌ چڕ ده‌کاته‌وه‌.

به‌م گه‌شبینییانه‌ هێشتا کوردستانی عێراق به‌ره‌وڕووی کێشه‌گه‌لێک بۆته‌وه‌. هێشتا په‌یوه‌ندیی بازرگانیی نێوان هه‌رێمی کوردستان و هه‌ندێک ناوچه‌ی عێراق ئه‌وه‌نده‌ی پێش به‌ڕێوه‌چوونی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی نه‌ڕسکاوه‌ته‌وه‌. ئاژه‌ڵدارێکی کورد ده‌ڵێت فرۆشتنی مریشکه‌کانی له‌ ناو عێراق که‌ به‌ دوای ڕیفراندۆم بۆ نیوه‌ دابه‌زیبوو ئێستاکه‌ که‌مێک باشتر بووه‌. هاووڵاتییانی بیانی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ هه‌رێمی کوردستان به‌ڵام ژماره‌یان که‌مه‌. حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان که‌ برۆکراسییێکی به‌رفراوانی هه‌یه‌ پاره‌یێکی زۆر به‌هه‌ده‌ر ده‌دات. دوو بنه‌ماڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری بارزانی و تاڵه‌بانی ده‌موچاوگه‌لێکی نوێ نیشان ده‌ده‌ن و درێژه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاته‌کانیان ده‌ده‌ن و به‌ره‌وپێشه‌وه‌ ده‌چن.

به‌بۆنه‌ی هه‌ندێک هۆکاری به‌هێزه‌وه‌، ئه‌گه‌رچی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌ولێر و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی عێراق ڕووی له‌ باشتربوون کردووه‌ به‌ڵام هێشتا بێ‌متمانه‌یی له‌ نێوانیان هه‌ردوولا هه‌یه‌. کورده‌کان هێشتا بیر له‌ ڕوئیای سه‌ربه‌خۆیی ده‌که‌نه‌وه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ سێ ده‌یه‌یه‌ زمانی کوردی له‌ هه‌رێمی کوردستان ده‌وترێته‌وه‌ به‌ڵام عه‌ره‌بی زمانی فه‌رمیی ئه‌و وڵاته‌یه‌. بازرگانێک ده‌ڵێت دادگه‌کان به‌ بێ ئاماده‌بوونی وه‌رگێڕێکی کورد ئاراسته‌کردنی به‌ڵگه‌ به‌ زمانی عه‌ره‌بی قبووڵ ناکه‌ن و کوردیش ڕیفراندۆم وه‌ک هه‌نگاوێک به‌ ئاڕاسته‌ی سه‌ربه‌خۆیی ده‌بینێت. به‌رپرسێکی هه‌رێمی کوردستانیش ئاماژه‌ به‌ به‌ڕێوه‌بردنی ڕیفراندۆم ده‌کات و ده‌ڵێت: "ئه‌م کاره هه‌ڵگرتنی‌ یه‌که‌مین هه‌نگاوه‌ بۆ هه‌بوونی کیانێکی سه‌ربه‌خۆ و ئێمه‌ هه‌رگیز واز له‌و بابه‌ته‌ ناهێنین."

 

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه