01:16 PM   IRAQ
THURSDAY, 13 DECEMBER 2018
 به په‌له |◀   عه‌بادى هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر حكوومه‌تى نوێى عێراق
بێ مه‌لاباتیی ژاپۆن نیسبه‌ت به‌ کوردی تورکیا

به‌شی جیهان- به‌ گوێره‌ی ئاماری بنکه‌ی پارێزه‌رانی په‌نابه‌رانی ژاپۆن و وه‌زاره‌تی دادی ئه‌و وڵاته‌ زیاتر له‌ 6000 هاووڵاتیی کوردی تورکیا له‌ ساڵی 2006ه‌وه‌ داوای په‌نابه‌ریان له‌ ژاپۆن کردوووه‌ به‌ڵام هیچیان نه‌یانتوانیوه‌ له‌ نشینگه‌ی ئه‌و وڵاته‌ ئیقامه‌ یان ڕه‌گه‌زنامه‌ وه‌ربگرن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئاماری بنکه‌ی پارێزه‌رانی په‌نابه‌رانی ژاپۆن و وه‌زاره‌تی دادی ئه‌و وڵاته‌ ژماره‌ی 6025 هاووڵاتیی کوردی تورکیا له‌ ساڵی 2006 تا 2017 به‌ هۆی هێرشی ده‌وڵه‌تی تورکیا دژ به‌ خۆیان په‌نایان بردۆته‌ ژاپۆن. به‌ڵام ده‌وڵه‌تی ئه‌و وڵاته‌ داوای هه‌موو ئه‌و کوردانه‌ی بۆ پێدانی ڕه‌گه‌زنامه‌ی ڕه‌ت کردۆته‌وه‌ و ته‌نها 35 که‌س توانیویانه‌ وه‌کوو "هاووڵاتیی تایبه‌ت" قبووڵ بکرێن نه‌ک وه‌کوو هاووڵاتییێکی ئه‌و وڵاته‌.

زۆرینه‌ی کورده‌ په‌نابه‌ره‌کان له‌ ژاپۆن که‌ زۆرینه‌شیان هاووڵاتیی تورکیان له‌ ناوچه‌ی وارابیی ئه‌و وڵاته‌ نیشته‌جێ کراون و ناوچه‌که‌ ئێستا له‌ سه‌ر کێشی واژه‌ی کوردستان ناوی نراوه‌ واربستان. کورده‌ په‌نابه‌ره‌کان له‌ ژاپۆن دوو کێشه‌ی سه‌ره‌کییان هه‌یه‌: یه‌که‌م ئه‌وه‌ی به‌پێی ئه‌و پێناسه‌یه‌ی له‌ ژاپۆن بۆ په‌نابه‌ری کراوه‌ کورده‌کان ناتوانن ڕه‌گه‌زنامه‌ی ئه‌و وڵاته‌ وه‌ربگرن. دووهه‌م ئه‌وه‌ی تورکیا و ژاپۆن پێوه‌ندیی سیاسیی باشیان هه‌یه‌ و له‌ سه‌ر پرسی شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆر هاوکاریی یه‌کتر ده‌که‌ن. هه‌ر بۆیه‌ش کورده‌کان پێیان وایه‌ هۆکاری سه‌ره‌کیی قبووڵ نه‌کرانیان له‌ لایه‌ن ژاپۆنه‌وه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ سیاسییه‌ی نێوان توکیۆ و ئه‌نقه‌ره‌یه‌. به‌گوێره‌ی ڕاپۆرتێکی ئه‌و ڕۆژنامه‌ ژاپۆنییه‌ 1500 هاووڵاتیی کورد که‌ دانیشتووی باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی تورکیا بوون له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ئه‌نقه‌ره‌وه‌ داوا کراون و له‌و ڕووه‌وه‌ که‌ په‌ساپۆرتی تورکیا له‌ ژاپۆن پێویستی به‌ ڤیزه‌ نییه‌ توانیویانه‌ بچنه‌ ئه‌و وڵاته‌ و داوای په‌نابه‌ر بکه‌ن. به‌ڵام پاش چه‌ندین ساڵ که‌ له‌ ناوچه‌ی وارابی ماونه‌ته‌وه‌ نه‌یانتوانیوه‌ ڕه‌گه‌زنامه‌ له‌ ده‌وڵه‌تی ژاپۆن وه‌ربگرن.

تاکشی ئۆهاشی پارێزه‌رێکی ژاپۆنی له‌ باره‌ی ڕه‌ت کرانه‌وه‌ی داوای په‌نابه‌ره‌ کورده‌کان وتوویه‌تی: وه‌زاره‌تی دادی ژاپۆن بڕوای وایه‌ هه‌لومه‌رجی پرسی مافی مرۆڤ له‌ باشووری تورکیا ڕووی کردۆته‌ باشی و ده‌وڵه‌تی تورکیا به‌ قه‌دری پێویست ئاوڕی له‌ پرسی کورد داوه‌ته‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ش چیتر مه‌ترسیی داواکرانیان و دادگه‌یی کرانیان نه‌ماوه‌.

ئه‌و پارێزه‌ره‌ ژاپۆنییه‌ په‌یوه‌ندیی سیاسیی نێوان تورکیا و ژاپۆنیش به‌ له‌مپه‌رێکی گه‌وره‌ ده‌زانێت بۆ قبووڵ کردنی کورد له‌ لایه‌ن ژاپۆنه‌وه‌.

ناوبراو زیادی کردوووه‌: پێوه‌ندیی مێژووییه‌که‌ی نێوان تورکیا و ژاپۆن ڕێگره‌ له‌ قبووڵ کردنی ئاواره‌ کورده‌کان له‌ ژاپۆن چونکه‌ زۆرینه‌ی ئه‌و کوردانه‌ لایه‌نگری پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا (PKK)ن. به‌ وته‌ی ئه‌و چالاکه‌ی بواری ماف، ژاپۆن هاوکاریی ڕێکخراوه‌ ئه‌منییه‌کانی تورکیا ده‌کات و کورد ناتوانێت قه‌ناعه‌ت به‌ توکیۆ بهێنێت که‌ تورکیا مافی ئه‌وانی پێشێل کردبێت.

به‌پێی نووسراوی ڕۆژنامه‌ ژاپۆنییه‌که‌، ئه‌حمه‌د نه‌جده‌ت سزر سه‌رۆک کۆماری پێشووتری تورکیا ساڵی 2006 که‌ سه‌ردانێکدا که‌ به‌ یاوه‌ریی ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆ‌غان سه‌رۆک وه‌زیرانی ئه‌و کاته‌ی تورکیا بۆ ژاپۆنی کردبوو داوای له‌ توکیۆ کردبوو ئه‌نجومه‌نی دۆستایه‌تیی کورد و ژاپۆن هه‌ڵپێچێت.

به‌ وته‌ی هه‌ندێک له‌ پارێزه‌رانی ژاپۆن ئه‌و وڵاته‌ له‌ پرسی قبووڵ کردنی ئاواره‌ و په‌نابه‌ردا له‌ چاو دیکه‌ی وڵاتان یاسای توندتر به‌کار ده‌هێنێت.

له‌ لایێکی تره‌وه‌ تورکیا و ژاپۆن هاوکاریی سیاسیشیان هه‌یه‌ و کورده‌کانی ئاواره‌ی ژاپۆن به‌ ڕۆژنامه‌ی جاپان تایمزیان وتوووه‌: چیتر هیوایان نه‌ماوه‌ ژاپۆن وه‌کوو هاووڵاتییێکی ئاسایی قبووڵیان بکات.

سه‌رچاوه‌: ڕۆژنامه‌ی جاپان تایمز

 

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه