03:26 PM   IRAQ
MONDAY, 22 JULY 2019
 به په‌له |◀   مەسعوود بارزانی: هەرێمی کوردستان نابێتە پێگەیێک بۆ تیرۆریستان
SATURDAY, 6 JULY 2019 - 09:08
منداڵانی بێ باوکی شاری ڕەققە ژیانیان چۆنە؟

بەشی سووریا- پاش شەڕی داعش ژمارەیێکی زۆر لە منداڵانی بێ باوکی شاری ڕەققە ناچارن بۆ بژێوی ژیانی بنەماڵەکانیان دەست بکەن بە کار و واز لە ئاوات و تاسەکانی خۆیان بهێنن. نە چارەکردنی ئەو خەسارە کۆمەڵایەتییە لەم قۆناغەدا دەست دەدات و نە ڕێکخراو و دامەزراوەی مەدەنی یان حکوومیی تۆکمەش دەبینرێت کە لانی کەم لەبارەی ژمارەی ئەو منداڵانەوە داتاسازی بکات.

کوردپرێس:

گوزەرانی منداڵانی قوربانیی تیرۆر و دابینکردنی بژێوی ژیانی ئەو هاووڵاتییانەی بوونەتە قوربانیی شەڕ بەتایبەتی لە سووریا یەک لەو سووژە گرینگانەیە کە لە پڕۆسەی میدیاکاریدا کەمتر ئاوڕی لێدراوەتەوە.

تەلەڤزیۆنی ڕووداو دەستی ناوەتە سەر سووژەیێکی گرینگی کۆمەڵایەتی کە پاش شەڕی داعش لە شاری ڕەققەی سووریا داوێنی هاووڵاتییانی ئەو شارەی گرتووە. ئەو تەلەڤزیۆنە بە نموونە بەسەرهاتی ژیانی چەند منداڵێک دەگێڕێتەوە کە لە شەڕی ڕەققەدا تیرۆریستانی داعش باوکیان کوشتوون و ئێستا ناچارن واز لە حەز و ئاوات و تامەزرۆییی خۆیان بهێنێت و بۆ کەمترین داهات لە کارگەیێکی بچووک ئیشی فیتەری یان پیشەسازی دەکات.

ڕاپۆرتەکەی ڕووداو بەو پێشەکییەوە دەست پێدەکات: رۆژ تا ئێوارە دەستی لەناو گریس و ئاسنە بۆ ئەوەی بژێوی خۆی و خانەوادەکەی پەیدا بکات، ئەو منداڵە تەمەنی تەنیا 12 ساڵە، بەڵام بە ناچاری کاردەکات، چوونکە باوکی لەشەڕی رەققە لەدەست داوە.

محەممەد خەونی تەنیا چوونیەتی بۆ قوتابخانە، ئەو دەڵێت: "ماڵمان لە مشلبە، تەمەنم 12 ساڵە، خۆزگە دەمتوانی بچمە قوتابخانە. خەونم ئەوەیە ببمە پزیشک، بەڵام باری داراییمان باش نییە. لە کەرتی پیشەسازی کاری فیتەری دەکەم."

زۆرن ئەو منداڵانەی لە رەققە بێ باوک ماونەتەوە و خۆیان بوونەتە سەرۆک خێزان، کارکردن بەو تەمەنە بەلایێک، ئەو منداڵانە دەستبەرداری قوتابخانە و خەونەکانیشیان بوونە.

ئەحمەد عەلی، منداڵێکی دیکەی کرێکار دەڵێت: "ناوم ئەحمەدە، هاتوومەتە کەرتی پیشەسازی بۆ ئەوەی کار بکەم تا پشتگیریی خانەوادەکەم بکەم."

کۆکردنەوەی دەیتا و ئاماری ورد لە سەر ژمارەی ئەو منداڵانەی لە سووریا بەهۆی لێقۆمانی بنەماڵەکانیانەوە ناچارن کار بکەن کارێکی ئاسان نیە و لە ئەساسدا بەم دۆحەی ئێستای سووریاوە ڕێکخراو و دامەزراوەیێکی لێبڕاوی لەو جۆرە بە حکوومی و ناحکوومییەوە نابینرێت کە توانا یان ئیرادەی داتاسازیی ئەو خەسارە کۆمەڵایەتییە وەئەستۆ بگرێت.

رێکخراوی ئینما تەنیا رێکخراوێکە لە رەققە بۆ پشتگیریکردنی منداڵان کار دەکات، مەشق و راهێنانیان بۆ دەکاتەوە و هانیان دەدات لەسەر خوێندن بەردەوام بن.

ئەحمەد حەشلووم، سەرۆکی رێکخراوی ئینما دەڵێت: "لە کەرامە، ئینا توانیویەتی پشتگیریی تەنیا هەزار و 150 منداڵ بکات لە کۆی 24 هەزار منداڵ. ئەم ژمارەیە زۆر کەمە بەبەراورد لەگەڵ ئەو منداڵانەی لە قوتابخانە هاتوونەتە دەرەوە و کاردەکەن."

ژمارەیێکی زۆر لە منداڵان لەنێو کۆڵانەکانی ناوچەی پیشەسازیی رەققە دەبینرێن، هەندێکیان باوکیان لە شەڕی ئەم دواییەی رەققە کوژراوە و بەخاکیان سپاردووە، لەنێویشیاندا هەیە باوکیان لە شەڕی 8 ساڵەی سووریا هەر نەبینیوەتەوە.

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه