02:47 PM   IRAQ
THURSDAY, 19 SEPTEMBER 2019
 به په‌له |◀   عەبدولمەهدی داوا لە حه‌شدی شه‌عبی دەکات له‌ سنووره‌كانی سعوودیه‌ بکشێتەوە
MONDAY, 8 JULY 2019 - 18:50
حیسامەدین ئەمین: بێباکانە دەیڵێم خالقی نێوانی لەگەڵ حەسەن زیرەک باش نەبوو

بەشی فەرهەنگ و هونەر- حیسامەدین ئەمین هاوڕێی دێرین حەسەن زیرەک کە هاوکاری هەردوو هونەرمەندی کورد واتا خالقی و زیرەکیش بووە باسی پێوەندیی نێوان ئەو دوو هونەرمەندە کوردە دەکات و دەڵێت: "بێباکانە دەیڵێم نێوانی خالقی و زیرەک باش نەبوو."

کوردپرێس:

کۆنگرەی ناودارانی کورد لە سنە بەڕێوە چوو و وەکوو هەموو کۆنگرە و ڕێوڕەسمێکی دیکە بە پێی عادەتی خەڵکی ڕۆژهەڵات کاردانەوە و پەراوێز و قسەوباسی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. سەرتۆپی بانگەشەکانی ئەو کۆنگرەیە بوو بە گەڕانەوەی مامۆستا مەزهەر خالقی هونەرمەندی ناسراوی کورد و هەر ئەوەش بەشێکی زۆری کۆنفڕانسەکەی خستە ژێر کاریگەریی خۆی.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە حەڵقەی چالاکانی مەدەنی و ڕۆشنبیراندا مشتومڕ لە سەر بابەتێک دروست بووە کە ئەوەش مەسەلەی پێوەندیی نێوان مەزهەر خالقی و حەسەن زیرەکە.

کوردپرێس بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی سووچێکی ئەو باسە گفتوگۆیێکی لەگەڵ حیسامەدین ئەمین کردووە کە هاوکاری هەردوو هونەرمەندی کورد واتا خالقی و زیرەک بووە و دۆستایەتیی نزیکیشی لەگەڵ زیرەک بووە.

مەزهەری خالقی ساڵی 1333 (1954) لە شاری سنە شانۆی دەنگیی "مووسا و شوان"ی پێشکەش کردبوو و ئەوەش دەرکەوتنێکی سەرکەوتوو بوو بۆ ئەو هونەرمەندە کوردە، حیسامەدین ئەمین بەگێڕانەوەی ئەو یادەوەرییە ستایشی هونەرەکەی خالقی دەکات و دەڵێت هەم خالقی و هەم زیرەکیش هۆگر و لایەنگری زۆریان بوو. دەنگی خالقی دەنگی فەرمی و مەجلیسی بوو بەڵام دەنگی زیرەک زیاتر لە کووچە و کۆڵان و لە نێو خەڵکی ئاساییدا هۆگری بوون.

حیسامەدین ئەمین باسی ڕۆیشتنی حەسەن زیرەک بۆ بەغدا دەکات و ئاوای دەگێڕێتەوە: "14ی حوزەیرانی 1958 (جۆزەردانی 1337) کوودتایێک لە عێراق کرا. لەو کوودەتایەدا ژنەراڵ عەبدولکەریم قاسم حکوومەتی پاشایەتیی ڕووخاند و سیستەمی کۆماریی هێنایە سەر کار. حەسەن زیرەک ئێرانی بوو و خەڵکی بۆکان بوو و لە بەغدا زۆر ناوی دەرکردبوو. بۆیە ترسا و بەرەو ئێران هەڵات. گەڕانەوەی زیرەک بۆ ئێران شاری سنەی کرد بە خوڵوو. هەموو خەڵکی شار حەزیان دەکرد میوانداریی زیرەک بکەن. کە من چوومە ڕادیۆ تاران شوکروڵڵا بابان سەرپەرشتیاریی ڕادیۆی کوردیی تارانی دەکرد. پێشنیازی ئەوەم بە بابان دا کە زیرەک بێنێتە ڕادیۆ. ئەویش دەستبەجێ زەمینەی هاتنی زیرەکی فەراهەم کرد. نامە نووسرا و ساواکی لێ ئاگادار کرا و بەو شێوەیە زیرەک هێنرایە ڕادیۆ کوردیی تاران و بوو بە سێهەمین گۆرانیبێژی ڕادیۆ. یەکەمیان نەورووزی بوو دووهەم خالقی و سێهەمیشیان حەسەن زیرەک."

ئەمین باسی مامەڵەی ناشیرینی فەرمانبەران و کاربەدەستانی ڕادیۆ لەگەڵ زیرەک دەکات و دەڵێت ناحەقییان لەگەڵ دەکرد. بە وتەی حیسامەدین ئەمین، حەسەن زیرەک کەسێکی شەرمن و سادە بوو و ئەو مامەڵە ناشیرینانە وای کرد حەسەن زیرەک زیز بوو و دوبارە ملی ڕێگەی گرت و ڕۆیشتەوە بۆ بەغدا. لەوێ دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەیێک لە زیندان بوو. پاشان گەڕایەوە ئێران دەزگا هەواڵگرییەکان دەستبەسەریان کرد و سەرئەنجام بە دڵشکاوی گەڕایەوە بۆکان و هەر لەوێش کۆچی دواییی کرد.

ئەو نووسەر و توێژەرە کوردە دەشڵێت حەسەن زیرە 30 کاتژمێر گۆرانیی لە ڕادیۆ بەغدا تۆمار کردووە.

بەشی گرینگی وتەکانی حیسامەدین ئەمین ئەو کاتەیە کە باسی پێوەندییەکانی نێوان خالقی و زیرەک دەکات و ئەوەش دەتوانێت نموونە وەڵامێک بێت بۆ ئەو قسەوباسانەی لەبارەی نێوانی ئەو دوو هونەرمەندە کوردەوە دەکرێت.

حیسامەدین ئەمین لەبارەی نێوانی خالقی و زیرەکەوە بە کوردپرێسی وت: "بێباکانە دەیڵێم خالقی نێوانی لەگەڵ زیرەک باش نەبوو و تەنانەت یەک لەو کەسانەی بووە هۆی ئاوارەبوون و دەربەدەریی زیرەک، خالقی بوو. ئەوەش تایبەتمەندیی ئەخلاقیی زۆرینەی خەڵکی کۆمەڵگایە کە هەستی ئێرەیی بردنیان زاڵە بەسەر هەستی هاوکاری و ڕۆحیاتی پێکەوەکارکردن."

حیسامەدین ئەمین ساڵی 1315 لەدایک بووە. تا قۆناغی ناوەندی لە شاری سنە خوێندوویەتی. پاشان لە زانکۆی تاران ئەدەبی تەواو کردووە. لە ڕادیۆی کوردیی تاران و ڕادیۆی کرماشانیش کاری کردووە. چەندین ساڵ لە 7 شاری ئێران وەکوو مامۆستای قوتابخانەکان ئەرکی وانەوتنەوەی ڕاپەڕاندووە و و دوایین شاریش کە تێیدا ژیاوە شاری سنەیە و هەر لەو شارەش خانەنشین کرا و بۆ خۆی دەڵێت: "ئێستا مەتاعی کۆنم و بازاڕم نیە."

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه