02:21 PM   IRAQ
MONDAY, 22 JULY 2019
 به په‌له |◀   مەسعوود بارزانی: هەرێمی کوردستان نابێتە پێگەیێک بۆ تیرۆریستان
TUESDAY, 9 JULY 2019 - 17:27
بەیانی کۆتاییی کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی داعش لە کوردستانی سووریا دەرکرا

بەشی سووریا- سەنتەری کۆڵینەوەی ستراتێژیکی کوردستانی سووریا پاش سێ ڕۆژ کۆتاییی بە کۆنفڕاسی نێودەوڵەتیی داعش لە شاری عاموودیی پارێزگای قامیشلۆی سووریا هێنا و بەیانی کۆتاییی کۆنفڕانسەکەش بڵاو کرایەوە کە چەند تەوەر لە خۆ دەگرێت: زەروورەتی پشتگیریی دەولی بۆ ئیدارەی خۆسەری باکووری سووریا، مافی ژنان و منداڵانی قوربانیی دەستی داعش، قەرەبووکرانەوەی ئێزدییەکان و ڕزگارکردنی عەفرین.

کوردپرێس:

کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی قامیشلۆ لە کوردستانی سووریا لە سەر تەوەری دادگایی کردنی تیرۆریستانی داعش بەڕێوە چوو و لەو کۆنفڕانسەدا وتار و پەنێلی تایبەت بە بەشداریی کۆمەڵێک یاساناس و کەسایەتیی ناسراوی ناوچەکە بەشدارییان کردبوو و لە ئەنجامدا ئەو کۆنفڕانسە بە دەکردنی بەیاننامەیێک کۆتاییی بە کارەکانی خۆی هێنا.

لە بەیاننامەی کۆتاییی کۆنفڕانسەکەدا جەخت کراوەتە سەر هاوکاریی قووڵی نێودەوڵەتی و جیهانی بۆ ڕیشەکێشکردنی داعش لە هەموو ڕەندە سەربازی و فەرهەنگی و هزری و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانیەوە.

بەیاننامەکە دیسان بە مەبەستی ڕێگری کردن لە دوبارە سەرهەڵدانەوەی داعش و ئەو عەقڵییەتە نگریسە تەرکیز کراوەتە سەر بەهێزکردنی سیستەمی ئەمنیی ناوچەکە و شەرعیەتدان بە ئیدارەی خۆسەری باکووری سووریا لە هەموو ڕەهەندەکانیەوە.

لە بەیانی کۆتاییی کۆنفڕانسەکەدا ئەوەش هاتووە کە یەکینەکانی پاراستنی گەل و سوپای سووریای دیموکرات بۆ ڕزگارکردنی هەموو جیهان لە شەڕی داعش گیانفیداییان کرد و ئیدارەی خۆسەری باکووری سووریاش سەرەڕای ئەو شەڕ و نەهامەتییانە توانیی سیستەمێکی ئیداریی نوێ دابمەزرێنێت کە 30 لە سەدی گەلی سووریا لەو سیستەمەدا جێیان بۆتەوە بەڵام بەوەشەوە لە دانیشتنەکانی بڕیاردان لە سەر داهاتووی سووریا کورد و ئیدارەی خۆسەر پەراوێز خراون. بۆیە پێویستە دەسەڵاتە دەولییەکان لەو کۆبوونەوە و دانیشتنانەدا کە بڕیار لە سەر چارەنووس و ئایندەی سووریا دەدرێت بەشداری بە ئیدارەی خۆسەری باکووری سووریا بکەن. چوونکە بنبڕ کردنی داعش و عەقڵییەتی تیرۆر پێویستی بە کۆدەنگیی نیشتمانی هەیە.

هەر لە بەیاننامەی کۆتاییی کۆنفڕانسەکەدا داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کراوە پێبەند بێت بەو بڕیارانەی لەبارەی داعشەوە دەدرێت. بەو مەبەستەش پێویستە دادگایێکی دەولی بۆ دادگایی کردنی ئەندامانی داعش و بنەماڵەکانیان لە باکوور و خۆرهەڵاتی سووریا پێکبهێنرێت. بۆ دامەزراندنی ئەو دادگایەش پێویستە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژەداعش پشتیوانیی مادی و لۆجستی بۆ ئیدارەی خۆسەری باکووری سووریا بنێرێت.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە مافی ژنانیش کراوە و زەروورەتی ئاوڕدانەوە لە ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکانی مەسەلەی ژنان بەهەند وەرگیراوە چوونکە داعش تاوانی گەورەی بەرانبەر بە ژنان کردووە.

لەبارەی منداڵانیشەوە نووسراوە هەموو ئەو منداڵانەی لە داعش بەجێ ماون وەکوو قوربانیان شەڕ و تیرۆر مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و لە سیستەمێکی پەروەردەی نوێدا جێگایان بۆ بکرێتەوە بەڵکوو داهاتوویێکی هێمن و ئارامیان بۆ دابین بکرێت.

هەروەهاش لەباری بڕوا ئایینییەکانەوە بەیاننامەکە نووسیوەتی پێویستە ئیسلامی دیموکراسییانە لە بەرانبەر ئیسلامی ڕادیکاڵ و توندڕەودا جێگیر بکرێت و بڕوای ئایینیی ئیسلام بەرجەستە بکرێتەوە.

بەیاننامەکە داوای پاراستنی مافی ئێزدییەکان و قەرەبووکرانەوەی خەڵی شنگال و هەموو ئێزدییەکان کراوە کە داعش تاوانی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی بەرانبەر بەو پێکهاتە کوردییە کردووە.

لە بارەی عەفرینیشەوە داوای بەهاناوەچوون کراوە و نووسراوە لە عەفرین گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش و نوسرە سەر بە تورکیا دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە و تورکیا خەریکی گۆڕینی پێکهاتەی ئەو کانتۆنە کوردنیشنەیە بۆیە پێویستە کۆمەڵگەی دەولی بەرپەرچی ئەو هەڵمەتە نگریسە بداتەوە.

لە کۆتاییدا ڕۆژی 23ی مارچ وەکوو ڕۆژی جیهانیی شکستهێنانی داعش دیاری کرا.

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه