19:01 PM   IRAQ
FRIDAY, 13 DECEMBER 2019
 به په‌له |◀   YPG ئێستاش کار بۆ دەستەبەرکردنی ئیدارەی خۆسەر دەکات
THURSDAY, 11 JULY 2019 - 08:42
کۆنسووڵی پێشووی ئێران له‌ سلێمانی تایبه‌ت بۆ کوردپرێس:
هه‌رێمی کوردستان له‌ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێراندا خاوه‌ن پێگه‌ی تایبه‌ته‌

به‌شی دیمانه‌/ عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌عدوڵڵا مه‌سعوودیان کۆنسووڵی پێشووی ئێران له‌ سلێمانی گفتوگۆیێکی له‌گه‌ڵ کوردپرێس کردووه‌ و تێیدا ئاماژه‌ به‌ پێگه‌ی سیاسی و ئابووریی هه‌رێم له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێراندا ده‌کات و کۆمه‌ڵێک ته‌وه‌ری دیکه‌ش ده‌خاته‌ڕوو وه‌کوو ئاسایشی سنووره‌ هاوبه‌شه‌کان و قۆناغی هه‌ستیاریی سیاسی و هه‌روه‌هاش پێوه‌ندیی دووقۆڵیی ئابووری و بازرگانی و فه‌رهه‌نگیی نێوان ئێران و هه‌رێمی کوردستان.

کوردپرێس: کۆماری ئیسلامیی ئێران پێوه‌ندیی تۆکمه‌ و قووڵی له‌گه‌ڵ عێراق و به‌تایبه‌تی هه‌رێمی کوردستانیش هه‌یه‌. ڕیشه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانیش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پشتگیری‌کردنی ئێران له‌ به‌رپرسانی حکومی و ئه‌و حیزبانه‌ی ئێستا له‌ به‌غدا و هه‌رێمی کوردستان له‌ ده‌سه‌ڵاتدان. هه‌روه‌هاش ئه‌و پشتگیرییانه‌ی ئێران له‌ سه‌رده‌می دیکتاتۆرییه‌تی سه‌دامدا بۆ کورد و عه‌ره‌بی عێراق پیشانی دا.

له‌و نێوانه‌شدا هه‌رێمی کوردستان پێگه‌یێکی ستراتێجی و گرینگی له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێراندا هه‌یه‌. پاش 2003 و ڕووخانی حکوومه‌تی به‌عس جووڵه‌ی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیی کوردی عێراق زه‌مینه‌ی بۆ به‌شداریی ئێران له‌ ناوچه‌که‌ زیاتر ڕه‌خساند. نووسینگه‌ی نوێنه‌رایه‌تیی ئێران له‌ هه‌رێمی کوردستان کرا به‌ کونسووڵخانه‌ و کونسووڵخانه‌کانی ئێرانیش له‌ هه‌ولێر و سلێمانی له‌ ساڵی 1386وه‌ کرانه‌وه‌.

له‌ ماوه‌ی ئه‌و ساڵانه‌دا که‌ گه‌مارۆ پێشووه‌کانی ئه‌مریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی خرابوویه‌ سه‌ر ئێران، هه‌رێمی کوردستان له‌ ڕووی ئابووری و بازرگانییه‌وه‌ ده‌وری تایبه‌تی له‌ پێوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌کانی له‌گه‌ڵ ئێران بینی. پاش ئه‌وه‌ی سزا ئابوورییه‌ نوێیه‌کانی ئه‌مریکاش ده‌ستی پێکرد پێوه‌ندیی نێوان ئێران و هه‌رێمی کوردستان گرنگایه‌تیی زیاتری به‌خۆوه‌ بینی.

ئاژانسی هه‌واڵی کوردپرێس له‌ کۆتاییی ئه‌رکی چوار ساڵه‌ی سه‌عدوڵڵا مه‌سعوودیان کۆنسووڵی ئێران له‌ شاری سلێمانی دیمانه‌یێکی له‌گه‌ڵ ناوبراو کردووه‌. مه‌سعوودیان دوایین ڕۆژه‌کانی مانگی جۆزه‌ردان له‌ ڕێوڕه‌سمێکدا به‌ به‌شداریی هه‌ڤاڵ ئه‌بووبه‌کر پارێزگاری سلێمانی و دیکه‌ی به‌رپرسانی سیاسی و ئابووریی کوردستان شاری سلێمانی به‌جێهێشت و کۆتایی به‌ ئه‌رکی چوار ساڵه‌ی خۆی هێنا. ده‌قی دیمانه‌که‌ لێره‌وه‌ بخوێننه‌وه‌:

کوردپرێس: له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێراندا پێگه‌ی هه‌رێمی کوردستان چۆنه‌؟

سه‌عدوڵڵا مه‌سعوودیان: هه‌رێمی کوردستان وه‌کوو ناوچه‌یێکی ستراتێجیی هاوسنووری ڕۆژئاوای ئێران له‌به‌ر چه‌ند هۆکار زۆر به‌هه‌ند وه‌رده‌گیرێت یه‌که‌م هۆکار پێوه‌ندیی به‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ گرینگانه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ له‌ ناوچه‌که‌دا ئاماده‌ن. هۆکارێکی دیکه‌ سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌ ئه‌گه‌رچی به‌ حوکمی سیسته‌می فیدڕاڵی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی سنووردار له‌ ناوچه‌که‌دا حاکمه‌. هۆکاری سێهه‌م گرێ‌خواردنی تان و پۆی فه‌رهه‌نگیی نێوان هه‌رێمی کوردستان و ناوچه‌که‌ کوردنشینه‌کانی ئێران. هۆکاری چواره‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و هه‌وڵه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی که‌نداوی فارس و ئه‌مریکا و ئیسرائیل خستوویانه‌ته‌ گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان ئێران و هه‌رێمی کوردستان شوێندانه‌ریی خراپ ببینن. هۆکاری پێنجه‌میش په‌یوه‌ندیی به‌و حیزبه‌ سیاسییه‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتانه‌ی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ له‌ باری سیاسی و ئه‌منییه‌وه‌ خاوه‌ن پێگه‌یێکی گرنگن بۆ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

کوردپرێس: له‌م قۆناغه‌ی ئێستادا چ تواناگه‌لێک له‌ به‌رده‌ستدایه‌ بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندیی سیاسیی نێوان ئێران و هه‌رێمی کوردستان؟

سه‌عدوڵڵا مه‌سعوودیان: بوونی ڕیشه‌ی مێژوویی و فه‌رهه‌نگیی هاوبه‌ش و کۆده‌نگیی دوو حیزبی گه‌وره‌ی سیاسیی هه‌رێم و حیزبه‌ ئیسلامییه‌کانی کوردستانی عێراق له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی له‌ ماوه‌ی چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوودا ده‌بنه‌ پایه‌ و بنه‌مای زۆر ده‌رفه‌ت و توانای سیاسی بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌کان. ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ش له‌ هیچ سنوورێکی هاوبه‌شی ئێران و دراوسێکانیدا به‌و کوالێتی و توانایه‌وه‌ نه‌ڕه‌خساوه‌.

کوردپرێس: پێگه‌ی ئابووریی هه‌رێمی کوردستان بۆ ئێران چۆن ده‌بینن؟

سه‌عدوڵڵا مه‌سعوودیان: حه‌جمی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و هه‌رێمی کوردستان و به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ سلێمانی ڕێژه‌یێکی تایبه‌ته‌. ناردنکاری له‌ به‌رهه‌مه‌ نانه‌وتییه‌کانی ئێران به‌ره‌و هه‌رێمی کوردستان ساڵی 2018 گه‌یشتۆته‌ زیاتر له‌ 3.5 ملیار دۆلار که‌ ئه‌گه‌ر حه‌جمه‌کان بهێنینه‌ به‌رچاو له‌گه‌ڵ هیچ جێگایێکی جیهان قیاس ناکرێت. کۆمه‌ڵێک تایبه‌تمه‌ندیی دیکه‌ش له‌ په‌یوه‌ندیی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیی نێوان ئێران و هه‌رێمی کوردستان هه‌ن که‌ لێره‌دا وته‌کانی درێژ ده‌بنه‌وه‌ و پێویست به‌ وتن ناکات. نزیکه‌ی نیو ملیۆن بۆ یه‌ک ملیار دۆلار کاڵای ئێرانی به‌ بێ ئه‌وه‌ی له‌ به‌ڵگه‌ی گومرگیدا تۆمار کرابێت به‌ نافه‌رمی یان به‌ قاچاخ له‌ ئێرانه‌وه‌ ده‌گاته‌ هه‌رێمی کوردستان. به‌ گشتی 10 له‌سه‌دی هه‌نارده‌ی نانه‌وتی ئێران ده‌گاته‌ هه‌رێمی کوردستان ئه‌وه‌ش ڕه‌قه‌مێکی زۆر گه‌وره‌یه‌.

کوردپرێس: به‌ ڕای ئێوه‌ کۆسپ و ئاسته‌نگی په‌ره‌پێدانی عیلاقاتی ئابووری و بازرگانیی ئێران و هه‌رێمی کوردستان چین؟

سه‌عدوڵڵا مه‌سعوودیان: به‌هۆی ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ ئابوورییانه‌ی له‌ نێوان ئه‌ندامانی کۆمکاری عه‌ره‌ب واژۆ کراوه‌ هاورده‌کردنی کاڵا له‌ وڵاتانی ئه‌ندامی کۆمکاری عه‌ره‌به‌وه‌ به‌ره‌و عێراق باجی گومرگی ناخرێته‌ سه‌ر و سعوودیه‌ و ئیمارات و ئۆردۆن و میسر له‌ ناردنی کاڵا بۆ عێراق ڕکابه‌ریی ئێران ده‌که‌ن. تا چه‌ند ماوه‌یێک له‌وه‌وپێشیش ئه‌و کاڵایانه‌ی له‌ سنووری باشماخه‌وه‌ به‌ره‌و ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق ده‌نێردران دوو جار باجی گومرگییان له‌سه‌ر حسێب ده‌کرا. له‌لایێکی دیکه‌شه‌وه‌ بنه‌مای ئابووری ئێران ئێستا قۆناغێکی له‌رزۆک تێده‌په‌ڕێنێت و جاروبار ده‌بینرێت چه‌ند کاڵایێک قه‌ده‌غه‌ی ناردنیان ده‌خرێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش له‌ درێژمه‌ودادا کارتێکه‌ریی نه‌رێنی ده‌بێت. هه‌روه‌هاش به‌کارهێنانی دراوی جۆربه‌جۆر وه‌کوو دراوی ده‌وڵه‌تی و دراوی نیمایی و دراوی ئازاد و ئه‌و چه‌شنه‌ ناوانه‌ بۆته‌ ئاسته‌نگ بۆ پڕۆسه‌ی ناردنکاری به‌ڵام به‌ هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه‌ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و هه‌رێمی کوردستان به‌ شێوه‌ی ئاساییی بازرگانیی ده‌ولی نییه‌ به‌ڵکوو به‌ شێوه‌ی نه‌ریتی و له‌ ڕێگه‌ی سه‌ڕافخانه‌کانه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌. بێگومان ئه‌گه‌ر ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و عێراق له‌ ڕێگه‌ی کردنه‌وه‌ی LC، زه‌مانه‌تنامه‌ی بانکی و مێتۆدی کارپێکراوی جیهانی بخرێته‌ گه‌ڕ بێگومان حه‌جمی ئاڵوگۆڕه‌که‌ دووقات و چه‌ندقات ده‌بێته‌وه‌.

کوردپرێس: ئێستا ڕێژه‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و هه‌رێمی کوردستان چه‌نده‌؟

سه‌عدوڵڵا مه‌سعوودیان: شرۆڤه‌کردنی ناوه‌رۆکی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئێران و هه‌رێمی کوردستان ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌خاته‌ڕوو که‌ پێداویستییه‌ گرینگه‌کانی کۆمه‌ڵگای کورده‌واری عێراق له‌ ئێرانه‌وه‌ دابین ده‌کرێت. پێداویستییه‌کانی بازاڕی هه‌رێم به‌ ڕێژه‌یێکی فراوان و به‌نرخی که‌متر و هه‌روه‌هاش به‌ کوالێتیی باش له‌ ئێرانه‌وه‌ دابین ده‌کرێت و ئه‌وه‌ش به‌دیلی بۆ نییه‌ مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی نرخه‌که‌ی دوو سێ قات بکرێت. ده‌توانم وه‌کوو نموونه‌ ئاماژه‌ به‌ سه‌وزه‌ و مێوه‌ و به‌روبوومه‌کان بکه‌م که‌ ئه‌گه‌ر ناردنیان له‌ ئێرانه‌وه‌ به‌ره‌و هه‌رێمی کوردستان بوه‌ستێت بازاڕی هه‌رێم ئه‌و ئیمکانه‌ی له‌ به‌رده‌ستدا نییه‌ به‌و نرخه‌ که‌مه‌ حه‌جمێکی ئه‌وتۆ دابین بکات. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌یێکی باش له‌ سیسته‌می ئابووریی ئێراندا پێناسه‌ بکرێت ڕێژه‌ی ناردنکاری له‌ ده‌ جۆره‌ به‌رهه‌می ئێرانیدا فراوانتر ده‌کرێت چوونکه‌ ده‌بینین به‌و ڕێژه‌یه‌ی ئێران نیگه‌رانه‌ له‌ سزا ئابوورییه‌کانی ئه‌مریکا، ده‌وڵه‌تی عێراق و هه‌رێمی کوردستان و بازرگانانی عێراقیش هه‌مان نیگه‌رانییان هه‌یه‌. درێژکرانه‌وه‌ی لێخۆشبوون بۆ بازرگانه‌ عێراقییه‌کان له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌ ئه‌نجامی ئه‌و گوشارانه‌ بوو ده‌وڵه‌ت و بازرگانانی عێراقی خستیانه‌ سه‌ر ئه‌مریکا. ئێستاش ڕۆژانه‌ مامناوه‌ندی 12 ملیۆن دۆلار به‌رهه‌می ئێرانی به‌ره‌و هه‌رێمی کوردستان هه‌نارده‌ ده‌کرێت که‌ دوور نییه‌ مانگانه‌ بگاته‌ نیو ملیار دۆلار.

کوردپرێس: په‌یوه‌ندیی باش و چاره‌کردنی کێشه‌ی نێوان هه‌رێم و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ند تا چ ڕاده‌یێک لای ئێران گرینگه‌؟

سه‌عدوڵڵا مه‌سعوودیان: یه‌کڕیزی و یه‌کپارچه‌ییی خاکی عێراق به‌ هه‌مان شێوه‌ که‌ له‌ ئاسایشی ناوچه‌که‌دا ده‌ور ده‌بینێت سوودی بۆ خودی عێراقیش و هه‌رێمیش زیاتر ده‌بێت. جه‌خت‌کردنه‌وه‌ له‌سه‌ر یه‌کپارچه‌ییی عێراق خولیا و نییه‌تی خراپی هه‌موو ئه‌و ڕژیمانه‌ تێکده‌دات که‌ حه‌یاتی خۆیان له‌ نائارامی و ته‌نگه‌ژه‌ و ململانێدا ده‌بیننه‌وه‌. ئه‌و یه‌کپارچه‌ییه‌ و سه‌قامگیریی پێوه‌ندییه‌کانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر ده‌لاله‌ته‌ له‌سه‌ر قووڵ‌بوونه‌وه‌ی لایه‌نی کوردی و عێراقی له‌سه‌ر پێوه‌ندییه‌کان. ئه‌زموونی چوار ساڵه‌ی کارکردنم له‌ هه‌رێمی کوردستان ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌خاته‌ڕوو که‌ هێمنی و ئاسایش و ئارامی سه‌ره‌کیترین داخوازیی حیزبه‌ کوردییه‌کان‌ به‌تایبه‌ت دوو حیزبی باڵاده‌ستی هه‌رێمه‌.

کوردپرێس: چ هاوکاری و کارێکی هاوبه‌ش به‌ مه‌به‌ستی دابین‌کردنی ئاسایشی سنووره‌کان له‌ نێوان ئێران و هه‌رێمی کوردستان له‌ئارادایه‌؟

سه‌عدوڵڵا مه‌سعوودیان: بێگومان ئه‌و دۆخه‌ی له‌ سنووری نێوان ئێران و هه‌رێمی کوردستاندا حاکمه‌ و هه‌وره‌هاش دۆخی تایبه‌تی سیاسیی هه‌رێمی کوردستان و ئه‌و قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌ی به‌ ناوچه‌که‌دا تێده‌په‌ڕێت وای کردووه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ نامه‌حره‌مه‌کان چاوی ته‌ماحیان به‌ سه‌ر ناوچه‌که‌ بێت و ئه‌وه‌ش زه‌رووره‌تی هاوکاریی دووقۆڵیی هه‌واڵگری و ئه‌منی و هه‌روه‌هاش قووڵ‌بوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له‌ هه‌ر دوو سه‌ری سنووره‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو. خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌و هاوکاری و کۆده‌نگییه‌ له‌ نێوان لایه‌نه‌ پێوه‌ندیداره‌کانی ئێران و هه‌رێمی کوردستاندا به‌دی ده‌کرێت.

دیمانه‌: حه‌سه‌ن ساڵحی

وه‌رگێڕان بۆ کوردی: به‌شی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس

 

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه