16:06 PM   IRAQ
TUESDAY, 20 AUGUST 2019
 به په‌له |◀   ئەردۆغان مەبەستیەتی بە ئەنقەست ڕەوتی کوردی لە تورکیا و سووریا بسڕێتەوە
SUNDAY, 21 JULY 2019 - 14:13
توێژه‌ری کاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین تایبه‌ت بۆ کوردپرێس:
کورده‌کانی سووریا ئه‌زموونی بارزانی و تاڵەبانییەکان دووپات نه‌که‌نه‌وه‌

به‌شی دیمانه‌/ جیهان- جان سۆهۆلم پێی وایه‌ ئه‌گه‌ر کوردی سووریا ئه‌زموونی کوردی عێراق دووپات نه‌کاته‌وه‌ و ئیتیفاق له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریا بکات ئه‌وا ده‌توانێت هه‌ڤیازی و خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییێکی زیاتر وه‌ده‌ست بێنێت.

کوردپرێس:

دامه‌زراندنی کیانی سه‌ربه‌خۆی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین پرسێکی گرینگی کورده‌ که‌ هه‌ستیارییێکی زۆر له‌سه‌ری هه‌یه‌ به‌ڵام بابه‌ته‌که‌ به‌و بۆنه‌وه‌ که‌ کارتێکه‌ریی سیاسیی زۆری له‌سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین ده‌بێت به‌ره‌وڕووی دژایه‌تیی زۆر بۆته‌وه‌. ته‌نانه‌ت وڵاتانی ڕۆژئاوایی که‌ ئیدعای پشتیوانی له‌ کورد ده‌که‌ن له‌ قۆناغێکی هه‌ستۆکدا دژایه‌تیی ئاشکرای خۆیان نه‌ک هه‌ر له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیی به‌ڵکوو له‌گه‌ڵ هه‌ڵگرتنی هه‌نگاوگه‌لێک هاوپه‌یوه‌ند به‌ بابه‌ته‌که ڕاگه‌یاندووه‌. بۆ وێنه‌ ده‌کرێ ئاماژه‌ به‌ دژایه‌تیی توندی ڕۆژئاوا له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌بردنی گشتپرسیی سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمی کوردستان بکه‌ین که‌ ساڵی 2017 ئه‌نجام درا و هیچ یه‌ک له‌ وڵاتانی ڕۆژئاوایی ڕازی به‌ ئه‌نجامدانی کارێکی وا نه‌بوون و ته‌نانه‌ت هه‌وڵێکیان بۆ چاره‌سه‌رکردنی لێکه‌وته‌ی نه‌رێنیی ئه‌و بابه‌ته‌ له‌سه‌ر ژیانی کورد نه‌دا. زۆربه‌ی شرۆڤه‌کاران پێیان وایه‌ که‌ زه‌مینه‌ بۆ دامه‌زراندنی کیانی سه‌ربه‌خۆی کورد فه‌راهه‌م نییه‌ چوونکه‌ هه‌م له‌ خودی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین و هه‌م له‌ ناو زلهێزه‌کان بابه‌ته‌که‌ قبووڵ ناکه‌ن. ئه‌گه‌ر ژماره‌یێک له‌ وڵاتانیش ئیدعای پاڵپشتی له‌ کورد ده‌که‌ن زیاتر به‌ بۆنه‌ی هه‌لقۆستنه‌وه‌ له‌ کاروباری کورده‌.

هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس بۆ لێکدانه‌وه‌ی زیاتری بابه‌ته‌که‌ دیمانه‌یێکی له‌گه‌ڵ جان سۆهۆلم توێژه‌ر و شرۆڤه‌کاری کاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین و کورد و به‌ڕێوه‌به‌ری گۆڤاری لیما شارلی ئه‌نجام داوه‌. ناوبراو له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ که‌ تا ئه‌و کاته‌ی پشتیوانی له‌ کورد به‌رژه‌وه‌ندییێکی بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا و ته‌نانه‌ت سه‌رجه‌م زلهێزه‌کان به‌دواوه‌ بێت له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسیی خۆیان پشتیوانی له‌ کورد ده‌که‌ن به‌ڵام ڕۆژئاوا پاڵپشتی سه‌ربه‌خۆییی کورد و دامه‌زراندنی کیانی سه‌ربه‌خۆی کوردی نییه‌.

جان سۆهۆلم له‌باره‌ی کورده‌کانی سووریاوه‌ ده‌شڵێت: پێده‌چێت به‌ستێن بۆ کوردی سووریا له‌پێناو گه‌یشتن به‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری فه‌راهه‌م بێت به‌ڵام ئه‌م بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیی به‌ هه‌ندێک بابه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌ له‌وان؛ ته‌عامولی ئه‌وان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی و ڕێگری له‌ شه‌ڕی ناوخۆییی گرووپه‌ کوردی سیاسییه‌کانی سووریا و دووپات‌نه‌بوونه‌وه‌ی شه‌ڕی نێو ماڵی گرووپه‌ جۆراوجۆره‌ کوردییه‌کان وه‌ک شه‌ڕی ناوخۆییی ده‌یه‌ی 1990 له‌ نێوان پارتی به‌ سه‌رکردایه‌تیی مه‌سعوود بارزانی و یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان به‌ سه‌رکردایه‌تیی جه‌لال تاڵه‌بانی.

ده‌قی دیمانه‌ی کوردپرێس له‌گه‌ڵ جان سۆهۆلم توێژه‌ری کاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ خواره‌وه‌ بخوێنه‌ره‌وه‌:

کوردپرێس: به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ته‌عامولی ساڵگاری له‌مه‌وبه‌ری وڵاتانی ڕۆژئاوایی له‌گه‌ڵ کورد به‌تایبه‌ت له‌ شه‌ڕ دژی داعش، هه‌ڵوێستی ڕاسته‌قینه‌ی ڕۆژئاوا هه‌مبه‌ر کورد چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟

جان سۆهۆلم: به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که‌ بزاڤه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌ کوردییه‌کان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین حه‌ز به‌ دامه‌زراندنی کیانێکی سه‌ربه‌خۆ ده‌که‌ن شێوازی ته‌عامولی ڕۆژئاوا ئه‌وه‌یه‌ به‌ شێوه‌ی ئامێر کورد به‌کار بهێنێت. به‌ڵگه‌یێکی قایم و ئاشکرا له‌ئارادا نییه‌ که‌ پشتیوانیی وڵاتانی ڕۆژئاوا له‌ دامه‌زراندنی وڵاتێکی مۆدێرن و سه‌ربه‌خۆی کوردی -که‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتیی تایبه‌تیشی هه‌بێت- له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین بسه‌لمێنێت. بۆ وێنه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مریکا ڕه‌زامه‌ندیی خۆی له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی کیانێکی سه‌ربه‌خۆیی کورد ده‌رببڕایه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌بوا له‌ کاتی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری بووش و ئۆباما و به‌تایبه‌ت له‌ سه‌ره‌تای سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری بووشی کوڕ و یان له‌ ساڵی یه‌که‌می خولی دووهه‌می سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری باراک ئۆباما ڕووی بدایه‌. له‌ کاتی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری دۆناڵد تره‌مپ ئه‌گه‌ری پشتیوانیی ئه‌و وڵاته‌ له‌ دامه‌زراندنی وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆی کوردی که‌مڕه‌نگتره‌.

کوردپرێس: زۆربه‌ی شرۆڤه‌کاران له‌باره‌ی بۆچوونی بیانی به‌تایبه‌ت له‌ ڕۆژئاوا هه‌مبه‌ر کاروباری کوردی عێراق و سووریا له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌دان که‌ ئه‌وان بابه‌ته‌که‌ له‌پێناو گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌کانیان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین ده‌قۆزنه‌وه‌. به‌ ڕای ئێوه‌ وایه‌؟

جان سۆهۆلم: ئه‌مریکا، ڕووسیا، ئه‌ورووپا و ته‌نانه‌ت چین که‌ له‌ ڕاستیدا سه‌رجه‌میان زلهێزه‌ چالاکه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤینن کورد وه‌ک ئامێرێکی تاکتیکی و سیاسی له‌پێناو گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ ژێئۆپۆلیتیکییه‌کانیان به‌کار ده‌هێنن. ئه‌م بابه‌ته‌ پشتیوانیی تاکتیکی له‌ کورد له‌ کاتی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش له‌ ساڵگاری ڕابردوو و یان هه‌ندێک کاتی هاوشێوه‌ی له‌خۆ ده‌گرێته‌وه‌. پشتیوانیی ده‌ولیی سیاسی له‌ کورد به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن ڕووسیاوه‌ نیسبه‌ت به‌ گرووپه‌ جۆراوجۆره‌ کوردییه‌کان له‌وان هێزی کوردی سووریا و پارتی یه‌کێتیی دیموکراتی سووریا (PYD) وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی پشتیوانیی پاشای عه‌ره‌بستانه‌ له‌ خه‌ڵکی فه‌له‌ستین که‌ قسه‌یێکی زۆر له‌باره‌ی ده‌کرێت به‌ڵام له‌ کردار هیچ ڕوو نادات.

کوردپرێس: ژماره‌یێک له‌ شرۆڤه‌کاران پێیان وایه‌ که‌ کورد لایه‌نگری ڕۆژئاوا و بایه‌خه‌ دیموکراتیکه‌کانه‌ و ئه‌گه‌ر کیانێکی سه‌ربه‌خۆیان هه‌بێت ده‌توانن ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین بکه‌نه‌ ناوچه‌یێکی ئارام و سه‌قامگیر. بۆچوونی ئێوه‌ له‌مباره‌وه‌ چییه‌؟

جان سۆهۆلم: ئێستاکه‌ خراپترین شت ئه‌وه‌یه‌ که‌ کورد گوێڕایه‌ڵی ئه‌و درۆزنانه‌ بن که‌ به‌ڵێنگه‌لێکی وایان پێده‌ده‌ن. کورد ده‌بێ ڕیالیزم و پراگماتیزم ئه‌زموون بکات و تێیدا لێهاتوویی و شاره‌زایی وه‌ده‌ست بێنێت.

دامه‌زراندنی کیانی سه‌ربه‌خۆی کورد و یان هه‌ر ناوێکی‌تر که‌ پێده‌درێت له‌سه‌ر کاغه‌ز ده‌توانێت فاکته‌رێک بۆ سه‌قامگیری له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین بێت به‌ڵام ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ستراوه‌ به‌ دۆخی ئێستاکه‌ی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین. بۆ وێنه‌ ده‌بێ به‌رژه‌وه‌ندیی سه‌رجه‌م وڵاتان وه‌ک عێراق، ئێران و تورکیا له‌به‌رچاو بگیردرێت. ئه‌گه‌ر دامه‌زراندنی کیانی سه‌ربه‌خۆی کوردی کارتێکه‌ریی له‌سه‌ر بابه‌ته‌کانی سه‌ر سنوور بێت ده‌بێ ئاوڕێکی زیاتر له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئێران، تورکیا و عێراق بدرێته‌وه‌.

بۆ وێنه‌، پێناچێت که سه‌رکرده‌کانی ئێستای عێراق پاڵپشتی له‌‌ دامه‌زراندنی کیانێکی سه‌ربه‌خۆی وا بکه‌ن. ده‌وڵه‌تی دیمه‌شقیش به‌ له‌به‌رچاوگرتنی کاروباره‌ ئه‌منییه‌کانی ئێستای ئه‌و وڵاته‌ پشتیوانی له‌ دامه‌زراندنی کیانی سه‌ربه‌خۆی کوردی ناکات. وڵاتانی دیکه‌ش به‌م بۆنه‌وه‌ که‌ ده‌وترێت کورد لایه‌نگری ڕۆژئاوا بووه‌ و په‌یوه‌ندیی سه‌ربازی و سیاسی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا هه‌یه‌ و تا ئه‌و کاته‌ی که‌ واشنتۆن ئاگری شه‌ڕ هه‌ڵده‌گیرسێنێت دژ به‌ هه‌ڵێنانی جۆره‌ هه‌نگاوێکن‌ بۆ دامه‌زراندنی کیانی سه‌ربه‌خۆی کوردی.

کوردپرێس: به‌ له‌به‌رچاوگرتنی پێچه‌ڵاوپێچ‌بوونی دۆخی سووریا و هه‌روه‌ها ژماره‌ی زۆری ده‌ورگێڕانی ئه‌و وڵاته‌ به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیی دژبه‌یه‌که‌وه‌ چ داهاتوویێک چاوه‌ڕوانی کوردی سووریا ده‌بێت؟

جان سۆهۆلم: کوردی سووریا له‌ پێگه‌یێکی سه‌خت و دژواردا گیریان خواردووه‌. تا ئه‌و کاته‌ی ڕۆژئاوا به‌رژه‌وه‌ندیگه‌لێکی بۆ پشتیوانی له‌ کورد به‌بۆنه‌ی گرێ‌خواردنی به‌رژه‌وه‌ندیی تاکتیکی له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیی ستراتێژیکی ڕۆژئاوا به‌ مه‌به‌ستی جێبه‌جێ‌کردنی ئۆپه‌راسیۆن له‌ ناوچه‌که‌ هه‌یه‌ له‌ کورد له‌وان هێزه‌ کوردییه‌کانی سووریا و پارتی یه‌کێتیی دیموکراتی کوردی سووریا پاسه‌وانی ده‌کات. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ کاتێکه‌ که‌ دۆخی ناوچه‌که‌ به‌ره‌و ئاقارێک نه‌ڕوات که‌ ڕۆژئاوا ناچار بێت به‌رژه‌وه‌ندیی درێژخایه‌نی خۆی ئاشکرا بکات.

ده‌کرێ بوترێت که‌ له‌ کاتی ئێستادا باشترین ڕێچکه‌ بۆ کوردی سووریا ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی دیمه‌شق و هه‌وڵ بۆ وه‌ده‌ستهێنانی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری و مه‌شرووعییه‌تی زیاتره‌. له‌ درێژخایه‌ن و به‌ دوای گۆڕانکارییه‌کانی دیمه‌شق و ناوچه‌که‌ زه‌مینه‌ بۆ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی زیاتر بۆ کوردی سووریا فه‌راهه‌م ده‌بێت به‌ڵام ئه‌م بابه‌ته‌ پێویستی به‌ دووری‌گرتن له‌ شه‌ڕی حیزبییه‌ وه‌ک شه‌ڕی بارزانی و تاڵه‌بانییه‌کان له‌ ده‌یه‌ی 1990 و هه‌روه‌ها بوونی بنه‌ما و پێکهاته‌یێکی دیموکراتیک.

وه‌رگێڕان بۆ کوردی: به‌شی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس

 

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه