05:47 PM   IRAQ
SATURDAY, 25 NOVEMBER 2017
 الأخبار |◀   بێگومان PYD بانگهێشتی دانیشتنی ڕووسیا دەکرێت
یەكگرتوو لەگەڵ مانەوەی حكوومەتی هەرێم ‌و نێچیرڤان بارزانی جێگرەكەیەتی

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان رای گەیاند: لەگەڵ بچووک كردنەوەی ئەم كابینەی حكوومەت ‌و مانەوەی سەرۆكی حكومەت ‌و جێگرەكەین.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەمیر سەلیم كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە میانی گفتوگۆیێكی لەگەڵ دەنگی ئەمریكا باس لە دۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان‌ و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەكات‌ و  دەڵێت: ڕیفراندۆم كرایە پاساو ئەگەر نا خراپی ئەم دۆخەی ئێستا دەگەڕێتەوە بۆ كەڵەكەبوونی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لە دوای ساڵی ٢٠٠٣، دوای داعش بەغدا ڕیفراندۆمی كردە پاساو بۆ جێبەجێ كردنی مەرامەكانی ئەگەرنا ڕیفراندۆم هۆكار نەبووە.

كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان سەبارەت بە هەڵوێستی یەكگرتوو لە سەر داواكاریی پێكهێنانی حكوومەتی ڕزگاریی نیشتمانی لە هەرێمدا وتی: خۆی هەركەسەو بیر بكاتەوە چۆن ڕێگە چارە دانێین بۆ ڕزگار بوون لەم دۆخەی هەیە، بەڵام بۆ لێسەندنەوەی متمانە لەم حكوومەتەی ئێستا جگە لە ئیعتبارە نێودەوڵەتییەكەی كەتێی كەوتووین ‌و هەریەكە لە ئەمریكا و بەریتانیا و وڵاتانی دەرەوە پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەم حكوومەتە و سەرۆک‌ و جێگرەكەی دووپات كردووەتەوە، لە ناوخۆی هەرێمیشدا لە ڕووی یاساییەوە دەبێت 3.2ی پەرلەمانتاران متمانە لەم حكوومەتە بسێنێتەوە ئەمەش نایەتە دی، چوونكە پارتی ‌و یەكێتی خۆیان ژمارەی كورسییەكانیان و هاوپەیمانەكانیان ڕێگە بە پێكهنانی ئەو ژمارەیە نادات واتە لە ڕووی یاساییەوە پێكهنانی حكوومەتی ڕزگاریی نیشتمانی نایەتە دی.

سەمیر سەلیم باسی لە هۆكارێكی تر كرد، كە بۆچی یەكگرتووی ئیسلامی لەم قۆناغەدا لەگەڵ حكوومەتی ڕزگاریی نیشتمانی نییە، ئەوەی راگەیاند: لە ڕووی ئیعتباری نێودەوڵەتییەوە ئەگەر ئێمە ئەو ئیعتبارە نێودەوڵەتییەمان نەبێت بەغدا دەتوانێت بەهێزی زیاتر ڕێوشوێنی زیاتر دژ بە هەرێمی كوردستان بگرێتەبەر و مامەڵەی خراپترمان لەگەڵدا بكات.

سەمیر سەلیم هەروەها رای گەیاند: دوای ئەوەی هەریەكە لە ئەمریكا و بەریتانیا و ئەنجومەنی ئاسایش متمانەی خۆیان دایەوە بەم حكوومەتە و پشتیوانییان لێكردن لە هەریەكە لە قوباد تاڵەبانی‌ و نێچیرڤان بارزانی، ئەم ئیعتبارە نێودەوڵەتییە هەلومەرجی پێكهێنانی حكوومەتی ڕزگاریی نیشتمانی لە باربرد".

سەمیر سەلیم ئەوەشی وت: هەرچەندە حكوومەتی ڕزگاریی نیشتمانی هەوڵێكە بۆ ڕزگار بوون لەم دۆخە و مەنتقیشی تێیدایە، بەڵام بەڕای بەشێک لە چاودێرانی دەرەوە حكوومەتی ڕزگاریی نیشتمانی هەوڵێک ‌و پیلانێكی بەغدایە بۆ ڕووخانی شەرعییەت لە هەرێمی كوردستان، بەتایبەت بەغدا بەتەما بوو لە ٦-١١ پەرلەمان شەرعییەت نەمێنێت ‌و بەغدا بەنیاز بوو مافی دەستووری خۆی بەكاربێنێت‌ و تەداخول بكات، بەڵام دوای ئەوەی پەرلەمانی كوردستان شەرعییەتی خۆی ‌و حكوومەتی درێژ كردەوە بەغدا نەیتوانی ئەو كارە ئەنجام بدات.

سەمیر سەلیم ڕوونی كردەوە، لە ڕوانگەی ئیعتباراتی ناوخۆیی، كە هی جەماوەرە و ئیعتباراتی نێودەوڵەتی، كە پشتیوانییان لەسەرۆک ‌و جێگری حكوومەت كرد و دەرگا داخراوەكانیان بەڕوودا كرایەوە لەم دوو سۆنگەیەوە یەكگرتووی ئیسلامی پێی باشە بۆ گەڕانەوەی ئیعتباراتی جەماوەری گۆڕانكاری لە وەزارەتەكان بكرێت ‌و دەموچاوەكان بگۆڕدرێن ‌و حكوومەت بچووک بكرێتەوە لەگەڵ هێشتنەوەی ئەو دوو كەسایەتییە (نێچیرڤان بارزانی‌ و قوباد تاڵەبانی) لە پۆستەكانیان بەهۆی بوونی ئیعتبارە نێودەوڵەتییەكەی، كە هەیانە، ئەو حكوومەتە ناو بنێین حكوومەتی گۆڕانكاری وەزارەتەكان‌ و هەموو لایەنەكانی ناو پەرلەمان بەشدار بن ‌و پێكەوە گفتوگۆكان لەگەڵ بەغدا بەڕێوە ببەن‌ و ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن بكەین.

سەبارەت بەو ڕەخنانەی ئاڕاستەی یەكگرتووی ئیسلامی دەكرێت، كە تۆمەتبار دەكرێن بە پشتیوانی لە حیزبە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان، سەمیر سەلیم  دەڵێت: یەكگرتوو هەمیشە لە بەرەی گەل‌ و نیشتماندا بووە ئیتر دیدی بەرانبەر، كە خۆی سەركەوتوو نەبووە لە هێنانەدی ئامانجەكانی وەكوو ئەو قوتابییە وایە، كە خۆی لە تاقی كردنەوە دەر نەچووە، بەڵام دوایی بڵێت خەتای مامۆستاكەم یا هاوڕێكەم بووە لە كاتێكدا ئەگەر قوتابی خۆی هەوڵبدات سەردەكەوێت.

سەمیر سەلیم سەبارەت بە پشتیوانی كردنی یەكگرتووی ئیسلامی لە ڕیفراندۆم ئەوەی راگەیاند "ئەوە ستراتیژی ئێمەیە وەک یەكگرتوو، كە لە دوو كۆنگرەی ڕابردوودا پشتیوانی مافی چارەی خۆنووسیمان بۆ گەلەكەمان دووپات كردووەتەوە، ئەمە بەتەنیا هی هێزێک یا دوان نییە ئەمجارە، كە گەیشتینە نزیك بوونەوەی بە دی هێنانی ئەو ستراتیژە لە كۆتا قۆناغدا بە هۆی هەڵەی سیاسی هێزێكی سیاسی، یا چەند كەسێک ل ەهیزێكی سیاسی گەیشتینەوە چوارگۆشەی یەكەم.

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی، كە ئێوە وەک یەكگرتووی ئیسلامی دەتان زانی ڕیفراندۆم دەكرێتە پاساو بۆ هێرش كردنە سەر هەرێمی كوردستان بۆچی یەكگرتوو لەگەڵ ئەنجام دانی ڕیفراندۆم بوو؟ ناوبراو وتی: ئێمە لە پێش ڕیفراندۆم نەماندەزانی ڕیفراندۆم ئەم مەترسییانەی ئێستای دەبێت، چوونكە نەمان دەزانی هێزێكی سیاسی، یان ئەو چەند كەسە لەو هێزە سیاسییە لە كۆتا خولەكدا دێن ئەو هەڵە سیاسییە دەكەن، ئەمریكا و ئەورووپاش گڵۆپی سەوز بۆ حكوومەتی عێراقی هەڵدەكەن دژ بە كورد".

كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بێئەوەی ئامادەبێت ناوی ئەو هێز و كەسایەتییانە ببات، كە خۆی دەڵێت هەڵەی سیاسییان كرد‌ و كوردییان بردەوە چوارگۆشەی یەكەم، دەڵێت: هەموومان ‌و هەموو میلەتی كورد دەزانێت ئەو كەسانە و لایەنە كێیە، كە هەڵەی سیاسییان كردووە، ئەگەر بە تەنیا ٤٨ یان ٧٢ سەعات لە كەركووک بەرگری بكرایە هەروەک چۆن لە كۆبانی بەرگری كرا ئەوا هاوكێشەی سیاسی نێودەوڵەتی ئێستا لە بەرانبەر كورد دەگۆڕدرا، چۆن ئەمریكا دوای كۆبانی مامەڵەی لەگەڵ یەپەگە كرد، كە لقێكی پەكەكەیە و لای ئەمریكا لە لیستی تیرۆردایە ئاواش مامەڵە بە جۆرێكی تر لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكرا، هەمیشە هەڵەی سیاسی ئەنجامی ڕووداوەكان دەگۆڕێت، ئێمە نەماندەزانی ئەو هەڵە سیاسیە ڕوودەدات، كە ئەنجامەكە بەوجۆرە گۆڕدرا.

دەربارەی بێدەنگیی ئەمینداری یەكگرتوو لەم دۆخە، سەمیر سەلیم ئەوەی راگەیاند: یەكگرتوو حیزبێكی كردارییە و ئەمینداری یەكگرتوو وەک هەندێک كەس بەتەڵی شاشە نییە ،بەڵكوو لەگەڵ سەركردایەتی سەرقاڵی بیركردنەوەیە بۆ ڕزگاربوون لەم دۆخە بە كەمترین زیان ‌و هێنانە دی یەكڕیزی نیشتمانی ‌و ڕێگەگرتنە ل ەدووبارە بوونەوەی هەڵەی سیاسی واتە بێدەنگیمان پلان دانانە بۆ ئایندە.

كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئەوەشی وت: هەندێک لەوانەی هەڵەكەیان كردووە دەڵێن، ئەم هەڵەیە بنەمایێكی یاسایی هەیە، چوونكە پێشتر ڕێكەوتن هەبووە لەگەڵ لایەنی حكوومەتی عێراقی بۆ كشانەوەی كورد لەو ناوچانە، بۆ ئەوە بووە كەركووک وەک حەڵەبی لێ نەیێت، ئەی باشە بۆ ناڵێن كەركووک وەک مووسڵی لێ نەیێت؟ ئێمە وەک یەكگرتوو ئەگەر بڕوامان بەو پاساوانە هەبووایە ئەوا وەک ئەوان بیرمان دەكردەوە.

سەرچاوە: شارپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه