18:21 PM   IRAQ
SUNDAY, 22 SEPTEMBER 2019
 به په‌له |◀   چاودێرانی پرسی تورکیا: تورکیا هێرش ناکاتە سەر کوردی سووریا
MONDAY, 19 AUGUST 2019 - 14:21
هاوسەرۆکی پێشووی بزووتنەوەی کۆمەڵگای دیموکراتیک تایبەت بۆ کوردپرێس:
خەیانەت لە کورد ناوەشێتەوە/ لەپێناو بەرژەوەندیی خەڵکەکەمان تەعامول لەگەڵ ئەمەریکا دەکەین

بەشی سووریا- عایشە ئەفەندی دەڵێت لە باری هزر و ئایدۆلۆژییەوە جیاوازیی زۆرمان لەگەڵ ئەمەریکا هەیە بەڵام لەبەر بەرژەوەندیی خەڵکەکەمان پێوەندیمان لەگەڵ ئەمەریکا هەیە و ئەمەش نەشەرمی دەوێت نە هەڵەیشە.

کوردپرێس، باکووری سووریا دۆخێکی ئاڵۆز تێدەپەڕێنێت و ئەگەر پشتگیری لە کورد نەکرێت نەک هەر تورکیا بەڵکوو چەندین ئەکتەری دیکە هەوڵ دەدەن شوێنی ئەمەریکا پڕ بکەنەوە. لەلایێکی دیکەوە تورکیا هاوپەیمانی کۆنی ئەمەریکا و ناتۆیە و دژ بە کوردەکانە هەرچەندە کورد هۆکاری سەرەکیی مانەوەی ئەمەریکا لە سووریایە. ئەمەریکا هەوڵ ئەدات هاوسەنگی لە نێوان دوو هاوپەیمانەکەی خۆی دروست بکات. ڕەهەندەکانی دۆزی باکووری سووریا تەنها بۆ کورد و تورکیا ناگەڕێتەوە و ئەمەریکا نایهەوێت ناوچەکە بۆ ڕووسیا چۆڵ بکات و بوونی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بە هەڕەشەیێک بۆ سەر ئیسرائیل دەزانێت بۆیە بەنیازە لەنێوان تورکیا و کوردەکاندا نێوەندگیری بکات تاکوو بتوانێت سیاسەتەکانی خۆی کە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و ڕووسیایە بەروپێش ببات. هەر بەم مەبەستەش ئاژانسی کوردپرێس گفتوگۆیێکی لەگەڵ عایشە ئەفەندی هاوسەرۆکی پێشووی بزووتنەوەی کۆمەڵگای دیموکراتیکی باکووری سووریا (تەڤدەم) و هاوسەری ساڵح موسلیم یەکێک لەبەرپرسانی باڵای ئەم ناوچەیە ئەنجام داوە.

دەقی دیمانەکە بخوێنەوە:

کوردپرێس: خوێندنەوەی ئێوە بۆ هەڕشەکانی تورکیا دژ بە باکووری سووریا چییە؟

عایشە ئەفەدی: لە ئێستادا ئەمەریکا و تورکیا لەبارەی باکووری سووریا خەریکی دانوستاندنن و وای بۆ دەچین کە تورکیا دەیهەوێت بێتە باکووری سووریا. بەڵام مەسەلە ئەمەیە کە تورکیا ناتوانێت بێتە باکووری سووریا چوونکە دۆخەکە وەکوو ئەوەی عەفرین نییە. لەنێوان ئێمە و تورکیا پێوەندییێک نییە بەڵکوو ئەمەریکا بیروڕاکان دەگوازێتەوە و ئێمەش خواستی خۆمان بە ئەمەریکا ڕاگەیاندووە.

کوردپرێس: ئایا ئێوە قووڵاییی 32 کیلۆمەتر قبووڵ دەکەن؟

عایشە ئەفەندی: تورکیا ئیدیعا دەکات کە دەیهەوێت بێتە قووڵایی 32 کیلۆمەتریی ناوخاکی سووریا کە ئێمە هیچ کات قبووڵی ناکەین و ئامادەی ڕووبەڕوو بوونەوەین. هەڕشەکان ڕووبەڕوومان بوونەتەوە و ئێمەیش ئامادەکاریی پێویسامان کردووە.

کوردپرێس: لەم نێوانەدا ئەمەریکا چ دەورێک دەبینێت؟

عایشە ئەفەندی: ئێمە پشتمان بەکەس نەبەستووە و کەسیش بە پاڵپشتیکەری خۆمان نازانین. پێوەندیی ئێمە و ئەمەریکا لەبواری سەربازی و لەڕووی بەژەوەندییەوەیە و تەنانەت "سەرۆک ئاپۆ" (عەبدوڵڵا ئۆجەلان)یش ئەو هاوکارییەی قبووڵ کردووە. ئێمە و خەڵک پشتمان بەکەس نەبەستووە و پێکەوە دۆخەکە تێدەپەڕێنین.

کوردپرێس: هێشتا کەس ئاگای لە چۆنییەتیی دامەزرانی ناوچەی ئارام نییە، ئێوە زیاتر بۆ ئێمەی شی دەکەن؟

عایشە ئەفەندی: ئەو ناوچەیە باسی لێوە دەکرێت وەکوو ناوچەی ئارام نییە بەڵکوو زیاتر وەکوو ڕێڕەوێکە. بڕیار وایە هێزەکانی پاراستنی گەل لەوێ نەبن بەڵکوو تەنها هێزی ئاسایش و خەڵک جێگیر بکرێن. ئێمە ئەمەمان بە ئەمەریکا وتووە و جگە لەمەوەش قبووڵ ناکەین.

کوردپرێس: ئایا ئەگەری هێرشی تورکیا هەیە؟

عایشە ئەفەندی: هەموو ڕووداوێک چاوەڕوان دەکرێت. خەڵک لەوە دەترسن ڕووداوەکەی عەفرین دووپات بێتەوە. داعش لە کۆبانی شکستی هێنا و دۆخی کۆبانی وەکوو عەفرین نییە. ڕووسیا بەڵێنی دابووە عەفرین بپارێزێت بەڵام بەڵێنەکەی شکاند و ئەمەش بۆ ڕووسیا شتێکی نوێ نییە. ئێستاش ئەمەریکا خەریکی دانووستان لەگەڵ تورکیایە، ئەمە بەمانای متمانە و پشتبەستنی ئێمە نییە، ئێمە بە گۆێرەی جەوهەری بەرخۆدانی خۆمان کار دەکەین و هەر بەو چەشنە شکستمان بە داعش هێنا ڕووبەڕووی کەسانی دیکەش دەبینەوە.

کوردپرێس: ئێوە و ئەمەریکا بارها ڕاتانگەیاندووە تەنها لە بواری شەڕی داعشدا هاوکاری یەکتر دەکەن، مانای ئەمە چییە؟

عایشە ئەفەندی: هێشتا پرسی داعش کۆتایی نەهاتووە و بە پێچەوانەوە هەموو ڕۆژێک ئەم گرووپە خۆی ڕێکدەخات و لە شوێنە جیاجیاکاندا هەیە. ئەمەریکا لە بواری سەربازییەوە هاوکاری کورد دەکات دژ بە داعش و ئەمەشی قبووڵ کردووە هاوکارێکی باشتر لە کوردی نییە. جوونکە ئەوەی شەڕی وشکێنی دەکات کوردەکانن. کورد خەیانەت نازانێت. کورد جیهانی لەبەرامبەر هێرشی داعش پاراست بۆیە باشترین هاوبەشی ئەمەریکا کوردە.

کوردپرێس: هەڕشەکانی تورکیا تا چ ئاستێک بە جیددی دەزانن؟

عایشە ئەفەندی: ئێمە هەمیشە هەڕشەکان بە ڕاست دەزانین. پاش شکستی ئەم دواییەی ئەردۆغان و دوور بوونەوەی کەسە بەناوبانگەکان لەحزبەکەی دونیا هەموو بۆ تورکیا دەڕوانێت. زۆرینەی ئاژانسەکان پێوەندیی نێوان تورکیا و داعش ڕەت ناکەنەوە. تورکیا دەیهەوێت دۆخەکە بۆ بەرژەوەندیی خۆی بگەڕێنێتەوە و هەموو هەوڵێکی بۆ دەدات. بەڵام دۆخەکە گۆڕاوە ئەم دۆخە لە بەرژەوەندیی کورددایە و لەباری سیاسی و دیپلۆماسی و سەربازییەوە کورد وەکوو ڕابردوو نییە چوونکە ئێمە بڕیاری بەرخوەدانمان داوە و میلەتێک دڵگەرمین.

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه