18:26 PM   IRAQ
SUNDAY, 22 SEPTEMBER 2019
 به په‌له |◀   چاودێرانی پرسی تورکیا: تورکیا هێرش ناکاتە سەر کوردی سووریا
WEDNESDAY, 21 AUGUST 2019 - 12:50
لە بەریتانیا دۆسیەیێکی گەندەڵیی نەوتی دژی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە

بەشی جیهان- کۆمپانیای دایناستی پترۆلیۆم سکاڵایێکی دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تۆمار کردووە و لە سکاڵاکەیدا ئیدعای کردووە کە کۆمەڵێک کەسایەتیی سەر بە دوو حیزبی دەسەڵاتداری کوردستان داوای پارەیان لێکردووە و و بەو بۆنەیەشەوە مامەڵەی کڕینی کۆمپانیای نەوتی سپانی لە هەرێمی کوردستان پەکی کەوتووە و ئێستا دەبێت هەولێر یەک ملیار دۆلا ئەو کۆمپانیایە قەرەبوو بکاتەوە.

کوردپرێس:

یەک لەو کەیسە نەوتییانەی هەرێمی کوردستان کە هەرای زۆری نایەوە دۆسیەی سکاڵای کۆمپانیای دانەغازی ئیمارات و کۆمپانیاکانی سەر بەو کۆمپانیایە دژی هەرێمی کوردستان بوو کە لە بەریتانیا کرابوویەوە و لە ئەنجامیشدا دادگا بە قازانجی کۆمپانیای دانەغاز حوکمی دەرکرد.

گۆڤاری نەوتیی ئۆیل پرایز لە ڕاپۆرتێکدا ئیدعای کردووە دەستی بە کۆمەڵێک بەڵگە گەیشتووە کە دەیسەلمێنێت گەندەڵییێکی گەورە لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات و ئەگەر لە مامەڵە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستاندا بەشی کۆمەڵێک کەسایەتی جیا نەکرێتەوە بێگۆمان ڕێگری لە ئەنجامدانی مامەڵەکە دەکرێت و تەنانەت ئەگەر هەیە ئەو کەسانەی مل بە پێدانی بەشی ئەو کەسایەتییانە نەدەن چاوترسێن بکرێن و سزاش بدرێن.

گۆڤارەکە ئاماژەی بە کەیسی سکاڵای کۆمپانیای ناسراو بە دایناستی پترۆلیۆم کردووە کە لە سلێمانی جێگیر کراوە و بە یاسایی کۆمپانیای ڕسپۆلی سپانیی کڕیوە کە لە دوو کێڵگەی نەوتی تۆپخانە و کوردئەمیر کاردەکات. بەگوێرەی ئیدعاکە مامەڵەی نێوان دوو کۆمپانیای دایناستی و ڕسپۆل بە گوێرەی یاسا دەرکراوەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێم ئەنجام دراوە کە پێشتر لە ژێر دەسەڵاتی عەبدوڵا عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا ناسراو بە ئاشتی هەورامی بوو و ئێستا ناوبراو پۆستی ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیری پێبەخشراوە.

کەیسی سکاڵاکەی کۆمپانیای دایناستی دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شەخسی ئاشتی هەورامی لە دادگای پاشایەتیی بەریتانیا لە لەندەن جووڵێندراوە و لە کەیسەکەدا کۆمەڵێک تۆمەت تۆمار کراوەن وەک: کاری نایاسایی، چاوچنۆکی و هەڕەشە و تۆقاندن. ئەو کۆمپانیایە لە سلێمانی تۆمار کراوە و لەلایەن دوو کۆمپانیای باشوور و دیجلەوە دامەزراوە و هەموو قۆناغە یاسایییەکانی کڕینی کۆمپانیای نەوتی ڕسپۆلی سپانیی بڕیوە. گوایە کەسانێک لە حکوومەت و لە دوو حیزبی دەسەڵاتداری هەرێمدا هەن هەر لە وەزیری ئەو کاتی سامانە سروشتییەکان تا دەگاتە جێگری سەرۆکوەزیران داوای پشکی خۆیانیان کردووە و کۆمپانیاکەش نەیداوە. ئەو پشکەش کە داواین کردووە لە نێوان 20 بۆ 30 لە سەدی مامەڵەکە بووە. بۆیە ڕێگرییان کردووە لە مامەڵەکە و مامەڵەی نێوان دوو کۆمپانیا بەریتانی و سپانییەکەیان پەک خستووە و ئێستا دەبێت حکوومەتی هەرێم بە ڕێژەی 1 ملیار دۆلار ئەو کۆمپانیایە قەرەبوو بکاتەوە.

گۆڤارەکە جەختیشی کردۆتە سەر گرینگیی ڕێکەوتنەکەی نێوان دوو کۆمپانیا بەریتانی و سپانییەکە چوونکە بەپێی بەراوردەکان لەو دوو کێڵگە نەوتییەدا 2.6 ملیار بەرمیل نەوت و 7.2 ترلیۆن فووتی سێجا گازی پاشەکەوت هەیە کە ئەگەر کاری باشی لەسەر بکرێت ڕۆژانە لە دوو کێڵگە نەوتییەکەوە زیاتر لە 25 هەزار بەرمیل نەوت و 600 ملوێن فووتی سێجا گاز بەرهەم دەهێنرێت.

دادگای پاشایەتیی بەریتانیان لقی لەندەن ماوەی 21 ڕۆژی بۆ ئاشتی هەورامی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان داناوە کە ڕوونکردنەوەی خۆیان لەبارەی ئیدعاکەی ئەو کۆمپانیا بەریتانییەوە پێشکەش بکەن کە داوای یەک ملیار و 500 ملوێن دۆلار قەرەبوو لە حکوومەتی هەرێم دەکات.

گۆڤاری ئۆیڵ پرایز نووسیویەتی بە پێی ئەو بەڵگانە پێشکەشی دادگا کراون چاوەڕوان دەکرێت حوکمی دادگا بە قازانجی کۆمپانیا بەریتانییەکە و دژی ئاشتی هەورامی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربکرێت.

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه