15:27 PM   IRAQ
MONDAY, 16 SEPTEMBER 2019
 به په‌له |◀   مووسەوی: هیچ پلانێک بۆ کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک کۆمار و ترەمپ بوونی نییە
TUESDAY, 10 SEPTEMBER 2019 - 18:20
هەسەدە: ئەگەر ناوچەی ئارام سەرنەگرێ، لەگەڵ دیمەشق رێك دەكەوین

بەشی سووریا- مەزڵووم كۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە لێدوانێکدا دەڵێت مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش زیادی کردووە و ئەگەر پڕۆژەی ناوچەی ئارام سەر نەگرێ و پشتگیرییەکانی ئەمریکا زیاد نەکەن ناچارن لەگەڵ دەوڵەتی دیمەشق ڕێکبکەون.

کوردپرێس:

مەزڵووم كۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هەسەدە بە كەناڵی (سی ئێن ئێن)ی ئەمریكی راگەیاندووە كە داعش پێش لە دەستدانی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی، بۆ ئەو قۆناغەی ئێستا خۆی ئامادە كردبوو.

مانگی رابردوو، پێنتاگۆن لە راپۆرتێكدا  رایگەیاند كە داعش خەریكە سەرهەڵدەداتەوە، دوای ئەوەی كۆشكی سپی بڕیاری كەمكردنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سووریای دەركرد. مەزڵوم كۆبانێ دەڵێ: "ئێمەش هەمان بۆچوونمان هەیە". هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە داعش لە هەندێك ناوچە دەتوانێ ئازادانە جموجۆڵ بكات، لەوانەش سنووری سووریا و عێراق و ناوچەكانی رۆژئاوای فورات كە لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی لایەنگری حكومەتن.

 هێزەكانی هەسەدە لە 2015 بە دەستپێشخەریی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و بە پشتیوانی ئەمریكا دامەزرا. ئەو هێزە كە نزیكەی 35 هەزار شەڕڤانی هەیە، لە چوار ساڵی رابردوودا رۆڵی هێزی پیادەی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعشی لە سووریا گێڕاوە.

 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، لە كۆتایی ساڵی رابردوو بڕیاری كشانەوەی هەموو هێزەكانی ئەمریكای لە سووریا راگەیاند، دواتر بڕیارەكە بۆ "كەمكردنەوە"ی هێزەكان گۆڕا. كۆبانێ بە كەناڵە ئەمریكییەكە دەڵێ: "بێگومان (كەمكردنەوەی هێزەكان) كاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر ئێمە داناوە".

بەگوتەی فەرماندە كوردەكە، ئەمریكا نیوەی راوێژكارە سەربازییەكانی لە سووریا كشاندووەتەوە، لە كاتێكدا زیاتر لە نیوەی هێزەكانی ئەمریكاش سووریایان جێهێشتووە.

 رۆژی 8/9/2019 گەڕانی هاوبەشی هێزەكانی ئەمریكا و توركیا لە ناوچەی ئارامی باكووری رۆژهەڵاتی سووریا دەستی پێكرد. توركیا و ئەمریكا ناوەندێكی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان دامەزراندووە كە چاودێریی ئەو گەڕانە هاوبەشانە دەكات.

 مەزڵووم دەڵێ بەشێك لەو هێزانەی ئەمریكا كە لە سووریا ماونەتەوە، سەرقاڵی چاودێری‌كردنی ناوچەی ئارامن، ئەوەش وای‌كردووە سەرنجیان پەرت بێ و هەموو فۆكەسیان لەسەر لەناوبردنی پاشماوەكانی داعش نەبێ، هاوكات هەڕەشەكانی توركیا هەلی دەستوەشاندنی بۆ شانە نوستووەكانی داعش رەخساندووە.

  چەند مانگێكە واشنتن و ئەنقەرە سەرقاڵی دانوستاندنن لەسەر درێژی و قووڵیی ئەو ناوچەیە كە توركیا وەك مەرجێك دایناوە بۆ ئەوەی هێرش نەكاتە سەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەری. بە گوتەی فەرماندە كوردەكە، هەسەدە لەسەر ناوچەی ئارام رێككەوتووە و هەوڵەكانی پەیوەندیدار بە ناوچەكە "بە باشی بەرەوپێش دەچن". ناوچەی ئارام قووڵاییەكەی لە هەندێك شوێن 5 كیلۆمەتر و لە هەندێك شوێنی دیكە 14 كیلۆمەترە.

 فەرماندەییی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا پشتڕاستی كردووەتەوە، هەسەدە هێزەكانی لەو ناوچانە كشاندووەتەوە كە دەكەونە ناوچەی ئارامەوە. مەزڵوم كۆبانێ بە (سی ئێن ئێن) دەڵێ: "ئێمە نەرمیمان نواندووە. دڵنیاشین ئەمریكییەكان ئەو نەرمیەی ئێمە لەبەرچاو دەگرن"، جەخت لەوەش دەكاتەوە كە لێدوانە توندەكانی توركیا "پڕۆسەكە ئاڵۆز دەكات".

 هەفتەی رابردوو ژەنەراڵ جۆزێف دانفۆرد، فەرماندەی هێزە هاوبەشەكانی ئەمریكا رایگەیاند، داعش هێندەی 2017 و 2018 بەهێز نییە "بەڵام هێشتا وجوودێكی بەرچاویان لە عێراق و سووریا ماوە".

گوتیشی: "هەسەدە هەتا ئێستاش پێویستی بە پشتگیریی هاوپەیمانانە". لە كاتێكدا پاراستنی ئاسایشی ناوچە رزگاركراوەكان پێویستی بە 50 بۆ 60 هەزار چەكدار هەیە.

 فەرماندە كوردەكە وێڕای پشتڕاستكردنەوەی ئەو لێكدانەوەیە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە ئەوان پێیان باشە ئەمریكا یارمەتیدەریان بێ لە دۆزینەوەی چارەسەرێكی سیاسی بۆ ناوچە رزگاركراوەكان، داواشی كرد ئەمریكا هاوكارییەكانی لە بواری چەك و تەمەنی و دارایی بۆ هەسەدە زیاتر بكات.

 مەزڵووم كۆبانێ  هۆشداری دا و گوتی: "ئەگەر رێككەوتنەكەی ئێستای نێوان ئەمریكا و توركیا هەڵوەشێتەوە و ئەمریكا بڕیاری جێهێشتنی سووریا بدات، ئەوە هەسەدە پێی باشترە لەگەڵ رژێمی سووریا و حكومەتی رووسیا بسازێ تا بكەوێتە ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی توركیا". كۆبانێ رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی دیمەشق و مۆسكۆ بە "بژارەیەكی خراپ" دەزانێ، بەڵام پێیوایە ئەو بژارەیە "خراپییەكەی كەمترە" لە بژارەكانی دیكە.

 

کۆدی هەواڵنێر: 60101

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه