08:09 PM   IRAQ
FRIDAY, 18 OCTOBER 2019
 به په‌له |◀   پێنتاگۆن نیگه‌رانیی خۆی له‌سه‌ر ئاشکرابوونی داتا سه‌ربازییه‌کانی له‌لایه‌ن کورده‌وه‌ به‌ ڕووسیا ڕاده‌گه‌یێنێت
TUESDAY, 17 SEPTEMBER 2019 - 12:12
ڕێبەری باڵای شۆڕش: لە هیچ ئاستێکدا لەگەڵ ئەمەریکا دانوستان ناکرێت

بەشی ئێران- ئایەتۆڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند زیاتر کردنی گوشار لەبەرامبەر میللەتی ئێران بێ بەهایە و هەموو بەرپرسانی ئێران بە یەکدەنگ بڕوایان وایە کە لەگەڵ ئەمەریکا لە هیچ ئاستێک دانوستان ناکرێت.

کوردپرێس: حه‌زره‌تی ئایه‌تووڵا خامنه‌یی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ئاماژه‌ی به‌ پیلانگێڕییه‌ به‌رده‌وامه‌کانی دوژمنان له‌ ماوه‌ی چوار ده‌یه‌ی ڕابردوو دا و ڕایانگەیاند: ته‌نیا ڕێگای چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی وڵات به‌ بڕوابوون به‌ هێز و توانای گه‌نجانی وڵاتە.

ڕێبەری مەزنی ئێران لە درێژەدا ئاماژه‌ به‌ داواکارییە به‌رده‌وامەکانی ئه‌مریکییه‌کان بۆ دانوستان دا وتیان: سیاسه‌تی زیاترکردنی گوشاره‌کانی ئه‌مریکا له‌ دژی ئێران هیچ بایه‌خێکی نییه‌ و به‌رپرسانی کۆماری ئیسلامی یه‌ک ده‌نگ له‌و بڕوایه‌دان که‌ له‌ هیچ ئاستێکدا له‌ گه‌ڵ ئه‌مریکییه‌کان دانوستان ناکرێت.

به‌ڕێزیان به‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ ئیداره‌دانی وڵاتی ئێران له‌ ده‌ستی خه‌ڵک به‌ تایبه‌ت گه‌نجانه‌، وتیان: ئیراده‌، بڕیار و ئیمانی خه‌ڵک ده‌توانێت وڵات به‌ره‌و لووتکه‌ی سه‌رکه‌وتن ببات و به‌م پێیه‌ش به‌رده‌وام جه‌ختم له‌ سه‌ر به‌کارهێنانی توانا ناوخۆییه‌کان له‌ سه‌رجه‌م به‌شه‌کانی ڕۆشنبیری، ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌منی کردووه‌ته‌وه‌.

ڕێبه‌ری مه‌زنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران جه‌ختیان کرده‌وه‌ که‌ چاره‌سه‌ریی کێشه‌کانی وڵات له‌ ده‌ستی خه‌ڵکه‌ و وتیان: نابێت متمانه‌ به‌ بێگانه‌کان بکرێت، به‌م حکوومه‌ت و ئه‌و حکومه‌ت نابێت هیوامان هه‌بێت، نابێت چاوه‌ڕوانی ده‌ستی وڵاتانی دیکه‌ بین.

حه‌زره‌تی ئایه‌تووڵا خامنه‌یی وتیان: ئه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش به‌ واتای داخستنی درگاکانی په‌یوه‌ندی له‌ گه‌ڵ وڵاتانی دیکه‌ نییه‌، ئێمه‌ داوای په‌یوه‌ندی و وتووێژ له‌ گه‌ڵ وڵاتانی جیهان ده‌که‌ین به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتدا له‌و بڕوایه‌داین که‌ چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی وڵات له‌ ده‌ستی خه‌ڵکه‌ نه‌ک وڵاتانی ده‌ره‌وه‌.

به‌ڕێزیان به‌ ئاماژه‌ به‌ هه‌ڵوێست و لێدوانی جیاجیای به‌رپرسانی ئه‌مریکا وتیان: هه‌ندێک کات ده‌ڵێن دانووستانی بێ مه‌رج، جارێک 12 مه‌رج ڕاده‌گه‌یێنن، ئه‌مه‌ش بۆ شڵه‌ژاوی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ یان پیلانێکه‌ بۆ سه‌رقاڵ کردنی لایه‌نی به‌رامبه‌ر، ئه‌ڵبه‌ت ئێمه‌ فریو نادرێین له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ڕێگاکه‌مان ڕوونه‌ و ده‌زانین چی ده‌که‌ین.

حه‌زره‌تی ئایه‌تووڵا خامنه‌یی وتیان: ئه‌گه‌ر ئه‌مریکییه‌کان له‌م هه‌ڵوێسته‌ی خۆیان پاشگه‌ز ببنه‌وه‌ و په‌شێمانی خۆیان ڕابگه‌ێنن و بۆ ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی که‌ خۆیان پێشێلیان کردووه‌، بگه‌ڕێنه‌وه‌، ئه‌و کات له‌ چوارچێوه‌ی وڵاتانی به‌شدار له‌و ڕێکه‌وتنه‌ ده‌کرێت دانوستان بکرێت و ئه‌مریکاش به‌شدار بێت به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ش هیچ دانوستانێک له‌ هیچ ئاستێکدا له‌ گه‌ڵ ئه‌مریکییه‌کان ناکرێت.

به‌ڕێزیان ‌ ئاماژه‌یان دا به‌وه‌ی که‌ پیلانی دوژمنان به‌ درێژایی چوار ده‌یه‌ی ڕابردوو له‌ دژی کۆماری ئیسلامی ئێران شکستی هێناوه‌ و وتیان: سیاسه‌ته‌کانی ئه‌وان یه‌ک له‌ پاش یه‌ک له‌ دژی ئێران شکست دێنێت و لێره‌ به‌ دواش سه‌رکه‌وتن و شانازی بۆ گه‌ل و حکوومه‌تی کۆماری ئیسلامی ئێرانه‌.

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه