10:39 PM   IRAQ
TUESDAY, 15 OCTOBER 2019
 به په‌له |◀   ڕوانگه‌ی سووری بۆ مافه‌کانی مرۆڤ: هه‌سه‌ده‌ گونده‌کانی سه‌رێکانی کۆنترۆڵ کرده‌وه‌
SUNDAY, 6 OCTOBER 2019 - 11:39
مامۆستای زانکۆی لیۆنی فه‌ڕه‌نسا تایبه‌ت بۆ کوردپرێس؛
ڕێککه‌وتنه‌ ناته‌واوه‌که‌ی نێوان ئه‌مریکا و تورکیا کارتێکه‌ریی له‌سه‌ر دۆخی کورد ده‌بێت

به‌شی دیمانه‌/ جیهان- ئه‌مریکا ده‌یهه‌وێت ده‌ستی ده‌ستی به‌ تورکیا بکات و ئه‌ردۆغانیش ده‌یهه‌وێت دۆخی نه‌گونجاوی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی بقۆزێته‌وه‌.

کوردپرێس:

تورکیا و ئه‌مریکا چه‌ندین مانگ دانوستانیان ده‌رباره‌ی کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا له‌سه‌ر نزیکه‌ی یه‌ک له‌سه‌ر چواری خاکی ئه‌و وڵاته‌ له‌ نزیکی سنووره‌ باشوورییه‌کانی تورکیا ئه‌نجام دا که‌ له‌ ئه‌نجامدا له‌سه‌ر دانانی میکانیزمێک بۆ چاره‌کردنی نیگه‌رانییه‌کانی تورکیا له‌باره‌ی ئاماده‌بوونی کورد له‌ سنووره‌کانی باشووری ئه‌و وڵاته‌ ڕێککه‌وتن.

به‌پێی ڕێککه‌وتنه‌که‌ی به‌رواری 7ی ئه‌یلوولی 2019ی نێوان تورکیا و ئه‌مریکا، ناوه‌ندی ژووری ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شی نێوان تورکیا و ئه‌مریکا له‌ وڵاتی تورکیا دروست کرا و دوو لایه‌ن ده‌ورییه‌ی هاوبه‌شی ئاسمانی و وشکانییان له‌ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا ده‌ست‌پێکرد. هه‌روه‌ها، هێزه‌کانی کوردی سووریا له‌ ناوچه‌یێک به‌ قووڵاییی 5 بۆ 14 کیلۆمه‌تر له‌ نێوان شاره‌کانی گرێسپی و سرێکانی به‌ درێژاییی نزیکه‌ی 80 کم کشانه‌وه‌ و وێڕای تێکدانی سه‌نگه‌ره‌کانیان چه‌که‌ قورسه‌کانیشیان بۆ ناوچه‌یێکی دووره‌ده‌ست گواسته‌وه‌. هه‌روه‌ها بڕیار دراوه‌ پاش سه‌قامگیربوونی دۆخی ناوچه‌که‌ ژماره‌یێک له‌ ئاواره‌ سوورییه‌کانی نیشته‌جێی تورکیا به‌ شێوه‌ی خۆبه‌خشانه‌ بۆ سووریا بگه‌ڕێننه‌وه‌ و له‌ ناوچه‌ی ئارامی ئاماژه‌پێکراو جێگیر بکرێن.

به‌ڵام تورکیا ئه‌و کارانه‌ به‌ ناته‌واو ده‌زانێت و ته‌ئکید له‌سه‌ر دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام له‌ سه‌رجه‌م سنووره‌کانی سووریا ده‌کاته‌وه‌ که‌ له‌ژێر کۆنتڕۆڵی کورددایه‌. ئه‌و وڵاته‌ مکووڕه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ملیۆنان ئاواره‌ی سووری که‌ زۆربه‌یان دانیشتووی پێشووی ناوچه‌ی ئارامی ئاماژه‌پێکراو نیین له‌و ناوچه‌یه‌دا نیشته‌جێ بکات. ئه‌و کاره‌ که‌ مومکینه‌ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچه‌که‌ له‌ زه‌ره‌ری کوردی لێبکه‌وێته‌وه‌ به‌ره‌وڕووی دژایه‌تیی ئه‌وان بۆته‌وه‌. به‌م حاڵه‌شه‌وه‌ تورکیا هه‌ڕه‌شه‌ی کردووه‌ که‌ ئه‌گه‌ر شتێکی وا ڕوو نه‌دات ئه‌گه‌ری هێرشی سه‌ربازیی تورکیا بۆ سه‌ر ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا -که‌ ئه‌نقه‌ره‌ چه‌ندین مانگه‌ ئاماده‌کاری بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه ده‌کات‌- زۆره‌.

هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس بۆ لێکدانه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ دیمانه‌یێکی له‌گه‌ڵ دوکتۆر فابریس باڵانشه‌ شرۆڤه‌کاری کاروباری کورد و سووریا له‌ زانکۆی لیۆنی فه‌ڕه‌نسا ئه‌نجام داوه‌ و ئاگاداریی بۆچوونی ناوبراو له‌سه‌ر ڕێککه‌وتنه‌که‌ی نێوان ئه‌مریکا و تورکیا بووه‌ته‌وه‌.

دوکتۆر باڵانشه‌ له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی ئه‌مریکا هه‌مبه‌ر ڕێککه‌وتنه‌که‌ی ئه‌مدواییه‌ی له‌گه‌ڵ تورکیا به‌ کوردپرێسی گوت: "ئه‌مریکا ده‌یهه‌وێت ده‌ستی ده‌ستی به‌ تورکیا بکات و کات به‌فیڕۆ بدات. ساڵی 2018 دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا به‌ ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیای ڕاگه‌یاند که‌ هێزه‌کانیان له‌ سووریا ده‌کشێته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌و کاره‌ی نه‌کرد. له‌ ئێستادا تره‌مپ پڕۆژه‌ی دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارامی قبووڵ کردووه‌ به‌ڵام ئه‌م مه‌سه‌له‌ شتێک نییه‌ که‌ تورکیا به‌دواداچوونی بۆ بکات."

دوکتۆر باڵانشه‌ پێی وایه‌ که‌ مامه‌ڵه‌یێک له‌ نێوان تورکیا و ئه‌مریکا له‌سه‌ر کورد و هه‌روه‌ها هه‌نگاوی تورکیا بۆ کڕینی سیسته‌می به‌رگریی S-400ی ڕووسی له‌ئارادایه‌. مامۆستای زانکۆی لیۆنی فه‌ڕه‌نسا له‌مباره‌وه‌ گوتی: "به‌ له‌به‌رچاوگرتنی هه‌موو ئه‌م بابه‌تانه‌ ئه‌مریکا به‌ بۆنه‌ی کڕینی سیسته‌می به‌رگریی S-400ی ڕووسی له‌لایه‌ن تورکیاوه‌ سزای نه‌سه‌پانده‌ سه‌ر ئه‌و وڵاته‌. مومکینه‌ مامه‌ڵه‌یێکی ناڕاسته‌وخۆ و نافه‌رمی له‌ نێوان دۆناڵد تره‌مپ و ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان له‌ئارادا بێت. به‌م شێوازه‌ که‌؛ تره‌مپ به‌ ئه‌ردۆغانی وتووه‌ من تورکیا به‌ بۆنه‌ی کڕینی سیسته‌می به‌رگریی S-400ی ڕووسی سزا ناده‌م له‌ به‌رانبه‌ردا تۆش کوردی سووریا نه‌که‌ ئامانج."

شرۆڤه‌کاری کاروباری سووریا و کورده‌کان پێی وایه‌ که‌ تورکیا له‌ هه‌نگاوه‌کانی ئێستای ئه‌مریکا هاوپه‌یوه‌ند به‌ دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام له‌ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کورد ناڕازییه‌ و ده‌یهه‌وێت قۆستنه‌وه‌ له‌ پێگه‌ی نه‌گونجاو و لاوازی ئه‌م ڕۆژانه‌ی تره‌مپ بکات به‌بۆنه‌ی ئه‌گه‌ری لێپرسینه‌وه‌ی ناوبراو له‌و وڵاته‌ و ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی بۆ سه‌ر ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا ئه‌نجام بدات. فابریس باڵانشه‌ له‌مباره‌وه‌ زیادی کرد: "ئه‌ردۆغان ناڕازییه‌ و سه‌رۆک کۆماری تورکیا باش ده‌زانێت له‌ ڕێگای که‌مپینێک که‌ ئه‌م ڕۆژانه‌ دژی تره‌مپ له‌ ئه‌مریکا به‌ڕێخراوه‌ دۆخی ناوبراو باش نییه‌. که‌واته‌ مومکینه‌ هێرش بکاته‌ سه‌ر هه‌ندێک ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کورد وه‌ک ته‌ل ئه‌بیه‌ز که‌ زۆربه‌ی حه‌شیمه‌ته‌که‌ی عه‌ره‌بن."

ناوبراو له‌باره‌ی بانگهێشت نه‌کردنی کورد بۆ لیژنه‌ی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری نوێی سووریا گوتیشی: له‌م ساڵانه‌دا کورد به‌شداری له‌ دانوستانه‌کانی سووریا نه‌کردووه‌ و به‌م مانایه‌یه‌ که‌ ئه‌وان هیچ بایه‌خێکیان نییه‌ و لایه‌نه‌کانی به‌شداربووی دانوستانه‌کان وه‌ک ئه‌کته‌رێک بۆ کورده‌کانی سووریا ناڕوانن که‌ نزیکه‌ی یه‌ک له‌سه‌ر چواری خاکی سووریایان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌.

مامۆستای زانکۆی لیۆنی فه‌ڕه‌نسا وه‌ک نموونه‌ ئاماژه‌ به‌ دۆخی پۆڵه‌ندییه‌کان له‌ ماوه‌ی دانوستانه‌کانی سۆڤییه‌ت، به‌ریتانیا و ئه‌مریکا له‌ کۆنفڕانسی یاڵتا له‌ ساڵی 1945 ده‌کات که‌ له‌سه‌ر گۆڕینی سنووره‌کانی پۆڵه‌ندا دانوستانیان کرد ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدا بوو که‌ پۆڵه‌ندا یه‌ک له‌ قوربانییانی سه‌ره‌کیی هێرشی ئه‌ڵمانیا له‌ کاتی هیتله‌ر بوو. پێده‌چێت ئه‌م بابه‌ته‌ش له‌باره‌ی کوردی سووریاشه‌وه‌ ڕوو بدات.

هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس باسی له‌وه‌ کرد که‌ تورکیا هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر هه‌بوونی ئیداره‌ی خۆسه‌ری کوردی ده‌کات و ده‌وڵه‌تی سووریاش هه‌وڵه‌کانی بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ناوچه‌کانی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا چڕ کردۆته‌وه‌ که‌واته‌ ئه‌مریکا ده‌توانێت چ کارێک بۆ کورده‌کان بکات و دوکتۆر باڵانشه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ زیادی کرد: "ئه‌گه‌ر ئه‌مریکا ده‌یهه‌وێت به‌رگری له‌ هاوپه‌یمانانی کوردی خۆی له‌ باکووری سووریا بکات ده‌بێ له‌ ناوچه‌که‌ بمێنێته‌وه‌ و هێزێکی زیاتر ڕه‌وانه‌ی باکووری سووریا بکات و سه‌رمایه‌دانه‌رییێکی زۆرتر بۆ گه‌شه‌پێدانی ناوچه‌که‌ ئه‌نجام بدات."

وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌: به‌شی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس

 

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه