10:44 PM   IRAQ
TUESDAY, 15 OCTOBER 2019
 به په‌له |◀   ڕوانگه‌ی سووری بۆ مافه‌کانی مرۆڤ: هه‌سه‌ده‌ گونده‌کانی سه‌رێکانی کۆنترۆڵ کرده‌وه‌
SUNDAY, 6 OCTOBER 2019 - 16:16
زەریف: دەبێت حکوومەتی ناوەندیی سووریا بگەڕێتەوە سنوورەکانی

بەشی ئێران- حکوومەتی ناوەندیی سووریا دەبێت بگەڕێتەوە سنوورەکانی، ئەمە قسەی وەزیری دەرەوەی ئێرانە، ئەو دەڵێت، ئەمریکا کوردی سووریا بەکار دەهێنێت و لە هەوڵداین لەگەڵ هەرێمی کوردستان و تورکیا و سووریا کێشەی کورد لە سووریا چارەسەر بکەین.

کوردپرێس:

ڕۆژی یەکشەمە 14ی ڕەزبەری 1398 بەرانبەر بە 6ی تشرینی یەکەمی 2019، محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ وەڵام دانەوەی پرسیاری پەرلەماتاران چووە پەرلەمانی ئەو وڵاتە و لە بەشێکی قسەکانیدا باسی ڕوانگە و سیاسەتی ئێرانی کرد لە بەرامبەر کوردستانی سووریا.

وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: "هەڵوێستی ئێمە زۆر ڕوونە، ئێمە رامانگەیاندووە تەنیا رێگەی سەقامگیری و پاراستنی ئاسایشی تورکیا، بوونی سەربازی حکومەتی ناوەندیی سووریایە لە ناوچە سنوورییەکان و بەپێی رێککەوتنی ئادانا ئەو کارە دەکرێت. بەڵام لەڕێگەی هەنگاونان دژی یەکپارچەیی و سەروەریی سووریا ناکرێ ئاسایش دابین بکرێت.

زەریف بە ئاماژەدان بەوەی ئەوە سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و لە دانیشتن و دیدارەکان لەگەڵ "دۆستانی تورکمان" ئەو قسانەمان کردووە، گوتی: لە کۆبوونەوەکانی ئاستانە، سەرۆککۆمار (رووحانی) راشکاوانە ئەو پرسەی خستووەتە ڕوو و لە کۆبوونەوەی ئەمدواییەی ئیستەنبووڵیش ئەو پرسەی بە راشکاوانە باس کردووە".

وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: "بەدڵنیاییەوە کۆماڕی ئیسلامیی ئێران بڕوای وایە، ئاسایشی ناوچەکە بە جێبەجێکردنی دوو بناغە دابین دەکرێت، یەکەمیان رێزگرتنە لە سەروەریی و یەکپارچەیی خاک و ئاسایشی هەموو وڵاتانی ناوچەکە و دووەمیش پاراستنی مافی هەموو دانیشتووانە بەتایبەت خوشکان و برایانی کوردمان. ئێمە لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ سووریا و تورکیا جەختمان کردووەتەوە و پێداگری دەکەین و ئامادەییی خۆشمان دەربڕیوە، هاوکاری بکەین بۆ ئەوەی حکوومەتەکانی سووریا و تورکیا بتوانن ئەو کێشەیە بەپێی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان و بە ئامادەبوونی هیزە سوورییەکان و بە پاراستنی شکۆی دانیشتووانی ئەو ناوچەیە، چارەسەر بکەن".

زەریف لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "تیرۆریزم هیچ شوێنێکی لە ناوچەکەی ئێمە نییە و کەس نابێت رێگە بدات تیرۆریستەکان لە خاکی وڵاتەکەیانەوە هێرش بکەنە سەر کەسانی دیکە".

وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی هەوڵ دەدات بە پشتیوانی لە گرووپێکی کوردی سووریا بەکاریان بهێنێت و وەک سەربازی خۆیان کەڵکیان لێ وەرگرێت گوتی: "هەڵبەتە ئەم پرسە بچووکە و برایان و خوشکانی ئێمە لە سووریا بەدڵنیاییەوە دژی ئەو هەنگاوەن و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە عێراق بەشێوەی فەرمی ئەو سیاسەتەیان قبوڵ نییە. ئێمە هەوڵدەدەین بە هاوکاری لەگەڵ هەرێمی کوردستان و حکومەتی سووریا و هەموو گرووپەکانی کورد لە سووریا ئەو کێشەیە بە هەماهەنگی لەنێوان هێزە سەربازییەکانی سووریا و تورکیا و بەبێ دەردەسەری بۆ کورد و عەرەبی ناوچەکە، چارەسەر بکەین".

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه