11:06 PM   IRAQ
TUESDAY, 15 OCTOBER 2019
 به په‌له |◀   ڕوانگه‌ی سووری بۆ مافه‌کانی مرۆڤ: هه‌سه‌ده‌ گونده‌کانی سه‌رێکانی کۆنترۆڵ کرده‌وه‌
SUNDAY, 6 OCTOBER 2019 - 23:33
دوورنواڕی خۆپیشاندانەکانی عێراق؛ کابینەکەی عەبدولمەهدی گەشتۆتە لێواری ڕووخان؟/ حەسەن ساڵحی

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- تایبەتمەندییەکانی عێراقی فرەڕەنگ وای کردووه ئەو وڵاتە ببێتە ئاوێنەی هەستیاری و نیگەرانییەکان لەبارەی ئایندەی سیاسیی عێراق و ئەوەش پەیوەستە بە دوو هۆکاری سەرەکی. یەکەم: دەوربینینی چەندین دەسەڵاتی هەرێمی و سەرووهەرێمی بە بەرژەوەندیی جیاجیا و تەنانەت دژەیەک. دووهەم: بوونی چەندین هێزی سەربازی و میلیشیا بە وابەستەییی حیزبی و قەومی و ئاینیی جیاجیاوە.

کوردپرێس:

لە کاتێکدا کەمتر لە یەک مانگی ماوە کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی ساڵی بە سەردا بێتەوە و سەرکەوتن بە سەر تیرۆریستانی داعش لە عێراق جێگیر بکرێت و پێوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و عالەمی دەوڵەمەند بکرێت، دەنگی ناڕەزایی و خۆپیشاندان لە گۆڕەپانی تەحریری بەغداوە بەرز بۆتەوە و لە زۆر پارێزگای ناوەڕاست و باشووری عێراقیشدا پەرەی سەندووە.

شەقامەکانی شاری بەغدا و زۆرینەی پارێزگاکانی ناوەند و باشووری عێراق بە زیقار و میسان و قادسیە و واسیت و بابل و نەجەف و کەربەلا و بەسرە و مەسنا و دیالە و تەنانەت کەرکووکیش لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا گۆڕەپانی خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕینی هاووڵاتییان بەرانبەر بە گەندەڵی و نەبوونی هەلی کار و نەبوونی خزمەتگوزاری و زۆر شتی تریش. هەندێک جاریش خۆپیشاندانەکان تێکهەڵچوون و لێدانی هاووڵاتییان و هێزە ئەمنییەکانی لێکەوتۆتەوە و هەر ئەو دۆخەش بە دەیان کەس کوژراون و هەزاران کەسی دیکەش بریندار بوون.

ناڕازییان داوای ئەنجامدانی چاکسازیی ڕیشەیی و بەرپەرچدانەوەی گەندەڵی و لەکارلادانی بەرپرسە گەندەڵەکان و تا ڕادەیێکیش داوای لەکارلادانی کابینەکەی عەبدولمەهدی دەکەن.

عێراق کۆی 19 پارێزگا لە خۆ دەگرێت و ناڕەزاییەکان لە نیوەی ئەو 19 پارێزگایە تەشەنەی سەند؛ بۆیەش عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی عێراق قەدەغەی هاتوچۆ و ڕێوشوێنی ئەمنیی لە پێتەختی ئەو وڵاتە و چەند پارێزگایێکی دیکەش ڕاگەیاند.

مەرجەعی ئاینی پشتگیریی خۆپیشاندەران دەکات و پشتگیریی لەکارلادانی دەوڵەت ناکات

ئەحمەد سافی نوێنەری ئایەتوڵڵا سەید عەلی سیستانی لە کەربەلای پیرۆز، لە وتاری نوێژی جومعەی ڕابردوو لە بارەگای ئیمام حوسێن بەیاننامەیێکی خوێندنەوە و لە ڕێگەی بەیاننامەکەوە ڕوانگەی مەرجەعەی باڵای شیعەکانی عێراقی لەبارەی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی عێراق ڕوون کردەوە. مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق داوای لە لایەنە عێراقییەکان و لایەنەکانی دەسەڵات کرد ڕوانینی خۆیان بەرانبەر بە کێشەکانی ئەو وڵاتە بگۆڕن و هەنگاوی جدی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و بەرپەرچدانەوەی گەندەڵی ببڕن و لە ئیدارەدانی وڵاتدا واز لە پشک پشکێنە و کاکە و مامە بهێنن. مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق هۆشداری بەو کەسانەش داوە کە ڕێگری لە ئەنجامدانی چاکسازی دەکەن و دڵیان بەوە خۆش کردووە کە دواکارییەکان بۆ چاکسازی کەم بکەنەوە. لە بەیاننامەکەی ئایەتوڵڵا سیستانیدا لەو بارەیەوە نووسراوە چاکسازی زەروورەتێکی حاشاهەڵنەگرە و ئەگەر بێتوو ئێستا داواکارییەکان بۆ چاکسازی سەرکوت بکرێت ئەوا لە کاتێکی دیکەدا بە ڕێژەیێکی زیاتر و مەترسیدارتر سەر هەڵدەداتەوە.

ئایەتوڵڵا سیستانی داوای لە هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کردووە بە کرداری کار بۆ چاکسازی بکەن و جەختیشی کردۆتەوە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەسەڵاتی یاسادانەری و چاوەدێریی خۆی ئەرکە قورسەکەی کەوتۆتە سەر شان.

مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق پێداگریی لە سەر ڕۆڵی دەسەڵاتی داد و دامەزراوە چاوەدێرییەکان بۆ بەرپەرچدانەوەی گەندەڵی و وەرگرتنەوەی سامانی هاووڵاتییان لە بەرپرسە گەندەڵەکان و دەوری دەوڵەت بۆ پێدانی خزمەتگوزاریی گشتی و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ هاووڵاتییانی بێکار و خۆپاراستن لە خزم خزمێنە لە پۆستە دەوڵەتییەکان کردەوە. ئەوەی لە هەڵوێستی مەرجەعی باڵای شیعەکاندا نەبینراوە ئەوەیە پێچەوانەی داواکاریی بەشێک لە خۆپیشاندەران، پشتگیریی لەکارلادانی دەوڵەتی عەبدولمەهدی نەکراوە و بەپێچەوانەوە ئەرکی سەرەکیی بەدواداچوون بۆ چاکسازییەکان خراوەتە ئەستۆی کابینەکەی عەبدولمەهدی.

پاش هەڵوێست وەرگرتنەکەی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە لە چەندین وتار و لێدواندا پلانەکانی دەوڵەتی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و باشترکردنی وەزعی هاووڵاتییان ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند سێحر و جادوویان پێناکرێت و ناتوانن لە ماوەی یەک ساڵدا هەموو کێشەکان چارەسەر بکەن.

عادل عەبدولمەهدی لە وتارەکانیدا تیشکی خستۆتە سەر دەستکەوتەکانی کابینەکەی خۆی  لە هەموو بوارە ئەمنی و سیاسی و ئابوورییەکان و جەختیشی کردۆتەوە دەوڵەتی فیدراڵی عێراق پێبەندە بە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی خۆی و پڕۆژەیێکی چاکسازیی تۆکمەش ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات.

لەم نێوانەدا موقتەدا سەدر پێشەوای ئاینیی خاوەن نفووزی شیعە لە عێراق کە لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی ڕابردووی عێراق سەرۆکایە

تیی هاوپەیمانیی سائیروونی کردووە و زیاترین کورسیی پەرلەمانی مسۆگەر کردبوو ڕۆژی هەینی داوای کردبوو بایکۆتی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بکرێت و هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق ئەنجام بدرێت.

ئایا پیلانێک بەڕێوەیە؟

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، لەکارلادنی ژنەراڵ عەبدولوەهاب ساعدی فەرماندەی دژەتیرۆری عێراق وەک کەسایەتییێکی خۆشەویستی جەماوەر و خاوەن پێگەی جەماوەری لە عێراق شەمچەی هەڵگیرسانی ئاگری ئەم خۆپیشاندانانەی عێراقە.

فەریق ساعدی چەند ڕۆژێک پێش سەرهەڵدانی ناڕەزاییەکان ڕایگەیاند عادل عەبدولمەهدی فەرمانی لەکارلادانی واژۆ کردووە فەرمانی پێکردووە لە دایرەیێکی وەزارەتی بەرگری کار بکات. بە وتەی فەریق ساعدی، بڕیارەکەی عەبدولمەهدی لە سەر داوای ژێربەژێری ژنەراڵ تالیب شغاتی فەرماندەی دەزگای دژەتیرۆر دەرکراوە

ئەو فەرماندە بەرجەستە عێراقییە گوتیشی بە عەبدولمەهدیی گوتووە کە ئاڵوگۆڕپێکرانی بۆ بەشێکی ناوخۆییی وەزارەتی بەرگری سووکایەتی کردنە بە پلەی سەربازی و ئەو خزمەتەی لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا کردوویەتی بۆیە داوای لە سەرۆکوەزیران کردووە لە جیاتی گواستنەوەی بۆ وەزارەتی بەرگری باشتر وایە خانەنشینی بکات. ساعدی دەڵێت: من کەسایەتییێکی سەربازیم و نازانم هۆکاری ئەم بڕیارە سەیرەی ئاڵوگۆڕپێکرانم چییە. پێشتر محەمەد حەلبووسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێشنیازی پێکردم وەزارەتی بەرگریی عێراق قبووڵ بکەم بەڵام من پێشنیازەکەم ڕەت کردەوە و لە وەڵامدا گوتم من کەسێکی سەربازیم و پێم خۆشە ئەرکێکی فەرماندەییی سەربازی ڕاپەڕێنم.

فەریق ساعدی فەرماندەیێکی بەرجەستەی ئوپەراسیۆنی ئازادکردنی عێراقە لە بندەست تیرۆریستانی داعش و خاوەن پێگەی جەماوەریی بەهێزە لە نێو هاووڵاتییانی عێراقی و بەتایبەتی لە ناوچە ئازادکراوەکانی ئەو وڵاتە. ناوبراو ڕاستەوخۆ لە ئازاد کردنی چەند شاری عێراق و بەتایبەتی لە ئازادکردنی تکریت و ئازادکردنی مووسڵدا دەوری گرینگی بینیوە و هەر بەو بۆنەیەشەوە زۆر کەس بە قارەمانی دەزانن. هەندێک زانیارییش باس لەوە دەکەن کە ئەو کەسایەتییە شیعەیە بەڵام سوننەکان پەیکەریان لێ ساز کردووە ئەوەش دەیسەلمێنێت کە ناوبراو لای هەردوو لایەنی شیعە و سوننەی عێراقی خۆشەویستە.

پاش لەکارلادانی ئەو فەرماندەیەی سوپای عێراق هەشتاگێک بە ناوی "كلنا_عبد_الوهاب_الساعدي" (هەموومان عەبدولوەهاب ساعدین) کەوتە سەر زاری عێراقییەکان و لە ژێر ئەو هەشتاگە وێنە و گرتەی ڤیدیۆیییان نمایش دەکرد کە لە ئوپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵدا ئەو فەرماندە سەربازییە یارمەتیی هاووڵاتییانی مەدەنی دەدات.

لە لایێکی دیکەشەوە ژمارەیێک لە چاودێران و کەسایەتییە سیاسییەکان و بەتایبەتی لایەنی سەر بە دەوڵەتی ئێستا، سەرهەڵدانی ناڕەزاییەکان لە عێراق دەگێڕنەوە بۆ جەمسەربەندیی هەرێمی و دەیبەستنەوە بە پلانی ژێربەژێر و ئەو دیوی پەردە و دەڵێن ئامانجی خۆپیشاندانەکانیش ئەوەیە کابینەکەی عەبدولمەهدی بڕووخێت. بە گوێرەی ئەم خوێندنەوەیە بێت ناڕەزاییەکان لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکا و سعوودیەەوە داڕێژراوە.

ئەگەرچی ئەم خوێندنەوەیە هەموو ڕاستییەکان ناخاتە ڕوو بەڵام هەڵگری کۆمەڵێک ڕاستییە. بۆ نموونە دەیسەلمێنێت کە تەلئەبیب و ڕیاز و واشەنتن لە سیاسەتی دەرەوەی عێراق و هەروەهاش عیلاقاتی ناوخۆی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بەتایبەتی نزیکبوونی لە ئێران ڕازی نین و لە ئاگرخۆشکردن بۆ ناڕەزاییەکانیش لە هیچ کارێک دریخی ناکەن. بە هەموو ئەمانەشەوە نابێت هۆکارە نێوخۆییەکانیش ئیهمال بکرێن چوونکە دەوری زۆریان بینیوە لە ناڕەزاییەکانی ئەم دواییەی عێراق.

عێراق لەباری سیاسییەوە حەوتەم وڵاتی ناسەقامگیری جیهانە و لەباری گەندەڵیی ئابوورییشەوە وڵاتی دوازدەهەمە لە سەر ئاستی جیهان. ئەوەش وای کردووە هاووڵاتییانی عێراقی بە هەژاری و بێکاری بژین و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بە شێوەی شایستە وەرنەگرن. بۆ نموونە ڕۆژانە 10 بۆ 12 کاژێر لە کارەبا بێ بەرین و خۆمەتگوزاریی تەندروستیی پێویستیان پێنادرێت؛ ئەوەش لە کاتێکدا وڵاتەکەیان خاوەن سامانێکی هەرە زۆرە و ڕۆژانە لە سێ بۆ پێنج ملوێن بەرمیل نەوت دەفرۆشێت.

بێدادی و بێکاری و کاکە و مامەکردن کە ڕێژەکەی تا 40 لە سەدیش بەرز بۆتەوە لەو هۆکارانەن کە بەستێنی سەرهەڵدانی ناڕەزاییەکانیان فەراهەم کردووە و هاووڵاتییانی عێراقی لە بەرهەمهێنانی ناوخۆییدا دەکەونە ڕیزی دوایین وڵاتانی جیهان و لە پلەی 136 خۆیان دەبیننەوە.

هاووڵاتییە عێراقییەکان و بەتایبەتی شیعەکان دژی گەندەڵی و بێ کارنامەیی و بێدادی دەنگیان بەرز کردۆتەوە و هەر ئەم ناڕەزایییەش زەمینەی فەراهەم کردووە هەندێک لایەنی سیاسی و بەتایبەتی دژبەرانی دەوڵەتی ئێستا سواری شەپۆلەکە ببن و هەلەکە بقۆزنەوە. دیارە دەوڵەتەکەی عەبدولمەهدی لە لایەن هیچ فراکسیۆنێکی پەرلەمانەوە پشتگیری نەکراوە و خۆشی حیزب و هاوپەیمانیی سیاسیی نیە و هەر ئەوەش وای کردووە عەموودەکانی ئەم دەوڵەتەی عەبدولمەهدی لەرزۆک بێت.

نەبوونی قیادە لە خۆپیشاندانەکان و بۆشاییی یەکخستنی دەنگە ناڕازییەکان و هەلقۆستنەوەی ژمارەیێک لە لایەنەکان

ئەگەرچی هۆکارە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی سەرهەڵدانی ئەم ناڕەزایییە ئاشکرایە بەڵام نەبوونی قیادەی سیاسی بۆ یەکخستنی دەنگە ناڕازییەکان بە ڕوونی دەبینرێت و تا ئێستا هیچ حیزب و لایەنێکی فەرمی پشتگیریی ئەم ڕەوتەی نەکردووە و دۆخی ئێستا ئەو هەلە دەڕەخسێنێت کە ئەوەی بەرژەوەندیی لەم وەزعەدایە هەلقۆستنەوە لە دۆخەکە بکات.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەو لایەنانەی سەر بە ڕەوتی بەعسی و پان عەرەبەکانن پشتگیریی ناڕەزایییەکانیان کردووە و هەوڵ دەدەن پەرە بەم وەزعەش بدەن و هاوکات بە دروشمی دژایەتیی گەندەڵی و دەوڵەت، دروشمی دژی ئێرانیشیان گوتووە بەڵام هەموو خۆپیشاندەران لەگەڵ ئەم ڕەوتە نەبوون. لە لایێکی دیکەشەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەت لایەنەکانی سەر بە سعوودیە و عەرەبە توندڕەوەکان دروشمی دژ بە ئێران خاڵی بەرجەستەی خۆپیشاندانەکان بوو.

ناڕەزاییەکان بۆتە هۆی نیگەرانیی کوردەکان. نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیێکدا کاردانەوەی بەرانبەر بەم ڕووداوانە پیشان داوە و ئاماژەی بەوەش کردووە کە کێشەکانی ئێستای عێراق ئەنجامی چەندین ساڵ سیاسەتی سەقەتی دەوڵەتەکانی پێشووترە و دەشڵێت تێکدانی ئاسایش و ئەمنی عێراق هەرگیز کێشەکان چارەسەر ناکات بەڵکوو بە عەکسەوە زیانی بۆ هەموو عێراقییەکان دەبێت.

بارزانی هۆشداریی ئەوەشی داوە کە عێراق کەوتۆتە قۆناغێکی هەستیارەوە و پێویستی بە ئاسایش و سەقامگیریی سیاسی هەیە و بشێوە و تێکدانی ئاسایش و لەدەستدانی کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە، عێراق بەرەو ئاقارێکی خراپتر پەلکێش دەکات و ئەمەش هەرگیز یارمەتیی چارەکردنی کێشەکان نادات بەڵکوو تەنها زیانی بۆ هەموو عێراقییەکان دەبێت.

کورد تاکە لایەنی پەرلەمانی عێراقە کە بە تەواوەتی و بەهەموو لیستە کوردستانییەکان پشتگیریی کابینەکەی عەبدولمەهدییان کردووە و سەقامگیرترین قۆناغێکی پێوەندیی نێوان هەولێر و بەغداش لەم دەوڵەتەی عەبدولمەهدیدا هاتۆتە ئاراوە. کۆمەڵێک تەوەری گرینگ هەن کە بۆتە هۆی نیگەرانیی کورد لەم خۆپیشاندانەی عێراق. نموونەی ئەو تەوەرە گرینگانە ئەمانەن: گفتوگۆی هەولێر و بەغدا لە سەر بودجەی 2020ی عێراق و پشکی هەرێمی کوردستان لەو بودجەیە بەردەوامە، مەلەفی نەوت و کێشەی داهاتی نەوت بەردەوامە، داهاتووی سیاسیی عێراقی فیدراڵ و کابینەی داهاتووی دەوڵەت ناڕوونە...

ئەم دەوڵەتەی ئێستا بەدیلی هەیە؟

تایبەتمەندییەکانی عێراقی فرەڕەنگ وای کردووه ئەو وڵاتە ببێتە ئاوێنەی هەستیاری و نیگەرانییەکان لەبارەی ئایندەی سیاسیی عێراق و ئەوەش پەیوەستە بە دوو هۆکاری سەرەکی. یەکەم: دەوربینینی چەندین دەسەڵاتی هەرێمی و سەرووهەرێمی بە بەرژەوەندیی جیاجیا و تەنانەت دژەیەک. دووهەم: بوونی چەندین هێزی سەربازی و میلیشیا بە وابەستەییی حیزبی و قەومی و ئاینیی جیاجیاوە. لەم قۆناغەی ئێستا هیچ بەدیلێک بۆ ئەم دەوڵەتەی عێراق وێنا ناکرێت و ئەگەر گۆڕانێکی ئەتۆش بکرێت دیموکراسیەتی تەوافوقی لە عێراق ساحەی سیاسیی ئەو وڵاتە پەلکێشی قۆناغێکی ئاڵۆز و مەترسیدار دەکات کە گەیشتن بە ڕێککەوتنی هەموو لایەنەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ جارێکیتر توانا و وزەی ئەو وڵاتە سەرفی پشک پشکێنەی لایەنە سیاسییەکان دەکات و پڕۆسەی چاکسازی و گۆڕانکارییە ئابوورییەکان دەوەستێنێت. ڕەنگە هەر ئەم نیگەرانییە بووبێتە هۆی ئەوەی مەرجەعی ئاینیی عێراق ئەگەرچی پشتگیریی دەنگی ناڕازیی کردووە بەڵام لەگەڵ ئەوەش داوای لەکارلادانی دەوڵەتی نەکردووە و ئەرکی ئەنجامدانی چاکسازیی خستۆتە ئەستۆی هەمان دەوڵەت کە لە سەر شەقام هاوار بۆ ڕووخاندنی دەکرێت. لە لایێکی دیکەشەوە عەبدولمەهدی ڕایگەیاندووە کە ئامادە نیە دەست لە کار بکێشێتەوە و پێکهاتەی دەسەڵات لەم قۆناغەی ئێستادا بڕیار نیە گۆڕانی بەسەردا بێت و تەنها یەک ڕێگا وێنا دەکرێت ئەوەش بەردەوام بوونە لەسەر چاکسازیی جدی و بەرپەرچدانەوەی ڕژدانەی گەندەڵی و بەردەوام بوون لە سەر ڕێککەوتنی سیاسی بە بەشداریی هەموو پێکهاتە عێراقییەکان.

لە ئەنجامدا دەبێت بڵێین ناڕەزایییەکانی ئێستای عێراق ڕەوتێکی هەورئاسایە و پێشبینی ناکرێت و ئەکتەری ناوخۆ و بیانی هەوڵ دەدەن بە گوێرەی بەرژەوەندیی خۆیان بەلایێکیدا بەرن. خاڵی یەکلاکەرەوەی ئەم دۆخەش کارنامەی دەوڵەتە کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم شەقام جووڵانە و لەگەڵ ئایندەی عێراق دەکات.

 

کۆدی هەواڵنێر: 60101

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه