10:40 PM   IRAQ
TUESDAY, 15 OCTOBER 2019
 به په‌له |◀   ڕوانگه‌ی سووری بۆ مافه‌کانی مرۆڤ: هه‌سه‌ده‌ گونده‌کانی سه‌رێکانی کۆنترۆڵ کرده‌وه‌
MONDAY, 7 OCTOBER 2019 - 13:36
کارناسی سیاسیی سووریا تایبەت بۆ کوردپرێس:
لەبارەی کشانەوەی هاوپەیمانان دەبێت چاوەڕێی بەیاننامەی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا بین/ شەڕێکی قورس لە باکووری سووریا ڕوودەدات

بەشی سووریا- کارناسی سووری دەڵێت: دەبێت چاوەڕێی بەیاننامەی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا لەبارەی کشانەوەی هێزی هاوپەیمانان بین، فەرماندە ئەمەریکییەکان کاریگەریی زۆریان لەسەر بڕیارەکانی ترەمپ دەبێت.

ئەگید شێخ ئەحمەد ئاماژەی دا بە کشانەوەی هێزی هاوپەیمانان لە گرێسپی و سەرێکانی و بە کوردپرێسی وت: سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ هاوپەیمانان لە دوو خاڵی گرێسپی و سەرێکانی کشانەوە. ئەم هەوڵەی هاوپەیمانان پاش پێوەندیی تەلەفۆنیی شەوی ڕابردووی ترەمپ و ئەردۆغان ڕوویدا. لە بەرامبەردا هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەم هەوڵەی ئەمەریکایان پێچەوانەی بەڵێنەکانی ئەو وڵاتە لە شەڕی تیرۆردا وەسف کرد.

ئەم کارناسە سیاسییە زیادی کرد: ئەنجومەنی سووریای دیموکرات ڕایگەیاندووە ئەم هەنگاوە، هەنگاوێکی هەڵەیە و ئێمە تا دوا هەناسە ڕێگری لە داگیرکارییەکانی تورکیا دەکەین.

ئەگید شێخ ئەحمەد شرۆڤەکاری سووری وتیشی: ترەمپ دووبارە بڕیارێکی بەپەلەی دەرکرد بەڵام بینیومانە کە پێشتر لە هەندێک لە بڕیارەکانی پاشگەز بووەتەوە، چوونکە بڕیارەکە لەدژی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکادایە.

ناوبراو زیادی کرد: هێشتا قاعیدە و داعش لە ناوچەکانی باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بوونیان هەیە. لەلایێکی دیکەوە کشانەوەی ئەمەریکا لە سووریا هاوکاتە لەگەڵ بەهێزتر بوونی ڕەقیبەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچەکە و گۆڕینی هاوسەنگیی لە ڕۆژهەڵاتی فورات لە بەرژەوەندیی ڕووسیا.

شرۆڤەکارە سوورییەکە زیاتر وتی: ڕۆڵی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا لەم بابەتەدا زۆر گرینگە. ڕۆژی ڕابردوو وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا هەر چەشنە هەڵمەتێکی سەربازیی تورکیای لە باکووری سووریا ڕەت کردەوە و بڕیارەکەی دوێنێ شەوی ترەمپیش ئەگەری هەیە بە بێ ڕەزامەندیی فەرماندە باڵا سەربازییەکانی ئەمەریکا بێت.

ئەگید شێخ ئەحمەد دەیشڵێت هێشتا لە ئەمەریکا ڕۆژ نەبووەتەوە و ئێمە دەبێت چاوەڕێی بەیاننامەی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا بین و هەروەها چاوەڕێی بەرپرسانی دیکە و هێزی هاوپەیمانان بین.

ئەم کارناسە سووریە ئاماژەی دا بە ڕەهەندەکانی هێرشی تورکیا و وتی: لە ڕاستیدا هەر هێرشێکی نوێ دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی شەڕێکی درێژخایەن لە سووریا و ڕۆڵی ڕووسیا و ئێران پڕڕەنگ دەبێتەوە و ئەمەش لە بەرژەوەندیی ئەمەریکادا نییە.

ناوبراو زیادی کرد: باسێکی دیکە ئەمەیە پاش کشانەوەی ئەمەریکا چین دەتوانێت لەڕێگای ڕێڕەوەکانی ڕۆژهەڵاتی سووریاوە دەستی بگاتە بازاڕەکانی سووریا و دەریای ڕەش و ئەمەش لە شەڕی ئابووری ئەمەریکا و چیندا خەسار لە ئەمەریکا دەدات.

ئەگید شێخ ئەحمەد لە کۆتاییدا جەختی کردەوە دەبێت چاوەڕوانی بڕیاری بەرپرسانی پێنتاگۆن و فەرماندە باڵاکانی ئەمەریکا بین و لەلایێکی دیکەوە ترەمپ بەتەنها بۆی نییە لەبارەی پرسە ستراتێژیکەکانەوە بڕیار بدات و ڕای کۆنگرە زۆر گرینگە.

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113 

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه