01:58 PM   IRAQ
SATURDAY, 22 SEPTEMBER 2018
 به په‌له |◀   مامۆستایانی ناڕازی داوای هەڵوەشاندنەوەی تەواوی پاشەكەوتی مووچە دەكەن
هادی عه‌لی سکرتێری مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کگرتووی ئیسلامی:
لایه‌نه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌کانی هه‌رێمی کوردستان ئه‌نجامی ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان قبووڵ ناکه‌ن

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- هادی عه‌لی سکرتێری مه‌کته‌بی سیاسی و وته‌بێژی یه‌کگرتووی ئیسلامیی کوردستان گفتوگۆیێکی له‌گه‌ڵ ئاژانسی کوردپرێس کردوووه‌ و گوتوویه‌تی: پڕۆسه‌ی ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستیی ده‌نگه‌کانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌ سلێمانی بایکۆت ده‌که‌ن.

کوردپرێس- پاش که‌رکووک پڕۆسه‌ی ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 9ی ته‌مووز له‌ سلێمانی ده‌ستی پێکرد و شه‌ش لایه‌نی ئۆپۆزیسیۆن ڕاگه‌یێندراوێکیان ده‌رکرد و به‌پێی ئه‌و ڕاگه‌یێندراوه‌ش ناڕه‌زاییی خۆیان به‌رانبه‌ر به‌ پڕۆسه‌ی ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان له‌ سلێمانی ڕاگه‌یاند که‌ شه‌ش حیزبه‌که‌ بریتی بوون له‌: یه‌کگرتووی ئیسلامیی کوردستان، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، کۆمه‌ڵی ئیسلامیی کوردستان، هاوپه‌یمانی بۆ دیموکراسی و دادپه‌روه‌ری، بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی کوردستان و حیزبی شیووعی.

هادی عه‌لی سکرتێری مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کگرتووی ئیسلامیی کوردستان تیشکی خستۆته‌ سه‌ر بایکۆت کردنی پڕۆسه‌ی ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستیی ده‌نگه‌کان له‌ پارێزگای سلێمانی و له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ هه‌واڵنێری کوردپرێسی وتوووه‌: ئه‌گه‌رچی یاسای دووباره‌ ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستیی تێکڕای ده‌نگه‌کان په‌سه‌ند کرا و ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه‌ش له‌لایه‌ن دادگای فیدڕاڵی عێراقه‌وه‌ پشتڕاست کرایه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌نجومه‌نی کۆمیساران که‌ له‌ دادوه‌ره‌کان پێکهاتبوو پێبه‌ند نه‌بوون به‌ جێبه‌جێ کردنی یاساکه‌ و بڕیاریان دا به‌ ژماردنه‌وه‌ی ته‌نها به‌شێکی سنوورداری سندۆقه‌کانی ده‌نگدان.

ناوبراو گوتیشی: سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی حیزبه‌کان تانه‌یان له‌ 452 سندۆقی ده‌نگدان دابوو به‌ڵام ته‌نها ده‌نگی 188 سندۆق ژمێردرانه‌وه‌.

هادی عه‌لی زیادی کرد: له‌لایێکی دیکه‌وه‌ وه‌کوو پڕۆسه‌ی ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان له‌ که‌رکووک ڕێگه‌ به چاودێرانی سیاسیی حیزبه‌کان نه‌درا بچنه‌ سه‌ر سندۆقه‌کان و ڕاسته‌وخۆ له‌ نزیکه‌وه‌ پڕۆسه‌که‌ چاودێری بکه‌ن ئه‌وه‌ش کاری چاودێریی تووشی خه‌له‌ل کرد چوونکه‌ چاودێریی ڕاسته‌قینه‌ پێویستی به‌ ئاماده‌بوونی ڕاسته‌وخۆ و وه‌رگرتنی زانیاریی ورد هه‌یه‌ و به‌و هه‌لومه‌رجه‌وه‌ بوون یان نه‌بوونی چاودێره‌کان هیچ کاریگه‌ریی نابێت له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی ژماردنه‌وه‌ و ده‌رخستنی ڕاستی و سه‌لامه‌تی ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان و ئه‌نجامه‌که‌ش هیچ گۆڕانکاریی به‌ سه‌ردا نایێت و به‌و بۆنه‌شه‌وه‌ شه‌ش لایه‌نی ناڕازی له‌ بڕیارێکی هاوبه‌شدا هه‌ڵسان به‌ بایکۆت کردنی ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان له‌ پارێزگای سلێمانی.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی یه‌کگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئاشکراشی کرد: به‌پێی ئه‌و بڕیاره‌ی شه‌ش لایه‌نه‌ ناڕازییه‌که‌ داویانه‌ و کۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنی عێراقیش ئاوڕ له‌ داواکه‌مان ناداته‌وه‌ به‌ هیچ له‌ونێک ئه‌نجامی ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان قبووڵ ناکه‌ین.

ناوبراو له‌باره‌ی دواهه‌ڵوێستی لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌باره‌ی ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان و ئه‌نجامی ڕاگه‌یێندراو له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراق گوتوویه‌تی: چاوه‌ڕوانی کۆتایی هاتنی پڕۆسه‌ی ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان و ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی کۆتایی له‌ هه‌موو هه‌رێمی کوردستان و عێراقین پاشان هه‌ڵوێستی خۆمان ڕاده‌گه‌یێنین.

سکرتێری مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کگرتووی ئیسلامی له‌باره‌ی ئه‌و بژاردانه‌ی ئه‌و حیزبه‌ و دیکه‌ی حیزبه‌کانی ئۆپۆزیسیۆنی هه‌رێمی کوردستان بۆ به‌شداری کردن یان نه‌کردنیان له‌ پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراق به‌ کوردپرێسی وت: بایکۆت کردنی پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراق یه‌ک له‌ بژارده‌کانی ئۆپۆزیسیۆنی هه‌رێمی کوردستانه‌ به‌ڵام تا ئه‌م کاته‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ بڕیاری کۆتایی نه‌دراوه‌ هه‌ڵبه‌ت به‌ ڕای من بژارده‌ی بایکۆت کردن هه‌رگیز خزمه‌ت به‌ دیموکراسییه‌ت و پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراق ناکات.

هادی عه‌لی له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری پێکهێنانی به‌ره‌ی هاوبه‌شی ئۆپۆزیسیۆن له‌ هه‌رێمی کوردستان و پێکهێنانی فراکسیۆنی هاوبه‌شی ئه‌و حیزبانه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق گوتیشی: ئه‌وه‌ش پلانێکی حیزبه‌کانی ئۆپۆزیسیۆنه‌ به‌ڵام تا ئێستا هیچ گفتوگۆیێکی جیدی له‌وباره‌وه‌ نه‌کراوه‌.

به‌ گوێره‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی که‌ 12ی ئایاری 2018 له‌ عێراق به‌ڕێوه‌ چوو یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌ کۆی 18 کورسیی پارێزگای سلێمانی توانیی 8 کورسی مسۆگه‌ر بکات. ژماره‌ی کورسیی لایه‌نه‌کانی دیکه‌ش به‌م شێوازه‌ بوو: گۆڕان 4 کورسی، نه‌وه‌ی نوێ 2 کورسی، هاوپه‌یمانی بۆ دیموکراسی و دادپه‌روه‌ری 1 کورسی، یه‌کگرتوو 1 کورسی، کۆمه‌ڵی ئیسلامی 1 کورسی و پارتیش 1 کورسی.

 

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه