07:57 PM   IRAQ
FRIDAY, 21 SEPTEMBER 2018
 به په‌له |◀   مامۆستایانی ناڕازی داوای هەڵوەشاندنەوەی تەواوی پاشەكەوتی مووچە دەكەن
خوێندنەوەیێک بۆ لێدوانەکەی ڕۆحانی له‌ سویسرا

به‌شی یادداشت/ کوردی- دوکتۆر ئه‌فشار سلێمانی باڵیۆزی پێشووی ئێران له‌ کۆماری ئازه‌ربایجان له‌ یادداشتێکی تایبه‌تدا تیشک ده‌خاته‌ سه‌ر لێدوانه‌کانی حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رۆک کۆماری ئێران له‌ سه‌ردانه‌که‌ی بۆ سویسرا و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: پێ‌ده‌چێت هه‌ڵوێسته‌که‌ی ڕۆحانی له‌ سویسرا یان له‌‌ژێر گوشاری هێزه‌ توندڕه‌وه‌کانی ناوخۆ بوووه‌ یان هه‌ر هیچ نه‌بێت به‌رده‌نگی ئه‌و قسانه‌ لایه‌نی ناوخۆیی بوووه‌ ئه‌وه‌ش به‌و مه‌به‌سته‌ی خۆی له‌ لایه‌نی توندڕه‌وی ناوخۆیی نزیک بکاته‌وه‌ یان خود بۆ ئه‌وه‌ی توندڕه‌وه‌کانی ناوخۆ ئاسته‌نگ و به‌ربه‌ست له‌ به‌رده‌م دانووستانی ئێران له‌گه‌ڵ 1+4 و ئه‌گه‌ری دانووستانیان له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا -لانی‌که‌م له‌ چوارچێوه‌ی 1+5- نه‌نێنه‌وه‌.

کوردپرێس- دوکتۆر ئه‌فشار سلێمانی له‌ درێژه‌ی یادداشته‌که‌ی که‌ له‌ ماڵپه‌ڕی دیپلۆماسیی ئێران بڵاو بۆته‌وه‌ له‌باره‌ی هه‌ڵوێسته‌که‌ی حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رۆک کۆماری ئێران له‌ سویسرا که‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌یێکی نێوده‌وڵه‌تی به‌رفراوانی به‌خۆوه‌ بینی و هه‌ڕه‌شه‌یێکی سه‌ربازی هاته‌ ئه‌ژمار ده‌ڵێت که‌ چه‌ندین تێبینیی به‌رچاو هه‌یه‌ له‌وانه‌:

1- ئێران له‌ ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌ توانای قه‌پات کردنی گه‌رووی هورموز له‌ ڕێگای مینی ده‌ریایی، به‌هره‌مه‌ندی له‌ توانای ژێرئاوگه‌ڕ، به‌کارهێنانی مووشه‌کی که‌ناراو بۆ ده‌ریا، به‌له‌می توندڕه‌وی سه‌ربازی و... هه‌یه‌ به‌ڵام ئایا لایه‌نی به‌رانبه‌ری ئێران واتا ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانانی هه‌ر داده‌نیشن و سه‌یری داپه‌ڕی سه‌ربازیی ئێران ده‌که‌ن؟

2- ئایا توانای سه‌ربازیی ئێران زیاتر له‌ توانای سه‌ربازیی لایه‌نه‌ به‌رانبه‌ره‌کانییه‌تی؟

3- سه‌ره‌ڕای سه‌ره‌نجدان له‌ دۆخی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ئێران، ئایا ئه‌گه‌ر گه‌رووی هورموز قەپات بکرێت و پێکدادانی سه‌ربازی ڕوو بدات ئێران زه‌ره‌رمه‌ند نابێت؟

4- ئایا کاردانه‌وه‌ی ڕۆحانی بەرانبەر به‌ ئاکاری تره‌مپ لۆژیکانه‌ و یاسایی و سیاسی بوو ئەوەش له‌ حاڵێکدا که‌ هێشتاکه‌ تره‌مپ له‌ ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ ئێران نه‌کردوووه‌ و هه‌ر به‌ وڵاتانی دیکه‌ ده‌ڵێت که‌ له‌ له‌ ئێران نه‌وت نه‌کڕن و ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ربازیشی له‌وان نه‌کردوووه‌؟ ئایا ئه‌و کاردانه‌وه‌ کاردانه‌وه‌یێکی به‌جێگه‌ بوو‌؟ به‌پێی کۆی فاکته‌ره‌کانی ده‌سه‌ڵات هه‌ڕه‌شه‌که‌ی تره‌مپ هه‌ڕه‌شه‌یێکی ئابوورییه‌. ئێرانیش ئه‌گه‌ر توانای ئابووریی هه‌یه‌ به‌ وڵاتانی دیکه‌ بڵێت که‌ شتومه‌ک له‌ ئه‌مریکا نه‌کڕن یان بڵێت هه‌ر کۆمپانیایێک له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا مامه‌ڵه‌ بکات ئه‌وا ئێمه‌ ئابلۆقه‌ی ئه‌و کۆمپانیایه‌ ده‌ده‌ین. ئایا ئێران توانایێکی وای هه‌یه‌؟ هیچ فاکتەرێکی ده‌سه‌ڵاتی ئێران له‌ ئاستی ئه‌مریکادا نییه‌ و ته‌نانه‌ت ده‌کرێ بوترێت زۆر که‌متر و لاوازتره‌. وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی ئابووری بە هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ربازی نابێت و ئه‌وه‌ له‌ دیپلۆماسییه‌تەوە دوورە.

5- له‌و هەلومەرجەدا کە ئیسرائیل و سعوودیە و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان کۆدەنگن لە سەر دژایەتی کردنی ئێران، نابێت بیانووی زیاتر بە دەست ئەمریکاوە بدرێت.

6- پێ‌ده‌چێت هه‌ڵوێسته‌که‌ی ڕۆحانی له‌ سویسرا یان له‌‌ژێر گوشاری هێزه‌ توندڕه‌وه‌کانی ناوخۆ بوووه‌ یان هه‌ر هیچ نه‌بێت به‌رده‌نگی ئه‌و قسانه‌ لایه‌نی ناوخۆیی بوووه‌؛ ئه‌وه‌ش به‌و مه‌به‌سته‌ی خۆی له‌ لایه‌نی توندڕه‌وی ناوخۆیی نزیک بکاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی توندڕه‌وه‌کانی ناوخۆ ئاسته‌نگ و به‌ربه‌ست بۆ دانووستانی نێوان ئێران و 1+4 یان لانی کەم دانووستانیان له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا - له‌ چوارچێوه‌ی 1+5- دروست نەکەن. 

7- ئایا ئه‌گه‌ر ئه‌ورووپا و چین و ڕووسیا بەرگەی ئه‌مریکا نەگرن و نەتوانن لە بەرانبەر هەڕەشەی ئابووریی واشەنتۆندا پارێزگاری لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێککەوتنە بکەن ئێران به‌ تەنها بەرگەی ئەو کۆسپە دەگرێت؟

8- ئه‌گه‌ر ئێران توانای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌مریکای ببوایه‌ ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر پێش ئەوەی ڕۆحانی بێتە سەر دەور به‌ شێوه‌ی نهێنی له‌ عه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا دانووستانی نه‌ده‌کرد و پاش هاتنه‌ سه‌ر کاری ڕۆحانی درێژه‌ی به‌و دانووستانه‌ نه‌ده‌دا چ بگات به‌ ڕێککەوتنی ئەتۆمی. بەو هەلومەرجەی ئێستاوە کە دۆخی ئێران زۆر خراپتر له‌ سه‌رده‌می پێش ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەیە، چۆن ده‌کرێت بیر له‌وه‌ بکه‌ینه‌وه‌ که‌ ئێران بتوانێت له‌ به‌رانبه‌ر گوشاری بیانی به‌و کێشە ناوخۆیییه‌وە بەرگەی هەڕەشەکان بگرێت؟

9- له‌ عه‌قڵییه‌تی دیپلۆماسیدا هه‌رگیز له‌ پێشه‌کیدا وته‌ی کۆتایی و ئه‌نجامی مه‌وزووع ناوترێت، هه‌ڵوێسته‌ ڕاسته‌وخۆ سه‌ربازییه‌که‌ی ڕۆحانی و پشتگیری کرانی لەلایەن خاوەن پلە سەرڕبازییەکانی ئێرانەوە ده‌یتوانی وته‌ی کۆتایی بێت. ئێران ‌تا ئەو کاتەی کارته‌کانی پێماوە جگه‌ له‌ دانووستاندن له‌گه‌ڵ 1+4 و گفتوگۆی ناڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا هیچ دەرەچەیێکی دیکەی نییه.

10- زه‌رووره‌ دانووستانه‌کان تاکوو مانگی نۆڤێمبێر و کاتی هه‌ڵبژاردنی کۆنگرێسی ئه‌مریکا سڕ بکرێن و ئه‌ورووپاش بیر له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌، چوونکه‌ له‌ ئه‌گه‌ری سه‌رکه‌وتنی دیموکراته‌کان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ پێگه‌ی تره‌مپ زۆر لاواز ده‌بێت هه‌ر بۆیه‌ ده‌کرێت تا ئه‌وکات خۆپارێزی بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی بیانوویێک نه‌درێت به‌ ده‌ست نئۆکانه‌ هاوته‌ریبه‌کان و لایه‌نی ڕاستی توندڕه‌وی ئیسرائیل و محه‌مه‌د بن سه‌لمان له‌ سعوودییه‌. ئه‌و جۆره‌ بیانوووانه‌ ده‌توانێت تره‌مپ هان بدات بۆ ئه‌وه‌ی بۆ ڕزگار کردنی خۆی گێچه‌ڵسه‌ری ئه‌نجام بدات له‌ حاڵێکدا که‌ ئێستا کاتی گێچه‌ڵسه‌ری بۆ ئێران نییه‌.

11- ڕاستە دۆخه‌که‌ بۆ دانووستان لەبار و گونجاو نییه‌ به‌ڵام هێشتاکه‌ ئێران نه‌که‌وتۆته‌ بنبه‌ست تاکوو هه‌ڕه‌شه‌ی قه‌پات کردنی گه‌رووی هورموز بکات. هێشتاکه‌ ده‌رفه‌تێکی گونجاو بۆ ده‌ربازبوون له‌م دۆخه‌ به‌ دیپلۆماسیی زیرەکانە هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر به‌ کونج بگه‌یێن ده‌توانین ستراتێژییێک به‌ کۆی سیفر هه‌ڵبژێرین به‌ڵام نابێت به‌و ئاسته‌ بگه‌ین. له‌ ستراتێژییێکی وه‌ها ئێران زیاتر له‌ دیتران زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت و قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌که‌ی زۆر دژوار یان نامومکین ده‌بێت.

12- له‌ ئه‌گه‌رێکدا که‌ سه‌رجه‌م ڕێگا دیپلۆماتیکه‌کان ئه‌نجامێکی نه‌بێت و تاکڕه‌ویی تره‌مپ و دیکه‌ی زلهێزه‌کان دژ به‌ ئێران درێژه‌ی ببێت و تره‌مپ یه‌که‌مین گوله‌ی به‌ ئه‌سپایی به‌ره‌و ئێران بته‌قێنێت به‌ دڵنیایییه‌وه‌ ئێرانیش ناچار ده‌بێت که‌ وه‌ڵام بداته‌وه‌ به‌ڵام ئێران نابێت ئەو یه‌که‌م گوله‌یە بته‌قێنێت.

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی دیپلۆماسیی ئێرانی

 

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه