02:15 PM   IRAQ
SATURDAY, 22 SEPTEMBER 2018
 به په‌له |◀   مامۆستایانی ناڕازی داوای هەڵوەشاندنەوەی تەواوی پاشەكەوتی مووچە دەكەن
جێگری سه‌رۆکی کۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق:
له‌ دوای ته‌واو بوونی جیاکردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان سکاڵا له‌سه‌ر چه‌ند لایه‌نێک تۆمار ده‌كه‌ین

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- جێگری سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی سڕكراوی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ده‌ڵێت: "له‌ دوای ته‌واو بوونی پڕۆسه‌ی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان كه‌ ڕه‌نگه‌ ١٠-١٥ ڕۆژی‌تر كۆتایی پێبێت سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ تۆمار ده‌كه‌ین كه‌ به‌ ناهه‌ق تۆمه‌تی فرۆشتنی ده‌نگ یا ساخته‌كارییان دایه‌ پاڵ ئه‌ندامانی كۆمیسیۆن."

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕزگار حه‌مه‌ محێدین ده‌شڵێت: "لایه‌نه‌ دۆڕاوه‌كان هه‌وڵی زۆریان دا كه‌ هه‌موو ده‌نگه‌كان به‌ ده‌ست ئه‌ژمار بكرێنه‌وه‌، كشانه‌وه‌ی شه‌ش لایه‌نه‌كه‌ش له‌ جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به ‌ده‌ست له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره‌ نه‌بوو كه‌ باسی ده‌كه‌ن به‌ڵكوو له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌نجامه‌كان وه‌ک خۆیه‌تی و ده‌نگی ئه‌وانیش هیچ زیادی نه‌كردوووه‌."

ناوبراو له‌ میانه‌ی گفتوگۆیێكدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردیی ده‌نگی ئه‌مریكا باسی له‌ ده‌ست پێكردنی پڕۆسه‌ی جیاكردنه‌وه‌ و ئه‌ژماركردنه‌وه‌ی جارێكی‌تری ده‌نگه‌كان كرد و وتی: "له ‌چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا ئه‌و ده‌نگانه‌ی له‌ كه‌ركووک به‌ ده‌ست ئه‌ژمار كرانه‌وه‌ خۆشبه‌ختانه‌ جیاوازیی زۆری نه‌بوو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌ ئامێری ئه‌لكترۆنییه‌كه‌ جیا كرابوونه‌وه و‌ سه‌د له‌سه‌د وه‌ک خۆی بوون، ته‌نها ژماره‌یێکی زۆر كه‌م نه‌بێت ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی نه‌خوێنده‌وار بوون یا ته‌ندروستیان باش نه‌بوووه‌ ده‌ستیان له‌رزیوه‌ مۆره‌كه‌ وه‌ک خۆی ده‌رنه‌چوووه و‌ له‌ جیا كردنه‌وه‌ی ده‌ستیی ده‌نگه‌كان به ‌باشی خوێنراوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام ئامێره‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان نه‌یاخوێندۆته‌وه‌ ئه‌ویش ڕێژه‌یێكی زۆر كه‌م بوو."

جێگری سه‌رۆكی كۆمسیۆنی سڕكراوی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق وتیشی: "ئێستا به ‌بڕیارێكی په‌رله‌مان كۆمسیاران و هه‌موو به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان سڕ كراون و بڕیاره‌كه‌ نایاسایی بوو چوونكه‌ بێ بانگهێشت كردنی ئێمه‌ بۆ لێپرسینه‌وه‌، له‌ كۆتا ڕۆژه‌كاندا ئێمه‌یان سڕ كرد كه‌ له ‌ده‌ستووری عێراقیشدا شتی وا نه‌هاتوووه‌، ئێمه‌ له‌سه‌ر تاقیكردنه‌وه‌ و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له‌ كۆمسیاران ده‌ست به ‌كار بووین و به‌پێی یاسا و ده‌ستوور هه‌میشه‌ كاره‌كانی خۆمانمان كردوووه‌ به‌ڵام به‌شێک له‌ لایه‌نه‌ دۆڕاوه‌كان هه‌وڵی زۆریان دا كه‌ به‌ شێوه‌یێكی نایاسایی هه‌موو ده‌نگه‌كان به‌ ده‌ست ئه‌ژمار بكه‌ینه‌وه‌ له‌ كاتێكدا له ‌دوایین هه‌مواری ده‌ستوور پێمان ده‌ڵێ كه‌ پڕۆسه‌ی ئه‌ژمار و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به ئه‌لیكترۆنی ده‌بێت، ئێمه‌ وه‌ک كۆمیسیۆن نه‌مانتوانی ده‌ستوور پێشێل بكه‌ین و به‌پێی ده‌ستوور كاره‌كانمان كرد."

جێگری سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی سڕكراوی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ده‌رباره‌ی داواكاریی دووباره ‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ عێراق و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن دووپاتی كرده‌وه "نه‌ هه‌ڵبژاردن دووباره‌ ده‌كرێته‌وه‌ نه‌ ئه‌نجامه‌كانیش هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ چوونكه‌ له‌ (٢٠%)ی سندوقه‌كانی ده‌نگدان به‌ ده‌ست ئه‌ژمار كراونه‌ته‌وه‌ به‌ڵام هیچ گۆڕانكاریێک له‌ ئه‌نجامه‌كان ڕووی نه‌داوه‌ له‌ كاتێكدا هه‌موو لایه‌نه‌كان به ‌كورد و عه‌ره‌ب و توركمانه‌وه‌ زۆرترین ڕه‌خنه‌یان له‌و پارێزگایه‌ (که‌رکووک) ده‌گرت."

ڕزگار حه‌مه‌ محێدین گوتی: "ئێستا ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسییانه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ گیانی ئه‌و دادوه‌رانه‌ی دانراون بۆ ئه‌ژمار كردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به ‌ده‌ست ده‌ڵێن ئێمه‌ ئه‌ژماركردنه‌وه‌ی هه‌موو ده‌نگه‌كانمان ده‌وێت هه‌رچه‌نده‌ له‌ (١٠ بۆ ١٥) ڕۆژی داهاتوو پڕۆسه‌ی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ ده‌ست كۆتایی پێدێت، چوونكه‌ پارێزگاكانی‌تر سكاڵایان كه‌م له‌سه‌ره‌ و ته‌نها كه‌ركووک نه‌بێت كه ‌ڕێژه‌ی ئه‌و سندوقانه‌ی سكاڵایان له‌سه‌ر بوووه‌ ژماره‌یان زۆر بوووه‌ ئه‌گه‌رنا ڕێژه‌ی سندوقه‌كانی كه‌ سكاڵای له‌سه‌ر بوووه‌ له‌ سلێمانی، هه‌ولێر، دهۆک و ئه‌نبار ڕێژه‌یێکی زۆر كه‌مه‌ بۆ نموونه‌ له‌ سلێمانی (١٨٨) سندوقه و‌ له‌ هه‌ولێر (٢٠٠) سندوقه‌ و دوای ئه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان دادوه‌ره‌كانی دانراون ئه‌نجامه‌كان ده‌ده‌نه‌ دادگا و به‌ بڕوای من دادگا ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن په‌سه‌ند ده‌كات."

له ‌دوای ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی عێراق چه‌ندین لایه‌نی سیاسی و ته‌نانه‌ت (سه‌عید كاكه‌یی) ئه‌ندامی سڕكراوی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران كۆمیسیۆنیان تۆمه‌تبار كرد به‌ ئه‌نجامدانی ساخته‌كاری و به‌ وته‌ی جێگری سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق كۆمیسیۆن له ‌دوای ئه‌ژمار كردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ ده‌ست سكاڵای یاسایی تۆمار ده‌كات و له‌و ڕوووه‌وه‌‌ وتی: "ئێمه‌ چاوه‌ڕێین ئه‌ژمار كردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ ده‌ست كۆتایی پبێت و ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان په‌سه‌ند بكرێت ئه‌وكات له ‌ڕێگای یاساوه‌ ئێمه‌ سكاڵای خۆمان تۆمار ده‌كه‌ین له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی و ته‌نانه‌ت ئه‌و ئه‌ندامه‌ی پێشووتری ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران (سه‌عید كاكه‌یی) تۆمار ده‌كه‌ین كه‌ به‌ ناهه‌ق تۆمه‌تیان دایه‌ پاڵ كۆمیسیۆن و هاوڕێیانی ئێمه‌ له‌ كۆمیسیۆن كه‌ گوایه‌ ده‌نگیان فرۆشتوووه‌ یا هه‌ر تۆمه‌تێكی‌تر له ‌كاتێكدا ئێمه‌ له‌ یه‌ک بڕگه‌ و خاڵیش له ‌یاسا هه‌مواركراوه‌كه‌ی په‌رله‌مان و ده‌ستووری عێراقی لامان نه‌داوه‌ و به‌پێی یاسا كاره‌كانمان كرد به‌ڵام وه‌ک ده‌زانرێت ئێمه‌ فشارێكی زۆرمان له‌سه‌ر بوو هه‌م له‌سه‌ر ئه‌و لیژنانه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ له‌سه‌رمان پێكهێنران هه‌م ئه‌و یاسایانه‌ی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ له ‌سه‌رمان ده‌ركران كه‌ له‌ (٨٦%)ی ئه‌وانه‌ی له ‌ناو په‌رله‌مان یاسایان له‌سه‌ر ده‌رده‌كرد ئه‌وانه‌ بوون ده‌رنه‌چووبوونه‌وه‌ له ‌هه‌ڵبژاردنه‌كان."

سه‌رچاوه‌: خه‌ڵک

 

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه