15:45 PM   IRAQ
MONDAY, 27 JANUARY 2020
 به په‌له |◀   ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی بوومەلەرزەكەی توركیا هەزار و 350 كەسی تێپەڕاند
FRIDAY, 29 NOVEMBER 2019 - 12:03
چەمکی خوێنەر لای ئەریستۆ/ حەمە مەنتک

بەشی فەرهەنگ و هونەر- توێژەر و نووسەری کورد حەمە مەنتک لە وتارێکی کوردتدا کە لە ماڵپەڕی ڕووداو بڵاوی کردۆتەوە تیشک دەخاتە سەر چەمکی خوێنەر و پێگەی خوێنەر لە ڕوانگەی ئەریستۆ.
 

کوردپرێس:

دەتوانین بڵێین هەوەڵین کتێبی تیۆری لەبارەی ئەدەب و هونەر، کتێبی (هونەری شیعر)ی ئەریستۆیە. ئەم تیۆریزانە لەم کتێبەدا زۆر بە وردی جۆرەکانی شیعری بە داستان و درامی (تراجیدی و کۆمیدی) و گۆرانی دیاری کردووە. بۆ  پەیڤین لەبارەی خوێنەرەوە لە کن ئەم تیۆریزانە دەبێ بۆ هەردوو چەمکی لاسایی کردنەوە و پاکبوونەوە بگەڕێینەوە. چەمکی پاکبوونەوە بە زاراوە جیهانییەکەی بە کاسارسیس (Chatharsis) دەناسرێتەوە.

ئەم زاراوەیە یۆنانییە و لە بنەڕەتی بەکارهێنانیدا بۆ بواری پزیشکی دەگەڕێتەوە، بە واتای ئەو تەکنیکە دێت کە کرداری پاکبوونەوە و بەتاڵکردنەوە لە ئاستی جەستەیی و دەروونی لە مرۆڤدا دروست دەکات. واتای کۆنی ئەم زاراوەیە ((فارماکۆس Pharmakos ـە کە بە واتای دەرمان دێت. هاوکات بە واتای تاوانی کۆمەڵە کەسێک دێت. هۆکارگەلی فرە بۆ پاکبوونەوە هەن، سادەترینیان قوربانیدانە بە بەراز، یان سەگێک، یان کەڵەشێرێک.)) [الخگیب: ١٩٩٩: ٥٨] دواتر ئەم زاراوەیە واتایێکی فەلسەفی و ئێستێتیکی وەردەگرێت، پێوەندی بەو هەڵچوونەوە هەیە کە بەهۆی دەقێکی ئەدەبی و هونەرییەوە دروست دەبێت.

چەمکی پاکبوونەوە لە کن ئەریستۆ پێوەندی بە لایەنی ئاکاری خوێنەرەوە هەیە. ئەو لەبارەی کاریگەریی دەقی ئەدەبی لەسەر خوێنەر دەڵێت: "تراجیدیا لاساییکردنەوەیێکی مەبەستدار و بە بایەخ و تەواوە.

زمانێکی جوانی هەیە و هەریەک لە ئەکتەرەکان بەشێکی دەنوێنن و پشت بە گێڕانەوە نابەستێ. لە ڕێگەی بەزەیی و پەیداکردنی ترسەوە دەبێتە هۆی پاککردنەوەی هەست و سۆز". [ئەریستۆ: ٢٠١٠: ٢٦] وەکوو گوتم ئەم چەمکە پێوەندی بە ئاکاری خوێنەرەوە هەیە، بۆ ئەمەیش ئەرکی ئەدەب و هونەرە چاکسازی لە دەروونی خوێنەردا بکات. کەواتە هەوەڵین ئەرکێكی هونەر بەرانبەر خوێنەر پاراستن و پاککردنەوەیەتی لە هەموو غەریزە و ئارەزووە خراپەکان.

بۆیەش کاتێك خوێنەر (بینەر) دەقێکی شانۆیی دەخوێنێتەوە (دەبینێت) ئەوا دیمەنە تراجیدییەکان دەبێ ئەو هەستی ترس و بەزەییە لە دەروونیدا بجوڵێنن بۆ ئەوەی ئەو مرۆڤە لەڕێی گریانەوە پاک بێتەوە. بۆیەش ئەو دەقە ئەدەبی و هونەریانە هەڵچوونێکی بەهێز لە دەروونی ئەو خوێنەرانەی ناتوانن هەستەکانیان بەرانبەری بشارنەوە، دروست دەکات، دەقگەلێکن هەنگاو بە هەنگاو خوێنەر دەکەنە کەسێکی پاک.

لەڕێی ئەم تیۆرییەوە دەتوانین ئاماژە بۆ دوو دەستە لە خوێنەر بکەین. ئەریستۆ خۆی لە کتێبەکەیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە تراجیدیا لاساییکردنەوەی کردەوەی بەرز و سەنگینە "لاساییكردنەوەی كردەوەیەكی سەنگین ‌و لە خۆیەوە تەواو پێگەیشتووە كە درێژییەكی دیاری هەیە‌ و بە زمانێكی پاراو نووسراوە، چەندین بابەتی هونەری تێدا هاتووە كە لەگەڵ بەشەكانی شانۆگەریدا دەگونجێن‌ و ئەمەش هەموو بە شێوەی درامی نەك بە گێڕانەوە ئەنجام دەدرێ‌‌". [گەردی: ٢٠٠٤: ٢٤] کەواتە ئەوانەی تراجیدیا باسیان دەکات، کەسانێکن لە خانەدانەکانن. ئەوانیش کەسانی بەڕێز و سەنگینن، تەنانەت قسەکانیان دوورە لە جنێو و قسەی نزم. ئامانج لەم پاکبوونەوەیە خوێنەران (بینەران)ی چینی ئاسایی و کرێکار و خزمەتکارانن، چینی خانەدان و پاشایان هەرچەندە هەستەکانیان بەم دیمەنانە کاریگەر  دەبێت، بەڵام پێویستیان بەم پاکبوونەوەیە نییە، چونکە تراجیدیا گوزارشتە لە ژیانی ئەوان. واتە ئەوان ژیانیان، زمانیان دوورە لە کردەوەی نزم و هەرزان. ئەوان هیچ کردەوەیێکی نزم و خراپ ئەنجام نادەن.

بۆیەیش ئەم پاکبوونەوەیە پتر بۆ خەڵکانی چینی خوارەوە و کرێکار و خەڵکی ئاسایییە. لەم ڕوانگەیەوە ئەریستۆ خوێنەران (بینەران) بۆ دوو چین و دەستە دابەش دەکات. چینی خانەدان و کەسانی ئازاد و چینی خوارەوە و کرێکار و کۆیلەکان.

سەرباری ئەوانە، چێژ لە کن ئەو خوێنەرانە ئەو کاتە دروست دەبێت کە هەستەکانی خوێنەر لەگەڵ هەستەکانی پاڵەوان یەک بێتەوە. کەسی پیرۆز، یان خراپەکار تەنێ لە یەک بەرگدا نامێنێتەوە. ئەریستۆ کارەکتەرێک لە نێوان هەردووکیان پێشنیاز دەکات، ئەویش گۆڕانی پاڵەوانە لە کەسێکی چاکەکارەوە بۆ خراپەکار، یان بە پێچەوانەوە. بۆیەیش ئەم تیۆریزانە دەسکاری بنیاتی ناوەوەی رووداوی تراجیدیا دەکات.

ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە رووداوی تراجیدیا کاریگەری لەسەر گۆڕینی پاڵەوان هەیە. بۆ نموونە گۆڕانی پاڵەوان لە کەسێکی بەختەوەرەوە بۆ کەسێکی بێبەخت و نابەختەوەر، وەک ئەوەی بەسەر ئۆدێپ دێت و لە کەسێکی بەختەوەرەوە بۆ کەسێکی نابەختەوەر دەگۆڕێت، دوای ئەوەی ڕاستی کەسایەتی خۆی بۆ دەردەکەوێت کە بکوژی باوکی خۆیەتی و دایکی خۆیشی مارەکردووەتەوە. کۆی پرۆسێسی چەمکی پاکبوونەوە مەبەست لێی چێژگەیاندنە بە خوێنەر، واتە مەبەستدارە.

ئەم پاکبوونەوەیە ترس و هەستەکانی خوێنەر دەجوڵێنێت و پاکی دەکاتەوە. ئەم ئامانجە پێوەندی بە بابەت و زمان و کارەکتەر و فیکر و ئیقاعەوە هەیە. بۆ نموونە زمانی تراجیدیا دەبێت زمانێکی پاراو و جوان و دوور لە قسەی هەرزان بێت، ڕووداو دەبێت درێژییێکی دیاریکراوی هەبێت، کات لە تراجیدیادا نابێت لە ڕۆژێک تێپەڕ بکات. هەموو ئەمانە کاریگەری لەسەر چێژی خوێنەر هەیە. واتە ئەم تەکنیکانە بە دیوێکدا لە خزمەت خوێنەردا دانراون.

 لە لایێکی دیکەوە ئەریستۆ لە چوارچێوەی قسەکردنی لەبارەی وتاردانەوە گرینگی بە گوێگر (خوێنەر) دەدات. هەموو ئامانجی وتاردانیش بۆ قەناعەتپێکردنی گوێگرە بە کۆی ئاستە کۆمەڵایەتی و فیکرییەکانەوە. لێرەدا وتاردان بە گوێرەی بارودۆخی گوێگر بۆ سێ دەستە دابەش دەکات.

 دەستەی یەکەم وتاردانی بەرگریکردنە، لەم بارەدا دادوەر و جەماوەرێکی دیاریکراو دەبنە گوێگر (خوێنەر)، لەم جۆرەیاندا بەشێوەیێکی کەم پەنا بۆ ڕەوانبێژی و کاریگەری دانان لەسەر گوێگران دەبرێت. دەستەی دووەم بریتییە لە وتاردانی ڕامانی، ئەم جۆرەیان بە ئامادەیی جەماوەرێکی زۆر دەبێت، شێوازەکەی لە لایەنی هونەری و تەکنیکی خاڵییە. هەرچی دەستەی سێیەمە، بریتییە لە وتاردانی خۆنواندن کە شێوازەکەی بە وردی و هونەری دەناسرێتەوە، ئەم جۆرەیان کاریگەری لەسەر هەست و بیرکردنەوەی گوێگرەکان دادەنێت. [شعراوی: ١٩٩٩: ١٦٨] لێرەوە دەتوانین سێ دەستەیش لە گوێگر (خوێنەر) دەستنیشان بکەین. وتاردانی دادوەری جەماوەرێکی دیاریکراوی تایبەت دەبنە بەردەنگ، بۆ نموونە ئەوانەی پسپۆڕی و پێوەندییان بە بابەتی دادوەرییەوە هەیە. هەرچی دەستەی دووەمە جەماوەری عەوام دەبنە گوێگری، ئەمانە گوێگری ئاسایین. هەرچی دەستەی سێیەمە کە وتاردانی خۆنواندنییە، جەماوەرێکی ناسراو و ڕۆشنبییری دەوێت.

 جۆری سێیەم ئەو جۆرەیە کە ئەریستۆ دەبێتە هاندەر و پاڵپشتی. بۆیەیش داوا دەکات وتاردانی ڕامانی بکرێتە قوربانیی وتاردانی خۆنواندنی، تاکوو وتاربێژ بە بیرکردنەوەکانی قەناعەت بە گوێگر بکات. ئەریستۆ ئەو وتاردانەی تەنێ دنەی هەستەکان دەدات و دڵەڕاوکی دروست دەکات، رەت دەکاتەوە، چونکە لەگەڵ مەبەستی قەناعەتپێکردن نایەتەوە. هاوکات دەبێت وتاربێژ میزاجی گوێگران و چۆنیەتی کاریگەریدانان لەسەریان شارەزابێت.

 سەرچاوەکان:

- ئەریستۆ: ٢٠١٠: شیعر (پۆیەتیکا): وەرگێڕانی: د.محەممەد کەمال، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی.

- ئەریستۆ: ٢٠٠٤: هونەری شیعر (شیعرناسی): وەرگێڕانی: عەزیز گەردی: خانەی چاپ و پەخشی ڕێنما، سلێمانی.

 - الخگیب (محمد): ١٩٩٩: الفکر الاغریقی، دار علا‌والدین، دمشق.

 - شعراوی (عبدالمعگی): ١٩٩٩: النقد الادبی عند الاغریق والرومان، مکتبە الانجلو المصریە، القاهرە.

 

کۆدی هەواڵنێر: 60101

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه