11:38 PM   IRAQ
TUESDAY, 15 OCTOBER 2019
 به په‌له |◀   ڕوانگه‌ی سووری بۆ مافه‌کانی مرۆڤ: هه‌سه‌ده‌ گونده‌کانی سه‌رێکانی کۆنترۆڵ کرده‌وه‌
MONDAY, 7 OCTOBER 2019 - 19:18
مێژوو دووپات دەبێتەوە

بەشی سووریا- پاش چەندین مانگ چەلەحانێی ئەمریکا و تورکیا سەرئەنجام واشەنتن خۆی شل کرد و بە کشانەوەی لە سنووری ژێر دەسەڵاتی کوردی سووریا دیسان سەلماندی کە تەنها بۆ مەرامی کاتی کوردی بەکار هێناوە و ئێستاش بۆنی دووکەڵی شەڕێکی قورس لە ناوچەکە بەرز بۆتەوە.

کوردپرێس:

ماوەیێکی درێژە دەوڵەتی تورکیا هێزە سەربازییەکانی لە سەر سنووری کوردستانی سووریا کۆ کردۆتەوە و ئامادەکاریی هێرشێکی بەرفروان دەکات. نەک هەر تەنیا کۆکردنەوەی هێز، بەڵکوو پەیتا پەیتا هەڕەشەکانی زیاتر ئەکات. هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییش هەندێک لە هێزەکانی خۆیان لەسەر سنوورەکان کشاندۆتەوە. وا دەردەکەوێ کە دەوڵەتی تورکیا لە ماوەیێکی کورتدا هێرش بکات.

ئەوەش لە کاتێکدا هەتا ئێستا لەو هەرێمەوە هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر تورکیا. بەڕێوەبەرایەتیی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا هیچ هەڕەشەیێکی لە تورکیا نەکردووە. بەڵام دەوڵەتی تورکیا هەر لە سەرەتای شۆڕشی سووریاوە دوژمنایەتیی ئەو خۆبەڕێوەبەرێتییە ئەکات. هاوکاریی هێزە دژە کوردەکانی وەک داعش و ئەلنوسرە و هاوشێوەکانیانی کرد و بەری دانە گیانی خەڵکی رۆژاوا. کاتێک ئەو هێزانە نەیانتوانی سەر بکەون، ئینجا خۆی راستەوخۆ دەستی بەهێرش کرد. ئەو هێرشەی ئێستاش لە رۆژەڤدایە، درێژەی هەمان هێرشە بۆ سەر کۆبانێ و جەرابلوس و عەفرین.

سەرۆكی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پاساو بۆ كشانەوەی سوپاكەی لە كوردستانی سووریا و باكوری ئەو وڵاتە دەهێنێتەوە و دەڵێت: “كاتی ئەوەیە لەو شەڕە بێینە دەرەوە، كە كۆتاییی نییە”. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە چەند تویتێكدا ئاماژەی بەوەكرد، كە ئێستا كاتی ئەوەیە، كە كۆتایی بەو شەڕە بێ‌ كۆتاییە گاڵتەجاڕییە بهێنین و سەربازەكانمان دەگەڕێنینەوە و ئەو كاتە شەڕ دەكەین، كە لە بەرژەوەندی خۆمان بێت. وتیشی، “كوردەكان شەڕیان بۆ ئێمە كرد، بەڵام ئێمەش پارەیەكی زۆرمان خەرج كرد”.

ئێستا کوردستانی سووریا لەژێر هێرشێکی گەورەدایە. هێزەکانی رۆژئاوا وەک بەرخۆدانی کۆبانێ و عەفرین بەرخۆدان دەکەن. کشانەوەی هێزە هاوپەیمانەکان لەسەر سنوور، رێ لەبەردەم هێرشی توکیا دەکاتەوە. ئەوە بڕیارێکی ئەخلاقی نییە. هێزەکانی رۆژئاوا بە هاوکاریی هێزە هاوپەیمانەکان، شەڕێکی سەختیان لە دژی داعشی دوژمنی مرۆڤایەتی کرد. قوربانیی زۆریان دا. ئەم هەڵوێستەی ئێستای هێزە هاوپەیمانەکان لەگەل پەیوەندیی دۆستایەتی و هاوپەیمانی یەک  ناگرێتەوە.

گوتەبێژی رێڤەبەری خۆسەر دەڵێت ئەگەر شەڕ لە رۆژهەڵاتی فورات هەڵبگیرسێت ماوە درێژ دەبێت و بە ساڵ دەخایەنێت. هەسەدەش هۆشداریی داوە و رایدەگەیێنێت، هێرشی تورکیا ئارامیی ناوچەکە تێکدەدات.

هه‌میشه‌ هاوپه‌یمانی ­كردن له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تێكى وه‌كوو ئێران، زۆر باشتره‌ له‌ ئه‌مه‌ریكا و ئینگلیزێكى به‌رژه‌وه‌ندیخواز. هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ى ئێستا له‌ ناوچه‌كه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ نزیكن زۆر به‌ دڵسۆزى ده‌یانپارێزێت. به‌ چه‌ند ڕۆژێك به‌ر له‌ ئه‌نجامدانى ریفراندۆمی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان قاسم سوله‌یمانى له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح كۆ ده‌بێته‌وه‌. به‌ به‌رهه‌م ساڵح ده‌ڵێت : بارزانى له‌ ئه‌نجامدانى ریفراندۆم پاشگه‌ز بكه‌وه‌ به‌ڵێن بێت ئاڵاى كوردستان له‌ حه‌مرین و ده‌شتى نه‌ینه‌وا و ده‌روازه‌ى مووسڵ وه‌ك خۆى ده‌مێنێته‌وه‌ و پێشمه‌رگه‌ش له‌ كه‌ركووك و ناوچه‌ جیانكۆكه‌كان ناكشێنه‌وه‌. كاتى خۆى به‌رهه‌م ساڵح زۆر جدى نه‌بوو له‌ گه‌یاندنى ئه‌و په‌یامه‌، كوردیش وایزانى له‌ كه‌ركووك دواى یه‌كه‌م پێكدادان له‌گه‌ڵ هێزه‌ عێراقییه‌كان، ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان به‌ هانایانه‌وه‌ دێن، به‌ڵام تاوه‌كوو عه‌بادى و حه‌شد نه‌گه‌یشتنه‌ پردێ و خورمه‌له‌ و بن هه‌ولێر و دهۆك ئه‌مه‌ریكا مێشێك میوانى نه‌بوو. بارزانى به‌ كه‌له‌ ڕه‌قیى خۆى ریفراندۆمى كرد، به‌ڵام دواى ئه‌و ڕووداوه‌ له‌ هه‌رشوێنێك قسه‌ى كردبێت، خه‌ریكى زه‌مكردنى ئه‌مه‌ریكا و ئینگلیز بووه ‌و ده‌رسێكى گه‌وره‌ى وه‌رگرتووه‌.

یەپەگە تا لەگەڵ ئێران و ڕووسیا بوو نەیانھێشت نیو مەتر تورکیا بچێتە ڕۆژئاواوە، کە چووە بەرەی ئەمریکا ھەموو ڕۆژێك بەڵایێکی نوێ بەسەر کورد ئەھێنێت. برێت مەكگۆرك نوێنەری پێشوی سەرۆكی ئەمریكا بۆ شەڕی داعش، لەبارەی بریاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە کوردستانی سووریا و ئەگەری هێرشکردنە سەر رۆژئاوا لەلایەن تورکیاوە، چەند تویتێکی کردووە، کەلەسەرجەمیاندا هێرش دەکاتە سەر ئیدارەی ترەمپ و بریارەکانی لەبارەی کوردستانی سووریاوە. لە تویتێکی دیکەشدا نووسیویەتی " ترامپ سەرکردەیێکی باڵا نییە، بەبێ زانیاری و تاوتوێکردن بریار دەدات، ئەو سەربازانی بۆ رێگەی مەرگ دەنێرێت بەبێ ئەوەی پاڵپشتیان بکات، لەپر دەتەقێتەوە و هاوپەیمانەکانی بۆ دوژمن جێدەهێڵێت، بەتایبەت کاتێک دوژمنەکان پەیوەندییێکی تەلەفۆنیی پێوەدەکەن و دەیخەڵەتێنن".

ئێستا زەرەرمەندی یەکەم لە هێرشی تورکیا خەڵکی مەدەنیی کوردستانی سووریا دەبێت. ڕەنگە پێویست بێت دیسان هەرێمی کوردستان دەروازەکانی خۆی بە ڕووی پەنابەراندا بکاتەوە و بە هەزاران ئاوارەی کوردی سووری ڕوو بکەنە هەرێمی کوردستان. لە لایێکی دیکەشەوە لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا چەندین کەمپی خەڵکانی داعش وەک ئەلهول هەنە و مەترسی لەسەر چارەنووسی 70 هەزار نیشتەجێی ئەو کەمپانە هەنە و مەترسی لەسەر هەموو ناوچەکە هەیە. ئایا چارەنووسی ئەو داعشانە چی لێدێت، ئایا پەیەدە و یەپەگە بەردەوام دەبن لە پاراستنی ئەو کەمپانە یان دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتێکی دیکە، ئایا ئەو خەڵکە دەرگایان بۆ وڵا دەکرێت بۆ هەر شوێنێک کە بیانەوێت بچن؟ بۆیە بێگومان مەترسی هەیە.. 70 هەزار کەس لەو کەمپەدا دەژین، مەترسی بۆ سەر هەموو ناوچەکە هەیە، لەوەش زیاتر رەنگە لەوبەری فورات خەڵکانێکی توندڕەو و تیرۆریست هەن رەنگە دزە بکەنە ئەوبەری فورات، ئەو ڕووداوانەی کە لە عەفرین رووی دا ڕەنگە لە شوێنی دیکەش ڕوو بداتەوە، ئەمانەش هەمووی جێگەی مەترسی و ئەگەرن، بۆیە نیگەرانییێکی زۆر هەیە.

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه