21:11 PM   IRAQ
TUESDAY, 15 OCTOBER 2019
 به په‌له |◀   ساڵح موسلیم: ئازادکردنه‌وه‌ی عه‌فرین به‌شێک له‌ ڕێککه‌وتنه‌که‌ی کورده‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی سووریا‌
WEDNESDAY, 9 OCTOBER 2019 - 07:51
حکوومەتی هەرێم: نیگەرانین لە بڕیاری کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی دوایین پەرەسەندنەکانی کوردستانی سووریا بڵاو کردەوە و دەڵێت، نیگەرانن لە بڕیاری کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەی ئارامی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا.

 کوردپرێس:

لە راگەیێندراوێکدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی خۆی بەرانبەر بە کشانەوەی ئەمریکا لە باکووری خۆرهەڵاتی سووریا دەردەبڕێت و داوا لە تورکیا دەکات "وەک ئەندامێکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژ بە تیرۆر، هیچ هەنگاوێک نەهاوێژێت کاریگەریی نەرێنی لەو پێشکەوتنە بکات کە لە شەڕی دژی داعش بە دیهاتووە و مەترسی لە کۆنترۆڵ دەرچوونی چەکدارە تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان هەبێت".

 دەقی راگەیێندراوەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:

حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی زۆری خۆی دەردەبڕێت بەرامبەر بڕیاری کشاندنەوەی هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ناوچەی ئارامی باکووری رۆژهەڵاتی سوریا و ئەو راپۆرتانەی باس لە ئەگەری هێرشی تاکلایەنەی تورکیا بۆ ئەو ناوچەیە دەکەن.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە تورکیا دەکات وەک ئەندامێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژ بە تیرۆر، هیچ هەنگاوێک نەهاوێژێت کاریگەری نەرێنی لەو پێشکەوتنە بکات کە لە شەڕی دژی داعش بە دیهاتووە و مەترسی لە کۆنترۆڵ دەرچوونی چەکدارە تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان هەبێت.

دەرەئەنجامەکانی هەر گرژبوون و پێشهاتێکی سەربازی، کاریگەریی بۆ دەرەوەی سنووری سوریاش دەبێت و لەوانەیە دۆخێک دروست بکات ببێتە هۆی گەڕانەوەی داعش و ئاوارەبوونی ژمارەیێکی زۆری خەڵک. بۆیە زۆر پێویستە هەموو لایەنەکانی کێشەکە، بە هێزە کوردییەکانیشەوە، لە رێگەی گفتوگۆ و دایەلۆگەوە دۆخەکە هێور بکەنەوە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە، پێویستە کێشەکان رێگەچارەیێکی سیاسیی گشتگیریان بۆ بدۆزرێتەوە کە مافەکانی هەموو هاووڵاتییانی سووریا و لە نێویشیاندا کورد پارێزراو بن.

 ەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش قوربانییێکی زۆری داوە و ئێستاش میوانداریی ملیۆنێک و سەد هەزار ئاوارە و دەربەدەر دەکات کە زۆربەیان لە دەست ئەو قەیرانەوە پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە. ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییشە رێگا لە دروستبوونی لێشاوێکی دیکەی ئاوارەبوون بگرێت.

 حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا بەردەوام لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکات، لە رێگەی چەندین کەناڵیشەوە کار لەسەر ئەو پرسە دەکات.

 

 

حکوومەتی هەرێمی کوردستان

٢٠١٩/١٠/٨

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه