10:42 PM   IRAQ
TUESDAY, 15 OCTOBER 2019
 به په‌له |◀   ڕوانگه‌ی سووری بۆ مافه‌کانی مرۆڤ: هه‌سه‌ده‌ گونده‌کانی سه‌رێکانی کۆنترۆڵ کرده‌وه‌
WEDNESDAY, 9 OCTOBER 2019 - 09:03
 بشێوەی سیاسی لە واشەنتن و ئامادەییی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر کورد

بەشی جیهان- زۆرینەی میدیا ئەمریکییەکان باسی ململانێی و بشێوەیێکی سیاسی لە ئەمریکا دەکەن کە هۆکارەکەی لێدوانی دژبەیەکی ترەمپ لەبارەی پشتکردن لە کوردی سووریا و هاوکات هەڕەشەی سزادانی تورکیا لە ئەگەری هێرش کردن بۆ سەر کوردەکان بووە. لە لایێکی دیکەشەوە دەوترێت ئەگەر هەیە تورکیا هەلقۆستنەوە لەم بشێوە سیاسییەی ئەمریکا بکات و بە زووترین کات هێرشی سەر کوردی سووریا دەست پێبکات.

کوردپرێس:

لێدوانەکانی ترەمپ لەبارەی کشانەوەی هێزی ئەمریکی لە سنوورەکانی سووریا و ڕێگە خۆش کردن بۆ هێرشکردنی تورکیا بۆ سەر کوردەکان دووبەرەکیی خستۆتە نێو لایەنە سیاسییەکانی ئەمریکا و ئەوانەی دژی بڕیارەکەی ترەمپن زیاتر لەوە نیگەرانن کە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا بەو بڕیارەی ترەمپ متمانەیان بە واشەنتن نەمێنێت.

بیزنس ئینسایدەر لەبارەی پێشهاتەکانی 48 کاتژمێری ڕابردوو ڕاپۆرتێکی نووسیوە و دەڵێت پاش تویتەکانی ترەمپ لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سنووری سووریا، ساحەی سیاسیی ئەمریکا تووشی سەرلێشێواوی بووە. ئەم سەرلێشێواوییەش پاش پەیامەکان ترەمپ دێت کە جارێکیان دەڵێت پێویست نیە ئەمریکا لە سەر کورد شەڕ بکات کە دوژمنی تورکیان و جارێکی تر هەڕەشەی ئەوە دەکات کە ئەگەر بێتوو تورکیا لە کورد بدات ئەوا ئابووری تورکیا دەڕووخێنێت.

ئەو پۆڤارە ئەمریکییە ئەوەشی نووسیوە کە تورکیا هەلقۆستنەوە لەم سەرلێشێواوییە سیاسییەی ئەمریکا دەکات و بەنیازە لەم بشێوە سیاسییەدا زووبەزوو لە کورد بدات. هەر بۆیەش جووڵەی سەربازیی تورکیا لە سەر سنووری سووریا زیادی کردووە.

بەرپرسانی هێزی سەربازیی سوپای سووریای دیموکراتیش بە گۆڤارە ئەمریکییەکەیان وتووە جووڵەی سەربازیی تورکیا لە سەر سنووری سووریا زیادی کردووە بەڵام ئەوان ئێستاش هیوایان بەوە ماوە کە ئەمریکا ڕێگری لە هێرشی بەرفراوانی تورکیا بکات. بەوەشەوە کوردەکان گوتوویان ئەوانیش سەر لە سیاسەتی ئەمریکا دەرناکەن و بە وتەی فەرماندەیێکی هێزی سووریای دیموکرات »کەس نازانێت ترەمپ نیازی چییە".

ئارنۆڵد لۆند چاودێری سیاسیی کاروباری تورکیا دەڵێت ڕوون نیە ترەمپ مامەڵەی لەسەر چی لەگەڵ تورکیا کردووە. ڕەنگە سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕێککەوتنێکی ستراتێژییانەی لەگەڵ تورکیا کردبێت و ڕێگە بدات تورکیا تا ڕادەیێک لە ناو خاکی سووریا پێشڕەوی بکات بەڵام ئەم باسانە تا ئێستاش ساغ نەبۆتەوە.

جۆزف ڤووتێل سەرۆکی پێشووی ناوەندی فەرماندەییی ناوەندیی هێزە ئەمریکییەکان بڕیارەکەی ترەمپ بە بڕیارێکی هەڵە و عەجوولانە ناو بردووە و چوونکە دەڵێت ئەمریکا ناتوانێت هاوپەیمانی بەوەفا و لێهاتووی وەک کورد بدۆزێتەوە.

تەنانەت مەزڵووم کۆبانێ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیش دەڵێت لەم بڕیارەی ترەمپ سەردەرنایەنێت. ناوبراو دیمانەیێکی لەگەڵ نیۆیۆرک تایمز کردووە و بەو ئاژانسەی هەواڵی گوتووە ئەگەر تورکیا دەستدرێژی بکات هێزەکانی ئەوان بەرخۆدان دەکەن بەڵام سیاسەتی ئەمریکا ڕوون نیە. ناوبراو جەختیشی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە ئێستاش سیاسەتی ئەمریکا و بەتایبەتی سیاسەتی ترەمپ ڕوون نیە هەر بۆیەش کورد نەیتوانیوە پلانێکی گونجاو بۆ خۆی دابڕێژێت.

وۆڵ ستریت ژوورناڵیش ئاماژەی بە هەمان سەرلێشێواویی سیاسی پاش بڕیارەکەی ترەمپ بۆ کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە باکووری سووریا کردووە بەڵام دیمانەیێکی لەگەڵ فەرماندە کوردەکان کردووە و گەشتۆتە ئەو ئەنجامە کە ئەگەر تورکیا هێرش بکات کوردەکان بەرخۆدان دەکەن.

برێت مەکگۆرک نوێنەری باراک ئۆباما لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژەداعش کە ساڵی ڕابردوو بە نیشانەی ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بڕیارەکەی ترەمپ بۆ کشاندنەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە سووریا دەستی لە کار کێشاوەتەوە لە توێتێکدا نووسیویەتی بڕیارەکانی سەرۆککۆماری ئەمریکا بڕیاری کاڵ و لەناکاون و ئەو پرسیارەش دێنێتە ئاراوە کە ترەمپ دەڵێت دەکشێینەوە و ئەگەر داعش سەری هەڵدایەوە دیسان دەگەڕێینەوە و شەڕی داعش دەکەین بەڵام ئەم جارە دەتەوێت لەگەڵ کێ شەڕی داعش بکەیت؟

پۆرین پۆڵسی دەڵێت بڕیارە خێراکەی ترەمپ بۆ کشاندنەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە سووریا سەرئێشە بۆ بەرپرسانی دەوڵەتی ئەمریکا دروست دەکات. ئەو گۆڤارە دەشڵێت ژمارەیێک لە بەرپرسانی ئەمریکی هەوڵیان داوە لێکەوتەی خراپی بڕیارەکەی ترەمپ کەم بکەنەوە و متمانە بە کوردەکان ببەخشن. ئەو گۆڤارە لە زاری ژمارەیێک کونگرێسمانی ئەمریکییەوە نووسیویەتی ژمارەیێک لە بەرپرسانی دەوڵەتی ئەمریکا ڕۆژی سێشەمە 8ی تشرینی یەکەمی 2019 لەگەڵ چەند سەرکردەیێکی کورد لە ئەمریکا دیداریان کردووە.

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه