10:41 PM   IRAQ
TUESDAY, 15 OCTOBER 2019
 به په‌له |◀   ڕوانگه‌ی سووری بۆ مافه‌کانی مرۆڤ: هه‌سه‌ده‌ گونده‌کانی سه‌رێکانی کۆنترۆڵ کرده‌وه‌
WEDNESDAY, 9 OCTOBER 2019 - 14:44
مامۆستای زانکۆی نۆرس سترن تایبه‌ت بۆ کوردپرێس:
کاتی هاوپه‌یمانێتیی کورد له‌گه‌ڵ به‌شار ئه‌سه‌ده‌

به‌شی جیهان- ماکس ئابرامز به‌ هه‌واڵده‌ریی کوردپرێسی گوت: ئه‌گه‌ر له‌ ئێستادا کوردی سووریا له‌گه‌ڵ به‌شار ئه‌سه‌د ڕێکبکه‌وێت هیچ که‌س ناتوانێت گله‌ییان لێبکات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، بڕیاره‌ چاوه‌ڕواننه‌کراوی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا بۆ کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانیان له‌ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا له‌ باکووری ئه‌و وڵاته‌ نیگه‌رانییه‌کانی نیسبه‌ت به‌ ئه‌گه‌ری هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر کورد زیاتر کردووه‌.

ئه‌مریکا هاوپه‌یمانی سه‌ره‌کیی کوردی سووریا که‌ له‌ 5 ساڵی ڕابردوودا به‌ هاوکاریی یه‌کتر داعشیان له‌ نزیکه‌ی یه‌ک له‌سه‌ر چوار خاکی سووریا ده‌رکرد له‌ ئێستادا ڕێگای بۆ هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا هه‌موار کردووه‌. ئه‌و بڕیاره‌ی تره‌مپ کاردانه‌وه‌یێکی نه‌رێنیی زۆری ته‌نانه‌ت له‌ نێوان لایه‌نگران و دۆستانی تره‌مپدا به‌دواوه‌ بوو‌ و هاوپه‌یمانانی ئه‌ورووپیی ناوبراویش له‌سه‌ر لێکه‌وته‌کانی به‌جێهێشتنی کوردی سووریا هۆشدارییان دا.

دوکتۆر ماکس ئابرامز توێژه‌ری کاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین و گرووپه‌ میلیشیاییه‌کانی ناوچه‌که‌ به‌ هه‌واڵده‌ریی کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: بڕیاره‌که‌ی تره‌مپ بۆ کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانیان له‌ نزیکه‌ی سنووره‌کانی تورکیا ڕێگا بۆ هێرشی تورکیا هه‌موارتر ده‌کات و گرینگتر له‌وه‌ش هێرشه‌که‌ی تورکیا دۆخێک دێنێته‌ئاراوه‌ که‌ ژیان بۆ دانیشتوانی کوردی ئه‌و ناوچانه‌ تاڵ ده‌کات.

ناوبراو ته‌ئکیدی کرده‌وه‌ که‌ تره‌مپ وازی له‌ کورده‌کان هێناوه‌ و ئه‌م‌ مه‌سه‌له‌ش جێگه‌ی داخ و ئه‌سه‌فه‌ به‌و بۆنه‌وه‌ که‌ ئه‌مریکا جگه‌ له‌ کورد هاوپه‌یمانێکی زۆری له‌ ناوچه‌که‌دا نییه‌ و هێزه‌ کوردییه‌کانیش هێزێکی کارامه‌ و لێهاتوون‌.

مامۆستاکه‌ی زانکۆی نۆرس سترن ته‌ئکیدی کرده‌وه‌ که‌ ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیا بۆ به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ کیانی سه‌ربه‌خۆ یان خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی کورد له‌ باکووری سووریا دوودڵ نییه‌ و هه‌وڵه‌کانی بۆ له‌ناوبردنی کیانی کوردی خستۆته‌ گه‌ڕ.

ناوبراو نیگه‌رانیی خۆیشی ده‌ربڕی له‌و ڕه‌فتاره‌ نه‌گونجاوانه‌ی که‌ مومکینه‌ پاش هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر ناوچه‌که‌ له‌گه‌ڵ هاووڵاتییانی سڤیل ئه‌نجام بدرێت.

دوکتۆر ماکس ئابرامز له‌باره‌ی هۆکاری بڕیاره‌که‌ی دۆناڵد تره‌مپ بۆ به‌جێهێشتنی کوردی سووریا له‌ به‌رانبه‌ر هێرشه‌که‌ی تورکیا زیادی کرد: دۆناڵد تره‌مپ له‌ که‌مپێنی هه‌ڵبژاردنی خۆی ته‌ئکیدی کردبوو که‌ هه‌بوونی ئه‌مریکا له‌ جیهانی ئیسلام که‌م ده‌کاته‌وه‌.

مامۆستاکه‌ی زانکۆی نۆرس سترنی ئه‌مریکا له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری هاوپه‌یمانێتیی نێوان کوردی سووریا و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی بۆ ڕێگرتن له‌ هێرشه‌که‌ی تورکیا بۆ سه‌ر باکووری ئه‌و وڵاته‌ گوتیشی: من نازانم که‌ کورد هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ به‌شار ئه‌سه‌د ده‌به‌ستێت یان نا به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ ئێستادا ئه‌م کاره‌ ئه‌نجام بده‌ن هیچ که‌س ناتوانێت گله‌ییان لێبکات.

 

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه