11:29 PM   IRAQ
TUESDAY, 15 OCTOBER 2019
 به په‌له |◀   ڕوانگه‌ی سووری بۆ مافه‌کانی مرۆڤ: هه‌سه‌ده‌ گونده‌کانی سه‌رێکانی کۆنترۆڵ کرده‌وه‌
WEDNESDAY, 9 OCTOBER 2019 - 15:29
سیاسه‌توانێکی کورد تایبه‌ت بۆ کوردپرێس: ده‌ستی ده‌ره‌کی له‌ پشت خۆپیشاندانه‌کانی عێراقه‌

به‌شی دیمانه‌/ عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رکرده‌یێکی کۆمه‌ڵی ئیسلامیی کوردستان به‌ هه‌واڵده‌ریی کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: به‌رده‌وامیی خۆپیشاندانه‌کانی سه‌ر شه‌قام له‌ ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق که‌ ده‌ستی ده‌ره‌کی له‌پشته‌وه‌یه‌ کارتێکه‌رییێکی نه‌رێنی له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستان ده‌بێت و به‌م بۆنه‌وه‌ شتێکی وا به‌ حه‌زی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی هه‌رێمی کوردستان نییه‌.

کوردپرێس:

خۆپیشاندانه‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی ئه‌مدواییه‌ له‌ به‌غدا و هه‌ندێک پارێزگای ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق نیگه‌رانییه‌کانی زۆری له‌باره‌ی ئاینده‌ی سیاسیی وڵات به‌تایبه‌ت لای کورده‌کان دروست کرد. ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ و داواکارییه‌کان بۆ ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ کورد و ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی کوردستان هاوپه‌یمانێکی سه‌رۆک وه‌زیرانی ئێستای عێراقن و نیگه‌رانیی گۆڕینی کابینه‌ی حکوومه‌تن.

کوردپرێس له‌باره‌ی هۆکاره‌ شاراوه‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی خۆپیشاندان له‌ عێراق و هه‌ڵوێستی کورد و کارتێکه‌رییه‌که‌ی له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستان و په‌یوه‌ندیی به‌غدا له‌گه‌ڵ کورد دیمانه‌یێکی له‌گه‌ڵ شوان ڕابه‌ر ئه‌ندامی کۆمه‌ڵی ئیسلامیی کوردستان ئه‌نجام داوه‌ که‌ له‌ خواره‌وه‌ دێت.

کوردپرێس: هۆکاره‌کانی دۆخی ئێستای عێراق و خۆپیشاندانه‌کانی سه‌ر شه‌قام چیین؟

شوان ڕابه‌ر: به‌ کورتی ئه‌مانه‌ هۆکاره‌کانی خۆپیشاندانه‌کانی عێراقن: 1- نه‌بوونی ژیان و خزمه‌تی پێویست 2- جێبه‌جێ نه‌کردنی به‌ڵێن و کارنامه‌ی حکوومه‌ت 3- هه‌بوونی هه‌ژاری و نه‌داری و سته‌م و بێ دادی و فه‌رق و جیاوازی 4- کێشه‌ی نێوان لایه‌نه‌ شیعه‌کان 5- ده‌ستی ده‌ره‌کی و وابه‌سته‌ییی هه‌ندێ که‌س و لایه‌ن به‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات 6- په‌راوێزخستن و بێکاری خه‌ڵک 7- هه‌بوونی موعاره‌زه‌ له‌ عێراق 8- هه‌بوونی خواستی گۆڕانکاری له‌ دژی عادل عه‌بدولمه‌هدی 9- هه‌بوونی ڕۆحییه‌تی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌ حکوومه‌ت و گوشار خستنه‌ سه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدی تا ده‌ست له‌کار بکێشێته‌وه‌.

کوردپرێس: چ که‌سگه‌لێک به‌رپرسی دۆخی ئێستای عێراقن؟

شوان ڕابه‌ر: ئه‌م لایه‌نانه‌ به‌رپرسیارن: حکوومه‌ت به‌تایبه‌ت سه‌رۆک وه‌زیران، حزبه‌کانی به‌شداربووی حکوومه‌ت به‌تایبه‌ت ده‌سه‌ڵاتداره‌کان، ئه‌و لایه‌نانه‌ی له‌ ناوخۆ و له‌ ده‌ره‌وه‌ دستیان له‌م بارودۆخه‌دا هه‌یه‌ و ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ له‌ ئه‌نجامی کۆمه‌ڵێک هۆکاره‌ که‌ له‌ خاڵی یه‌که‌مدا باسم کردن له‌ نێویاندا ده‌ستی ده‌ره‌کی.

کوردپرێس: ئاکاری یه‌کساڵه‌ی کابینه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟ ده‌توانین لاوازیی ده‌وڵه‌ت بۆ ئاراسته‌کردنی خزمه‌تگوزاری و ڕه‌خساندنی هه‌لی کار و به‌ره‌نگاری له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵی به‌ هۆکاره‌کانی دروست‌بوونی بشێوی و سه‌رهه‌ڵدانی خۆپیشاندانی ناڕه‌زایه‌تی عێراق بزانین؟

شوان ڕابه‌ر: حکوومه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی کارنامه‌ی هه‌بوو، به‌ نه‌زه‌ری کارنامه‌که‌ کۆمه‌ڵێک شتی چاکی تێدا بوو، وه‌لێ شه‌رتی جێبه‌جێ‌کردنه‌ نه‌ک ده‌ق و نووسین. زۆر شت هه‌یه‌ تا ئێستاش له‌ کارنامه‌که‌ به‌ کرده‌وه‌ جێبه‌جێ نه‌کراون، بۆیه‌ خه‌ڵکیش داواکاری هه‌یه‌ و ناڕه‌زایی پیشان ده‌دات. خه‌ڵک له‌ عێراق هه‌ق خۆیه‌تی باش بژی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شۆڕشیان کردووه‌، قوربانییان داوه‌، سه‌روه‌رت و سامان زۆره‌. ناکرێ سه‌روه‌ت و سامانی عێراق به‌ ته‌نیا بۆ چه‌ند که‌س و لایه‌نێک بێت، خه‌ڵکیش له‌ برسان  بمرێ و له‌ بێکاری ئاواره‌ بێت. تا ئێستاش له‌ عێراق ڕۆژانه‌ خه‌ڵک ده‌کوژرێ، شه‌ڕ و شۆر و قاتوقڕی و ئاواره‌بوون و سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌ی زۆر هه‌یه‌.

کوردپرێس: پاش ساڵی 2003 ده‌وڵه‌ته‌کان له‌ عێراق به‌پێی پشک‌پشکێنه‌ و دیموکراسیی ته‌وافوقی پێکهاتوون، کێشه‌ و مه‌سه‌له‌کانی ئێستای عێراق تا چ ڕاده‌یێک ئه‌نجامی ئه‌و سوننه‌ته‌ سیاسییه‌؟

شوان ڕابه‌ر: حکوومه‌تی ته‌وافوقی و پشکێنه‌ ئیجابیات و سه‌لبیاتی خۆی هه‌یه‌، کێشه‌ی سه‌ره‌کی لێره‌ خزمه‌ت‌کردنه‌ به‌ کردار، قۆرخ‌کردنی شته‌کانه‌ و بێ به‌ش‌کردنی خه‌ڵکێکه‌ بۆیه‌ ئه‌وه‌ ڕوو ده‌دات نه‌ک له‌به‌ر حکوومه‌تی ته‌وافوقی. با یه‌ک حیزب یان چه‌ند حزبێک حکوومه‌ت به‌ڕێوه‌ ببه‌ن، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ شته‌ چاکه‌کان به‌رجه‌سته‌ بکه‌ن ده‌نا کێشه‌ هه‌ر ڕوو ده‌دات. کێشه‌ لێره‌ به‌ ته‌نها له‌به‌ر جۆری حکوومه‌ته‌که‌ نییه‌ که‌ ته‌وافوقییه‌. ئه‌سله‌ن ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ‌کردنی باش و دادگه‌ری هه‌بێ حکوومه‌تی ته‌وافوقی باشتره‌ که‌ هه‌موو خۆیان له‌ نێو حکوومه‌ته‌که‌ ببیننه‌وه‌ و خۆیان به‌ به‌رپرسیار بزانن. چونکه‌ هه‌موو لا به‌شداری گۆڕانکاریی عێراقی نوێیان کردووه‌، قوربانییان داوه‌، ناکرێ به‌ ته‌نها یه‌ک حیزب عێراق به‌ڕێوه‌ ببات یان به‌رهه‌می بخوا.

کوردپرێس: پێگه‌ی کورد له‌ هاوکێشه‌کانی ئێستای عێراق له‌ چ ئاستێکدایه‌؟

شوان ڕابه‌ر: کورد ده‌ستی له‌م خۆپیشاندانانه‌دا نییه‌، ئه‌سله‌ن خه‌ڵکێک له‌ کورد پاڵپشتی حکوومه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدین و به‌ که‌سێکی باشی ده‌زانن. وێڕای ئه‌وه‌ی تێبینییان له‌سه‌ری هه‌یه‌، له‌وانه‌شه‌ خه‌ڵکێک له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان پێیان خۆش بێ ئه‌وه‌ ڕوو بدات بۆ ئه‌وه‌ی: به‌غدا زۆر به‌هێز نه‌بێ، به‌غدا له‌ کوردستان بێ‌ئاگا بێ، به‌غدا به‌خۆیه‌وه‌ خه‌ریک بێ، کێشه‌ له‌ نێوان حیزبه‌کانی شیعه‌دا دروست بێ، یا نموونه‌ به‌ به‌غدا بێنینه‌وه‌ بڵێین بزانه‌ له‌ به‌غداش کێشه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌نگه‌کانی خۆیان پێ داپۆشن. به‌ هه‌ر حاڵ خۆپیشاندانه‌کان له‌ ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق به‌رده‌وام بن کاریگه‌ریی نێگه‌تیڤی بۆ سه‌ر کوردستان ده‌بێ، له‌و ڕووه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردستان حه‌ز له‌وه‌ ناکات و به‌ هه‌موو لا فشار ده‌خه‌نه‌ سه‌ر ئه‌م حکوومه‌ته‌.

کوردپرێس: ژماره‌یێک له‌ شرۆڤه‌کاران دۆخی ئێستای عێراق به‌ زیانی کورد ده‌زانن به‌تایبه‌ت له‌ قۆناغی ئێستادا که‌ دانوستانه‌کانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بۆ چاره‌کردنی مه‌سه‌له‌کانی بودجه‌ و نه‌وت له‌ئارادایه‌، بۆچوونی ئێوه‌ له‌مباره‌وه‌ چییه‌؟

شوان ڕابه‌ر: باسم کرد له‌ هه‌ندێ ڕووه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردستان پێی ئاساییه‌، له‌ هه‌ندێ ڕووشه‌وه ‌پێی خراپه‌، مه‌ترسی هه‌یه‌، یا ئه‌گه‌ر بارودۆخی خواروو تێک بچێ بۆ هه‌ندێک شتی کوردستان زه‌ره‌ره‌.

کوردپرێس: ئاسۆی خۆپیشاندانه‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌کان و گۆڕانکاریی سیاسیی عێراق چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟

شوان ڕابه‌ر: ئه‌گه‌ر زوو هه‌ندێ گۆڕانکاری و چاکسازی نه‌کرێ یا داواکاری خۆپیشانده‌ران جێبه‌جێ نه‌کرێ، کێشه‌ی‌تر دروست ده‌بێ. به‌ ڕای من ده‌ره‌نجام ئه‌گه‌ر ئه‌مریکا و ئێران بیانه‌وێ حکوومه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی بمێنێته‌وه‌ کێشه‌که‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێ و کۆتایی به‌ خۆپیشاندانه‌کان دێ، وه‌لێ ئه‌گه‌ر ئه‌وان به‌رگری لێ نه‌که‌ن، کێشه‌ی‌تریش دروست ده‌بێت. خۆپیشاندانه‌کان تا ئێستا زۆر به‌هێز و فراوان نیین و ئه‌گه‌ر ڕه‌وتی سه‌دریش زۆر به‌ جیدی بێته‌ ناو مه‌سه‌له‌که‌ خۆپیشاندانه‌کان به‌هێزتر و فراوانتر ده‌بن و کێشه‌ی‌تریش دروست ده‌بێت.

کوردپرێس: له‌ ئه‌گه‌ری ڕووخانی حکوومه‌ته‌که‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی ئاسۆی پێکهێنانی حکوومه‌ت و هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟

شوان ڕابه‌ر: ئه‌گه‌ر حکوومه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی بکه‌وێ به‌ زه‌حمه‌ت حکوومه‌تێکی‌تر دروست ده‌بێته‌وه‌ و کێشه‌ی زۆر دێنه‌ ئاراوه‌ و په‌یوه‌ندیی کوردستان و به‌غدا به‌ره‌و ئاڵۆزی ده‌ڕوات. پێم وایه‌ ئه‌مه‌ریکا و ئێران لێ ناگه‌ڕێن ئه‌م حکوومه‌ته‌ بکه‌وێ چونکه‌ کێشه‌ی زۆر ڕوو ده‌دات.

دیمانه‌: حه‌سه‌ن ساڵحی

داڕشتنه‌وه‌: به‌شی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس

 

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه