11:17 PM   IRAQ
TUESDAY, 15 OCTOBER 2019
 به په‌له |◀   ڕوانگه‌ی سووری بۆ مافه‌کانی مرۆڤ: هه‌سه‌ده‌ گونده‌کانی سه‌رێکانی کۆنترۆڵ کرده‌وه‌
THURSDAY, 10 OCTOBER 2019 - 00:12
پاش هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر کوردی سووریا؛
کۆسرەت رەسوول داوای کۆبوونەوەی لووتکەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکات

‎بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستپێشخەریی کۆبوونەوە و ميوانداريكردنی لووتکەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەخاتە ڕوو و رایدەگەیێنێت، داوا لە ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکەین، لە کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراویاندا گەلەکەمان نائومێد نەکەن.

کوردپرێس:

‎کۆسرەت رەسوول عەلی ‎جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لەدوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا بۆ کوردستانی سووریا پەیامێک بڵاو دەکاتەوە و تێیدا هاتووە: "‎بەداخەوە سەرباری هۆشداری و ناڕەزایی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، تورکیا لەشکرکێشی و پەلاماری بۆ باکووری سووریا و رۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد، کە سەرباری پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەری خاکی سووریا، ژیانی هەزاران مرۆڤی مەدەنی بێدیفاع لەژێر مەترسی تۆپباران و ئاگری شەڕدان".

بەگوتەی کۆسرەت رەسوول "‎پەنابردن بۆ بژاردەی شەڕ و بەلاوەنانی بژاردەی ئاشتی و چارەسەری سیاسی، کارەساتێکی گەورەی مرۆیی دەخوڵقێنێ و ئاسایش و ئۆقرەیی ناوچەکە و جیهانیش دەخاتە مەترسیەوە و جارێکی دیکە هەڕەشەی تیرۆر و كۆچی به لێشاو بەجۆرێکی دیکە سەرهەڵدەداتەوە".

‎جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوا لە کۆمەڵگەی نێوەوڵەتی دەکات: "چۆن لە جەنگی تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعشدا، پشتیوانی گەلی قارەمانی کوردستان بوون، لەم پەلاماردان و لەشکرکێشەیشدا، بێنەدەنگ بۆ راگرتنی شەڕ و رێگەگرتن لەکارەساتی گەورەی مرۆیی و تێکچوونی ئاسایشی ناوچەکە. لەمڕووەوە داوا لە ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکەین، لە کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراویاندا گەلەکەمان نائومێد نەکەن و لەبەرژەوەندی ئاشتی و ئاسایشیدا بڕیاربدەن".

کۆسرەت رەسوول هەروەها داوایەک ئاراستەی هێزە سیاسییەکانی کوردستان دەکات و رایدەگەیێنێت: "‎لەم بارودۆخە ئاڵۆزو مەترسیدارەدا، داوا لە هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستان و گەلی کوردستان دەکەم، تەبایی و یەکڕیزیمان بپارێزین و نێوماڵی کوردستان تۆکمەتر بکەین. هەموو هەوڵێکمان بخەینەگەڕ بۆ هاوکاریی مرۆیی ئاوارەکان و بەکارهێنانی هەموو کەناڵە پەیوەندییە دیپلۆماتییەکان لە پێناوی رێگەگرتن لە تەشەنەکردنی مەترسییەکان".

کۆسرەت رەسوول هەروەها دەستپێشخەرییەک دەخاتەڕوو و دەڵێت: "‎دەستپێشخەریی کۆبوونەوە و ميوانداريكردنی لووتکەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەخەمەڕوو بۆ پتەوکردنی تەبایی لایەنە سیاسییەکان و یەکڕیزی گەلەکەمان و یەکخستنی هەڵوێستەکان و ئامادەکاریی بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتەکان".

 

کۆدی هەواڵنێر: 60101

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه