10:58 PM   IRAQ
TUESDAY, 15 OCTOBER 2019
 به په‌له |◀   ڕوانگه‌ی سووری بۆ مافه‌کانی مرۆڤ: هه‌سه‌ده‌ گونده‌کانی سه‌رێکانی کۆنترۆڵ کرده‌وه‌
THURSDAY, 10 OCTOBER 2019 - 08:49
تورکیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان کار بۆ ڕەوایی دان بە سنووربەزاندنی سوپای وڵاتەکەی دەکات

بەشی تورکیا- باڵیۆزی تورکیاش لە نەتەوەیەکگرتووەکان نامەیێکی ئاراستەی سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە و تێیدا ئیدعا دەکات، ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا لە خاکی سووریا بۆ بەرگریکردنە لە ئاسایشی وڵاتەکەی و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپانەیە بوونەتە هەڕەشە لە سەر تورکیا.

 کوردپرێس:

فەرەیدوون سینیرلی ئۆغڵو باڵیۆزی تورکیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی ئامانجی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە خاکی کوردستانی سووریا نامەیێکی ئاراستەی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە و تێیدا ئەم ئیدعایەی کردووە: "پێکدادانی سووریا شوێنێکی لەباری بۆ گرووپە تیرۆریستە جیاوازەکان خوڵقاندووە و ئەوانیش بوونەتە هەڕەشەی جیاواز بۆ ناوچەکە و ناوچەکانی دیکەی جیهانیش. حکوومەتی تورکیا هەوڵی تەواوی داوە بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخی سووریا، ئەوەش بە پشتبەستن بە بڕیارە پەیوەندیدارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی بە شەڕکردن دژی تیرۆریزم بەهەموو شێوەکانییەوە".

 لە نامەکەی ئەو باڵیۆزەدا هاتووە ئۆپەراسیۆنەکە بە پشتبەستنە بە مافی بەرگریکردنی تورکیا لە خۆی و دەڵێت "تورکیا لە رۆژی 9ـی ئۆکتۆبەری 2019 دا ئۆپەراسیۆنی کانیی ئاشتیی دەست پێکرد، ئەوەش بە پشتبەستن بە مافی بەرگریکردن لەخۆی، هەروەک چۆن لە بڕگەی 51ـی میساقی نەتەوەیەکگرتووەکاندا هاتووە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە تیرۆریستییەکان و دڵنیابوونەوە لە ئاسایشی سنووری تورکیا و لەناوبردنی تیرۆریستەکان نزیک لە ناوچە سنوورییەکان و نزیک لە سنووری تورکیا و ئازادکردنی سوورییەکان لە دیکتاتۆریەتی پەیەدە/ یەپەگەی لقی سووریای پەکەکە و داعش".

فەرەیدوون سینیرلی ئۆغڵو دەشڵێت، ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا لەژێر هەڕەشەی راستەوخۆی "رێکخراوە تیرۆریستیەکاندا بووە کە لە رۆژهەڵاتی فوراتن لە سووریا، لەوانەش داعش و پەکەکە/ پەیەدە/ یەپەگە لە ریزی پێشەوە".

 بە گوتەی فەرەیدوون سینیرلی ئۆغڵو رێکخراوی "تیرۆریستی پەکەکە/ پەیەدە/ یەپەگە بەردەوامە لە دۆزینەوەی زەمینەی گونجاو لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و بووەتە هەڕەشەیەکی جیدی بۆ ئاسایشی ناوچەکە و ئاسایشی نێودەوڵەتی و یەکپارچەیی سووریا".

 هەر لە نامەکەدا هاتووە، ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا گونجاو دەبێت، بەرپرسیارانەش مامەڵە دەکات و تەنیا هەسەدە و پێگە و کۆگاکانی چەک و تەقەمەنییان دەکاتە ئامانج و هەموو رێکارێکی پێویستیش دەگیرێتەبەر بۆ ئەوەی رێگە لە زیانگەیاندن بە خەڵکی سڤیل بگیرێت.

 ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، سەرۆککۆماری تورکیا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رۆژهەڵاتی فوراتی راگەیاند و لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەدا، فڕۆکەکانی تورکیا ناوەندی سەربازیی سەرێکانیێ ـیان لە کوردستانی سووریا بۆردوومان کرد.

دوای زیاتر لە شەش کاژێر، تورکیا هێرشی زەمینیشی راگەیاند. زانیارییەکانیش باس لەوە دەکەن کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکەوە نۆ کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و هەشت کەسی دیکەش برینداربوونە.

ئیدعاکانی نوێنەری تورکیا لە نەتەوەیەکگرتووەکانیش لە کاتێکدایە هێزی کوردی سووریا سەرەکیترین هێزی بەرپەرچدانەوەی داعش بوون و توانییان لە خاککی سووریا بە یارمەتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژەداعش شکست بە دیاردەی تیرۆر و داعش بهێنن و پێچەوانەی ئیدعاکانی تورکیا تا ئێستا کوردی سووریا هیچ هێرشێکی بۆ سەر خاکی تورکیا ئەنجام نەداوە و نەبۆتە هەڕەشە بۆ هیچ وڵاتێکی دراوسێی سووریا.

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه