11:16 PM   IRAQ
TUESDAY, 15 OCTOBER 2019
 به په‌له |◀   ڕوانگه‌ی سووری بۆ مافه‌کانی مرۆڤ: هه‌سه‌ده‌ گونده‌کانی سه‌رێکانی کۆنترۆڵ کرده‌وه‌
THURSDAY, 10 OCTOBER 2019 - 11:24
هه‌ده‌په هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر باکووری سووریا سه‌رکۆنه‌ ده‌کات

به‌شی تورکیا- هاوسه‌رۆکانی پارتی دیموکراتی گه‌لان له‌ به‌یاننامه‌یێکدا هێرشی سوپای تورکیایان بۆ سه‌ر ڕۆژهه‌ڵات و باکووری سووریا ئیدانه‌ کرد.

کوردپرێس:

په‌روین بۆڵدان و سه‌زایی ته‌مه‌لی هاوسه‌رۆکانی پارتی دیموکراتی گه‌لان له‌ کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامه‌وانیدا به‌یاننامه‌یێکیان له‌ژێر ناوی "دژی جه‌نگ له‌گه‌ڵ کوردستانی سووریا یه‌کده‌نگ بن؛ ئێمه‌ سه‌رده‌که‌وین" خوێندنه‌وه‌ و ڕه‌خنه‌یان له‌ ئۆپه‌راسیۆنی کانیی ئاشتیی تورکیا گرت و ڕایان‌گه‌یاند: "ده‌سه‌ڵاتدارێتیی پارتی داد و گه‌شه‌(AKP)- پارتی بزاڤی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی تورکیا (MHP) سه‌رجه‌م یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کانیان پێشێل کرد و له‌به‌ر چاوی جیهان هێرشێکی داگیرکه‌رانه‌یان بۆ سه‌ر باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا ده‌ست پێکرد. ئه‌م هێرشانه‌ هه‌روا که‌ ده‌ستکه‌وت و پێگه‌ی کوردی سووریا ده‌کاته‌ ئامانج، پڕۆسه‌ی گه‌شه‌پێدانی دیموکراسی له‌ تورکیاش ده‌کاته‌ ئامانج. به‌ توندی ئه‌م هێرشانه‌ سه‌رکۆنه‌ ده‌که‌ین. ئه‌م هێرشه‌ که‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتیی سیاسی بۆ ئاینده‌ی سیاسیی خۆی ده‌ستی پێکردووه‌ هاوکات له‌ ناو سنووره‌کانی تورکیا خه‌ڵکی تورک، لایه‌نه‌ دیموکراته‌کان و ڕۆحییه‌تی به‌رخۆدانیشی کردۆته‌ ئامانج."

له‌ درێژه‌ی به‌یاننامه‌که‌ی هه‌ده‌په‌دا هاتووه‌: "ئه‌م هێرشه‌ که‌ له‌لایه‌ن هێزه‌کانی سوپای ئازادی سووریا و پاشماوه‌ سه‌له‌فییه‌کانی داعشه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت خه‌ڵکی ئێزدی، سووریانی، تورکمان، ئه‌رمه‌نی، عه‌ره‌ب و به‌تایبه‌ت عه‌له‌وییه‌کان ده‌کاته‌ ئامانج که‌ به‌ شێوه‌ی ئاشتییانه‌ له‌ کوردستانی سووریادا ده‌ژین. هه‌موو گه‌ل و پێکهاته‌کان له‌ کوردستانی سووریا کراونه‌ته‌ ئامانج. ئه‌و له‌شكركێشی و هێرشه‌ی سوپای توركیا به‌ مه‌به‌ستی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی پارتێكی سیاسی و لایه‌نێكی دیاریكراو نییه به‌ڵكوو دژ به‌ گه‌لی كورد و ده‌ستكه‌وته‌كانی ئه‌و دیموكراسییه‌یه‌ كه له‌ ساڵانی ڕابردوو و‌ به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ گه‌لانی ناوچه‌كه‌دا وه‌ده‌ستیان هێناوه‌. ئێمه‌ و لایه‌نه‌ دیموکراتیکه‌کان ئه‌م هێرشه‌ ناڕه‌وایه قبووڵ ناکه‌ین‌ که‌ هیچ ڕه‌هه‌ندێکی یاسایی له‌پشته‌وه‌ نییه‌. جارێکی‌تر سه‌رجه‌م گه‌لانی خاوه‌ن ویژدان بانگهێشت ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌م هێرشه‌ی سوپای تورکیا بوه‌ستنه‌وه‌ که‌ به‌ مه‌به‌ستی زیاتربوونی حه‌یاتی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی سیاسیی تورکیا ده‌ستی پێکراوه‌."

سه‌رچاوه‌: ڕۆژنامه‌ی دیوار

 

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه