لایەنە سیاسییەکان وەڵامی ڕوونیان بۆ دەستپێشخەرییەکەمان نەبوو/ چاوەڕوانی هەنگاوی داهاتوومان بن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- رێبەری رەوتی سەدر دەڵێت: "پێشنیازێکمان دایە نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هەبوونی گفتوگۆیەکی ئاشکرا لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان، بەڵام لایەنەکان وەڵامێکی روونیان نەبوو؛ بۆیە چاوەڕوانی هەنگاوی داهاتوومان بن".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر ئەمڕۆ شەممە لە هەژماری خۆی لە تویتەر رایگەیاند: "ئەی گەلی عێراقی خۆشەویست؛ پێشنیازێکمان بۆ نەتەوەیەکگرتووەکان کرد بۆ هەبوونی کۆبوونەوەیەک، دەکرێت دیبەیتێکی ئاشکراش بێت لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان و لە پەخشی راستەوخۆدا بگوازرێتەوە؛ کەچی ئەوان وەڵامێکی روونیان نەبوو."

موقتەدا سەدر دەشڵێت: "وەڵامەکەیان لە رێگەی نێوەندگیرەکەوە بێسوود بوو. وەڵامەکەیان هیچ شتێکی تێدا نەبوو سەبارەت بە چاکسازی و داواکارییەکانی شۆڕشگێڕان و ئەوەی کە گەل بە دەستییەوە دەناڵێنێت. ئەوان هیچ گرنگییەکیان بەوە نەدا کە دەگوزەرێت".

رێبەری رەوتی سەدر دەڵێت: "داواکارین لە هەمووان چاوەڕوانی هەنگاوەکەی دیکەمان بن بەرامبەر سیاسەتی پشتگوێخستنی ئەوەی کە عێراق و گەلەکەی پێیگەیشتوون، ئەوەش بەهۆی گەندەڵی و پاشکۆییەوە".

رێبەری رەوتی سەدر ئاماژە بەوە دەکات: "دوای ئەمە، با چاوەڕوانی گفتوگۆیەکی نهێنی و نوێ لە ئێمە نەبن، چونکە من هیچ شتێک لە گەلەکەم ناشارمەوە؛ لەگەڵ گەندەڵکاران و ئەوانەش کە خراپە و کوشتنی من و لێدانی شوێنکەوتووانی بنەماڵەی سەدریان دەوێت، دانانیشم. زۆر نەرمیم نواند لەپێناو گەل و ئاشتیی کۆمەڵایەتی. ئیدی چاوەڕوانین بزانین چییان پێیە بۆ چاککردنی ئەوەی کە تێکدراوە و بۆ رزگارکردنی عێراق."

News Code 6762

Your Comment

You are replying to: .
captcha