کەیسی کوژرانی سەهەند ئەحمەد گەنجە تەمەن 17 ساڵانەکەی سلێمانی بە کوێ گەیشت؟

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- کاتژمێر حەوتی ئێوارەی ڕۆژی 21ی خەزەڵوەر پۆلیسی سلێمانی تەلەفۆنیان بۆ کەسوکاری گەنجێکی 17 ساڵان بە ناوی سەهەند ئەحمەد کردووە و وتوویانە "وەرن تەرمی کوڕەکەتان وەربگرنەوە".

ڕووداوەکە چۆن بووە؟

ڕۆژی هەینی 20ی خەزەڵوەر لە گەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی سەهەند ئەحمەد لەگەڵ چەند گەنجێکی دیکە لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بە شەڕ هاتووە، پۆلیس دەستێوەردانی کردووە و دواتر تەرمەکەی ڕادەستی کەسوکاری کراوەتەوە.

بە وتەی کەسوکارەکەی کە ڕۆژی یەکشەممە 22ی خەزەڵوەر لە بەردەم بنکەی پۆلیسی سەرچنار لە سلێمانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان کرد، پۆلیس پێی وتوون کە، دوای شەڕەکەی لەگەڵ چەند گەنجێکی تر، کوڕەکەیان لەکاتی هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی هەڵهاتووە، پۆلیسیش دوای کەوتوون، دواتر لە شوێنێکی بەرزەوە کەوتووەتە خوارەوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.

بەڵام کەسوکارەکەی ئەو گێڕانەوەیە ڕەت دەکەنەوە و دەڵێن، کوڕەکەیان لەلایەن پۆلیسەوە ئەشکەنجە دراوە و دواتر خنکێنراوە، ئەوان دەڵێن، تەرمی سەهەند چەندین ئاسەواری کلکە دەمانجە و قۆناغە تفەنگی بەسەرەوەیە، هەندێک شوێنی سەری چاڵ بووە، ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەشکەنجەدانی.

سەهەند ماوەی سێ مانگە باوکی لەدەستداوە، وازی لە خوێندن هێناوە و کاری دیلیڤەری کردووە چونکە خانەوادەکەی باری داراییان باش نەبووە.

زیاتر لەوەش، کەسوکارەکەی جەخت دەکەنەوە کە شاهیدیان هەیە لەکاتی دەستگیرکردنیدا، پێنج پۆلیس بە توندی لێیان داوە و ئەشکەنجەیان داوە، جەخت دەکەنەوە کە شاهیدەکە ئامادەیە بچێتە بەردەم دادگا.

خاڵی سەهەند لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا گوتیشی، "چووینە لای پۆلیسی سەرچنار، داوای لێدانەوەی گرتەی کامێراکانی چاودێریمان کرد، بەڵام گوتیان کار ناکات، داوای کامێراکانی گەڕەکەکەمان کرد، ڕەتیان کردووەتەوە ئەوانیش لێبدنەوە".

ئەوان داوا لە بەرپرسانی حکوومی و حزبی سلێمانی دەکەن بێنەسەرخەت بۆئەوەی لێکۆڵینەوە بکرێت و ڕاستیی ڕووداوەکە ئاشکرا بکرێت، جەخت دەکەنەوە کە "با یاسا سەروەر بێت، ئەگەریش یاسا هیچی نەکرد، بە عەشایەری یەکلایی دەکەینەوە".

جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لەسەر کەیسەکە هاتەدەنگ

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، لەسەر دۆسییەی سەهەند ئەحمەد هاتەدەنگ و رایگەیاند، هەر كەسێك مافی پێشێلكرا بێت، مافەكەی بۆ دەگەڕێننەوە.

هاوكات تاڵەبانی نووسینگەکەی خۆی لە شاری سلێمانی راِسپاردووە لێكۆڵینەوە و بە دواداچوونی پێویست بۆ ڕووداوەكە بكەن و رێككاری یاسایی بەرامبەر لایەنی سەرپێچیكار بگرنەبەر.


ڕوونکردنەوەی پۆلیسی سلێمانی لەبارەی گیانلەدەستدانی سەهەند ئەحمەد


ڕۆژی یەکشەممە 22ی خەزەڵوەر، سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ئەو پۆلیسانەی لەلایەن بنەماڵەی سەهەندەوە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە لەلایەن لیژنەی پۆلیسەوە دەست بەسەرکراون و وتەیان لێوەردەگیرێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی بە بنەماڵەی سەهەندی ووتووە، بسەلمێنرێت هەرکەسێک لە دۆسیەی گیانلەدەستدانی سەهەند کەمتەرخەمیی کردووە رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی هۆکاری دەستگیر کردنی سەهەندی ئاشکرا کرد و وتی، لەمانگی ١٠ی ئەمساڵدا کەسەێک سکاڵای تۆمارکردووە کە دەستڕێژی گوللـەی لێکراوە، دوایی دەرکەوتووە سەهەند و هاوڕێکەی بوون لەسەر ئەو سکاڵایە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە.

ناوبراو وتیشی، سەهەند و هاوڕێکەی بە گوێرەی مادەی ٣١/٤٠٥ی سەرەتا دەستگیرکراون.

هەروەها، لە بارەی هۆکاری گیانلەدەستدانی سەرهەندەوە، سەرکەوت ئەحمەد باسی لەوەکرد، ئەوانیش وەک پۆلیس پرسیاریان هەیە ئایا سەهەند بەهۆکاری لێدان گیانی لەدەست داوە یان هۆکاری دیکە هەیە، هەربۆیە تەرمەکەیان رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کردووە تا توێکاری بۆکرێت و هۆکاری مردنەکەی دەستنیشان بکرێت.


بەدواداچوونی سەرۆکی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان بۆ کەیسەکە

کاوە فتحی معصوم، سەرۆکی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان پەیوەندی کرد بە بەرێوەبەری گشتی پۆلیس بۆ بەدواداچوون بۆ گیان لە دەستدانی سەهەند و داوایکردووە، لیژنەیەک بە چاودێری دادوەری داواکاری گشتی تایبەتمەند بۆ زانینی راستیەکان و هۆکاری گیان لە دەستدانی ئەم مێرد منداڵە پێکبهێندریت.


داواشی کردووە پۆلیس لە ئەنجامەکان ئاگاداریان بکاتەوە و پەیوەندییشی کردووە بە بەرێوەبەری پزیشکی دادی سلێمانی داوایکردووە وێنەیەک لە راپۆرتەکانی بۆ بنێرێت.

داواکاری گشتی هەر بۆ ئەو کەیسە، پەیوەندی کردووە بە بەرپرسی فەرمانگەی داواکاری گشتی سلێمانی و داواکاری گشتی تایبەتمەند لە بنکەی پۆلیسی سەرچنار بۆ ناردنی راپۆرت لەسەر ئەو کەیسە.

News Code 7290

Your Comment

You are replying to: .
captcha