23:32 PM   IRAQ
SATURDAY, 4 JULY 2020
 به په‌له |◀   گیان لەدەست دان بەهۆی کۆرۆنا لە ئێران 11هەزار کەسی تێپەڕاند
SUNDAY, 31 MAY 2020 - 14:54
هاوسەرۆکی ئەنجومەنی یاسادانەریی کانتونی عەفرین تایبەت بۆ کوردپرێس:
تورکیا نیازیەتی مێژووی کورد لە عەفرین بسڕێتەوە/ تەنها 7 هەزار ئێزدی لە عەفرین ماونەتەوە

بەشی سووریا- هاوسەرۆکی ئەنجومەنی یاسادانەریی کانتونی عەفرین دەڵێت ئەوخەڵکە کە لە عەفرین ئاوارە بوونە سوێندیان خواردووە یان بۆ زێدی خۆیان لە عەفرین دەگەڕێنەوە یان لە شەهبا دەمرن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سولەیمان جەعفەر هاوسەرۆکی ئەنجومەنی یاسادانانی کانتونی عەفرین-ە و لە ساڵی 2008دا یەکێتیی ئێزدیانی عەفرنی دامەزراند و تا 2013 بەرپرسی ئەو ڕێکخراوە بوو. ناوبراو پاش دامەزرانی ئیدارەی بەڕێوەبەریی خۆسەر لە عەفرین، وەکوو وەزیری کاری کانتونی ئەو ناوچەیە دەست نیشان کرا و پاش داگیر کردنی عەفرین لەلایەن تورکیا و گرووپە جیهادییەکانەوە، ناوچەکەی جێهێشت و لە شەهبا وەکوو هاوسەرۆکی ئەنجومەنی یاسادانەریی کانتونی عەفرین دەستی بەکار کرد.

سولەیمان جەعفەر لەگفتوگۆ لەگەڵ هەواڵنێری کوردپرێسدا ئاماژەی بە دۆخی ئێزدییەکان لە عەفرین دا و ڕایگەیاند: لە کوردستانی سووریا دۆخی کوردانی ئێزدی هاوشێوەی کوردانی موسوڵمانە و پێچەوانی ئێزدییانی هەرێمی کوردستان، ئێزدییەکان لە کوردستانی سووریا هەمیشە ڕێزیان لێگیردراوە.

ناوبراو درێژەی دا پێش ڕووخانی عەفرین، تیرۆریستەکان و گرووپە جیهادییەکان بە ئێزدییەکانیان دەگوت ئەگەر بگەینە عەفرین هاوشێوەی ئێزەدیەکانی شەنگال ئێوەیش بە دیل دەگرین و ماڵتان دەبەین، کاتێکیش گەیشتنە عەفرین هەمان جەنایەتیان ئەنجام دا.

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی یاسادانەریی کانتونی عەفرین وتیشی پاش داگیر کردنی عەفرین لەلایەن سوپای تورکیا و گرووپە تیرۆریستییەکانەوە، یەکەم هەنگاویان ڕووخاندنی ناوچە پیرۆزەکان و گوندەکان و کوشتنی ئێزدییەکان بوو. باوەڕی ئەوان وابوو کە ئێزدییان کافر و ناموسوڵمانن، لەحاڵێکدا ئێزدیی لە ڕیزی پێشەوەی یەکتاپرسەکاندان.

سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی یەکێتیی ئێزدییانی عەفرین ڕاشیگەیاند لە 30ەکاندا ژمارەی گوندە ئێزدی نشینەکانی عەفرین 58 گوند بوو و حەشیمەتەکەشی نزیک 150هەزار کەس دەبوو. ئامارێکی دروست لە حەشیمەتی ئێزدییەکان لەبەردەست نییە. لە ڕابردوودا دەسەڵاتداران ستەمی زۆریان لە ئێزدییەکان دەکرد بەچەشنێک کە تەنانەت کارمەندانی ئیدارەی ئاماری سووریا دینی ئێزدییە کوردەکانیان بە موسوڵمان تۆمار دەکرد. پێش قەیرانی سووریاش زۆرینەی کوردانی ئێزدی بەهۆی هەڵمەتەکانی حکوومەتەوە لە عەفرینەوە بۆ حەلەب و دیکەی ناوچەکانی سووریا و دەرەوەی وڵات ئاوارە کراون.

سولەیمان جەعفەر ئاماژەی بە حەشیمەتی کوردانی ئێزدی لە کاتی قەیرانی سووریا دا و وەبیری هێنایەوە: پێش قەیرانی سووریا حەشیمەتی ئێزدییەکانی دانیشتووی عەفرین و حەلەب نزیک لە 35 هەزار کەس بوو کە پاش سەرهەڵدانی شەڕ و هێرشی گرووپە تیرۆریستییەکان حەشیمەتێکی زۆر بۆ ئەورووپا و ئەمریکا کۆچیان کرد.

ناوبراو ئاشکراشی کرد: نزیک لە 25 هەزار ئێزدی لە عەفرین مابوونەوە. پاش داگیر کردنی عەفرین، ئێزدییەکان تووشی کێشەی زۆر بوون. ئامارێکی وردمان لەبەردەست نییە بەڵام لە ئێستادا 22 گوندی ئێزدی نشین ماون و نزیک 7 هەزار ئێزدی ئێستا لە عەفرین-ن و هەر ئەم ژمارەیەش لەگەڵ ئێمە هاتوونەتە شەهبا و ناوچەکانی دیکە.

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی یاسادانەریی کانتونی عەفرین ئاماژەشی بە هەڵمەتەکانی تورکیا و گرووپە جیهادییەکان لە عەفرین دا و گوتی: تورکیا و تیرۆریستان کێشەیان لەگەڵ مێژووی کورد و ئێزدی هەیە، یەکەم هەڵمەتیان پاش داگیر کردنی عەفرین ڕماندنی ناوچە پیرۆزەکانی ئێزدییەکان بوو کە لە دیارترینیان ڕووخاندنی مەزارگەی «ئاندرا»یە کە مێژووەکەی بۆ 1300 ساڵ پێش لەدایکبوونی مەسێح دەگەڕێتەوە.

سولەیمان جەعفەر زیادی کرد: هەڵمەتێکی دیکەی وەحشیانەی ئەوان ڕووخاندنی نووسینگەی یەکێتیی ئێزدیانی عەفرین و ڕماندنی پەیکەری زەرتەشت و لالش و گۆڕستانی  ئێزدییەکان لە گوندەکانی «قیباره، قسل جندو، باسفان، سینکا، شادر، ایسکا» و گوندەکانی دیکە بوو.

ناوبراو جەختی کردەوە ئامانجی ئەوان لەناوبردنی مێژووی کوردە و دەیانەوێت هیچ ئاسەوارێک کە باس لە شۆناسی کورد دەکان بوونی نەبێت.

سەرۆکی پێشووی یەکێتیی ئێزدییانی عەفرین وەبیریشی هێنایەوە: گرووپە چەکدارەکان پاش داگیر کردنی عەفرین ئێزدییەکانیان ناچار کرد دینی خۆیان بگۆڕن و بە زۆر جلی ڕەشیان لەبەر کردن و لە گوندە ئێزدی نشینەکاندا مزگەوتیان کردەوە و منداڵانیان بۆ خوێندنی وانەی ئیسلامی نارد.

سولەیمان جەعفەر دەڵێت ئێستا ئێمە لە شەهبا دەژین لێرەش وەکوو عەفرین جیاوازییێک لەنێوان کوردانی موسوڵمان و ئێزدییدا نییە و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەوڵدەدات تا ئێزدییەکان بتوانن لە شەهبا بمێننەوە.

ناوبراو لە کۆتاییدا ئاماژەی بە سیاسەتەکانی تورکیا و ڕووسیا لەبارەی ئاوارەکانی عەفرین لە شەهبا دا و وتی: پاش رووخانی عەفرین لەگەڵ حەشیمەتێکی 90 هەزار کەسیدا هاتینە شەهبا و نزیک بە دوو ساڵ و چەند مانگە لە کەمپەکاندا دەژین.

تورکیا و ڕووسیا دەیانەوێت واز لە عەفرین بێنین و ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی سووریا ببین بەڵام ئێمە و خەڵکی عەفرین سوێندمان خواردووە یان بە سەربەرزیەوە بۆ عەفرین دەگەڕینەوە یان لە شەهبا دەمرین.

 

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه