22:03 PM   IRAQ
TUESDAY, 7 JULY 2020
 به په‌له |◀   دادگای ئەنقەرە داوای ئازادکردنی دەمیرتاشی ڕەت کردەوە
TUESDAY, 2 JUNE 2020 - 16:35
سەرۆکی حیزبی یەکگرتووی کوردستانی (P.Y.K.S) تایبەت بۆ کوردپرێس:
ENKS ڕژدە لە گفتوگۆ کردن/ دەوڵەتی ناوەندیی سووریا دان بە مەسەلەی کورددا نانێت

بەشی سووریا- ئەندامی لیژنەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردەکانی سووریا (ENKS) لە لێدوانێکدا بە کوردپرێسی وتووە: ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا لایەنگری دیالۆگ و دانوستاندنە بەڵام دەوڵەتی ناوەندیی سووریا دان بە مەسەلەی کورددا نانێت و بە هیچ شێوەیێک ئامادە نیە گفتوگۆ بکات.

کوردپرێس:

سولەیمان ئۆسۆ سەرۆکی حیزبی تازە دامەزراوی یەکگرتووی کوردستانی (P.Y.K.S)ی سووریا لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە بەدرەوامبوونی گفتوگۆکانی نێوان ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ENKS) و پارتی یەکێتیی دیموکراتیکی سووریا (PYD) کرد و ڕایگەیاند: لە سەرەتای دامەزرانی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریاوە هەموو هەوڵی ئێمە ئەوە بوو کە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و ئەنجومەنە مەدەنییەکان و کەسایەتییە سیاسییە سەربەخۆکان لە ژێر یەک چەتری یەکگرتوودا کۆ بکەینەوە بەڵام دۆستانی پارتی یەکێتیی دیموکراتیکی سووریا (PYD) ڕێبازێکی دیکەیان هەڵبژارد.

سەرۆکی پارتی یەکگرتووی کوردستانی گوتیشی پاش دامەزرانی ئەنجومەنی نیشتمانی، ئێمە کۆڵمان نەدا لە یەکخستنی لایەنە کوردییەکان و لە سێ دانیشتنی هەولێری یەک و هەولێری دوو و دهۆکدا ڕێککەوتنێکمان لەگەڵ پارتی یەکێتیی دیموکراتیک واژۆ کرد بەڵام ئەوان پابەندی ڕێککەوتنەکە نەبوون.

ناوبراو زیادیشی کرد: پاش دەستپێشخەرییەکەی ژنەراڵ مەزڵووم کۆبانێ و نێوەندگیریی ئەمریکا و ئەورووپا بۆ لێک نزیک کردنەوەی لایەنە کوردییەکان ئێمە وەڵامی ئەو دەستپێخەرییەمان دایەوە و دەستمان بە دانوستاندن کرد و تا ئەم کاتەش ڕێککەوتنی سیاسیی باش دەستەبەر بووە.

سولەیمان ئۆسۆ لەبارەی تەوەری گفتوگۆکان ڕوونیشی کردەوە: ئێمە هیوادارین لە سەر کۆی بابەتە سیاسی و ئیداری و سەربازی و ئابووری و ئەمنییەکان بگەینە ڕێککەوتن.

ئەندامی لیژنەی سەرۆکایەتیی ئەنەکەسە ئاشکراشی کرد: ئەنجومەنی نیشتمانی لە دانوستانەکان ڕژده و ئێستا دەرفەتێکی گونجاو ڕەخساوە چوونکە دەسەڵاتێکی گەورەی وەک ئەمریکا پشتگیریی ئەم دانوستانە دەکات و ئێمەش هیوادارین بتوانین لە سەر کۆی بابەتەکانی دیکەی ئەم دیالۆگە ڕێک بکەوین.

سولەیمان ئۆسۆ لەبارەی هەلومەرجی ئێستای دانووستانەکانی نێوان ئەنجومەنی نیشتمانی و دەوڵەتی ناوەندیی سووریا بە کوردپرێسی وت: ئەنجومەنی نیشتمانی بڕوای تەواوی بە گفتوگۆ هەیە و لەو قەناعەتەدایە کە کۆی بابەتەکان بە گفتوگۆ چارەسەر دەکرێن. هەروەهاش نوێنەری ئێمە وەک بەشێک لە ئوپوزسیۆن لە دانوستانەکانی ژنێڤ ئامادەیە و بەو پێیشە لەو قەناعەتەداین کە دانوستان گرینگترین خاڵە بۆ چارەکردنی قەیرانەکانی سووریا.

ناوبراو ئەوەشی بیر هێنایەوە کە ئەنجومەنی نیشتمانی لایەنگری دانوستان و دیالۆگە بەڵام دەوڵەتی دیمەشق بە هیچ شێوەیێک ئامادە نیە گفتوگۆ بکات و دان بە مەسەلەی کورددا نانێت.

سەرۆکی پارتی یەکگرتووی کوردستان (P.Y.K.S) لە کۆتاییدا بە کوردپرێسی وت: ئێمە بەشێکین لە شاندی ئوپوزسیۆن لە دانوستانەکانی ژنێڤ بەڵام لە ئێستادا دانوستانەکان لە بەر ئامادەنەبوونی نوێنەرانی دەوڵەتی ناوەند هەڵپەسێردراوە و هیوادارین بە زووترین کات گفتوگۆکان دەست پێبکاتەوە و چارەسەرێک بۆ قەیرانی سووریا بدۆزرێتەوە و لەم چارەسەردا مافی کوردەکانیش دانی پێدا بنرێت.

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه