16:23 PM   IRAQ
WEDNESDAY, 12 AUGUST 2020
 به په‌له |◀   سەرۆککۆماری ئێران بۆ وڵاتانی عەرەبیی کەنداو: گەر ئێران نەبووبا سەدام هەمووتانی دەخوارد
TUESDAY, 7 JULY 2020 - 10:16
سکرتێری گشتیی حزبی سوسیالیستی کوردستانی تورکیا تایبەت بۆ کوردپرێس:
پێوەندیێکی باشمان لەگەڵ HDP هەیە/ P.K.K بیانوویێکە بۆ سەرکوت کردنی بزووتنەوەی کورد

بەشی تورکیا- سکرتێری گشتیی حزبی سوسیالیستی کوردستانی تورکیا (PSK)  دەڵێت: تورکیا بە بیانووی هەبوونی پەکەکە-وە بەنیازە هەر هەڵمەتێکی دیموکراتیک لە تورکیا لەژێر ناوی «تیرۆر» بناسێنێت.

«مەسعوود تەک» سکرتێری گشتیی حزبی سوسیالیستی کوردستانی تورکیا (PSK)  لە وەڵامی پرسیارێکی کوردپرێسدا کە گوایا هەندێک پارتی دیموکراتیکی گەلان (HDP)  بە شوێنکەوتووی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) دەزانن، ڕایگەیاند: چالاکییەکانی پەکەکە و سیاسەتەکانی هەدەپە ڕوون و ئاشکران. پارتی دیموکراتیکی گەلان لەسەر بنەمای یاسای حزبەکانی تورکیا دامەزراوە و ڕێگا دیموکراتیکەکان پەیڕەو دەکات بەڤام پەکەکە بەم شێوە نییە.

ناوبراو درێژەی دا: هەروەها ئەمەش شتێکی زۆر سروشتییە کە ژمارەیێک لە ئەندامانی هەدەپە سیاسەتەکانی پەکەکە کاری کردبێتە سەریان و هەندێک بابەتیش دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی سیاسی لە کوردستانی تورکیا.

مەسعوود تەک لە وەڵامی پرسیارێکدا کە دەستگیر کردنی سەرۆک و ئەندامانی هەدەپە و هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارەکانیان چۆن هەڵدەسەنگێنن، ڕایگەیاند: پارتی دیموکراتیکی گەلان دژ بە ستەم و ناداپەروەریی حکوومەت هەستاوە و بەدوای مافی نەتەوەیی و دیموکراتیکی کوردەکاندایە لە تورکیا.

ناوبراو زیاتر وتی بەو هۆیەوە کە هەدەپە بەدوای دیموکراسی و ئاشتی و ئازادیەوەیە لەلایەن حکوومەتەوە هێرشی دەکرێتە سەر و ژمارەیێک زۆر لە هاوسەرۆکانی لە زیندانن و پەرلەمانتارانیش پارێزبەندییان لەسەر هەڵگیردراوە.

مەسعوود تەک زیادی کرد هەڵمەتەکانی حکوومەت دژ دیموکراسییە و ئەو دەنگانە پێشێل دەکات کە دەنگیان بە هەدەپە داوە.

سکرتێری گشتیی حزبی سوسیالیستی کوردستانی تورکیا (PSK)  لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا حکوومەت تەنها کێشەی لەگەڵ پەکەکە-یە یان دژی بزووتنەوەی سیاسیی کوردییە وتی: بێ گومان کێشەکە پەکەکە-یە چوونکە شەڕی چەکداریی پەکەکە بۆ حکوومەت تەنها وەکوو بیانوویێکە. بەشێوەی ئەنقەست حکوومەتی تورکیا دەڵێت "پەکەکە واتا کورد و پەکەکە واتا تیرۆر" . لەم ڕێگایەوە حکوومەت قوستنەوە لە هەندێک چالاکیی نادروستی پەکەکە دەکات کە لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە وەکوو "هەڵمەتی تیرۆریستی" دەستنیشان کراون و هەموو هەڵمەتێک بۆ دەستەبەر کردنی مافی کوردەکان لەو چوارچێوەیەدا ناوزەد دەکات.

ناوبراو زیادی کرد نابێت لەبیری ببەینەوە کە سیاسەتی حکوومەتی تورکیا لەسەر بنەمای دژایەتی کردن و ئاسیملاسیۆنی میللەتی کورد دامەزراوە. بەپێی ئەم هەڤسوکەوتە شۆنیستییە هەر کەس لە تورکیا دەژی دەبێت تورک بێت و موسوڵمان و هەر کەس دژی ئەم سیستەمە بێت و داخوازی نەتەوەیی پەیڕەو بکات بەتوندی سەرکوت دەکرێت.

مەسعوود تەک وەبیری هێنایەوە: هەروەها نابێت لەبیری ببەینەوە کاتێک کە "مستەفا کەمال ئاتاتۆرک" لە دیاربەکر و ئاگری و زیلان کوردەکانی کۆمەڵکوژ کرد پەکەکە بوونی نەبوو.

ناوبراو جەختی کردەوە کورد بەو بۆنەوە کە بەدوای ماف و ئازادیی و دیموکراسیدایە بە توندترین شێوە لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە وەڵامی دەدرێتەوە.

سکرتێری گشتیی حزبی سوسیالیستی کوردستانی تورکیا (PSK)  لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کە سیاسەتی حزبی ئێوە بۆ دەستەبەر کردنی مافی کوردی تورکیا بە چ شێوەیێکە وتی: بێ گومان ئێمەش وەکوو زۆرینەی میللەتانی دیکە مافی ئەوەمان هەیە کە وڵاتێکی سەربەخۆمان ببێت، بەڵام بە ئاوڕدانەوە لە دۆخی کورد و تورکیا، سیستەمی فیدراڵی بۆ چارەسەر کردنی پرسی کورد لە تورکیا پێشنیار دەکەین. ئەو فیدراڵیزمەی ئێمە بیری لێدەکەینەوە بەدوای دادپەروەری کۆمەڵایەتی و سیاسیدایە.

مەسعوود تەک لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کە ئایا لەنێوان ئێوە پارتی کرێکارانی کوردستان و پارتی دیموکراتیکی گەلاندا پێوەندی هەیە کە سیاسەتێکی هاوبەشتان ببێت، ڕایگەیاند: ئێمە پێوەندیمان لەگەڵ پەکەکە نییە چوونکە ئێمە پارتێکی یاسایین لە تورکیا بەڵام پەکەکە بەم شێوەیە نییە.

ناوبراو درێژەی دا: بەڵام پێوەندیی ئێمە لەگەڵ هەدەپە باشە و دەمانەوێت ئەم پێوەندییە باشتر ببێت و بۆ دەستەبەر کردنی ئاشتی و دیموکراسی و داخوازییەکانی کوردی تورکیا هاوکاری یەکتر بین.

سکرتێری گشتیی حزبی سوسیالیستی کوردستانی تورکیا (PSK)  لە وەڵامی ئەم پرسیارەی دا کە ڕای ئێوە لەسەر هێرشی تورکیا بۆسەر کوردستانی سووریا و هەرێمی کوردستان چییە وتی: ئەم هێرشانە درێژەی سیاسەتی دژایەتی کردنی کوردە تورکیا دژایەتی لەگەڵ هەرچەشنە دەسکەوتێکی کورد هەیە لە هەر شوێنێک ببێت.

مەسعوود تەک زیاتر وتی: بۆ لەناوبردنی دەسکەوتی کورد سیاسەتی دوژمن بوون پەیڕەو دەکەن و خۆیان لە هیچ هەڵمەتێک نابوێرن بۆ لەناو بردنی دەسکەوتەکان تەنانەت ئەگەر کەڵک وەرگرتن لە گرووپە تیرۆریستییەکان بووبێت.

سکرتێری گشتیی حزبی سوسیالیستی کوردستانی تورکیا (PSK)  وەبیری هێنایەوە: هێرشی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی دیکەی کوردستان بەبیانووی بوونی بنکە و بارەگاکانی پەکەکە تەنها بیانووە بۆ دژایەتیی دەسکەوتی سیاسی کوردەکان.

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه