16:24 PM   IRAQ
WEDNESDAY, 12 AUGUST 2020
 به په‌له |◀   سەرۆککۆماری ئێران بۆ وڵاتانی عەرەبیی کەنداو: گەر ئێران نەبووبا سەدام هەمووتانی دەخوارد
SATURDAY, 11 JULY 2020 - 11:08
توێژەرێکی زانکۆی ڕۆم تایبەت بۆ کوردپرێس:
ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی نە باشترین بژاردە بوو و نە چارەسەرێکیش بوو بۆ مەسەلەی کورد لە عێراق

بەشی جیهان- توێژەرێکی زانکۆی ڕۆمی ئیتاڵیا لە لێدوانێکدا ئاماژەی بە مەسەلەی ڕیفراندۆمەکەی 25ی ئەیلوولی 2017 کردووە و بە کوردپرێسی وتووە: بە ڕای من ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی نە باشترین بژاردە بوو و نە چارەسەرێکیش بوو مەسەلەی کورد لە عێراق.

کوردپرێس:

وڵاتی عێراق لەم ڕۆژانەی دواییدا گیرۆدەی چەندین کێشە و قەیرانی جۆربەجۆرە کە مەسەلەی مانەوە و شێوەی مانەوەی ئەمریکییەکان لە عێراق و مەسەلەی کورد و کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا و هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر باکووری خاکی عێراق نمونەی ئەو قەیرانانەن. هەر ئەوەش وای کردووە ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس لە درێژەی زنجیرە دیمانە و هەواڵ و ڕاپۆرتەکانیدا لەگەڵ دوکتور ئادریانۆ دێری توێژەری زانکۆی ڕۆمی ئیتاڵیا دیمانەیێک بکات و ئەم باسانەی لەگەڵ تاوتوێ بکات. ئەو توێژەرە زۆر کۆڵینەوەی لە سەر مەسەلەی فیدراڵیزم لە جیهان و ناوچە جێناکۆکەکانی جیهان ئەنجام داوە کە یەک لەو بابەتە پێوەندیدارانە مەسەلەی کورد بووە.

دەقی دیمانەکەی کوردپرێس لەگەڵ دوکتور ئادریانۆ دێری لێرەوە بخوێنەوە:

کوردپرێس: قۆناغێکی نوێ لە دانوستانی نێوان ئەمریکا و عێراق بۆمانەوەی ئەمریکا لەو وڵاتە دەستی پێکردووە. بە ڕای ئێوە ئەم دانوستانە ئەنجامی چی دەبێت؟ ئایا لە سەر داواکەی پەرلەمانی عێراق،ئەمریکا لەخاکی ئەو وڵاتە دەکشێتەوە؟

دوکتور ئادریانۆ دێری: پاش چەندین گومان لێکردن و هەڵوێستی ناباشی بەرانبەر، ئێستا گفتوگۆی نێوان بەغدا و واشەنتن بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان ئێجگار گرینگە. سەقامگیریی عێراق و گەشەی ئابووریی ئەو وڵاتە لە بەرژەوەندیی هەردوو لایەنی عێراقی و ئەمریکیدایە و ئەوەش پێویستی بە یارمەتیی ئەمریکایە. بەڵام مەسەلە گرینگەکە لەم بارەیەوە بەستراوە بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئەمریکا. بە ڕای من ئەنجامی ئەمە دانوستانە نابێتە هۆی کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق. عێراق لەباری سەربازی و ئابووری و لۆجەستیکییەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی شانە نووستووەکانی داعش پێویستی بە یارمەتیی ئەمریکایە. بەڕای من ئەنجامەکە پێچەوانەی بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق دەردەچێت و بەڕای من هەموو لایەنەکان ئاگاداری ئەوەن کە مانەوەی ئەمریکا لەعێراق تا چ ڕادەیێک زەروورە.

کوردپرێس: بەغدا و هەولێر لە سەر زۆر بابەتی وەک مەلەفی نەوت و مەلەفی شایستە دارایی و بودجە و ناوچەی جێناکۆک، موناقەشەیانە. بە ڕای ئێوە دەوڵەتەکەی موستەفا کازمی توانای چارەکردنی ئەم کێشانەی دەبێت؟

دوکتور ئادریانۆ دێری: ئەوەی لە سەر بنەمای دەستوور لە ململانێی نێوان بەغدا و هەولێردا هەیە مەسەلەی ئیدارەکردنی نەوت و گازە. ئەو بابەتە ڕاستەوخۆ پێوەندی بە پرسی بودجەی عێراقەوە هەیە.داهاتی عێراق تەواو وابەستەی نەوتە. ئێستا بە هۆی ململانێ جیهانییەکان و هەروەها بەهۆی مەسەلەی کۆرۆناوە نرخی نەوت لە ئاستێکی باشدا نیە. بە ئەگەری زۆرەوە مستەفا کازمی هەلومەرجی گونجاوتری هەیە لەوەی سەرۆک حکوومەتە پێشووەکان بوویانە بەڵام دۆخی عێراق بە کەس پێشبینی ناکرێت. لەگەڵ ئەوەش زۆر تەنگەژەی دیکەش وەک ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی هاووڵاتییانی عێراق و مەسەلەی تیرۆرکردنی سەردار سولەیمانی و ئەبوومەهدی موهەندیس و قەیرانی دارایی لە عێراق وای کردووە پێداچوونەوە بە مەسەلەی کوردەکانی عێراق و مەسەلەی کشانەوەی ئەمریکا لەعێراق بکرێت. یەکەم هەنگاویش لەم بارەیەوە دەگڕێتەوە بۆ پرسی بودجەی فدراڵیی عێراق کە ئەم پاییزە دەبێت بڕیاری لەسەر بدرێت.

لە ڕابردوودا زۆر تەنگەژە لەنێوان بەغدا و هەولێر لەسەر کێشەکانیان ڕووی داوە و دوایین تەنگەژەش مەسەلە کۆنتڕۆڵی سەربازیی کەرکووک بوو. هەموو چەشنە دەستکەوتێک لە سەر مەسەلەی ناوچە جێناکۆکەکان گۆڕانکارییێکی گەورە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەکات. بەکورتی ئەمەتان بۆ باس دەکەم:

چەندین مادەی دەستووری لە دەستووری عێراقدا هەن کە هیچ ڕێککەوتنێکیان لە سەر نەکراوە. ئەوانەش بریتین لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان و داهاتی نەوت. ئەگەر ڕێککەوتن لە سەر ئەم مادانە بکرێت پێویستی بە ڕەزامەندیی کورد دەبێت و ئەمەش گۆڕانکاریی گەورە دروست دەکات. تا ئەمڕۆکەش ئەم مەسەلەیە ئەرکی کەسایەتییە سیاسییەکان بووە و وادەردەکەوێت بونیاتنانی حەیاتی سیاسیی عێراق لەسەر بنەمای دەستوور داپەڕێکی ئەستەم بێت.خۆپیشاندانەکانی هاووڵاتییان عێراق پێش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بە نموونە دەهێنمەوە. من هیوادارم کازمی لە داواکاریی گەنجەکانی عێراق تێگەشتبێت کە داوای ئایندەی باش و هەلی کار و گەشەپێدانی وڵاتەکەیان دەکرد. سەرباری گوشارە دەرەکییەکان، کازمی دەرفەتێکی باشی هەیە بۆ دەستەبەرکردنی یەکڕیزی لەعێراق.

کوردپرێس: تورکیا بە چڕی سەربازی هێناوەتە عێراق و هەرێمی کوردستان. ئوپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا دژی پەکەکە لە باکووری عێراق کوژرانی دەیان هاووڵاتیی مەدەنیی لێکەوتۆتەوە. عێراق و هەرێمی کوردستان نەیانتوانیوە ڕێگری لەو هێرشانەی تورکیا بکەن. هۆکارەکە چیە؟

دوکتور ئادریانۆ دێری: باکووری عێراق لە ڕوانگەی تورکیاوە خاڵێکی هەرەگرینگی ئەمنییە. تورکیا هەمان ڕوانگە لەبارەی سووریا و لیبیاشەوە پەیڕەو دەکات. هەرێمی کوردستانیش و عێراقیش لەباری سیاسییەوە خاوەن پێگەیێکی بەهێز نین و لەم بابەتانەدا هەڵگری ناکۆکی و ململانێن. هەر ئەوەش وای کردووە تورکیا بەبێ ناڕەزایی دەربڕینی جیدیی بەغدا و هەولێر باکووری عێراق بارەگای سەربازی دروست بکات و هێز بهێنێتە خاکی هەرێم. تورکیا لە هەموو شوێنێک کورد بە تیرۆریست دەزانێت و بە ئەرکی بەغدای دەزانی کە کورد بێهێز بکات. ئەوەش لە کاتێکدایە چ پێشتر و چ ئێستاش کورد تاکە هێز بووە کە بە جیدیترین شێوە شەڕی داعشی کردووە. لە لایێکی دیکەشەوە بەغدا لە هەموو کات کەم دەسەڵاتتر بوو. بەڕای من ئەگەر ئاوڕ لەمەسەلەی وەرگرتنەوەی کەرکووک بدەینەوە پرسی بێهێزکردنی کورد نەبەدڵی بەغداش نیە.

کوردپرێس: ژمارەیێک لە چاودێران دەڵێن هۆکاری پەرەسەندنی جموجووڵی داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان ئەوەیە ناکۆکی لەنێوان بەغدا و هەولێر هەیە. ڕای ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟

دوکتور  ئادریانۆ دێری: ڕاستە. تا ئەمڕۆکەش هەماهەنگی و هاوکاری لەو ناوچانە نابینرێت. هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەمان ئەو کەسانەی کە دەستوور و مێژووی عێراقیان خولقاندووە. پێشمەرگەی  هەرێم بە شێوەی پێویست بۆ دەرکردن و شکستدانی داعش مەشقی پێکرابوو بەڵام سوپای عێراق بە هیچ شێوەیێک دەرکی بە موسیبەتی داعش نەکردووە. نەبوونی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان پێشمەرگە وسوپای عێراقی ئەو موسیبەتەی لە ناوچە جێناکۆکەکان دروست کردووە و داعش لەو ناوچانە جموجووڵی هەیە و ئەوەش شتێکی ئاسایییە.

کوردپرێس: کورد، ڕیفراندۆمەکەی بە باش دەزانی و کردی. ئایا ئێوەش پێتان وایە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بۆ کورد باش بوو؟ بۆچی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و بەتایبەتی ئەمریکا پشتگیریی ئەو ڕیفراندۆمەیان نەکرد؟

دوکتور ئادریانۆ دێری: ڕیفراندۆم کردن بەو شێوەیەی کە کورد کردی لە هەموو شوێنێکی جیهان جێی ناکۆکییە. نەخوازەڵا لەو وڵاتەیکە دەستوور بە تەواوی حاکم نیە. لەگەڵ ئەوەش هەڵوێستی بەغدا ڕوون نیە و بەڕای من  ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی نە باشترین بژاردە بوو و نە چارەسەرێکیش بوو مەسەلەی کورد لە عێراق. لە باری سیاسییەوە بۆ یەکەم جار بوو کە دەسەڵات لە کەرکووک کەوتە دەستی کورد و ئەوەش لە سەر بنەما دەستوورییەکە نەبوو بەڵکوو بەو هۆیەوە بوو کە کورد لەو ناوچەیە شکستی بە داعش هێنا و سوپای عێراق پێشتر لەوی کشابوویەوە. دیارە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لەو ناوچەیە دەستووری نەبوو و باشتر ئەوە بوو کە لە دەرفەتێکی گونجاوتردا ڕیفراندۆم بکریابا و لە جیاتی ئەوەی هاووڵاتییان بهێننە سەر سندوقی دەنگدان بۆ گشتپرسی، باشتر ئەوە بوو کە گفتوگۆیان لەگەڵ بەغدا کردبا. ئەگەرچی بەگوێرەی دەستوور بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم لەکەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان بۆ دیاری کردنی چارەنووسیان یاسایییە بەڵام لەو قۆناغەدا کە دەستوور جێبەجێ نەکراوە ڕیفراندۆم کردن شتێکی باش نەبوو. هەڵبەت لەم دوایییەدا دادگای فیدراڵی ڕایگەیاند مادەی 140ی دەستوور ئێستاش سەروەرە و کاری پێدەکرێت.

وڵاتانی ڕۆژئاوایی پشتگیریی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستانیان نەکرد. لە ڕاستیدا ڕۆژئاوا تا پاش بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمەکە هیچی نەدرکاند. وڵاتانی ڕۆژئاوایی عێراقێکی سەقامگیر و ئارامیان دەوێت. بەتایبەتی ئاسایشی عێراق و پارێزراوبوونی هێڵی بۆرییە نەوتییەکانی عێراق لەبەرژەوەندیی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواییدایە. سەرباری ئەمەش قەیرانی ئاوارەکان ئێستا لە ئەورووپا قەیرانێکی گەورەیە و لەو کاتەشدا وڵاتانی ڕۆژئاوایی لەبەر ئەم هۆکارانەی باسم کردن لە پێگەیێکی لاوازدا بوون.

کوردپرێس: بەڕێزتان لە سەر هەندێک دەستەواژەی وەک فیدراڵی و کۆنفیدراڵی وردبوونەوەی زیاترتان بووە. بەڕای ئێوە گونجاوترین سستەم بۆهەرێمی کوردستان کامەیانە؟ فیدراڵی یان کۆنفیدراڵی یان سەربەخۆیی؟

دوکتور ئادریانۆ دێری: بە ڕای من هەرچەند کورد بەهۆی سەرکەوتنی بە سەر داعشدا لە هەلومەرجێکی خراپدا نیە بەڵام باشتر وایە بەدوای دەرفەتێکی باشتردا بگەڕێت و دەست بردن بۆ سەربەخۆیی بەشێوەیێکی دەستووری و بە مادە و پاساوێکی دیکە زۆر بە قازانجی کورد نیە. لەگەڵ ئەوەش کێشەی کورد ئێستە ئەوەنیە کە کۆنفیدراڵی باشتر بێ بۆی بان فیدراڵی. جیاوازیی ئەو دوو دەستەواژەیە لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا بە ڕوونی دەردەکەوێت نەک ئەوەی لە وڵاتێکی وەک عێراق.

کورد ئێستا دەبێت سەرەتا یەک بگرێت بە هەمان شێوە کە لە ڕووخانی سەدامدا یەک بوون. بەڵام دەسەڵات لە نێوان پارتی ویەکێتیدا بەش کراوە و کورد یەک دەنگ نین. لەگەڵ ئەوەش خۆبەڕێوەبەریی کوردی ئەنجامێک بوو کە بنەڕەتی دەگەڕێتەوە بۆ لێکەوتەکانی شەڕی یەکەمی کەنداوی فارس.

باشتر وایە کورد لەجیاتی ئەوەی کار بۆ سەربەخۆیی بکات، هەوڵی دەستەبەرکردن و جێبەجێ کردنی خاڵە دەستوورییەکان بدات و لەڕێگای دەستوورەوە مافەکانی بچەسپێنێت. ئەوەمان لە بیر بێت کە دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی بە پێانی باج و هەبوونی داهاتی سەربەخۆی پایا دەست دەدات و بەتەنها پشت بەستن بە سیاسەت ئەو داپەڕە دەستەبەر ناکات. فیدراڵیی سیاسی بە بێ فیدراڵیی ئابووری بۆکسێکی بۆشە.

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه