01:01 PM   IRAQ
MONDAY, 26 OCTOBER 2020
 به په‌له |◀   دەستی ترەمپ بە خوێنی کوردەکان سوورە
SUNDAY, 20 SEPTEMBER 2020 - 10:19
ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردی سووریا تایبەت بۆ کوردپرێس:
هیوایێک بە ڕێککەوتنی نێوان ENKS و  PYNK نەماوە

بەشی سووریا- ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردی سووریا (الپارتی) دەڵێت: دوو لایەنی ئەنجومەنی نیشتمانی و حزبەکانی یەکێتی نیشتمانی بەدوای ڕێککەوتنی پەنجا-پەنجا لە دانوستانەکاندان بەبێ ئەوەی هەموو حزبە سەربەخۆکان بەشدار بکەن، ئەم ڕەفتارەش پێشینەیێکی شکستخواردووی هەیە.

«حسێن مەستۆ» ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردی سووریا (الپارتی) لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد و حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی سووریا، دەڵێت: هێشتا هیچ دەسکەوتێک لەو کۆبوونەوانە بەدەست نەهاتووە بەڵام دانیشتنەکان درێژەیان هەیە.

ئەندامەکەی الپارتی درێژەی دا: ئێمە وەکوو پارتی دیموکرات بڕوامان وایە ڕێێکەوتنی سیاسی لە کوردستانی سووریا دەستەبەر ناکرێت مەگەر ئەوەی کە هەموو ڕەوتە سیاسییەکان لە گفتوگۆکاندا بەشدار ببن.

حسێن مەستۆ دەشڵێت: ڕێگایێکی تر ئەوەیە کە کۆنگرەیێکی نەتەوەیی بە بەشداریی هەموو حزب و کەسایەتییە سیاسییە کوردەکانی سووریا پێکبێت تاکوو بگەنە لێکتێگەیشتن و لە ئەنجامی ئەم لێکتێگەیشتنە لیژنەیێک بۆ بڕیاردان لەبارەی بەڕێوەبردنی کوردستانی سووریا پێکبهێندرێت.

ناوبراو جەختی کردەوە: هیوایێک بە دانوستانی نێوان ئەنەکەسە و حزبەکانی یەکێتی نیشتمانی نەماوە چوونکە لایەنەکان هەوڵ بۆ بەرژەوەندیی تاکەکەسی  دەدەن.

ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردی سووریا (الپارتی) ئاشکراشی کرد: ئەو ڕەوتانەی بەشدارن لەم دانوستانەدا بەدوای ڕێککەوتنی پەنجا-پەنجا لە دانوستانەکاندان بەبێ ئەوەی هەموو حزبە سەربەخۆکان بەشدار بکەن و بەرژەوەندیی گەل لەبەرچاو بگرن، ئەم ڕەفتارەش پێشینەیێکی شکستخواردووی هەیە.

حسێن مەستۆ وەبیری هێنایەوە بۆ ئەوەی کوردستانی سووریا سەقامگیر بێت و نەزمی تێدا جێگیر بکرێت پێویستە هەموو ڕەوتە سیاسییەکان لە دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتیی داهاتوودا ڕۆڵ بگێڕن و لەبیر بردنەوەی ئەم بابەتەیش زەبرێکی توند لە دۆخی سیاسی کورد لە سووریا ددەدات. باشتر وایە ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە کوردستانی سووریا دووپات نەکرێتەوە.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە: تا ئەو کاتەی ناوماڵی خۆمان ڕێکنەخەین هیچ سەرکەوتنێک دەستەبەر ناکرێت. پێویستە هەموو ڕەوت و حزبەکان بەشداری لە دانوستانەکاندا بکەن ئەگینا هیچ ڕێێکەوتنێک ناکرێت.

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه