16:42 PM   IRAQ
THURSDAY, 13 AUGUST 2020
 به په‌له |◀   وەزارەتی دەرەوەی تورکیا: پەکەکە سەروەریی و سەقامگیریی عێراقی تێکداوە
SUNDAY, 29 SEPTEMBER 2019 - 19:28
دەستفرۆش و کرێکارە ئێرانییەکان لە هەرێمی کوردستان

بەشی ڕاپۆرت- بێکاری و جیاوازیی نرخی دراوی دۆلار و دینار بەرانبەر بە تمەنی ئێرانی وای کردووە هاووڵاتییە ئێرانییەکان زیاتر ڕوو بکەنە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و دیاردەی زاڵی ئێستا کرێکاری کردن و دەستفڕۆشی کردنی ئێرانییەکانە لە بازاڕ و شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان، بە بێ ئەوەی دەوڵەت پڕۆژە یان پلانێکی بۆ ئەم مەسەلەیە داڕێژابێت.

کوردپرێس:

نزمبوونەوەی بەهای تمەنی ئێرانی بەرانبەر بە دراوە بیانییەکان و بەتایبەتی دۆلار و دینار و نەبوونی هەلی کار و قەیرانی دارایی لە ئێران وای کردووە هاووڵاتییانی ئێرانی و بەتایبەتی دانیشتووانی پارێزگاکانی بەشی خۆرئاوای ئێران بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانیان بەڕێژەیێکی زۆر ڕوو بکەنە عێراق و هەرێمی کوردستان. هەر لە کاری خزمەتگوزارییەوە هەتا وەستاکاری و کرێکاری و دەستفرۆشی نموونەی ئەو کارانەن کە بۆتە سەرچاوەی داهات بۆ هاووڵاتییە ئێرانییەکان. کەمترین حەقدەستی کرێکاری ئێرانی 20 هەزار دینارە بە جێگەی نووستن و بە خەرجی خواردنیشەوە. وەستاکارێکی ئێرانی لانی کەم ڕۆژانە 50 هەزار دینار وەردەگرێت بە مەسرەف و جێگەی نووستنیشەوە. ئەمەش نرخی کۆمپانیاکانە و ئەگەر وەستاکارێک بە قونتەرات یان خود بە پێوانە و میتر ئێشەکان جێبەجێ بکات و لە دەرەوەی کۆمپانیاکان بێت نرخەکە بەرزتر دەبێتەوە. ئەوەش لە کاتێکدا کرێکاری ئێرانی لە نێوخۆی وڵات بە فەرمی مانگانە یەک ملوێن و پێنسەد هەزار تمەن مووچە وەردەگرێت واتا ڕۆژی 50 هەزار تمەن کە دەبێتە نزیکەی 5 هەزار دینار. بۆیە ئەگەر کرێکارێکی ئێرانی ماوەی دوو بۆ سێ مانگ لە عێراق کرێکاری بکات ئەوەندەی هەموو ساڵەکەی لە ئێران دەهێنێتەوە. هەر ئەم جیاوازییەی بەهای تمەن بەرانبەر بە دینار و دۆلار وای کردووە کار کردن لە عێراق و هەرێمی کوردستان ببێتە بژاردەیێکی بەردەست بۆ ئەو هاووڵاتییە ئێرانییانەی کە لەبەر بێکاری وەڕەز بوون.

بیلال وەستای کاشی و بەردە. خەڵکی مەریوانە. ماستەری تەواو کردووە لە بواری ئابووری. هەر لە کاتی تەلەبەییدا و لە پشووەکاندا کاری کردووە و فێری وەستایی بووە. خاوەنی ژن و منداڵێکی تەمەن دوو ساڵانە. بڕوانامەکەی بە پلەی تەواوباش لە زانکۆی حکوومی بۆ دەرکراوە و خاوەنی 6 وتاری زانستییە کە لە گۆڤارە ئاکادیمی و پلەبەرزەکاندا لەچاپ دراون. لەبەر بێکاری و بێ وەزعی هاتووچۆی عێراق دەکات. لە هەڵەبجەی شەهید ئیشی کاشی دەکات. دەڵێت پێشتر لە کۆمپانیا کاری کردووە و خاوەن کۆمپانیاکە پارەی خواردووە و ڕەنجەکەی بە فیڕۆ چووە. سەرەتا کە چۆتە هەرێمی کوردستان کەسی نەناسیوە بۆیە پەساپۆرتەکەی وەک زەمانەت لای کۆمپانیا داناوە. کە ماوەی یاساییی مانەوەی لە عێراق بەسەر دەچێت کۆمپانیا داوای لێدەکات چەند ڕۆژێکی تر ئیش بکات. ئەمەش فێڵە بۆ ئەوەی کرێکار و وەستاکاری ئێرانی نەتوانێت سکاڵای یاسایی تۆمار بکات و داوای مافی خۆی بکات چوونکە بە نایاسایی لە عێراق ماوەتەوە. بە هەر شێوەیێک بێت لەو گێچەڵە دەردەچێت بەڵام پارەکەی دەخورێت. ئێستا لە ماڵان ئیش دەکات. دەڵێت ئیشی ئەهلی و لە ماڵی هاووڵاتییان زۆر باشە. لە بینا نیوەکارەکان دەمێنێتەوە. کە بۆ ئیشی کاشی دەچێتە ماڵێک یەکەم کاری ئەوەیە ژوورێک بۆ خۆی پوختە و پەرداخت دەکات و لەگەڵ کرێکارەکەی هەر چۆنێک بێت شوێنێک بۆ حەوانەوە و نووستنیان ساز دەکەن. بیلال دوورکەوتنەوەی لە ژن و منداڵەکەی بە سەخت دەزانێت بەڵام دەڵێت چاری ناچارە. لە ئێران هەرچەند هەوڵی داوە لە هیچ لایێکەوە کارێکی دەست نەکەوتووە. لە کۆمپانیایێک پێشنیازی پێکراوە ببێتە ژمێریار مانگی بە 600 هەزار تمەن. بەڵام بیلال کرێچییە و بەتەنیا کرێی ماڵەکەی 400 هەزار تمەنە و دیارە کەس بەو پارەیە ناژیت. کرێکارەکەی بیلال تەمەنی لە بیلال زیاترە. دەرچووی زانکۆی هەمەدانە. بەکالریۆسی لە بواری پەروەردە تەواو کردووە و پاش سەربازییەکەی بۆ ماوەی سێ ساڵ لە 1385وە بۆ 1388 بەشداریی تاقی کردنەوەی دامەزراندنەکانی کردووە. دوو جاریان لە تاقی کردنەوەی زانستی دەرچووە بەڵام لە "گزینش"دا کەسانی تر هەڵبژێردراون. لە دوایین تاقی کردنەوەی دامەزراندندا "گزینش"ەکەشی تەواو کردووە و بڕیار بووە بچێتە سەر کار بەڵام بە شێوەیێکی سەیر پێی ڕاگەیێندراوە کە کەسێکی تر بۆ ئەو کارە دەرچووە. هەرچی تاران و وەزارەت و ئەولاولاشی کرد هیچی پێنەکرا. ئیتر وازی لە دامەزراندن هێناوە و پاش ژن خواستن دەستی کردووە بە دەستفڕۆشی و ماسی فرۆشی و کرێکاری. ئێستاش لەگەڵ بیلال لە هەرێمی کوردستان کار دەکات. ڕۆژی بە 25 هەزار دینار و مەسرەف و جێگەی نووستن. بیلال پارەی پەساپۆرتەکەشی بۆ دەدات. داهاتی مانگانەی بیلال لە ئیشی وەستایی دەگاتە مانگی 15 ملوێن تمەن و کرێکارەکەشی مانگی 7 ملوێن تمەن کۆ دەکاتەوە. ئەوەش لە کاتێکدا مووچەی مامۆستایێکی زانکۆ لە ئێران نزیکەی 9 ملوێن تمەنە و مامۆستایێکی پەروەردە کەمتر لە 3 ملوێن تمەن وەردەگرێت. جاری واش هەیە کە دێنەوە مەریوان گەڵا و دینارەکەیان ناگۆڕنەوە چوونکە دۆلار ئەو ڕۆژە دابەزیوە. کە دۆلارەکە سەر کەوتەوە ئەو جار گەڵاکەیان دەفرۆشن و لەوێشەوە سوودێکی زیاتریان دەست دەکەوێت. بیلال دەڵێت پارە ناخەمە بانک. دۆلار و دینار لای خۆم هەڵدەگرم و کە زستان پێویستم پێی بوو خەرجی دەکەم.

هیوا لە دەریاچەی دووکان کەلەبەرێکی بۆ خۆی گرتووە و کەلوپەلی جوانکاریی نێوماڵی بڵاو کردۆتەوە و لەو شوێنە گەشتیارییە سەرقاڵە بە فرۆشتنی چرا و گڵۆپ و شووشە و کەلوپەلی جوانکاریی ماڵ. هیوا لە ئێرانەوە ئەو کەلوپەلانەی هێناوە. هێنانەکەشی تێچووی کەمی بووە چوونکە بە فەرمی و لە ڕێگەی گومرگەوە نەیهێناوە. ناسیاوێکی لە سەر سنوور هەیە و یارمەتیی ئەدات کەلوپەلەکەی بهێنێتە ژوورەوە. سەیارەکەی کاپیتاژ کردووە و بە ئوتومبیلی خۆیەوە هاتۆتە هەرێمی کوردستان. پرایدێکی پێیە کە هەم ئوتومبیلیەتی و هەم شوێنی خەوتن و حەوانەوەی شەوانەشیەتی. لە داهاتەکەی ڕازییە. چوون بە تمەن دەیکڕێت و بە دینار دەیفرۆشێت. هەزار دینار نزیکەی دە هەزار تمەنە. لە ئێران شەوخەوێکی بە گڵۆپەکەیەوە سەندووە بە 35 هەزار تمەن و لە دەریاچەی دووکان بە 12 هەزار دیناری دەفرۆشێت واتا نزیکەی 80 هەزار تمەن سوودی لێوەدەگرێت. بازاڕیشی باشە و گەشتیارەکان حەز بە کڕینی شتی زرقە و برقە دەکەن.

هیوا دەڵێت هەر جارێک کە دێتە هەرێمی کوردستان یەک مانگ دەمێنێتەوە و کە گەڕایەوە بۆ ئێران مۆری سەر پەساپۆرتەکەشی بە 300 هەزار تمەن دەفرۆشێت بە مۆبایل فرۆشەکانی مەریوان. دەڵێت ژمارە سریاڵەکەی بۆ ڕێجیستر کردنی مۆبایل بەکار دەهێنن و لە هەر سەفەرێکدا ئەو قازانجەشی دەست دەکەوێت.

لە پێنجوێن تووشی بەهمەن هاتم. بەهمەن بە قاچاخە ڕێدا نەفەر دێنێ و دەبات. ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەی پەساپۆرتیان نییە پارەیێکی باش دەدەن کە کەسێک بتوانێت لە سنوور بیانپەڕێنێتەوە. ئەگەرچی کارەکەی زۆر مەترسیدارە بەڵام داهاتی بەهمەن زۆر باشە. دەڵێت پارەی باشی لەو کارە نایاسایییە کۆ کردۆتەوە. بەهمەن بەکالریۆسی لە بواری فەلسەفە تەواو کردووە و چوار ساڵە ژنی هێناوە و دوو منداڵی هەیە. هێندە لە خوێندن و خوێندنەوە ورد بووبووەوە، برادەرەکانی ئێستاش پێی دەڵێن بەهمەن فەلسەفە. پاش ئەوەی هیوای بە دامەزراندنی حکوومی نامێنێت لە ڕێگەی دۆستێکیەوە دەستی بەو کارە کردووە. چەند جار لە سنوورەکان تەقەی لێکراوە بەڵام بەختی بووە و نەپێکراوە. لە کارەکەی ڕازی نیە بەڵام دەڵێت هەر هیچ نەبێت موحتاجی دەستی کەس نیم. لەگەڵ چەند ئەفسەر و خاوەن پلەی سەربازی بۆتە برادەر و لە کاتی سەختیدا یارمەتییان لێوەردەگرێت.

خاڵێکی جێی سەرنج کە لەم خوێندنەوە مەیدانییەدا زەق دەبێتەوە و خۆ دەنوێنێت ئەوەیە زۆربەی کرێکار و دەستفرۆشە ئێرانییەکان لە هەرێمی کوردستان دەرچووی زانکۆ پەیمانگاکانن. لای خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەخلاق و ئەدەب و ڕچاوکردنی نەریتی کۆمەڵگا زۆر گرینگە و وا دیارە ئەو چینە خوێندەوەراە بەباشی ئەو خاڵانە ڕچاو دەکەن. بەتایبەتی لە کاری بیناسازیدا کە کرێکار و وەستاکارەکان دەچنە نێو گەڕەکەکان و لەگەڵ دراوسێکان تێکەڵ دەبن لای خاوەن ماڵ زۆر گرینگ دەبێت کە ڕەفتاری کرێکارەکەی چۆن دەبێت.

ڕۆژانێک بوو کە ئێران مەئمەنێکی دڵخۆشکەر بوو بۆ ئاوارە و پەنابەرەکانی هەرێمی کوردستان و لە بیرەوەریی هەمووماندا هەیە کە خزم و ناسیاوە عێراقییەکانمان دەهاتنە ئێران و بەکرێکاری و ئیشی خزمەتگوزارییەوە سەرقاڵ دەبوون. ئێستا پێچەوانەی ئەو وزەعەیە. هاووڵاتییانی ئێران لە دۆخێکی سەختی ئابووریدان و پێویستە مامەڵە لەگەڵ واقیع بکرێت نەک لەگەڵ خەو و خەیاڵ. لێرەدا دەوڵەت بێ تەگبیریی کردووە و دەرفەتێکی هەرە گرینگی ئیهمال کردووە. ئەگەر پڕۆژەیێک هەبێت بۆ دامەزراندنی چەند کۆمپانیایێکی فەرمی لە لایەن ئێرانەوە پێکبهێنرێت کە تیمی خۆمەتگوزار و تیمی پسپۆڕ بە بڕوانامەی ئاکادیمی و پسپۆڕییەوە لە خۆ بگرێت چیتر پەساپۆرتی کەس بۆ زەمانەت نابرێت و پسپۆڕە ئاکادیمییەکانیشمان ناچار نابن بۆ کرێکاری و وەستاکاری بچنە هەرێم. ئەو کاتە لایەنی عێراقی لە ڕێگای کۆمپانیاوە داوای هێزی کار دەکات و بەپێی پسپۆڕی و لێهاتوویی کارەکان دابەش دەبن. ئەمە ئەرکی کۆنسووڵخانەکان و باڵوێزخانەی ئێرانە لە بەغدا کە مشوورێکی ئەم مەسەلە بخۆن و جگە لە گەڕانەوەی دراوی دۆلار و دینار بۆ نێوخۆی ئێران هەلکی باشی کاریش بۆ هاووڵاتییان دەڕەخسێت و چیتر هیچ بیانییێکیش بۆی نابێت مافی کەسێک بفەوتێنێت چوونکە هەموو شتەکان بە یاسایی کراون. بۆیە بە پلەی یەکەم پێویستە کونسووڵخانەکانی ئێران لە هەولێر و سلێمانی و هەروەها باڵوێزخانەی ئێران لە بەغدا و هەروەهاش ئیدارەکانی پارێزگاری لە پارێزگا کوردنشینەکانی کوردستان و کرماشان و ئیلام و ئازەربایجانی خۆرئاوا بێنە سەر هێڵ و پلان و بەرنامەی باش بۆ ئەو مەسەلەیە دابڕێژن کە دەتوانێت بە هەزاران هەلی کار بڕەخسێنێت و کێشەی بەشێکی زۆر لە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان و هەروەهاش گەنجانی بێکاری نەخوێندەوار چارەسەر بکات.

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه