17:11 PM   IRAQ
THURSDAY, 13 AUGUST 2020
 به په‌له |◀   وەزارەتی دەرەوەی تورکیا: پەکەکە سەروەریی و سەقامگیریی عێراقی تێکداوە
MONDAY, 30 SEPTEMBER 2019 - 18:04
سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک تایبەت بۆ کوردپرێس:
یەک لیستیی کورد لە کەرکووک کارتێکەریی ئیجابیی لەسەر چارەنووسی کورد دەبێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی لیژنەی ئەنیی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە لێدوانێدا بە کوردپرێسی ڕاگەیاند گۆڕانکارییە ئیدارییەکان لەو پارێزگایە و بەتایبەتی بڕانی چوار شاری ئەو پارێزگایە و لکاندنیان بە پارێزگاکانی دراوسێوە و گۆڕینی دیموگرافیای کەرکووک لە قۆناغەکانی پێشوو و ئێستا مەترسیی جدیی بۆ داهاتووی کورد دروست کردووە و یەک لیستیی کورد لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لەم قۆناغەدا زۆر گرینگ دەبێت.

کوردپرێس:

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەگوێرەی یاسای تێپەڕێندراوی پەرلەمانی ئەو وڵاتە ڕۆژی یەکی نیسانی 2020 بەڕێوە دەچێت. ڕۆژی شەمە 28ی ئەیلوولی 2019 لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە دانیشتنێکی هاوبەشدا لە هەولێر لە سەر یەک لیستی بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک گەیشتنە ڕێککەوتن و هاوپەیمانێتییێکیان پێکهێنا بەناوی هاوپەیمانیی کوردستانی. بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە لایەنە کوردستانییەکانی کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرکان بە یەک لیست بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەکەن.

ڕووداوەکانی 16ی ئەکتەوبری 2017 و کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی ڕەهای کورد لە ناوچە کێشەلەسەرەکانی عێراق و بەتایبەتی لە پارێزگای کەرکووک و هەروەها ئاوارەبوونی ژمارەیێکی زۆر لە هاووڵاتییە کوردەکانی ئەو ناوچانە کە بە تەنیا لە کەرکووک ڕێژەیان دەگەیشتە 150 هەزار کەس، نیگەرانیی کوردەکانی لێکەوتۆتەوە و لە لایێکی دیکەشەوە کورد نیگەرانە لەو سەرژمێرییەی بڕیارە ساڵی داهاتوو بکرێت.

ئەم هەوڵانەش لە کاتێکدایە کە ئەگەرچی ماوەی سێ مانگ بە سەر ڕێکەوتنی پارتی  و یەکێتی بۆ کاندید کردنی تەیب جەبار بۆ پارێزگاریی کەرکووک تێدەپەڕێت بەڵام هێشتا ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە و کورد ئەگەرچی زۆرینەی کورسییەکانی بەدەستەوەیە بەڵام بەبۆنەی ناکۆکیی نێوخۆییەوە نەیانتوانیوە ئەو ڕێککەوتنە گرینگە جێبەجێ بکەن

ئازاد جەباری لەبارەی گرینگیی یەک لیستیی کورد لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە کوردپرێسی ڕاگەیاند: "ئەو یاسایە دەرچووە کە گەورەترین لیست زۆرترین دەنگەکان دەبات بۆیە یەک لیستی لە خزمەتی ئەم قوناغەی کورددایە؛ بەتایبەت لەو شوێنانەی کە ناکۆکی لەسەرە. نابیت لایەنەکانیش کێشەیان لەسەر ئەوە بێت کە کێ سەرۆکی لیست بێت و کێ کامە بەشی لیستەکە وەربگرێت چوونکە دەبێت ڕێگە نەدەن یەک لیستییەکە تێک بدرێت و تەنها بەرژەوەندیی کورد لەبەر چاو بگرن."

لە کەرکووک چەند مەسەلەیێکی پەیوەست بە کورد زاڵە. بۆ نموونە باسی تەعریب کراوە و لە لایێکی دیکەشەوە ئاوارە کوردەکان لە کەرکووک نین. ئازاد جەباری لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکەوە بەم وەزعەی ئێستاوە بە هەواڵنێری کوردپرێسی ڕاگەیاند: "ئەگەر مسۆگەری دەنگەکان بکەین وەزعمان باش دەبێت و پارێزگاری کوردیش دادەنێین. کۆمەڵێک شتی غەڵەتیش لەلایەن پارێزگاری کۆنەوە کراوە ئەو هەڵانەش ڕاست دەکەینەوە. هەڵبەت دەبێت دان بە هەڵەکانی خۆیشماندا بنێین. لە کاتی خۆیدا کۆمەڵێک کاری غەڵەت لە لایەن ئێمەشەوە کراوە. بۆیە ئەم جارە دەبێت پارێزگار چ کورد بێت چ عەرەب بێت و چ تورکمانیش بێت خزمەت بە میللەتەکەی بکات. پارێزگار تەنیا خزمەت بە کورد ناکات بەڵکوو دەبێت خزمەت بە هەموو پێکهاتەکان بکات بۆ ئەوەی بە یەکەوە بژین و چیتر ئەو مۆرکە نەمێنێت ئەگەرچی حەقی خۆشمان بووە لەبەر ئەوەی ئەوەندە غەدریان لە کورد کردووە ئێمەش هەوڵمان داوە هەلێک بڕەخسێنین کە جارێکی تر ئەنفال نەبینەوە و غەدرمان لێ نەکرێتەوە. بەڵام دەبوایا هەوڵمان بدایە لەگەڵ پێکهاتەکانی تر چارەسەری کێشەکانمان بکردایە.

لەم داوییەدا لە پەرلەمانی عێراق یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان هەموار کرایەوە و کورد بەمە ناڕازی بوو و تەنانەت سکاڵاشی لەسەر تۆمار کرد. ئازاد جەباری لەبارەی ئەو ڕێکارانەی گیراونەتە بەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم مەسەلەیە بە کوردپرێسی ڕاگەیاند: "جەنابی سەرۆککۆمار بەدواداچوون بۆ سکاڵا لە دادگای فیدراڵی دەکات و پێویستە لە ئێستادا سنوورەکان چۆنن دەبێت هەر وابێت ئەوەش لە کاتێکدایە لە بەری شەرقییەوە کفری و کەلار لە کەرکووک بڕاوە. لە سەریشەوە چەمچەماڵ و لە خوارەوە دووزخورماتوو بڕاوە. واتا چوار قایمقامیەتی لێ بڕاوە و حیزبی بەعس خستوویەتە سەر تکریت. چەمچەماڵ و کفری و کەلار لەسەر سلێمانییە. ئەو ناوچانە هەمووی دابڕاوە. بۆ نموونە چەمچەماڵ بەتەنیا خۆی بەقەد حەویجە دەبێت. ئەگەر ئەمە بێت بە ڕاستی کورد زەرەرمەند دەبێت.

نوێنەری ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ئاشکراشی کرد لە ڕوودانی ئەو کێشەیە خەتای پەرلەمانتارە کوردەکان بووە. دەبوو پەرلەمانتارە کوردەکان کاتی خۆی بە یەک دەنگی لە پەرلەمان بهاتبانە دەرێ و بایکۆتی کۆبوونەوەکەی پەرلەمانیان کردبا. بۆیە ئێمە دەبێت گلەیی لە کەس نەکەین بەڵکوو گلەیی لە کوردی خۆمان بکەین.

ناوبراو لە کۆتاییدا لەبارەی پێوەندیی ئێستای لایەنە کوردستانییەکان لە کەرکووک بە کوردپرێسی گوت: بە ڕواڵەت لە ئێستادا یەکێتی و پارتی پێوەندییان باشە و هەوڵیش دەدەن باشتر بێت. یەکڕیزیی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتێک شتێکی باشە تەبابوونیان و وەڵانانی کێشە و مەشاکیلەکان زۆر بە نیسبەت کوردەوە زۆر گرینگ دەبێت.

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه