16:50 PM   IRAQ
THURSDAY, 13 AUGUST 2020
 به په‌له |◀   وەزارەتی دەرەوەی تورکیا: پەکەکە سەروەریی و سەقامگیریی عێراقی تێکداوە
SATURDAY, 30 NOVEMBER 2019 - 12:10
هەولێر و بەغدا لە نێوان خۆف و ڕجای ڕێککەوتن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پاش چەندین ساڵ ململانێ و ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدا لە سەر مەلەفە سەرەکییەکانی نەوت وبودجە، وا دەردەکەوێت ڕێککەوتنی کۆتاییی نێوان هەرێم و دەوڵەتی ناوەند بە تەواوەتی نزیک بۆتەوە.

کوردپرێس:

پاش ئەوەی لە حکوومەتەکەی نووری مالیکیدا بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراقدا بڕا و هەولێر سەربەخۆ دەستی کرد بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر پەرەی سەند و ململانێی نەوتی و بودجەییی ئەو دوو لایەنە تا ئەمساڵیش بەردەوام بووە و لە دەوڵەتەکەی حەیدەر عەبادییشدا تەنانەت هێزی سەربازی بەکارهێنرا و بۆ دەرکردنی پێشمەرگە لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان جووڵە بە هێزی عێراقی کرا و چەند ڕووبەڕووبوونەوەیێکی سووکیش ڕووی دا و لە ئەنجامدا بەغدا، کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانی کۆنتڕۆڵ کردەوە.

بەهاتنە سەر کاری عادل عەبدولمەهدی دۆخەکە گۆڕدرا. عەبدولمەهدی بە کەسایەتییێکی دۆستی کورد ناسراوە و ئینتیمای بۆ ماف و داواکاریی کورد پیشان داوە و بەپێی ڕێککەوتنێکی سەرەتایی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2019ی عێراق نێردرا ئەگەرچی پشکەکە لە 17 لە سەد بۆ 12 لە سەد دابەزی بەڵام ئەو ڕێژەیە بە بەردەوامی نێردراوە و سەرباری ئەوەی هەولێر تا ئەم کاتەش یەک بەرمیل نەوتی ڕادەستی بەغدا نەکردووە ناردنی بودجە و مووچە پەکی نەکەوتووە.

گۆڕانی دۆخەکە بە قازانجی کورد تەنها دەربەستەی هاتنە سەرکاری عەبدولمەهدی نەبوو بەڵکوو ئاڵوگۆڕی سیاسی لە هەرێمی کوردستانیش دەلاقەیێکی نوێی بەڕووی هەرێمدا کردەوە. پاش کشانەوەی مەسعوود بارزانی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕەوشی سیاسیی هەرێم بە تەواوەتی گۆڕدرا. نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم و مەسروور بارزانی وەک سەرۆکی حکوومەت بوون بە قیادەی سیاسیی پارتی و هەرێم. ئەم نوێ بوونەوەیە تا ئەم کاتەش بە قازانجی کورد هاتۆتەوە و موژدەی ڕێککەوتنێکی گەورەتر دەبەخشێت.

ئەگەرچی نائارامی و خۆپیشاندانەکانی عێراق بۆ ماوەیێک ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدای دوا خست بەڵام بەرپرسانی باڵای حکوومەت دەڵێن ڕێککەوتنەکە لە قۆناغی کۆتاییدایە و وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند بە زووترین کات ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ بەغدا واژۆ دەکرێت.

جووتیار عادل وتەبێژی حکوومەت گوتوویەتی گەشتوونەتە قۆناغی کۆتایی بۆ ڕێککەوتن و بە زووترین کات ڕایدەگەیێنن.

لای خۆیشیەوە فارس عیسا سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە، بڕیارە رۆژی یەكشەممە شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ حكوومەتی عێراق رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەوە واژۆ بكەن، كە دواتر لیژنەی هاوبەشی حكوومەتی هەرێم و بەغدا رێككەوتنەكە لەناو بودجە جێگیر بكەن و سیاغەی بودجە دەكرێت و پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیران دەكرێت بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت و ڕەوانەی پەرلەمانی دەكەن.

مەلا بەختیار کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش دیمانەیێکی لەگەڵ کوردپرێس کردووە و لەو دیمانەیەدا وتوویەتی گۆڕانکارییەکانی عێراق لە هیچ حاڵەتێکدا بە زیانی کورد نابێت. چ کابینەکەی عەبدولمەهدی بڕووخێت و چ بمێنێتەوە.

مەلا بەختیار وتوویەتی ئەگەر عەبدولمەهدی بڕوات دەوڵەتی نوێ پێویستی بەوە دەبێت کە لە کەشێکی ئارامدا ڕەزامەندیی لایەنەکان ڕابگرێت و ئەوەش بە بێ ڕازی کردنی کورد ناڕوات و ئەگەریش عەبدولمەهدی بمێنێتەوە ئەوا کورد لە ڕێککەوتنەکە نزیک بوونەتەوە و لەبەرژەوەندیی کورد دەبێت. بۆیە پێگەی کورد بە هیچ شێوەیێک لاواز نەبووە.

ئێستاش عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتوویەتی داوای دەستلەکارکێشانەوە پێشکەشی پەرلەمانی عێراق دەکات و ئەمەش پێویستی بەوەیە کە پاش کشانەوەی سەرۆکوەزیران حکوومەتی کاربەڕێکەر پێکبهێنرێت. وەک یەکەم کاردانەوەش موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر پێشوازیی لە بڕیارەکەی سەرۆکوەزیر کردووە بەڵام گوتوویەتی کشانەوەی عەبدولمەهدی کۆتایی بە قەیرانەکەی عێراق و گەندەڵییەکان ناهێنێت

سالار مەحموود ڕاوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق گوتوویەتی لە دەستووری عێراقیدا هیج لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیرانەوە نەهاتووە و تەنها باسی متمانەلێوەرگرتنەوە کراوە بەڵام ئەگەر خودی سەرۆکوەزیر ئامادە نەبێت بۆ ماوەی یەک مانگ ئەرکەکەی ڕاپەڕێنێت ئەوا سەرۆککۆمار دەبێت بە سەرۆکوەزیر و لە ماوەی 15 ڕۆژدا گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی عێراق ڕادەسپێرێت کە حکوومەت پێکبهێنێت.

لای خۆیشیەوە محەممەد شاکر پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتوویەتی ئەگەر پەرلەمان دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی پەسند بکات و خۆی ئامادە نەبوو بۆ ماوەی مانگێک لە پۆستەکەی بمێنێتەوە بۆ سەرۆکایەتی­کردنی حکوومەتی کاربەڕێکەر، سەرۆککۆمار دەبێتە سەرۆکوەزیران و دەبێت لەماوەی 15 رۆژیشدا بەپێی مادەی 76ـی دەستوور داوا لە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان بکات بۆ ئەوەی کەسێک راسپێرێت لەماوەی مانگێکدا حکوومەت پێکبهێنێت.

 بەگوتەی محەممەد شاکر، لە دەستووری عێراق بە هیچ شێوەیەک باسی دەستلەکارکێشانەوە نەکراوە، بەڵکوو لە مادەی 61 باس لە لێسەندنەوەی متمانە کراوە. ئەو پەرلەمانتارە کوردەی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەش کرد کە، عادل عەبدولمەهدی سەرەڕای ئەوەی بە ڕەزامەندیی کوتلەکان هەڵبژێردرا، بەڵام پشتگیری لە پرۆژەکانی نەکرا.

عێراقی فرەڕەنگ و فرەدەنگ تێکەڵێکە لە جیاوازیی ئاینزا و ئەتنیک و بۆچوون و قەبارەی جیاجیا و یەکخستنی هەموو ئەمانە پێویستی بە ئیجماعی نێوان خوازیارانی ڕەهەندی ئاینی و نەتەوەیی و هەموو پێکهاتە جیاکانی عێراق هەیە و ئایندەی سیاسیی ئەو وڵاتە پەیوەستە بە شێوەی ڕەنگدانەوە و شوێندانەریی زۆر لایەن وەک دەستی دەرەکی و مەرجەعی ئاینیی شیعە و قەبارەی سونە و کورد و دیکەی قەبارە سیاسییەکانی بەشداری حکوومەت و دەرەوەی دەسەڵاتیش.

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه