07:29 PM   IRAQ
SATURDAY, 15 AUGUST 2020
 به په‌له |◀   ئەمریکا: پێویستە تورکیا بۆ هێرش کردن دژی پەکەکە لەگەڵ عێراق هەماهەنگی بکات
SATURDAY, 30 NOVEMBER 2019 - 16:32
مەلا بەختیار تایبەت بۆ کوردپرێس:
دەبوو هەدەپە لەگەڵ حکوومەتی تورکیا شەراکەتی کردبا/ تورکیا ڕووبەڕووی گۆڕانکاریی گەورە دەبێتەوە

بەشی تورکیا- مەلا بەختیار دەڵێت: "کاتێک کە هەدەپە 80 کورسیی پەرلەمانیی لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا بەدەست هێنا جەختم کردەوە کە هەدەپە دەبێت ئەم دەرفەتە لەدەست نەدات و لە ناو حکوومەتی تورکیا بەشداری بکات، چوونکە ئەگەر تەنانەت یەک پۆستی وەزارەتیی بەدەست هێنابا دەیتوانی دەلاقەیێک بۆ باشتر بوونی پێوەندیی نێوان کورد و حکوومەتی تورکیا بکاتەوە.

کوردپرێس: حکمەت مەحەمەد کەریم کە بە «مەلا بەختیار» ناسراوە، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە. ناوبراو بە بۆنەی پێشینەی چالاکی سیاسی لەنێو کوردی عێراق بەناوبانگە و ڕۆڵێکی گرینگی لەشەڕی کوردەکان دژ بە ڕەژیمی بەعس بینیوە. مەلا بەختیار هەروەها دەوری گرینگی بینیوە لە دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانی و یەک لە کەم وێنەترین سەرکردە کوردەکانە کە بەبێ پشتیوانی تائیفی و قەومی پێی ناوەتە گۆڕەپانی سیاسەت و بەپشت بەستن بە تواناکانی خۆی چووەتە پێشەوە.

مەلا بەختیار خەڵکی ناوچەی گەرمیانی دەڤەری خانەقینە و نووسراوەکانی بە تایبەت ئەو کتێبانەی کە لەچاپ دراون بە زمانی کوردی ڕەوانە و سەرەڕای ئەوەی کە لایەنگری هزری لیبراڵیە بە مەنشێکی کوردییەوە ڕێز لە بیروباوەڕی دینیی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەگرێت و لە کتێبێکدا بەناوی "کوردستان" بە تێروتەسەلی ئەم بابەتەی شی کردۆتەوە.

مەلا بەختیار پاش کۆچی دوایی مام جەلال زۆر نیگەرانی بارودۆخی حزبەکەی خۆی بووەوە و بڕوای وایە یەکێتی تووشی باڵ باڵێنی ناوخۆی و دۆخی دژوار بووە، بۆیەش هەمیشە جەخت لە ئازادی بیر و باوەڕ و چاکسازی پۆزەتیڤ لە حزبەکەی دەکات و بڕوای وایە خەباتی مەدەنی و خەباتی ئاشتیخوازانە ڕێگای چارەسەریی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی ناوچەکەیە.

لێرەدا دەقی تێروتەسەلی گفتوگۆی تایبەتی کوردپرێس لەگەڵ مەلا بەختیار بخوێنەوە:

کوردپرێس: ئێمە جەنابی مەلا بەختیار بە کتێبی شۆڕشی کوردستان و گۆڕانکارییەکانی سەردەم دەناسین (شۆڕشی شاخ یان ڕاپەڕینی بەردەوام) کە بە فارسیش وەرگێڕاوەتەوە، دەمانەوێت بزانین ئێستا مەلا بەختیار زیاتر حەز دەکات کاتی خۆی بۆ کاری ڕۆشنبیری تەرخان بکات یا کاری سیاسی؟ هەروەها کە ئێوە یەکێک لە سەرکردەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن؟

مەلابەختیار: سپاس بۆ هاتنتان هۆمێدی پێشکەوتن دەخوازم بۆ سایتەکەتان، پێم خۆشە کە سایتێکتان هەیە بە ناوی کوردپرێسەوە و پێیشم خۆشە کە سایتێکی دەوڵەمەندە.

سەبارەت بە پرسیارەکەتان من پێم وایە هەڵەیێکی گەورەیە سیاسەت لە ڕۆشنبیری جیا بکرێتەوە، هەروەها هەڵەی گەورەشە ڕۆشنبیری لە سیاسەت جیا بکرێتەوە. ئەوانەی دەیانەوێت سیاسەت و ڕۆشنبیری تەڵاق بدەن دوو بابەت خەڵکن کە هەلپەرەستیەوەلەو بابەتە دەڕوانن.

سیاسییەکان واتا ئەوانەی کە سیاسەت بۆ بازرگانی و بۆ خۆپەرستی بۆ هەل پەرستی بەکار دەهێنن بۆ ئەوەی خۆیان تێپەڕێنن لە هەندێک پرسیاری گرینگ سەبارەت بە پرسیاری ڕۆشنبیری؛ بەڵام سیاسەت سیاسەتە و ڕۆشنبیریش ڕۆشنبیرییە. هەندێک لە ڕۆشنبیرەکانیش بۆ ئەوەی کە هیچ مەسئوولیەتێکیان نەبێت بەرانبەر بە میللەتەکەیان و بەرانبەر بە دیموکراسی و خەبات خۆیان دەبوێرن و دەڵێن سیاسەت و ڕۆشنبیری لە یەکتر جیایە، لە حەقیقەتدا هیچیان لە یەکتر جیا نییە ئەم دوانە پێوەندیێکی ئۆرگانیکی هەیە لە بەینیان کە ناتوانی بە سیاسەتمەدارێک بڵێی ڕۆشنبیر نەبێت و نایشتوانی بە ڕۆشنبیرێک بڵێی کە جۆرێک پێوەندی یا کۆنتاکتی لەگەڵ دونیای سیاسەتدا نەبێت. بۆیە من لەم پلاتفۆرم و ڕوانگەیەوە ئەوندەی لە خۆما دەبینم هەم سیاسیم هەم کاری ڕۆشنبیریش دەکەم.

کوردپرێس: دەمانەوێت بزانین ئێوە وەکوو ڕۆشنبیرێک و کەسایەتیێکی سیاسی ڕاتان لەبارەی هەڵویستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەبارەت بە بارودۆخی ڕۆژئاوا و هێرشی تورکیا بۆ سەر ئەو ناوچەیە چییە؟ پێتان وایە کە یەکێتی هەندێک پاشەکشێی نەکردووە لە پرێنسیپەکانیپێشتری خۆی سەبارەت بە ڕۆژئاوا؟

مەلابەختیار: وەکوو بڕیار و پرێنسیپ نەخێر، یەکێتی پاشەکشێی نەکردووە بەڵام جاری وا هەیە هەڵویستەکانی نەرمە و جاری وا هەیە گەشە. ئەمە پێوەندیی بە پێوەندیی یەکێتی و دۆخی ڕۆژهەڵاتەوە هەیە، هەروەها پێوەندیی بە پێوەندیی نێوان یەکێتی و دەوڵەتەکانی ناوچەکەوە هەیە. ئەمە شتێکی زۆر ڕەوایە کە حزبێکی سیاسی کاتێک کە دەکەوێتە تەنگژە و کاتێک کە هەڵویستەکانی دەبێتە مایەی زەرەر بۆ خەڵک و بۆ ئابووری خەڵک جۆرێک لە نەرمی ئەنوێنێت بۆ ئەوەی تێپەڕێت. ئەگینا تا ئێستا یەکێتی لە پرەنسیپێکی خۆی پاشەکشێی نەکردووە و ئاسانیش نییە هیچ سەرکردەیێکی یەکێتی و هیچ ئۆرگانێکی یەکێتی بتوانێت پاشەکشێ لە پرەنسیپەکانی حزبەکەی بکات.

کوردپرێس: هەر ئەم پرسیارە لەبارەی حکوومەتی هەرێم ئاراستەتان دەکەم. چەند ڕۆژ پێش ئێستا کە نێچیرڤان بارزانی لە وتەکانیدا وتیان کە "کێشەی تورکیا کورد نییە بەڵکوو پەکەکە-یە". ئێوە پێتان وایە ئەو هەڵویستەی جەنابی بارزانی تا چەندە بە حەقێقەت و واقعیەتەوە نزیکە؟

مەلابەختیار: من پێموایە کاک نێچیر بە حوکمی ئەوەی کە سەرۆکی هەرێمی کوردستانە بێگومان دەبێت بەشێک لە قسەکانی ڕەچاوی بەرژەوەندییەکانی هەرێم و دیبلۆماسیەتی سەرۆکایەتیی هەرێم بکات.

بەڵام من ناتوانم نە دیبلۆماسی بدەم و نە پۆستێکی حکوومەتیم هەیە تاکوو ئەم کارە بکەم. پێم وابێت لە دوو بەشی کوردستان بە تایبەتی لە باکوور کێشەی کورد ئێستا لە پەکەکە جودا ناکرێتەوە هەروەها کێشەی پەکەکە-ش لە کورد جودا ناکرێتەوە لەبەر ئەوەی کە پەکەکە تاکە هێزە لە باکووری کوردستان کە لە خەباتێکی شۆڕشگێڕانەیە (ئەگەرچی من لەباری ئایدۆلۆژیەوە جیاوازم لەگەڵیان) و زۆر جار لەگەڵ خۆشیان دانیشتووم ئەوەی کە پێم دروست بووە پێیانم وتووە و ئەوەی کە نەدەبوو بیکەن من پێشوەخت پێم وتوون بەڵام سەبارەت بە کێشەی کورد و سەبارەت بە خەباتی ڕزگاری پەکەکە لە باکوور لە کێشەی کورد جیا ناکرێتەوە.

ئەو پرسیارەش کە ئایا پەکەکە لە ڕۆژئاوایش کارگەرییان هەیە؛ من دەڵێم بەڵێ کاریگەرییان هەیە. بۆیە هەتا ئەو کاتەی کە دەوڵەتی تورکیا خۆی کێشەی کورد چارەسەر نەکات ناتوانیت هیچ جۆرە سیاسەتێکی تورکیا دوور بخەیتەوە لەکورد و لە کێشەی کورد.

کوردپرێس: ئێوە دەوری هەدەپە چۆن دەبینن بۆ چارەسەر کردنی کێشەی کورد لە تورکیا؟

مەلابەختیار: پێم وابێت هەدەپە ڕەوتێکی شارستانی دیموکراسیی بووە لە باکووری کوردستان و لەسەر ئاستی تورکیا. من پێم خۆش بوو هەدەپە سەربەخۆتر بڕیار بدات لە مەسەلە سیاسی و دیموکراسیەکانی تورکیا و باکوور. وەکوو ڕێکخراو و ڕەوتێکی سیاسی سەربەخۆ بڕیار بدات.

کاتێکیش هەشتا کورسییەکەیان بەدەست هێنا من وتم حەقە بچنە ناو حکوومەت، بەچوونە ناو حکوومەت ئەگەر یەک وەزارەتیشیان بەرکەوتبایا دەیانتوانی پەنجەرەیێک بکەنەوە بۆ ئەوەی پێوەندیی نێوان دەوڵەتی تورکیا کورد ببەنە پێشەوە و بۆئەوەی دوایش چتانی تر بچێتە پێشەوە. بەتایبەت لەو کاتەدا ئەم کێشانە بەو ڕادەیە قووڵ نەبوو کە ئێستا قووڵ بووە لەبەینی کورد و دەوڵەتی تورکیا لە باکووری کوردستان. خەون بوو بۆ کورد هێزێکی سیاسی جەنابی سەلاحەدین دەمیرتاش سەرکردایەتی بکات وەکوو یەکێک لە هێما جوانەکانی سیاسەتمەداری هاوچەرخ هەشتا کورسی بێنێت ئەمە خەوێکی گەورە بوو کە کەس چاوەڕوانی نەدەکرد. من ئەو کاتەش وتم با بچنە حکوومەت، ئەو کاتەش وتم با پەکەکە لە شارەکان شەڕ نەکات.

ئەو کاتەش کوودەتا کرا لە تورکیا من پەیامێکم بۆ پەکەکە نارد وتم یەکلایەنە شەڕ ڕابگرن و ڕایبگەیێنن کە ئەوەتە ئەو سوپایە کە شەڕی کورد ئەکا هەمان سوپا خەریک بوو خۆیشتان لەناو ببات. بەڵام بەداخەوە وەڵامیان دایەوە کە ئەمە وەختی نییە و تورکیا بەلاوازی بڕیاری یەکلایەنە شەڕ ڕاگرتن لەقەڵەم ئەدا بۆمان، من وتم بە لاوازیش قبووڵی بکەن با ئەوان بڵێن ئێوە لاوازن بەڵام ئێوە هەڵوێستێکی مێژوویی دەنوێنن.

لە کۆتایی وەڵامەکەم ئەمەوێت پێتان بڵێم هەموو وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەتی تورکیا بە حوکمی کۆمەڵێک فاکتەر ئەم سیاسەتەی ئێستای دەیگرێتە بەر و ئەو دۆخە ئابووری و سیاسییەی لە تورکیا هەیە و زیاتر لە سەد و بیست هەزار کەس لە زینداندایە و هەمووشیان سیاسەتمەدار و ڕووناکبیر و نووسەر و مامۆستای زانکۆ و پارێزەر و سەرباز و ئەفسەر و هەموو ئەمانەن من پێم وانییە ئەم دۆخە لە تورکیا تاسەر بچێت.

تورکیا لە سەردەمی گۆڕانکاریی گەورەدایە، بوونی هەدەپە لەناو ڕەوتی ئەو گۆڕانکارییەی ئایندە دەستەبەرێکی گرینگی سیاسییە بۆ ئایندەی کورد. کە لەناو تورکیا گۆڕانکاریی گەورە بەڕێوەیە یەکەم شت کە ئەبێت بیری لێبکەیتەوە شەقامە و ئەبێت ببینی شەقامی سیاسی چی دەکات، شەقامی بەغدا ئەبینن چی دەکات شەقامی لوبنان و جەزایر دەبینن چی دەکات شەقامی سوودانتان بینی هەروەها شیلی و هۆنگ هۆنگ و کاتالۆنیا هەموویان گۆڕانکاریی سەردەمی جیهانگیرییە و گولوبالە واتا کاریگەری سوشیاڵ میدیایە.

بەهۆی سوشیاڵ میدیاوە نەویێک پەیدا بووە کە نەوەی ئایدۆلۆجیا نییە و نەوەی فەلسەفە و نەوەی مەزهەبەکان نییە هەروەها نەوەی حزبەکان نیین بەڵکوو نەوەی ئەم سەدەمەیە، ئەم نەوە نەوەی دژایەتیی گەندەڵی و خواستی دادپەروەرییە هیچ شۆناسێکی نییە ئەم نەوەیە ئیلا ئەوەی کە دەیەوێت بە کەرامەتەوە و بە تێری بژی جا ئەمە تورکیا بۆ نەگرێتەوە؟ ئایا لە تورکیا بێکاری نییە ئایا لە تورکیا هەموو کەسێک کەرامەتی سیاسی و کۆمەڵایەتیی هەیە ئایا لە تورکیا دادپەروەری هەیە و گەندەڵی نییە ئایا لە تورکیا سەرکوت کردن نییە، لە تورکیا زیندانەکان بوون بە قوتابخانە. هەموو ئەو وڵاتانە کە چارەنووسیان ڕووخانی حکوومەتەکەیان بوو هێزی سەربازی و موخابەراتیان هەبووە و دەزگای سەرکوتکەریان هەبووە و قوەتی ئایدۆڵۆژیایان بوو سیستەمیان بوو بەڵام لە نەتیجەدا تەوژمی گۆڕانکاری بەوەوە ناوەستێت کە هێزت هەیە یان نە بەڵکوو یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەم سەردەمە ئەمەیە کە هێزی ئەم سەردەمە زوو دەچنە پاڵ ڕاپەڕینەکان و کەمتر خەڵک دەکوژن و زۆرتر دەچنە ناو خەڵکەکە، قەت لە مێژوودا وا نەبووە کە سوپا زوو بڕیار بدات بچێتە ناو خەڵک ئەمە یەکێک لە خەسڵەتە تازەکانە.

کوردپرێس: هەروەها کە لە وتەکانتاندا باسی خۆپیشاندانەکانی عێراقتان کرد. پێش بینیی ئێوە لەباەری ئایندەی عێراق چییە؟ ئەو خۆپیشاندانانە بە کوێ دەگات، پشتی پەردە و نهێنیی ئەم وەزعە چییە؟

مەلابەختیار: من وەڵامم ئەمەیە و دەڵێم کام ڕاپەڕین بووە لە خاوەرمیانە کە هەموو خاوەرمیانە نەیانگوتووە دەستێکی لە پشتە؟ سوودان چی دەستێکی لە پشتەوە بوو جگە لە دەستی برسیەتی. جەزایەر ناعەدالتی لە پشتەوە بوو. ئێستا لوبنان چی لە پشتەوەیە مەگەر هونەرمەندەکانی.

ئەوەی کە ئێمە بینیمان لە ناو ڕاپەڕینی بەغدا، ئەمەریکا پێیخۆشە و یان وڵاتێکی دیکە پێیخۆشە ئەمە ڕووداوێکە کە ڕوویداوە و هەموو دونیا لەسەری قسە دەکات. ئەگەر ئەمەریکا ئەوندە کاریگەر بێت کە بتوانێت ئێستا کە بۆ 16 ڕۆز دەچێت سەدان هەزار کەس بێنێتە سەر شەقام ئەمە کە وایە ئەمەریکا دەوڵەتێکی مەزنە و ئەمەش کاریگەرییەکەیەتی. ئەی خۆیان (حکوومەت) بۆ نەیانتوانی لەمە باشتر بکەن؟ ئەم پرسیارە دەبێت لە خۆیان بکرێت ئەو تۆمەتە ڕووبەڕووی ئەمەریکا و هیچ دەوڵەتێکی تری نەکەن. لە خۆیان پرسیار بکەن بۆچی ئەمەریکا دەتوانێت و ئەمان نەیانتوانی؟ سەرەنجامی هەڵەکانی خۆیانە کە ئەمەریکا دەتوانێت ئەم کاریگەرییەی ببێت.

من دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق مانگێکی نەخایاند چوومە بەغدا وەفدێکی یەکێتیم سەرکردایەتی کرد و بە جەنابی عەبدولمەهدی و بە عەبادی و مالیکی و عەمار حەکیم و هادی عامری و بە هەموویانم گوت کە خەڵک ڕادەپەڕێن. دوو ساڵ لەمەوبەر بوو. گوتیان بەچییا ئەزانی گوتم بەوا دەزانم کە سەدا حەفتای خەڵک نەهاتن بۆ هەڵبژادن. گوتم بەغدا شارێکی زیندووە ئەم بەغدادە لەسەدا حەفتای نەهاتووە ئەمە یەعنی دژایەتی کردن بە بێدەنگی بەڵام ئەمە ئەبێت بە دەنگ لەسەرتان.

من لە کتێبی شۆڕشی کوردستان و گۆڕانکارییەکانی سەردەم  لە ساڵی 1989 وتوومە بەغداد لەساڵی 2000 ئەبێتە یازدە ملیۆن کەس و ڕائەپەڕێت. لە کۆتایشدا حکوومەتی عێراق ناچار دەبێت دوا داخوازیی ئەو خەڵکە چۆنە قبووڵی بکات و یان ئەبێت قەتڵوعام بکات واتا سیناریۆی سووریا لە عێراق دووپات بکرێتەوە و دۆخی عێراق لە سووریا خراپتر ببێت.

کوردپرێس: ئایا ئەگەر دەستووری عێراق بچێتە گۆڕانکارییەوە بە زیانی کورد دەبێت؟

مەلابەختیار: من پێش بینی ناکەم بە زیانی کورد تەواو ببێت. من پێشتریش لە کۆڕێکدا قسەم کردووە و ئێستایش دەیڵێم من ئەوە پێش بینی ناکەم. ئەگەر ئەم حکوومەتە بمێنێت زۆر پێویستی بە هەرێمی کوردستانە و دەستکاریی لە پشکی دەستووری کورد ناکات. ئەگەر هەر حکوومەتێکی دیکە بێت پێنج ساڵ پێویستی بە ئارامی لە عێراق هەیە تا خۆی ئەگرێت ئەویش نایەوێت کورد لەخۆی دوور بخاتەوە لەبەر ئەوەی دەستکاریی پشکی ئێمە لە دەستوور ناکەن.

کوردپرێس: ئەو مادانەی دەستووری عێراق کە بە سوودی کورد بوون و تا ئێستا جێبەجێ نەبوون ئایا دەوڵەتی عێراق لە دەستووری داهاتوویدا هەمان شت دەنووسێتەوە؟

مەلابەختیار: ئەم پرسیارە پرسیارێکی باشە. 16 ساڵە دەڵەتی سەدام ڕووخاوە و 14 ساڵیشە ئەم دەستوورە هەیە بڕیار وابوو دوای پەسەند کردنی دەستوور بە چوار ساڵ مادەی 140 جێبەجێ ببێت.

لە 2005ەوە تا ئێستا دەستوور نووسراوە و 14 ساڵە مادەی140 جێبەجێ ناکەن. دەی من چ دڵێکم بەم حکوومەتە خۆش بێت کە مادەیێک لە دەستوور کە دەستووری هەمیشەیی قبووڵی کردووە و لە بەندێکیشدا دەڵێت "مادەی 140 قابیلی هەموار کردن نییە"، دەی ئەمە کە جێبەجێی نەکردووە یەعنی من چۆن دەتوانم بڵێم ئەم حکوومەتە باشتر لە حکوومەتی ئایندە؟ ئەمە نییە کە 14 ساڵە مادەیێکی دەستوور جێبەجێ ناکات.

لەبەر ئەمە من پێم وایە نە ئەم حکوومەتە ئەتوانێت دەستکاریی مادەی 140 بکات تا ئێستا دەستی دەستیی پێکردووە نە ئەو حکوومەتە کە دێت بواری ئەوەی ببێت کە دەستکاریی مادەی 140 بکات یان دەستکاریی خەسڵەتی فیدراڵی لە هەرێمی کوردستان بکات. ئەم دوو مادەیەش گرینگترن مادەکانن؛ یەکێکی فیدراڵییە ئەوی تر مادەی 140 ئەم دوانە دڵی دەستوورە بە نسبەتی کورد. 

کوردپرێس: پێتان وایە ئەگەر گۆڕانگارییێک لە عێراق بکرێت دیسان پارت و حیزبە مەزهەبییەکان دەتوانن لە نێو دەسەڵات بمێننەوە؟

مەلابەختیار: هیچ کەس نەیتوانییوە بە تەواێتی حزبەکان لە پڕۆسەی سیاسی دەر بکات لە هیچ وڵاتێکی دونیا ئەمە نییە. لەو وڵاتانەش کە هەشە ئەبێت حزب دروست بکرێت نەک لەو وڵاتانەی کە حزبەکان هەیە بێن و حزبەکان هەڵبوەشێننەوە.

شتی وانابێت حزب بە تەواوێتی لە کاری سیاسی دەرناکرێت حزب لە پڕۆسەی سیاسی دەرناکرێت. بەڵام حزب دەبێت سیاسەتی خۆی دەستکاری بکات و لەگەڵ گۆڕانکارییەکان خۆی بگونجێنێت ئەمە قبووڵ دەکەم و ڕاستە.

یەکێک لە توێژینەوەکان لەسەر ئەمەریکا کە پانزدە بیست ساڵ لەمەوبەر ئەنجام دوراوە دەڵێت بەشێک لە کێشەکانی کۆمەڵی ئەمەریکا بۆ لاواز بوونی ژیانی حزبایەتی دەگەڕێتەوە. ژیانی حزبایەتی ڕایەڵەیێکی گرینگە بۆ بەستنەوەی کۆمەڵ و پەیمانی کۆمەڵایەتی و پاراستنی دیموکراسی. بەڵام کام حزب؟ حزبی تایفەگەری؟ حزبی شۆڤێنی؟ حزبی دژ بە دیموکراسی؟ نا؛ مەبەست حزبێکی دیموکراتی هەڵقووڵاوی خەباتی کۆمەڵایەتی بێت و مەدەنی و شارسانی بێت و هەر بەڕاستیش دیموکراسی بێت حزبی ئاوا ناتوانرێت بۆ 50 ساڵی ئایندەش دەری بێنی لە پڕۆسەکە.

کوردپرێس: زۆربەی خۆێنەرانی ئێمە لە کوردستانی ئێران پێمان خۆشە بزانین مەلا بەختیار تا چ ڕادەیێک ئاشنای لەگەڵ پرسەکانی کوردی ئێران هەیە و بیروڕای جەنابتان لەبارەی کوردستانی ئێرانەوە چییە؟

مەلابەختیار: پێش ئەردەڵانەوە تا ئێستا پێوەندییێکی ئۆرگانیکی لەگەڵ ڕۆژهەڵات و باشووردا هەیە. سەردەمی میرنشینی ئەردەڵان، ئەردەڵان جێگایێکی ئۆمێد بوو بۆ باشوور پێش ئەوەی مێرنشینی بابان و شۆرانیش لای ئێمە دروست بێت. 300 ساڵ پێش مێرنشنی بابان و ئەردەڵان دروست بوو.

هەمووتان دەزانن کاتێک کە لێرە شێخ مەحموودی نەمر حکوومەتی مەلیکی دامەزراند و سمکۆی شەکاک خۆی بە شێخی نەمر کەمتر نەدەزانی کەچی هەموو سوپاکەی هێنا و لێرە بەشێخی نەمری وت کە "من ئامادەم پاسەوانت بم" شێخیش بە پێشوازیێکی شاهانە لێکرد و چەند ڕۆژێک میوانی بوو و مێژوویش دەڵێت یەکەمین سروود لە تەئریخی کورددا کە ڕفێق حلمی نووسیویەتی و ئاوازەکەشی خۆی دایناوە ئەو کاتە بووە کە سمکۆی شەکاک هاتۆتە سلێمانی واتا یەکەم سروود لە ساڵی 1921 بووە.

لە دوای ئەوەی کە کۆماری مەهاباد دادەمەزرێت کوردی عێراق زۆر زۆر خزمەتی کۆماری مەهابادی کرد کە دژایەتیی ڕەژیمی شاهەنشاهی کردبوو. ئێستاش ئێمە هیچ نایشارینەوە؛ من بۆ پشتیوانی ئازادی خوازێک بم لەو پەڕی دونیا بۆ پشتیوانی هاونەتەوە و هاوڕەگەزەکەی خۆم نەکەم و لەگەڵ سۆزی نەبم و لەگەڵ خۆشی و ناخۆشییا نەبم.

کوردپرێس: داهاتووی سووریا بە گشتی و کوردستانی سووریا بە تایبەتی و دەوری ئەمەریکا لەو گۆڕانکارییانەی کە لە داهاتوودا بەسەریدا دێت چۆن دەبینن؟ هەروەها دەوری هەموو هێزە ناخۆیی و دەرەکییەکان لە سووریا چۆن دەبینن؟

مەلابەختیار: من دڵخۆشیێکم هەیە کە جارێکی دیکە کورد نە لە سووریا و نە لە عێراقداجارێکی دیکە ڕووبەڕووی کیمیاباران و ئەنفال نابینەوە من چەند جارێک ئەم قسەم کردووە لەم ماوەدا، ئەمەش بەم مانایە نییە کە ڕووداوێکی ناخۆش ڕوونادات وەکوو شەڕ یان شەهید دان، بەڵام ئەمە ئەڵێم جارێکی دیکە تراژێدیای گەورە ڕوونادات چوونکە کورد ئێستا لە دونیا پشتیوانی گەورەی هەیە.

بینیتان کە سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاری دا کە سوپای ئەمەریکا بکشێتەوە چ فشارێکی کەوتە سەر لە خودی حزبی کۆماری نەک هەر دیموکراتەکان یان کۆنگرێس و نووسەران و هونەرمەندەکان و میدیای ئەمەریکی و هەموو دونیا و ئەورووپا کە قسەیان لەسەر کرد.

ئیسرائیل لە دوای ساڵی 1948ەوە بە ملیارها دۆلاری سەرف کردووە ئێستاش هەر ملیاردها سەرف دەکات ئەو پشتگیرییەی نەبوو کە کورد هەیەتی لە ئێستادا ئێمە فلسێکیشمان سەرف نەکردووە. هەسەدە پارەی کوا تا سەرفی بکات هیچی نەبووە کەچی ئەم هەموو پشتیوانیەی لە جیهان بۆ پەیدا بوو. ئەمەریکا ناچار بوو ئەو هێزەی پاشەکشێی پێکردووە هەموویان بە زیاتریشەوە بگەڕێنێتەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان. ئەمەش دەلیلەکەی ئەوەیە کە کێشەی کورد ئەوندە چووەتە پێشەوە نەک هەر لەسەر مێزی سەرۆک وەزیران و سەرۆکەکانی دونیا بەڵکوو لە ویژدانی ڕای گشتیی دونیا جێگای خۆی کردۆتەوە.

ئەم پرسە زۆر گرینگە کە لە ئەورووپادا ڕای گشتی حکوومەت هەڵدەبژێرێت و حکوومەت ڕای گشتی دروست ناکات خیتابی حزبە سیاسییەکان چۆن دەگونجێت لەگەڵ ئەو ڕا گشتییە کە خولقاوە لە ئەورووپادا بۆیە من لەمە ناترسم. ئەوەیش کە ئایا بەرەو کوێ دەڕوات من بەش بەحاڵی خۆم وای دەبینم کە لەناو پڕۆسەی نووسینی دەستووری سووریا و دانووستان لە سووریا کورد داخڵ دەبێت و ئەبێت بە کارەکتێرێکی باش و بەشێک لە مافەکانی کوردیش چارەسەر دەکرێت. ئەمەش هەم ڕووسیا قبووڵیەتی هەم ئەمەریکا ئەمەی قبووڵ کردووە هەم یەکێتی ئەورووپا. ئەوەی ئێمە بزانین ئێستا ئێرانیش خۆشبەختانە دژی ئەمە نییە.

 

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه