بەرهەم ساڵح و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران کۆ بوونەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆک کۆماری عێراق لە کۆبونەوەیەکدا هەماهەنگی دادی و یاسایی لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران تاوتوێ کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیی کرد لە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران و شاندی یاوەری و لەو دیدارەدا بەگرنگییەوە باس لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵات و گەلی دۆست کرا، کە بەیەکەوە گرێدراون لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی و ئاینی و رۆشنبیری و جوگرافی.

ئەوەش هاتووە، لەدیدارەکەدا دووپاتکرایەوە لە پێویستی پتەو کردنی پەیوەنییەکانی نێوان عێراق و ئێران لە سەرجەم بوارەکاندا، بەتایبەتی ئاڵوگۆڕ کردنی شارەزایی و توانای زانستی و چالاک کردنی رێککەوتننامەکانی نێوان ھەردوو وڵات، ھەروەھا گرنگی ھەماھەنگی و ھاریکاری کردنی یەکدی لە ھەردوو بواری دادوەری و یاسایی، بەجۆرێک خزمەت بە ھەردوو گەلی دۆست بکات.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا بەرهەم ساڵح جەختی کردەوە کە دەوڵەتانی ناوچەکە لە بەردەم بەرپرسیاریەتییێکی گەورەی مێژوییدان، بۆیە گرنگە گشت ھەوڵەکان یەکخرێن لە پێناو ھێنانەکایەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ کێشەکان و کۆتایی ھێنان بە قەیران و گرژییەکان و چەسپاندنی سەقامگیری و ئارامی لە ناوچەکەدا.

ھاوکات سەرۆک کۆماری عێراق دووپاتی کردەوە کە پاراستنی ئارامی و سەروەری عێراق دەبێتە سەکۆیەک بۆ ئاسایشی ناوچەکە و ھێنانەدی بەرژەوەندییەکانی سەرجەم گەلانی ناوچەکە.

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ئەوەشی خستوەتەڕوو، ئیبراهیم رەئیسی سڵاو و رێزی رابەری کۆماری ئیسلامی ئێرانی گەیاندە گەل و دەوڵەتی عێراق، ھەروەھا پشتیوانی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە بۆ حکوومەتی عێراق لە ھەوڵەکانی بۆ ریشەکێش کردنی تیرۆر و چەسپاندنی پایەکانی سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی ھاوڵاتیانی عێراق بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵینگارییەکان.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1016

Your Comment

You are replying to: .
captcha