20 لە سەدی بازاڕچەی کاڵا بیانییەکانی مەهاباد لە ئاگردا سووتا

بەشی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا- بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی مەهاباد لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند بە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕچەی کاڵا بیانییەکانی مەهاباد 20 لە سەدی ئەو بازاڕچەیە سووتا.

کوردپرێس:

ڕەحمان ئەحمەدی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی شاری مەهاباد لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند ڕۆژی هەینی 24ی ڕێبەندان بە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕچەی کاڵا بیانییەکانی مەهاباد 50 دووکانی ئەو بازاڕچەیە سووتا و زیانەکەش زیاتر لە 50 ملیار تمەن بەراود کراوە.

ئەحمەدی ئاماژەی بەوەش کرد کە بەداخەوە تیمەکانی بەرگریی شارستانی ڕێگا نەبوو بڕونە شوێنی ڕووداوەکە بۆیە دیواری بازاڕچەکەیان ڕووخاند و لەوێوە چوونە ژوورەوە و ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد بەڵام کۆی 50 دووکانی ئەو بازاڕچەیە بە هەموو شتەکانیەوە سووتان کە بە گشتی 300 دووکانی تێدایە.

بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی مەهاباد زیادیشی کرد کاتژمێر 3ی دەمەوبەیانی شەمە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کراوە و لەو چالاکییەی ئاگرکوژاندنەوەدا 60 فەرمانبەر بەرگریی شارستانیی مەهاباد و میاندواو بەشدارییان کردبوو.

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە کە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە تا ئەم کاتەش ڕوون نەبۆتەوە بەڵام لە ئەنجامدا 4 کەس بریندار بوون کە 2 کەسیان فەرمانبەری بەرگریی شارستانی بوون.

News Code 1027

Your Comment

You are replying to: .
captcha