تورکیا مەبەستیەتی سێ گۆشەی قەندیل-شەنگال- دێرک کۆنتڕۆڵ بکات

بەشی جیهان- هەفتەنامەی گرین لێفتی ئوسترالیا هۆشداریی ئەوە دەدات کە تورکیا لەم کاتە بە لەبەر ئەوە هێرشی سەر شەنگالی عێراق و دێرکی سووریای دوا خستووە کە لە کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان دەترسێت بۆیە دەستی کردووە بە دابەزاندنی هێز لە چیای گارەی هەرێمی کوردستان.

کوردپرێس:

سوپای تورکیا لە نوێتری هەڵمەتی سەربازیی خۆی لە هەرێمی کوردستان کە بە بیانووی هەبوونی پەکەکە لە خاکی هەرێم ئەنجامی داوە دەستی کردووە بە دابەزاندنی هێز لە چیای گارەی هەرێمی کوردستان و پەکەکەش و دەوڵەتی تورکیاش لەبارەی ئەنجامەکانی شەڕی ئەو ناوچەیە ئامار و داتایان بڵاو کردۆتەوە.

هەفتەنامەی گرین لێفتی ئوسترالیا لە ڕاپۆرتێکدا هۆشداریی ئەوەی داوە کە تورکیا کار بۆ ئەو مەبەستە دەکات کە بە تەواوەتی دەست بەسەر ناوچە کوردنشینەکانی باکووری عێراق و سووریا بگرێت و پلانی بۆ جێبەجێ کردن و تەواوکردنی ئەو ئامانجە داڕشتووە.

گرین لێفت نووسیویەتی: تورکیا زیاتر هەوڵ دەدات کە هێرش بۆ سەر شەنگالی ڕۆژئاوای عێراق و دێرکی باکووری خۆرهەڵاتی سووریا بکات بەڵام لە ئێستادا نیگەرانی کاردانەوە نێودەوڵەتییەکانە و هێرش بۆ سەر ئەو ناوچە ستراتێژیکەی دوا خستووە و لەبەر ئەوەی شەڕی دژ بە پەکەکە کاردانەوەی ئەوتۆی لە کۆمەڵگەی جیهانی نابێت دەستی کردووە بە دابەزاندنی هێز لە چیای گارە.

هەفتەنامەکە هۆشداریی ئەوەی داوە کە جێبەجێ کردنی هێرش بۆ سەر گارە بە واتای وەلانانی پلانی هێرشە ئاماژەپێکراوەکانی تورکیا بۆ دێرکی سووریا و شەنگالی عێراق نیە و مەترسیی هێرشی تورکیا بۆ سەر ئەو ناوچانە بە بیانووی هەبوونی هێزە کوردییەکانی دژی ئەوان لەو ناوچانە زۆرە.

ئەو گۆڤارە ئاماژەی بە سەردانەکەی ئەم دوایییەی وەزیری بەرگریی تورکیا بۆ ئەڵمانیا و عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و جەختی کردۆتەوە کە ئەنقەرە نیازی بووە هەماهەنگی لەگەڵ ئەندامانی ناتۆ بکات و مێشکەکان ئامادە بکات بۆ شەرعیەت دان بە هێرشی ئەو وڵاتە دژی ناوچە کوردنشینەکانی عێراق و سووریا ئەوەش بە بیانووی ڕووبەڕووبوونەوەی پەکەکە.

ئەو گۆڤارە بیریشی هێناوەتەوە کە شەڕی دژبە کوردەکانی عێراق و سووریا لە ڕاستیدا شەڕی ناتۆ دژی کوردە چوونکە ئەندامانی سەرەکیی ناتۆ وەک ئەڵمانیا و ئەمریکا پێشتریش کاردانەوەی ئەوتۆیان بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا دژی کردەکان و بەتایبەت کوردی سووریا پیشان نەداوە.

ئەو هەفتەنامەیەی چاپی ئوسترالیا ئاماژە بە هەبوونی تانکە ئەڵمانییەکان لە شەڕی تورکیا دژی کوردەکانی عەفرین و کۆپتەری کوبرا و سیکۆرسی ئەمریکی لە ئوپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە چیای گارە دەکات و دەڵێت شەڕی تورکیا دژی کورد هەمان شەڕی ناتۆ دژی کوردە و لەو بڕوایەشدایە کە تورکیا ڕەزامەندیی ئەندامانی ناتۆی وەرگرتووە بۆ شەڕی دژ بە کورد.

گۆڤارەکە هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بە دەستتێکەڵی لەگەڵ تورکیا بۆ ئەو شەڕە تۆمەتبار دەکات چوونکە بە نووسراوی هەفتەنامەکە کۆپتەرەکانی تورکیا لە باشووری چیای گارە هاتوونەتە ناوچەکە و ئەوەش مانای وایە کە پشتیوانیی لۆجەستیکیی شەڕەکە لەنێو هەرێمی کوردستانەوە ئەنجام دراوە.

گرین لێفت لە کۆتاییدا پشتگیری کردنی ژمارەیێک لە وڵاتان لە کوردەکانیسووریا و هێزەکانی یەپەگە بە پشتگیریی ڕووکەش ناو دەبات و دەنووسێت ژمارەیێک لە ئەمریکییەکان ئێستا لە ئیدارەی جۆبایدەن هەن و وەک ئامێر، هێزە کوردییەکان بەکار دەهێنن و ئامادە نین پشتگیریی زیاتریان لێبکەن چوونکە نایانەوێت هێزە کوردییەکانی سووریا دەسەڵاتی زیاتریان بێت و تورکیا بڕەنجێت.

News Code 1029

Your Comment

You are replying to: .
captcha